با گۆشتەکەمان لە بێ خوێیی خراپ نەبێت

با گۆشتەکەمان لە بێ خوێیی خراپ نەبێت
بەکر کەریم حەسەن*
منداڵ کە گەشە دەکات و گەورە دەبێت و دەچێتە قوتابخانە ھەر لەسەرەتای وەرگرتنی لە قوتابخانە و ناسینی ھاوڕێیەکانی و دانیشتنی لە پۆل و وەرگرتنی پەرتووک و ناونووسینی لە پۆلەکەو بەشداری کردن لە یەکەم وانەدا و گوێ گرتن لە مامۆستاکەی و بەشداری کردن لە وانەکە و گوتن و فێربوون و نووسین و ھەڵسووکەوتی لە قوتابخانەدا ھەمووی پەروەردە کردنە... ھەر منداڵێک کە سەرەتا دێتە قوتابخانە زۆر گرنگە لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانە و دەستەی کارگێڕی و مامۆستاکان بە گشتی قوتابیەکە بە ڕوویەکی گەش و ڕەفتاری باوکایەتی و دایکایەتی و قسەی شیرین و دڵی گەورە پێشوازی لە قوتابی بکات، وا لە قوتابی بکەن حەزی بە قوتابخانە بێت، متوو و ھۆگری قوتابخانە بێت و لێی جیا نەبێتەوە، پەروەردە کردنی منداڵ لەو تەمەنەدا و ئاراستەکردنی ئەو منداڵە بەرەو رستەی جوان و سەرنجڕاکێشانی قوتابی و ئامۆژگاری کردنی بەردەوامی قوتابی و بەشداری پێی کردنی قوتابی لە ھەموو چاڵاکییەکانی قوتابخانە دا بگرە لە نووسین و لە گوتن و لە ھونەر و لە وەرزشی و لە چاڵاکییە جۆراوجۆرەکان قوتابی ھەست بکات کە قوتابخانە ماڵی خۆیەتی بۆ ئەوە دروست کراوە تا پەروەردە بکرێ و فێرببێ و مامۆستاکانیش بە گشتی لە پێناو ئەو لەو شوێنەن کە ھەریەکەیان کاری جیاوازی ھەیە. قوتابی پێویستە لە قوتابخانە پەروەردەیەکی وا پەروەردە بکرێ کە خۆی خاوەنی قوتابخانەیە و لە قوتابی بکرێ گیانی ھاوکاری و تەبایی و خاوێنی لە ناو ناخی قوتابی بچێنرێ خۆی پاک و خاوێنی قوتابخانەکە بپارێزێت و پیسی نەکات و ڕاستگۆ بێت وا لە قوتابی بکرێت کەوا ھەردەم قسە راستەکان بڵێ و نەترسێندرێ، بەڵکو متمانەی تەواوی بەخۆی ھەبێت بوێر بێ ئازا بێ و چاو نەترس بێت بتوانێ ئەوەی دەیەوێ بلێ، بەڵام بە شێوازێکی پەروەردەییانە و تەندروست و کاریگەری خراپ و سلبی لەسەرکارەکەی جێ نەھێڵێ... بتوانێ قسە بکات و داوای داواکارییەکانی خۆیان بکەن، گەر لە بابەتەکە نەگەیشتن بوێری ئەوەی ھەبێ بیلێ مامۆستا دەتوانن دووبارەی بکەینەوە، بێگومان ھەموو ئەوانەی باسمان کرد لەسەر مامۆستاکان ڕاوەستا بە تایبەتیش دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و خودی بەڕێوەبەری قوتابخانە، چونکە بەڕێوەبەر دەتوانێ پلان و بەرنامەڕێژی و ئامانجی گشتی پەروەردە و قوتابخانەکەی ڕوون بکاتەوە کە ئەویش نزیکی کارگێڕی قوتابخانە و مامۆستاکانە لە قوتابیان کە ڕێزگرتن و خۆشەویستی لە خاڵە سەرەکییەکان بێت و قوتابی پەراوێز نەخرێ و ماندووبوونی مامۆستا و وێژدان ئاسوودەیی ودڵسۆزی سەرمەشقی کارکردنی رۆژانەیان بێت و پەیڕەوکردنی ھاوکێشەی (قوتابی +مامۆستا= پەروەردەیەکی پڕاو پڕ لە خۆشەویستی لێک تێ گەیشتن و متمانە بەخشین) بێت.
تەواوکەری پەروەردە کردنی منداڵ ساڵ لە دوایی ساڵ خێزان لە قوتابخانەیە کە قوتابخانە خاڵی وەرچەرخان و تەکاندان و پەرەپێدان و داھێنانی پەروەردەیە لە ھەموو روویەکەوە ھەموو پەروەردە کردنێک بە ئاسانی و لە خۆڕا نابێت ماندبوونی پێویستە، ھەموو ماندووبوونێک لە دڵسۆزییەوە ھەموو دڵسۆزییەک و ویژدانێکی زیندوو پاڵپشتیەتی بەدڵنیایی و ویژدانە زیندووەکان جێگای گومان و ترس نین بەڵکو ئامانجەکان بەدی دێنن کە پەروەردە کردنی منداڵ گرنگترین و پڕ بایەخترین ھەوڵدانە کە ئەمانەتێکی پیرۆزە و بەدڵنیایی سوود و قازانجی درێژخایەنی کۆمەڵگایەکە کە ئەرکی دەکەوێتە ئەستۆی ھەمووان... دانیمارکییەکان دەڵێن:"گۆشت بەبێ خوێ ، منداڵیش بێ پەروەردە خراپ دەبن"، دەبا ئێمەش ھەمووان پەرۆشی چاودێری کردنی منداڵانی ئەو وڵاتە بین نەبادا لەبێ گرینگیدان و پشتگوێ خستن و کەمپەروەردەییدا ھاوشێوەی گۆشت خراپ بن.
*بەڕێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر.

Top