پارتی له‌ دوو دیدگای جیاوازه‌وه‌

پارتی له‌ دوو دیدگای جیاوازه‌وه‌
جیاوازی پارتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تر له‌وه‌دایه‌ حزبی بارزانی نه‌مره‌ و بارزانی نه‌مریش نه‌خشه‌رێگای خه‌باتی بۆ داڕشتووه‌ و دوا خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشی له‌ كارنامه‌كه‌یدا جێكردوونه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی به‌ هه‌ر هۆكارێك له‌و نه‌خشه‌ریگایه‌ لابدات، یان به‌ هه‌ر پاساو و بیانوویه‌ك پشت له‌ خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكات، حزبی بارزانی نه‌مر نامێنێ و وه‌ك حزبه‌كانی تر ده‌بێته‌ كڕیاری ئامانجی حزبی و ئه‌و سه‌روه‌ری و شانازیه‌ له‌ده‌ست ده‌دات كه‌ له‌ بارزانی نه‌مره‌وه‌ بۆی ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ حزبه‌كانی تری جیا كردۆته‌وه‌‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا پارتی حزبی بارزانی نه‌مر ماوه‌ و توانیویه‌تی خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌نده‌كانی بارزانی نه‌مر له‌ هه‌ڵوێست و كار و كرداریدا به‌رجه‌سته‌ بكات؟
ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵوێست و له‌ ژێر رۆشنایی ره‌وشت و ئاكاری به‌رزی بارزانی نه‌مر و له‌ وێستگه‌ شۆرشگێڕی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیه‌وه‌ بۆ‌ وه‌ڵامی درووستی پرسیاركه‌ بگه‌ڕێین‌، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌بێ خۆمان له‌ سۆزی حزبی و پیاهه‌ڵدان و وه‌ك ده‌ڵێن ماستاو كردن به‌ دوور بگرین، چونكه‌ بارزانی نه‌مر له‌گه‌ڵ واقع ژیاوه‌ و تا ئه‌و شوێنه‌ حزبی بووه‌ كه‌ حزب نه‌كرێته‌ ئامانج، دژی خه‌ڵكی پیاهه‌ڵده‌ر و ماستاوچیش بووه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌م له‌ناو ریبازی بارزانی نه‌مردا وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ بده‌مه‌وه‌ و زۆر به‌ كورتی و راشكاوی ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر له‌ بڕیار و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی (سه‌رۆك بارزانی)دا پارتی و رێبازی بارزانی نه‌مر له‌به‌ریه‌ك رانێین، ئه‌وا تا ئێستاش پارتی حزبی بارزانی نه‌مره‌ و ده‌كرێ وه‌ك ئامڕازی به‌دیهێنه‌ری خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان متمانه‌مان پێی هه‌بێ، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵوێست و كار و ره‌وشتی زۆرێك له‌ به‌رپرسه‌ پله‌ باڵا و مامناوه‌ندیه‌كانیشه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ پارتی بكه‌ین، ئه‌وا دڵنیام بارزانی نه‌مر زیندوو ببێته‌وه‌ پارتی ناناسێته‌وه‌، لێره‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم به‌ هه‌موو به‌رپرسانی پارتی و حزب و لایه‌نه‌كانی تریش بڵێم: ئه‌گه‌ر به‌ راستی له‌ خه‌می دوارؤژی نه‌ته‌وه‌ییدان و بۆ خوێنی شه‌هیدانیش به‌ په‌رۆشن، ده‌توانن له‌ناو رێبازی بارزانی نه‌مردا وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ رووداو و گۆڕانكاریه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان و پرۆسه‌ی رێكخستنی ناوماڵی كورد داوای وه‌ڵامیان ده‌كات.
Top