ئێستا رۆژی دیاریکردنی چارەنووسی کوردە
July 29, 2017
وتار و بیروڕا
ئێستا دۆخەکە بە گشتی بۆ کوردستان لەبارە کە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات بە جیابوونەوەی لە عێراق، چونکە عێراق نەیتوانی بە یەکسانی هی هەموو عێراقییەکان بێت بە تایبەتی بۆ کورد، کە بەردەوام ئەو عەقڵییەتەی بەغدا دەیەوێت کێشە لە دوای کێشە بۆ کورد دروست بکات تا نەپڕژێتە سەر ئەوەی خۆی بەهێز بکات.
ریفراندۆم وەک بنەمایەگی گرنگی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، بۆ گەلی کوردیش مافێکی رەوایە کە بیەوێت لەم رێگەیەوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، ئەوانەی دژی ریفراندۆمن، خۆیان زۆر باش دەزانن کە ریفراندۆم مافێکی سرووشتی هەر گەلێکە بۆ دیاریکردنی ئایندەی خۆی، بەڵام چونکە بڕوایان بە مافی مرۆڤ و دیموکراسییەت نییە، رەتی دەکەنەوە و دژایەتی بێ مانای دەکەن.
ئەمەش ناتوانێت پڕۆسەی ریفراندۆم پەک بخات، چونکە کورد غەدری لە کەس نەکردووە و خاکی کەسیش داگیر ناکات، بەڵکوو ریفراندۆم لەسەر خاکی خۆی و بۆ چارەنووسی خۆی دەکات و کەسیش مافی نییە دژی بوەستێتەوە، ئەوەی دژایەتی ریفراندۆمیش بکات، رێک دژایەتی چل ملیۆن کورد دەکات، بۆیە دەڵێین چل ملیۆن، چونکە بۆ ئێستا تەنیا لێرە ئەو دەرفەتە رەخساوە، ئەگینا هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ ریفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێمن لە عێراقدا، واتە ئەگەر نەتوانن دەنگیش بدەن، بەڵام بە رۆح و دڵ لەگەڵ ریفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی.
سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چەندانجار رایگەیاندووە ئێستا دەرفەت لەبارە بۆ ریفراندۆم و جیابوونەوە. بۆیە پێویستە ئێمەی کوردیش بێ جیاوازی سیاسی و ئایینی هەمووان بە یەکەوە ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە و پشتگیری بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کورد بکەین و بە ئاشتیانە خۆمان لە عێراق جیابکەینەوە، چونکە عێراق نە لە ئێستا و نە لە ڕابردووشدا ناتوانێت خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ گەلی کوردستان بەدی بهێنێت، بە پێچەوانەوە مانەوەمان لەگەڵ عێراق رۆژ دوای رۆژ ژیانی خەڵک بە ئاڕاستەی بەدبەختی و ماڵوێرانی دەبات و کوردیش ناتوانێت هاوبەشێکی راسنەقینەی عێراق بێت لە بڕیارە سیاسییەکاندا، عێراق هەتا بۆی بکرێت کێشە بۆ خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان دروست دەکات تەنیا بۆ ئەوەی کورد داوای مافەکانی خۆی نەکات، کەوایە ئێستا رۆژی ئێمەی کوردە کە بە هەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانەوە بەڵێی سەربەخۆیی هەڵبژێرین.