دەمی ریفراندۆم و سەربەخۆییە خۆتان و خەڵکیش بە شتی ترەوە سەرقاڵ مەکەن!

دەمی ریفراندۆم و سەربەخۆییە  خۆتان و خەڵکیش بە شتی ترەوە سەرقاڵ مەکەن!
ھیچ پرسگەلێکی گرینگتر لە خۆ ئامادەکرن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و قسەکردن لە ئالیەتەکانی جیابوونەوە لە عێراقی داڕوخاو نییە تا سیاسیەکانی کوردی پێوە سەرقاڵ بێت.

حەق وایە، لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، ئەوانە دەڵێم، کە پەرۆشی ئاییندەی کوردستان و ھەوڵیان بۆ گەیشتنی نیشتیمان بۆ کەناری ئارامی داوە، ھەموو ئەجێندای کار و پلان و ستراتیژە حزبیەکانیان وەلا بنێینن و قۆڵیان بۆ ئەو دوو پرسە چارەنوسازە ھەڵماڵن و کاتەکانیان بۆ ئەو پرسە تەرخان بکەن .

لەوکاتەدا، ئەگەر تەواوی حزبەکانیش ، بەھۆی پابەندنەبوونیانی بە پرسە نەتەوەییە گرینگەکان نەھاتنە سەرخەت ، یاخود بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە گەورەیە دزییەوە، با سیاسیە پەرۆشەکانیان ، ئەوانەی مێژوویەکی پڕشنگداری خەبات و بەرخودانیان ھەیە، ئەجێندا نەتەوەییەکە بخەنە پێش ھەر ئەجێندایەکی تری حزبی و تەنانەت ھەڵوێست لە دژی حزبەکانی خۆشیان وەرگرن ئەگەر ھاتوو بیانەوێت سەرقاڵی پرسی حزبی و ئامانجی بچووکیان بکەن لەپێناو دوورخستنەوەیان لە ئامانجە گەورەکە و دابڕاندنیان لە کاروانی کوردایەتی.
سەرەنجام ، نەتەوەییبوون تۆختر لەمێژووی ھەرسیاسیەک دەنوسرێ لە حزبی بوونێک کە دادببڕێت لە کاروانە نەتەوەییەکە .

• بارزانی – کە ئێستا سەرکردایەتی ھەڵمەتێکی جددی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکات، لە فۆرمە حزبیەکەی دەرچووە و نەتەوەییانە ئیش بۆ ئەو مەسەلەیە دەکات، ھەر ئەوەشە وایلێکردووە لەبری ئەوەی بارزانی خەریکی بەرنامە و پلانی حزبی بێت ، کادران و ئەندامانی حزبەکەی قۆڵیان ھەڵماڵیوە و پشتیوانی سەرۆکەکەیان دەکەن بۆ پرسە نەتەوەییەکان تایبەت ریفراندۆم، کە ئەوە زۆرجار زیانی حزبی بۆ پارتی ھەبووە، بەوەی کە زیاتر لە ھەموو حزبەکان بۆتە ئامانجی وڵاتانی دژ بەسەربەخۆیی کوردستان!، نموونەش بۆ قسەکانم ئەوەیە ، ماکینەی ئیعلامی حزبەکانی دژە پارتی ، بەردەوامن و خەڵک و راگەیاندنی پارتیش لەلایەک خەریکی گواستنەوەی ھەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەیە و لەولاشەوە خەریکی کۆکردنەوەی کۆدەنگیە، بۆ سەربەخۆیی و ریفراندۆم.

کاتی ئەوەیە، ھەمووان لەسەر مێزی خۆئامادەکرن بۆ ریفراندۆم دابنیشن،بەڵام پێش ھاتنە ژوورەوە، خۆیان خاڵی بکەنەوە لەھەر رق و کینەیەکی حزبی، لەھەر بەرژەوەندییەکی تایبەتی ، رۆژەکە وا دەخوازێت قوربانی بەھەموو لەو شتانە بدرێت لەپێناو و یەکگوتاری و یەکڕیزی ، سیاسیە ئاقڵەکان ئەو رێگەیە ھەڵدەبژێرن ، کە سبەی شەرمندەی مێژوویان نەکات ، گوێنادەنە فشاری حزب، حساب بۆ فشارەکانی سەر فشاری حزبەکەی خۆیان ناکەن،نابنە دەستکەلای ھیچ پیلانێکی دەرەکی، سەرەنجام ئەوان بۆ نەتەوە کاردەکەن، وەکو چۆن پێشتریش بۆ ئەو مەبەستە خەباتیان کردووە ، کە ئەوانەیش ھاتنە سەر مێز، با ئەوانەی جێ دەمێنن، ھەر پرتە و بۆڵەکانی دوژمن تەرجەمەی کوردی بکەن و ھەر مارشی دژ بەسەربەخۆیی بڵێنەوە، ئەسڵەن کێ دەڵێ ئەوانە مافی قسەکردنیان ھەیە؟ ئەوکەسانە بڕیاربەدەستن، کە شانیان خستۆتە بەر بەرپرسیاریەتیەکان، ئەوانە بڕیار بەدەستن کە سەرکردایەتی بەرەکانی جەنگ دەکەن و خوێن دەبەخشن، ئەوانە دەتوانن لەھەمبەر پرسگەلێکی وەھا چارەنوساز بدوێن ، ئەوانەن کە شەڕی دیبلۆماسیەت بۆ سەربەخۆیی دەکەن، نەک ئەو دەنگە نەشازانەی لەکاتی ھەستیاری وەکو ئەمڕۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و کەوتنە سەرپێی مەسەلەی ریفرۆندۆم وڵات بەجێدێڵن و دەڕۆن !

رۆژی ئەوە نییە کاتی زێرینی سیاسیەکانی کورد لەو ساتە ھەستیارەدا ، بە قسەکردن لەسەر یەکگرتنەوە و یەکنەگرتنەوەی دووحزب، گۆڕین و نەگۆڕینی پارێزگاری شارێک، گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی سەرۆک پەرلەمانێکی ھەڵگەڕاوە لە ئیتیفاق بەفیڕۆ بدرێت ! کاتی ئەوەیە دووتیم لەسیاسیە دڵسۆزەکان ، ئەوانەی نەتەوە دەخەنە پێش حزب، یەکێ بەرنامە بۆ دەرچوون لە عێراقێکی وێران داڕێژێ و ئەویتر بەرد بەردی ریفراندۆم لەسەریەکدی دانێ . گەلۆ، ئەو ھەلە مێژوویەی کوردستان بۆی ھەڵکەوتووە ، ھەر لە بواری دیبلۆماسی و لە داڕووخانی سیاسی عێراق و لە وەرگرتنەوەی بەشێکی زۆر لە ناوچە کورردیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە، ئەمڕۆ کەی کاتی ئەوەیە جگە لەو دوو پرسە گرینگە شەقامی کوردی و سیاسیەکانی کوردی پێوە سەرقاڵ بێت ؟

• با نیازەکە بۆ خەڵکی کوردستانی ماندووی رێگەی خەبات و تینویی سەربەخۆیی روون بێتەوە، وروژاندنی ئەو ھەموو پرسە و خەڵک و خۆ سەرقاڵکردن پێوەی ، دوورخستنەوەی تۆپی سەربەخۆییە لە ساحەی ئامادەی کوردستان ؟ یان بەلاڕێدابردنی کاروانەکەیە، یاخود بێ ئاگایی؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە، خەڵک گەرەکیەتی بیزانێت، ھەڵوێستی سیاسیەکانی نێو ئەو حزبانە لە ئاییندەیەکی نزیکدا، وەڵامەکەیمان دەست دەخات!
Top