چی بکەین بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان بە پاکی بەرێوە بچن

چی بکەین بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان بە پاکی بەرێوە بچن
ئەمریکیەکان دەلێن" دەتوانی ھەندێک خەڵک بۆ چەند کاتێک ھەڵخەلەتێنی، بەڵام ناتوانی ھەموو خەڵک بە درێژایی کات ھەڵخەلەتێنی"
گەر ئەو ووتەیەی ئەمریکییەکان ئاوێتە بکەین لەگەڵ ئەزموونەکان و تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و وەزاری دەبینین کەوا رێک دەکرێ قوتابییەک یان دووان یان زیاتر ە ھاوکاری خەڵکانی تر گزی بکەن لە بابەتێک یان زیاتر بەڵام ھەرگیز ناتونن لە ھەموو بابەتەکان یان زیاتر ،بەڵام ھەرگیز ناتونن لە ھەموو بابەتەکان بە بەردەوامی گزی بکەن.
بێگومان ھەموو قوتابیەک تاقی کردنەوە ئەنجام دەدات بۆ پەرینەوە لە قۆناخێک بۆ قۆناخێکی تر زۆر جاران لێرەو لەوێ دەبیستین کەوا قوتابی گزی دەکات یان دەیەوێ گزی بکات بۆ دەرچوون لەو بابەتە کە گزی کردن ھەر چۆنێک بێت پەسندنییە و لێپرسینەوە و سزای تایبەتی خۆی ھەیە، کە گزی کردن لە تاقیکردنەوەکان لە مەترسیترین ئەو کێشانەیە کە ڕووبەرووی پەروەردە و خوێندن دەبێتەوە وە کاریگەری فراوان جێ دەھێلێ لەسەر ژیانی قوتابی و تاک و کۆمەڵگا کە گزی کردن خۆیی برتییە لە درۆ و دزی و نەپاڕاستنی ئەمانەت.
وە گزی یەکێکە لەم دباردانەی کە کاردەکاتە سەر پاکی و بێگەردی پرۆسەی خوێندن و ھەڕەشەی بەردەوام دەکات لەسەر پاڕاستنی ئەو پرۆسەیەو نەمانی متمانە و دڵنیایی لە سەر کۆی گشتی پرۆسەکە.
دەبێ بپرسین بۆ قوتابی گزی دەکات بۆ بیر لە گزی کردن دەکاتەوە ئەو ھۆکارو پاڵنەرانە چین کەوا لە قوتابی دەکات کە گزی بکات ، وە چ جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان قوتابی و ئەو ژینگەیە دا ھەیە کە ھۆکارن لەسەر بیرکردنەوەی قوتابی لە گزی کردن و ئەنجامدانی ؟
تا چەند کاراکتەرەکان لەدام و دەزگاکانی پەروەردەیی یان چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئەزموونەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە گزی کردنەوە ھەیە! بێگومان ئەو پرسیارانە و زۆرتریش لای ھەریەکێکمان چەند وەڵامێک دەست دەکەوێت لەوانەیە ھەندێک لە وەڵامەکان وەک یەک بن یان جیاواز ، گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانین وا بکەین تاقیکردنەوەکان بە پاکی بەرێوەبچن و قوتابی ھەست بکات کەوا گزی کردن پاشەرۆژی لێلل دەکات و بیری لێ نەکاتەوە چۆن بتوانین زەمینە سازییەکی پاک و ڕاستگۆ و بێ خەوش بڕەخسێنین قوتابی ھەست بکات کە پاشەرۆژی و مافی پارێزراوە.
گومانی تێدانییە قوتابیان بیلبیلەی چاوی ئێمەن دوازدە ساڵی خوێندنی بەردەوام شەورۆژ سەرماو گەرما ھەبوون و نەبوون ھەوارز و نشێو و دوازدە ساڵی بەردەوام مافی خۆیانە بەتەنگ پاشەرۆژی خۆیان بن ببینن دادپەروەری ھەیە ، ھەر قوتابیەک بە پێی خوێندنی خۆی و ماندووبونی وەڵام دەداتەوە نمرە دێنێت,
ئەلێرەوە بۆ رەخساندنی کەشێکی لە بار و فراوان بۆ گەڕانەوە و پتەوی متمانە لە نێوان قوتابیان و تاقیکردنەوەکان چەندەھا رێوشوێنی پێویست ھەین پێویستە وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکان بیان گرێتە بەر ئەویش بە دابەزاندنی چەندەھا رێنمایی وورد وتوند بۆ سەرجەم پەروەردەکان کەوا لێژنەکانی ئەزموونی لە پەروەردەیی پارێزگاکان و قەزاکان بەتایبەتی بەرپرسیار دەبن لەلایەنی ھۆڵەکان و چاودێرەکان و بەرێوەبەری ھۆڵ و یاریدەدەرلە ھۆڵەکان ، چونکە پێویستە کەسانی پاک و ڕاستگۆ لە ھۆڵەکان دابنرێت لێژنەی ئەزموونی قەزاکان بە ناچاری پەنا بۆ ھەموو کەسێک یان ئەو کەسانە نەبات کە تێبینیان لەسەر بووە واتە لێژنەی ئەزموونی قەزا ، ئەو پرۆسەیە ھەستیارە بە ھەستیاری ھەڵسەوکەوتی لەگەڵ بکات و کۆڵ خۆی نەکاتەوە، ئەو کەسانەی کەوا گومانیان لەسەر یانیش پێشتر تێوەگلاون یان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە لەسەر دەرچوونی پرسیار یان ھەر حاڵەتێکی تر کە بۆتە ھۆی ناوزراندنی ئەزموونەکان لەپەروەردەکان دووربخرێتەوە و بەھیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە دانانی بەرێوەبەری ھۆڵ و ئەزموونەکان نەبێت،ئەو کەسانە دووبارە نەبنەوە کە تێبینی و سەڕەنج ھەبووە لەسەریان لێژنەکانی ئەزموونی لە قەزاکان و پارێزگاکان و وەزارەتیش پەێویستە کەسانی پاک و ڕاستگۆ و خاوەن متمانە بن بەتایبەتی ھەردوو لێژنەی پارێزگا و قەزاکان .
گرنگترین شت بۆ پاڕاستنی خۆیان و پتەوی متمانە وا باشە مۆبایل بە ھیچ شێوەیەک لایان نەبێت لە کاتی پرسیار چاپ کردن و پرسیاردانان لە زەرفەکان، وە ھەر بەرێوەبەری ھۆلێک لە دووبابەت زیاتر بەرێوەبەری ھۆڵ نەبێت و تابکرێ کامیرەی چاودێری لە ھۆڵەکان ھەبێت ئامێری پشکنین قوتابی و بڕینی ھێلی پەیوەندی لە ھۆڵەکان لە ھەرە پێویستیەکان وە بەرێوەبەری قوتابخانە ئامادەییەکان و سەرپەرشتیاران زۆر بە جدی ئەو بەرپرسیاریەتییە بپارێزن وە وەزارەتی پەروەردە ھەوڵی جدی بدات لەگەڵ وەزارەتی ناوەخۆ بۆ دەستگیرکردن و بەند کردنی ئەو کەسانەی کەوا ھاوکاری گزی کردن دەدەن بەتایبەتی گزی ئەلیکترۆنی وە سزانی توند ھەبێ بۆ ئەو مامۆستا و بەرێوەبەر وکارمەندانی پەروەردە بە گشتی ئەگەر لێرەو لەوێ ھاوکاری گزی کردن بکەن و ویژدانی خۆیان بفرۆشن ، چونکە ئەو خیانەت و غەدرە لە ھەموو کۆمەڵگا دەکەن ، کەمترین سزایان لادانیان بێت لە کاری مامۆستایەتی و دوورخستنەوەیان لە پەروەردە و پێویستە پەروەردە لەو کەسانە پاک بکرێتەوە ڕەوانەی دادگاکان بکرێن ، چونکە گەر خەاڵکانێکی تر ھاوکاری قوتابیان نەکات و یارمەتیان نەدا رێیان نیشان نەدەن، ئەوانیش بەم شێوەیە بیری لێ ناکەنەوە لە ورتارەکانی تر ھیوادارم بتوان ووردەکاری زیاتر بخەمەڕوو.
بەرێوەبەری گشتیی چاڵاکی وەرزش و ھونەر

Top