كامیان..؟ كاراكردنه‌وه‌، یان پاككردنه‌وه‌؟!

كامیان..؟ كاراكردنه‌وه‌، یان پاككردنه‌وه‌؟!
هه‌موو لایه‌نه‌كان و له‌ناو لایه‌نه‌كانیشدا پێنج لایه‌نه‌كه‌ بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كورد به‌رده‌وام باسی كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، له‌ وه‌ڵامی لایه‌نه‌كان و پێنج لایه‌نه‌كه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ داوای كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێم: له‌ كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان باشتر و به‌جێتر پاككردنه‌وه‌یه‌تی، چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م خوله‌وه‌ په‌رله‌مان پاك نه‌بوو، بۆیه‌ په‌كخرا و ده‌ردی به‌م رۆژه‌ گه‌یشت، تا پاكیش نه‌كرێته‌وه‌ ناكرێ باس له‌ كارا كردنه‌وه‌ی بكرێ، چونكه‌ كورد ده‌ڵێ: مانگه‌شه‌و سه‌ر له‌ ئێواره‌ دیاره‌، ئاخر به‌ مه‌به‌ستی په‌كخستنی په‌رله‌مان یوسف كرایه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌گه‌رنا كه‌سێكی كه‌م ئه‌زموون و نا سیاسی و بێ ناو و نیشانی وه‌ك یوسف، ئی ئه‌وه‌ نه‌بوو له‌ قۆناغێكی هه‌ستیار و جه‌نجاڵی وه‌ك ئێستادا بكرێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ په‌كخراوی له‌ دایك بوو، كاتێك سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌به‌ر ده‌ركی سه‌را نه‌یانتوانی وه‌ك ده‌یانه‌وێ پشتیوانی گه‌لانی تونس و میسر بكه‌ن و (ارحل)یان بۆ نه‌كرا، ویستیان مه‌رام و ئه‌ركه‌ پێسپێردراوه‌كانیان به‌رنه‌ ناو په‌رله‌مان و به‌ خۆڵبارانی به‌هاری عه‌ره‌بی خۆڵڕشێنی بكه‌ن و به‌و هۆیه‌وه‌ بیكه‌نه‌ كولانه‌ی ئاژاوه‌گێڕی و كردیشیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كه‌سێكی تیرۆریستی وه‌ك سۆران عومه‌ریان كرده‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مان، ئاخر كوردستان مرۆڤێكی تێدا نه‌مابوو تا تیرۆریستێك بكرێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
به‌ راستی پێم سه‌یره‌ لایه‌نه‌كان به‌ر له‌وه‌ی هه‌وڵی پاككردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بده‌ن، باسی كارا كردنه‌وه‌ی ‌بكه‌ن، ئاخر هه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ بوون به‌ مه‌به‌ستی په‌كخستنی په‌رله‌مان له‌ رێگای چه‌ند هه‌ڵه‌وه‌ڕ و منداڵكارێكه‌وه‌ پیرۆزی په‌رله‌مانیان نه‌هێشت و كردیانه‌ چه‌قه‌خانه‌ی حزبی، ئه‌وه‌تا ئه‌و حزبانه‌ی په‌رله‌مانیان به‌ چه‌قه‌خانه‌ كرد، شه‌ڕی داعش و مه‌ترسییه‌كانی داهاتووی حه‌شدی شه‌عبی و ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌ و گۆڕانكاریه‌كان له‌به‌ر چاو ناگرن، دێن و بیانوو به‌ پرۆسه‌ی سیاسی ده‌گرن و ده‌ستكه‌وتی حزبی و رشتنی كۆنه‌قین ده‌خه‌نه‌ پێشینه‌ی كار و چالاكیه‌كانیان، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و لایه‌نانه‌ بێ! چۆن له‌ روویان دێ باسی كارا بوون و كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن! یان ئێمه‌ی هاوڵاتی دڵمان به‌ كوێی كارا كردنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان خۆش بێت؟!
Top