لێكه‌وته‌ی پاكێجه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا

لێكه‌وته‌ی پاكێجه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا
له‌ دوای درووست كردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و پشێوی به‌ دوای ده‌رفه‌تدا ده‌گه‌ڕا، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وه‌ی ناویاننا به‌هاری عه‌ره‌بی پاكێجێكی حه‌وت خاڵی فڕێ دایه‌ ناو كاری پێكه‌وه‌یی ناو لایه‌نه‌كان و ئارامی سیاسی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان، به‌وه‌ش نه‌مامی تازه‌ چرۆ كردووی كوردایه‌تی خسته‌ ناو باوبۆرانی ته‌رزه‌كوتی به‌هاری عه‌ره‌بی و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی به‌رده‌ركی سه‌را و كوشتن و به‌ كوشتدانی كوڕی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌.
له‌ 23ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردووش له‌ رێگای چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی هه‌رزه‌كار و بێئاگا له‌ سیاسه‌ت و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ پێشی كۆمه‌ڵێ رووداو و گۆڕانكاری نوێ، پاكێجێكی كوده‌تا ئامێزی برده‌ ناو په‌له‌مانی كوردستان، ئه‌و پاكێجه‌ش دووباره‌ به‌رده‌فڕكێ و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و سووتاندنی باره‌گای لێكه‌وته‌وه‌.
دوای ئه‌و دوو پاكێجه‌ و شكستخواردنی ئێستا پاكێجی دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌ڵگرتووه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا باش ده‌زانی ئه‌و پاكێجه‌ی دوا پاكێجی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌ دێرینه‌كه‌یه‌تی و ئه‌گه‌ر به‌و پاكێجه‌ هیچی پێنه‌كرێ، ئه‌وا مه‌رگی سیاسی كۆتایی پێدێ و خه‌ونی به‌رده‌وامی دژایه‌تی كردنی پارتی به‌ گشتی و ماڵباتی بارزانی نه‌مر به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته‌ گۆڕه‌وه‌، بۆیه‌ سڵ له‌ هیچ خراپه‌كاریه‌ك ناكاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت په‌نا بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی رێگا كۆنه‌كانیش ده‌باته‌وه‌، ئه‌وه‌تا به‌ ناچاری سه‌ری به‌ كۆنه‌ كولانه‌كه‌ی به‌غدادا كردۆته‌وه‌ و پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی سه‌ددام حوسێن له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو نه‌یتوانی بۆی بێنێته‌دی، نوری مالێكی دوای تێپه‌ڕبوونی نیو سه‌ده‌ی رێك بۆی دێنێته‌دی.
Top