دوا كارت دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان فڕێدرا

دوا كارت دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان فڕێدرا
رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان و ناردنی وه‌فدی هاوبه‌ش بۆ به‌غدا و ورووژاندنی پرسی لامه‌ركه‌زی بۆ سلێمانی و داواكردنی مووچه‌ و بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی به‌ جیا و بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر باشووری كوردستان، هه‌موو ئه‌وانه‌ پیلانگه‌لێكی رێكخراون بۆ پێشگرتن به‌ دابه‌ش بوونی عێراق و رێگری كردن له‌ گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌ نیشتیمانیه‌كانی و بێده‌نگ كردنی ئه‌و ده‌نگه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ دوا چاره‌سه‌ری پرسی كورد ده‌زانن، گه‌رمبوونی پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ ناوه‌نده‌ ناوخۆیی هه‌رێمی و نێده‌وڵه‌تیه‌كان و په‌رده‌ لادان له‌سه‌ر پیلانگێڕیه‌كان، ده‌كرێ دوا كارتی داگیركارانی كوردستان و هاوكاره‌ كورده‌كانیان بن دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی.
به‌ر له‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر ناوه‌رۆكی باسه‌كه‌ و ده‌رخستنی كاریگه‌ری ئه‌و دوا كارته‌ش له‌ سلێمانی و سلێمانیه‌كان ده‌پرسم: گریمان به‌غدا ره‌زامه‌ندی پیشاندا و به‌ده‌م حزبه‌ هاوكاره‌كانیه‌وه‌هات و مووچه‌ و بودحه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی نارد، ئایا سلێمانی وه‌ك شاری شێخی نه‌مر و مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری و سلێمانیه‌كان وه‌ك پێشه‌نگی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی، بێ مووچه‌ و بودجه‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر و دهۆك، ئه‌وان مووچه‌ و بودجه‌یان بۆ چییه‌؟ ئایا ئه‌و داواكاریه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی راسته‌وخۆ پشتگیری كردن نابێ له‌ بڕینی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌لێر و دهۆكیه‌كان؟ جارێكی تریش له‌ سلێمانی و سلێمانیه‌كان ده‌پرسم: ئایا خه‌بات و قوربانیدان و خوێن به‌خشینی ئێوه‌ی شه‌هید په‌روه‌ر و ئاڵا هه‌ڵگری كوردایه‌تی بۆ مووچه‌ و بودجه‌ بوو؟ یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بوو؟ ئایا لاوه‌كانتان بۆچی و له‌ پێناو چی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌یان كرده‌ قوتابخانه‌ی به‌رگری و هێما و ره‌مزی خۆڕاگری؟ ئایا بۆ ئه‌وه‌ بوو دوا جار هه‌ولێر و دهۆكی كوردایه‌تیتان پێ جێبێڵن و سه‌رتان پێ به‌ به‌غدای عرووبه‌دا بكه‌نه‌وه‌؟
كاتێك ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رانی ده‌ستڕۆیشتووی سلێمانی به‌ری ره‌نج و خوێن و خه‌باتی یه‌ك سه‌ده‌ی كورد له‌گه‌ڵ مووچه‌ و بودجه‌ی ناو (قاسه‌)یه‌ك بازرگانی پێده‌كه‌ن و كلیلی قاسه‌كه‌ش له‌ گیرفانی عرووبه‌ دایه‌، كاتێك حزبه‌كانی سلێمانی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌نگ و رای خه‌ڵك شارێك له‌ نیشتیمان داده‌بڕن و به‌ نیشتیمان و وڵاتێكی ژینگه‌ و سرووشت جیاوازیه‌وه‌ ده‌لكێنن، كاتێك ده‌سته‌ و گرووپێكی دیاریكرا و خواستی له‌ مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ گره‌وی ئینكاری سیاسی و خولیای شارچێتی ده‌نێ. كاتێك چه‌ند بێباكێك شمشێری عرووبه‌ به‌ جه‌سته‌ی كوردایه‌تیدا دێنن و زامی چاڵدیران و سایكس بیكۆ ده‌كولێننه‌وه‌، ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌‌ به‌ ته‌نیا كردنی سلێمانی چ كاره‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئه‌و شاره‌ ده‌خاته‌ ژێر چ هه‌ژموونێكی داگیركاران و دوژمنان؟! ده‌بێ بیر له‌وه‌ش بكه‌نه‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگای مێژوودا وه‌ڵامی ئه‌و دابڕكاری و جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی و به‌ لاڕێدا بردنی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بده‌نه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وانه‌ی ئه‌و بازرگانیه‌ به‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌كه‌ن و له‌ هه‌ولێر و دهۆكی داده‌بڕن و به‌ به‌غدای عرووبه‌ی ده‌به‌ستنه‌وه‌، ئه‌و راستیه‌یان له‌به‌ر چاو بێ كه‌ دواتر پێدانی مووچه‌ و بودجه‌ مه‌رجی تریش به‌ دوای خۆیدا دێنێ.
ئێستا تێده‌گه‌م كاك مه‌لا به‌ختیار چه‌ند راستگۆ بوو كاتێ گوتی: ناهێڵین هه‌ڵه‌وه‌ڕێكی كۆنه‌ به‌عسی هه‌یبه‌تی سلێمانی بشكێنێ، به‌ڵام ئه‌و پیلانه‌ی هه‌ڵه‌وه‌ڕو كۆنه‌ به‌عسی و هاوڕاكانیان له‌ ژێر په‌رده‌ی په‌رۆشی بۆ سلێمانی و سلێمانیه‌كان ده‌ستیان داوه‌تێ، شكاندنی هه‌یبه‌تی هه‌موو كورده‌ و ده‌یه‌ویانه‌وێ به‌و ناوه‌وه‌ هه‌یبه‌تی كوردایه‌تی له‌ كۆشی عرووبه‌دا بخه‌وێنن، بۆیه‌ ئه‌ركی سلێمانی و سلێمانیه‌كانه‌ به‌ر له‌ هه‌ولێر و دهۆك به‌ده‌نگ بێن و رێگه‌ نه‌ده‌ن هه‌ڵه‌وه‌ڕ و كۆنه‌ به‌عسیه‌كان بۆمبی مووچه‌ و بودجه‌ی چه‌ند مانگی له‌ ژێر پێی خواستی به‌ ده‌وڵه‌تبوون و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئارامی و دڵنیایی هه‌تا هه‌تایی بته‌قێننه‌وه‌، كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ مه‌لا به‌ختیاره‌كانی ناو یه‌كێتی و گۆڕان باشتر و راشكاوانه‌تر ده‌نگ هه‌ڵبڕن و په‌رده‌ له‌سه‌ر ده‌رهێنه‌رانی ئه‌و شانۆگه‌ریه‌ لاده‌ن كه‌ نه‌ك چاره‌نووسی سلێمانیه‌كان، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ چاره‌نووس و بڕیاری هه‌موو كورد له‌ كۆڵی هه‌ڵه‌وه‌ڕ و كۆنه‌ به‌عسیه‌كان به‌ستن و ره‌وانه‌ی به‌غدا بكه‌نه‌وه.‌
له‌ كاتێكدا هه‌وڵه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی له‌ كوردستان و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ به‌غدای ژێر قه‌ڵمڕه‌وی شیعه‌ چڕ ده‌كرێنه‌وه‌، سوپای پاسدارانیش به‌ بیانووی بوونی چالاكی سیاسی و سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌كانی رۆژهه‌ڵات هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش كرنه‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، ئه‌وه‌ش پیلانێكی ئاشكرا و رێككه‌وتنێكی دوولایه‌نه‌یه‌ بۆ شه‌ڕ فرۆشتن به‌و ره‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌نگاو ده‌نێ، هاوته‌ریب كردنی هه‌وڵه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای پاسداران له‌ قۆناغێكی وا هه‌ستیاردا، به‌و واتایه‌ دێ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی له‌ پای ده‌ستبه‌ردار بوون له‌ خواستی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، نه‌ك هه‌ر ناكه‌ونه‌ به‌ر هێرشه‌كه‌ی سوپای پاسداران، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌شێك نه‌بن له‌ سوپای هێرشبه‌ر و په‌لامارده‌ر، ئه‌وا له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای هێرشبه‌ر و په‌لامارده‌ری سه‌ر خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هێزی به‌رگریكار له‌ خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌ كۆتایی ئه‌م باسه‌دا پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌و دوا كارته‌ تا كوێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خواستی به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كورد ده‌بێ، ئایا ده‌توانێ خواستی پێلانگێڕان به‌سه‌ر خواست و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چاو له‌ دووی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی زاڵ بكات؟ ئایا سلێمانیه‌كان به‌وه‌ رازی ده‌بن مێژووی پڕ سه‌روه‌ری و قوربانیدانی ده‌یان ساڵه‌یان به‌ مووچه‌ و بودجه‌ی چه‌ند مانگێك بگۆڕنه‌وه‌؟
ده‌مێكه‌ له‌ژێر په‌رده‌ی جیاجیادا سیناریۆی جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی ده‌كرێته‌ كارتی گوشار بۆ سه‌ر ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م خوازیارانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ڵام هیچ كاتێك كارته‌كان وه‌ك ئێستا فره‌ جه‌مسه‌ر و سرووشت قڕژاڵی نه‌بوون، هیچ كاتێكیش سوپای پاسداران وا به‌ راشكاوی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش و خاپوور كردنی باشووری كوردستانی نه‌كردوو، ئه‌و فره‌ جه‌مسه‌ری و سرووشت قڕژاڵیه‌ی كارته‌كه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی راشكاوی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر باشووری كوردستان، له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ نیشانه‌كانی دابه‌شبوونی عێراق زیاتر ده‌ركه‌وتوون و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نزیكتر كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وای له‌ دژ و نه‌یاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كردووه‌، په‌رده‌ له‌سه‌ر دوا كارتی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و خوازیارانی ده‌وڵه‌تی كوردی لابده‌ن و كارته‌كان به‌هێزتر و یه‌كگرتووتر ده‌ربخه‌ن، چونكه‌ گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌ دابه‌ش بوونی عێراقی عه‌ره‌بی دایه‌، دابه‌ش بوونی عێراقی عه‌ره‌بیش به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ سیاسی و مێژوویی و ئه‌قڵانیه‌كان بۆته‌ دوا ده‌ریچه‌ی رزگار بوونی عێراقیه‌كان له‌و دۆزه‌خه‌ی كه‌ ئه‌قڵی دواكه‌وتووی عێراقچێتی و هه‌ڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی پارێزه‌رانی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێڕاق بۆی داخستوون.
هاتنه‌ سه‌ر خه‌تی ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ی خاپوور كردنی باشووری كوردستان ئه‌وپه‌ڕی ته‌نگاو بوونی ئێرانه‌ له‌ ئاست چوونه‌ پێشی پرسی كورد و ترسی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، رووداوه‌كانیش وای ده‌رده‌خه‌ن كه‌ هیچ هێز و كارت و پێلانگێڕیه‌ك ناتوانێ ئه‌و ده‌ریچه‌یه‌ دابخاته‌وه‌ كه‌ عێراق ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ سرووشتی مێژوویی و جوگرافی پێش درووست كردنی، ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵگرانی ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش له‌و ده‌ریچه‌ و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ بۆ دواڕۆژی عێراق و پرسی كورد و چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڕوانن، بۆیه‌ هیچ گومانێك له‌ سووتاوی دوا كارتی دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و سه‌ركه‌وتنی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و به‌ره‌ی سه‌ربه‌خۆخوازان نییه‌.
خاڵێكیتر كه‌ خه‌ونی پیلانگێڕان له‌ گۆڕ ده‌نێ و دوا كارتیان ده‌سووتێنێ، هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی سلێمانی و سلێمانیه‌كانه‌، چونكه‌ سرووشتی سلێمانی و سلێمانیه‌كان وابووه‌ له‌ قۆناغه‌ زۆر هه‌ستیار و كاته‌ مه‌ترسیداره‌كان زۆر توند هاتوونه‌‌ وه‌ڵام و بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆیان داوه‌.
Top