پیلانەکانی سەر ئارامی هەولێر و چاوکراوەیی کاک مەسرور بارزانی
January 1, 2017
وتار و بیروڕا
دوای ئەوەی لەو قۆناغەدا شکستیان خوارد قۆناغی دووەمیان دەست پێکرد, ئەو قۆناغەشیان هەڕەشەی ئابووری و بڕینی بودجەی حکومەتی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و قووتی خەڵکی کوردستان بوو, لەو قۆناغەدا ئەگەرچی توانیان خەڵکی کوردستان زۆر ئازار بدەن, بەڵام خۆڕاگری خەڵکی کوردستان ئەو پیلانەشی وەک ماڵی قەڵب بەسەر خاوەنکانی دادایەوە, دوای ئەوەی کە زانیان نماییشی سەربازی و بەکار هێنانی هێز و هەڕەشەی ئابووری و برینی مووچە و قووتی خەڵک دادیان نادات, بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە دوژمنکاریەکەیان و پێشگرتن بە خواستی سەربەخۆیی کوردستان کە سەرۆک بارزانی رابەرایەتی ئەو خواستە رەوا و لە مێژینەی خەڵکی کوردستان دەکات, وەک لەم شرۆڤەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێ جۆر و شێوازی پیلانەکانیان گۆڕین و پیلانەکانیان بەسەر چەند قۆناغێکی نوێدا دابەش کردن, جا بۆ ئەوەی پیلانەکانیان وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابوو بچنە پێش, گەڕی یەکەمی زنجیرە پیلانگێڕیەکەیان لەو قۆناغەدا بە تێکدانی ناوماڵی کورد دەست پێکرد, بۆ ئەو مەبەستەش پارتی دیموکراتی کوردستانیان بە ئامانج گرت و, دواتر دژ بە ئارامی هەولێر کەوتنە پیلان گێڕان.
بۆ تێکدانی ناوماڵی کورد هاوکات لەگەڵ درووست کردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حکومەتی هەرێم, هاوکارەکانیشیان لە کوردستان کەوتنە واتەواتی بە شەخسەنە کردنی ئەو کێشە کۆنەی کە لە داگیرکردنی کوردستان و لکاندنی باشوور بە دەوڵەتی عێراقەوە لە نێوان کورد و دەسەڵاتدارانی عەرەب سەری هەڵداوە, دوای ئەوە بە درووشمی (ارحل)و کوردستان تونس و میسرە بەردەرکی سەرای سلیمانیان داگیر کرد و پەلاماری لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستانیان دا, ئەو زنجیرە پەلامارەی کە لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ دەستیان پێکرد تا ئێستاش لە بەرگی جیاوازدا درێژەی هەیە, رۆژێک ئاژاوەگێڕی ناو پەرلەمان و رۆژێک هەڵکوتانەسەر بارەگا و رۆژێک هاتوهاواری گەڕانەوە بۆ بەغدا و رۆژێک دەنگدان بە حەشدی شەعبی و رۆژێکیش بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و زۆری تریش, ئەو دەستە و گرووپانە کە چەندین نیشانەی پرسیاریان لەسەرە بەوەشەوە نەوەستان و چەندی بۆیان کرابێ لە تێکدانی ناوماڵی کورد کەمتەرخەمیان نەکردووە و وەک پێویست ئەرکی پێسپێردراویان ئەنجام داوە.
دوای ئەوەی دوژمنان لە هەموو هەڕەشە و پیلانەکانیان شکستیان خوارد و نەگەیشتنە ئامانجەکانیان, نوری مالیکی وەک سەرۆکی حکومەتی عێراق و داڕێژەری پیلانەکان, بە مەبەستی زیاتر قایم کردنی پێگەی سیاسی خۆی و سەپاندنی باڵادەستی شیعە و سەرکوت کردنی نەیارەکانی, بە هێنانی داعش و رادەست کردنی موسڵ و جێهێشتنی ئەو هەموو چەک و تەقەمەنیە پێشکەوتووە بۆیان, راستەوخۆ هاتە ناو پیلانەکان و سەرکردایەتی پێلانگێڕیەکانیشی گرتە ئەستۆ.
نوری مالکی دوای ئەوەی لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەستی لە بنی هەنبانەی پیلانگێڕیەکان دەرچوو, وەک ئەوەی باسم کرد پەنای بۆ هێنانی داعش برد و لە هێنانی داعشیش دوو ئامانجی هەبوو, یەکەمیان: وێران کردنی ناوچە سوونەنشینەکان و ئەو کوشتارەی ئێستا لەو ناوچانە روودەدات, لەوەیاندا سەرکەوت و وەک ئەوەی نەخشەی بۆ کێشابوو ئامانجەکەی پێکا, ئامانجی دووەمیشی ئەوەبوو داعش بگاتە هەولێر و هەولێریش وەک ئێستای موسڵ لێبکات, بەڵام بەرگری سەخت و قارەمانێتی پێشمەرگە و پشتیوانی خەڵکی کوردستان و هاوکاری هێزی هاوپەیمانان, بەشی دووەمی پیلانەکەی نوری مالیکی تێکدا و داعش نەیتوانی بگاتە هەولێر و داگیری بکات.
ئەوەی لێرەدا جێگای پرسیارە و دەبێ بکرێ و خەڵکیش داوای وەڵامەکەی بکات, ئەوەیە هاوکات لەگەڵ نزیک بوونەوەى داعش لە هەولێر راگەیاندنەکانی هاوپەیمانانی نوری مالیکی لە کوردستان دژ بە پارێزەرانی ئارامی هەولێر داوای راپەڕینیان لە هەولێریەکان دەکرد و زۆر تۆمەتی وەک میلیشیا و بکوژیشیان دەدانە پاڵ, ئەوە جگە لەوەی بۆ هاندان و ساز کردنی ئاژاوەگێڕی هەولێریەکانیان بە ترسنۆک ناو دەبردن, لێرەدا بمانەوێ و نەمانەوێ داعش و نوری مالیکی و دەستە و گرووپە هاوپەیمانەکانی نوری مالیکی لە کوردستان دژ بە هەولێر و هەولێریەکان دەچنەوە پاڵ یەک.
پرسیارێکی تر ئەوەیە نوری مالیکی پەردەی لەسەر پیلانەکان و نێتی خراپی بەرامبەر کورد لاداوە و بە ئاشکرا هەڕەشە لە کورد و دەستکەوتەکانی دەکات, بۆ ئەوەی بگاتە ئامانج و زیاتر ناو ماڵی کورد تێکبدات, لە ءێستادا رووی هەڕەشەکانی لە هەولێر و هەولێریەکانە, لەگەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانەکانی لە کوردستان بێدەنگن و لە خەڵوەتگای هەوپەیمانیدا خەون بە شکستی سەرۆک بارزانی و دەستکەوتی حزبییەوە دەبینن.
ئەو بێدەنگیەی هاوپەیمانە کوردەکانی نوری مالیکی لە کاتێکدایە ئەرکی هەموو کوردێکە دژ بە لێدوانی خراپ و هەڕەشەی داگیرکاران بێنە دەنگ, کەچی هاوپەیمانەکانی نەک هەر بێدەنگ بوون, بەڵکو ناوە ناوە و بە شێوازی جیاجیا و بە مەبەستی تیکدانی ئارامی هەولێر لە هەوڵی ئاژاوە نانەوەدان و تا ئێستاش بەردەوامن, داعشیش چەندی بۆی کرابێ هەوڵی داوە کاری خۆکوژی لەناو هەولێر ئەنجام بدات, بەڵام چاوکراوەیی مەسرور بارزانی وەک بەرپرسی پاراستنی ئارامی کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی, رێگر بووە لەوەی هەوڵە هەرێمی و عێراقی و ناوخۆییەکان بۆ تێکدانی ئارامی هەولێر سەربگرن.
ئەوەی لێردەدا دەمەوێ زیاتر تیشکی بخەمە سەر و لێی بدوێم ئەوەیە دوژمنان بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان پەک بخەن, دوای گرتنەوەى موسڵ پیلانەکانیان لەسەر تیکدانی ئارامی هەولێر زیاترچڕ دەکەنەوە, ئەوەش ئەرکی لایەنە پەیوەندارەکان بە گشتی و کاک مەسرور بارزانی قورستر دەکات, چونکە نوری مالیکی دوای سەرکەوتنی لە ئامانجی یەکەمی کە هێنانی داعش و وێران کردنی ناوچە سوننەنشیەکان بوو, هەموو هەوڵ و تواناکانی پیلانگێڕی ئاراستەی تێکدانی هەولێر دەکات, هەڕەشە بەردەوامەکانی نوری مالیکی و کۆبوونەوە ژێر بە ژێرەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە کوردستان, ئاماژەی روون و ئاشکران کە پیلانی نوێ دژ بە هەولێر و لەو رێگەشەیەوە پێشگرتن بە خواستی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەن, ئەوەش لە هاوپەیمانەکانی نوری مالیکی دەخوازێ هەستیاری قۆناغەکە و گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکانی دوای گرتنەوەى موسڵ لەبەر چاو بگرن و, هاودەنگ بدوێن و هاوهەڵوێست هەنگاو بنێن و کۆتایی بە هەر هاوپەیمانییەک بێنن کە دژ بە خواستی سەربەخۆیی کوردستان و تیکدانی ئارامی هاوڵاتیان بێت.
حزب و لایەنە سیاسیەکان دەبێ لەوە بگەن دوای گرتنەوەی موسڵ گۆڕانکاری گەورە روودەدا و لەو گۆڕانکاریەشدا بەرژەوەندیە ناوخۆیی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیەکانیش تووشی بەریەککەوتنی توند دەبن, جا ئەگەر کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نەبێ, ئەوا وەک رابردوو دەبێتە پێخوستی ئەو بەریەککەوتنە و لەناو تەمومژی بەرژەوەندیەکاندا ون دەبێت, بۆیە حزب و لایەنەکان نابێ بیر لەوە بکەنەوە لەسەر دەستی دوژمنان یەکتری بخەن, چونکە لە حاڵەتێکی وەهادا کورد هەمووی دەکەوێ و دوژمنانیش مەبەستیان خستنی هەموو کوردە, نەک ئەم لایەن و ئەو لایەن, بەڵام پیلانەکانیان وەها داڕشتوون و دەیانەوێ بە یەکتری بمانخەن, ئەوکاتیش رەحم بە هیچ لایەنێک ناکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە خۆیان دەیخەن, بۆیە ئەوەی مەسرور بارزانی بۆ ئارامی هەولێر کردوویەتی ئەگەر پێبزانن بەر لەوەی بۆ ناو و نابانگی خۆی بێ, بۆ ناو و ناوبانگی هەموو کوردە و ئێوەش بەشێکن لە کورد, چونکە ئارامی هەولێر چاوی نێودەوڵەتی لەسەرە و لە هاوکێشە سیاسیەکان و گۆڕانکاری دوای گرتنەوەى موسڵ حەسابی لەسەر دەکرێ.