پرسیارێكی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ندین وه‌ڵامی حزبی

پرسیارێكی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ندین وه‌ڵامی حزبی
به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ سیاسی و مێژوویی و جوگرافیه‌كان كێشه‌ی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان یه‌ك كێشه‌یه‌ و كێشه‌كه‌ش نه‌ته‌وه‌ییه‌، دوا چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ش بنبڕكردنی ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایی مێژوو له‌به‌ر كورد بوون له‌ كورد كراوه‌ و له‌ داهاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بێ، بنبڕكردنی زوڵم و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ش بێ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی و گه‌یشتن به‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی مه‌حاڵه‌ بێته‌دی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاری جۆری كێشه‌كه‌ و شێوازی چاره‌سه‌ری له‌ حزبه‌كان بكرێ، هه‌ر حزبه‌ و به‌ جۆرێك وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و حزبیه‌كاندا وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ لاڕێدا به‌رێ، بۆ نه‌موونه‌:
ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكرێ، وا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان نه‌بوونی دیموكراسییه‌ له‌ باشووری كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ریش وا بانگه‌شه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر له‌ باشوور ئه‌و دیموكراسییه‌ی ئه‌وان ده‌یخوازن و به‌ مه‌رجێك هه‌موو خه‌ڵك وه‌ك ئه‌وان بدوێ و وه‌ك ئه‌وانیش بیر بكاته‌وه‌، ئه‌وا كورد نه‌ك هه‌ر له‌ باشوور، به‌ڵكو له‌ پارچه‌كانی تریش كێشه‌ی نامێنێ و خه‌ڵك دوور له‌ كێشه‌ و به‌ ئاسووده‌یی ده‌ژین، ئه‌م هه‌رای نه‌بوونی دیموكراتی هه‌ڵسووڕێنراوانی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كاتێكدایه‌، دیموكراتی له‌ جنێوفرۆشتن و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ نه‌یارانیان پێناسه‌ ده‌كه‌ن و ره‌خنه‌ش له‌ خۆیان بگیرێ ره‌خنه‌گر جنێوباران ده‌كه‌ن.
هه‌مان پرسیار ئه‌گه‌ر له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و به‌ تایبه‌تیش له‌ ئه‌میره‌كه‌ی بكرێ، بێ دوودڵێ ده‌ڵێن: كێشه‌ی كورد دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌تی له‌ سوننه‌ت، نه‌بوونی ریشی درێژ و سمێڵی كورتیش وه‌ك به‌ڵگه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سوننه‌ت به‌ نموونه‌ دێننه‌وه‌‌، به‌رده‌وامیش گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ كورد‌ له‌ جێبه‌جی كردنی سوننه‌تدا به‌ شێوه‌یه‌ك دواكه‌وتووه‌، (1400) ساڵه‌ قیاسی درێژی و كورتی ریش و سمێڵ فێر نه‌بووه‌، بۆ چاره‌سه‌ریش پێیانوایه‌ تا ده‌وڵه‌تی زایۆنی له‌ناو نه‌برێ و برایانیان له‌ فه‌له‌ستین ئازاد نه‌بن، مه‌حاڵه‌ كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكرێ، یان پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ی زیاتر چارسه‌ری كێشه‌ی كوردی ئاڵۆز كردووه‌، كوده‌تاكه‌ی میسر و به‌ند كردنی (محه‌مه‌د مورسی)یه‌، هه‌ر بۆیه‌ش دوای چه‌ند رؤژێك له‌ كوده‌تاكه‌ی میسر و گرتنی محه‌مه‌د مورسی، عه‌لی باپیر له‌ هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌كی سازدا و داوای ده‌ستبه‌جێ ئازاد كردنی ده‌كرد.
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش له‌به‌ر باڵباڵێنی ناوخۆی وه‌ڵامێكی یه‌كگرتوویان بۆ پرسیاره‌كه‌ نییه‌ و هه‌ر رۆژه‌ و به‌ ئاراسته‌یه‌كدا له‌ چاره‌سه‌ری ده‌ڕوانن، هه‌رچی باڵی ناوه‌ندی بڕیاره‌ له‌ژێر لێوانه‌وه‌ ده‌ڵێن: كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و چاره‌سه‌ریشی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌، هه‌رچی باڵی به‌غدا دۆسته‌كه‌شه‌! پێیوایه‌ كێشه‌ی كورد دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌تی له‌ به‌غدا و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ به‌غدا، كێشه‌ی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌بێ.
هه‌رچی په‌كه‌كه‌یه‌ وا وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ كورد له‌ ژێر سایه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیكی شیعه‌، له‌ باشوور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا كێشه‌ی نییه‌، چونكه‌ له‌و سێ وڵاته‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك دامه‌زراوه‌ و به‌ ده‌مه‌زراندنی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ش هه‌موو كێشه‌كانی كورد له‌و سێ به‌شه‌ی كوردستان چاره‌سه‌ر كراون و ماوه‌ته‌وه‌ سیسته‌مه‌ كانتۆنیه‌كان رێكبخرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌گژ هه‌موو ئه‌و حزب و لاینه‌ سیاسیه‌ كوردیانه‌دا ده‌چێته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیكی شیعه‌ له‌و سێ وڵاته‌دا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌لای (په‌كه‌كه‌)وه‌ كێشه‌ی كورد ته‌نها له‌ باكوور به‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوی ماوه‌ و، ئه‌ویش به‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیكی توركی چاره‌سه‌ر ده‌بێ و ئیتر مه‌رترسی له‌سه‌ر كورد نامێنێ.
پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حزبێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ماوه‌ی حه‌فتا ساڵی ته‌مه‌نیدا كێشه‌ی كوردی وه‌ك كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بینیوه‌، خه‌بات و تێكۆشانیشی بۆ دوا چاره‌سه‌ر له‌ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییدا چڕ كردۆته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پارتی وه‌ك حزبێكی واقعبین بۆ هه‌ر قۆناغێكی خه‌بات ئامانجێكی دیاریكراوی تایبه‌ت به‌ بارودۆخی ئه‌و قۆناغه‌ی كردۆته‌ درووشم، دوو هۆكاریش له‌ پشت ئه‌و رووانینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ن.
یه‌كه‌م:ــ حزبی بارزانی نه‌مره‌ و بارزانی نه‌مریش نه‌خشه‌ی رێبازی خه‌بات و قوربانیدانی بۆ كێشاوه‌، ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی بارزانی نه‌مریش كه‌ فه‌رموویه‌تی (كورد سه‌پانی باوكی كه‌س نییه‌) باشتیرن وه‌ڵامه بۆ پرسیاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌‌، جگه‌ له‌وه‌ش بارزانی نه‌مر رزگار بوونی كوردانی پارچه‌یه‌كی به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی رزگار بوونی سێ پارچه‌كه‌ی تریش زانیوه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك ده‌رفه‌تی كوردایه‌تی ره‌خسابێ به‌ هێزی بارزانیه‌كانه‌وه‌ له‌و پارچه‌یه‌ ئاماده‌ بووه‌.
دووه‌م:ــ سه‌رۆك بارزانی له‌ ئێستادا باوكئاسا له‌ باشووری كوردستان وه‌ك دوا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی چڕ كردوونه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش چۆن بارزانی نه‌مر به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ پشتیوانی خه‌باتی پارچه‌كانی تری ده‌كرد، سه‌رۆك بارزانیش هه‌م به‌ پشتیوانی سه‌ربازی و هه‌م به‌و پێگه‌ سیاسی و دیبلۆماسیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ی هه‌یه‌تی پشتیوانی خه‌باتی پارچه‌كانی تری كوردستان ده‌كات، ناردنی هێز بۆ كۆبانێ و هێنانه‌ سه‌رخه‌تی هاوپه‌یمانان بۆ هاوكاری كردنی كوردانی رۆژئاوا به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن، كه‌ سه‌رۆك بارزانی وه‌ك بارزانی نه‌مر له‌ خه‌می كوردانی پارچه‌كانی تریشه‌، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردیش له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك به‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردی ده‌زانێ له‌ پارچه‌كانی تریش، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و شرۆڤه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ ته‌نها سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامێكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی پرسیاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، باقی ئه‌و حزبانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ناومان هێنان به‌ ئه‌قڵی حزبی و له‌به‌رچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبیش وه‌ڵامی پرسیاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.
Top