کێ یەکێتی دابەشکرد و چۆن یەکدەخرێتەوە؟

کێ یەکێتی دابەشکرد و چۆن یەکدەخرێتەوە؟
مێژووی یەکێتی و ئەو رووداوانەی بەسەری ھاتوون، ناخۆشن. بەپێچەوانەی ئەو حزبانەی لەبنەرەتەوە بە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمان و خەبات دادەمەزرێن، یەکێتی لە فەراغی پارتی و بۆ دژایەتی پارتی دامەزرا، چونکە بوونی کەسانی وەکو نەوشیروان مستەفا لە پێگەی ھەستیاری ئەو حزبە بەس بوو تا سیاسەت و ستراتیژیەتیان لەسەر سرینەوە و لەناو بردنی پارتی دابمەزرێنن.

رووداوەکانی ساڵانی ٢٠٠٦ بەتایبەت لەدەست لەکارکێشانەوەی نەوشیروان مستەفا لەیەکێتی، دۆخی سەیر رووبەرووی یەکێتی بووەوە، تا کار بەوە گەیشت تاڵەبانی ئۆباڵی شکستەکانی یەکێتی و تەنانەت ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجەی خستە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا. ئەمەش بەس بوو تا یەکێتی دابەشی دووبەرە بکرێت و لە ٢٠٠٩ بەدواوە ئیتر نەوشیروان مستەفا یەکێتی کردە دوو بەش.

ئەگەرچی نەوشیروان مستەفا توانی یەکێتی لەت بکات، بەڵام نەیتوانی ھیچ لەواقعی یەکێتی بگۆرێت و ئێستا کە بەھۆی توندرەویی و ئاژاوە حزبەکەی خۆشی دۆڕاند، پێدەچێت بۆ قەربووی ئەم دۆخە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی بگەیەنە ئاستێکی جدی تر.

پارتی کە لەدوورە سەیری ئەم بابەتە دەکات، ئەگەرچی ھەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان ئەوەیە کە ھیواخوازە ئەمە رووبدات، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان نەخشەڕێگە بۆ کوردستان دادەنێن و بیر لە پیلانگێڕی دەکەنەوە، بێ گومان پارتی قسەیەکی تری دەبێت و دڵنیام نەخشەکەیان لە سلێمانی زیاتر بڕ ناکات. چونکە پارتی تەڕەف نەبوو لە لەتبوونی یەکێتی. نەوشیروان مستەفا لەتی کرد و دیاریشە بۆ لەتی کرد. ئێستایش کە یەک بگرنەوە ئەگەر بۆ رووبەرووبووونەوەی پارتی بێت ئەوە پێشتر ئەو ئەزموونە تاقی کراوەتەوە و ھیچیان پێ ناکرێت.

ھەڵبەتە ئێستا بەھۆی ئەزموونی تێپەراندنی شەری ناوخۆ، زۆرن ئەو نیشتمان پەروەرانەی ناو یەکێتی کە رێگە بەنەوشیروان مستەفا نادەن، بە چاوی تۆڵە بەتەمای رێککەوتن بێت لەگەڵ یەکێتی، چونکە ئەوە نیشتمان پەروەرانی یەکێتین ھاوشانی سەرۆک بارزانی و پارتی کوردستانیان پاراست و خاوەنی ئارامی کوردستانن.
Top