كێ لە هاتنە كایەی بیرۆكەی گۆڕینی نەخشەی ناوچەكە بەرپرسیارە( مێنتالیتەی شۆڤینی دەستهەڵاتدارانی ناوچەكە یان كورد )
September 22, 2015
وتار و بیروڕا
كورد لە پێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆی، وەك هەر نەتەوەیەكی تر بە دەهان ساڵ و بەتایبەتیش لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم بزاڤی كردووە كە بە شێوازی گفتگۆ و دیالۆگی سیاسی بگاتە ئەنجامێك كە هەم ڕێزی نەتەوە و وڵاتانی دراوسێ و هەم ناسنامە و كەلتوور و زمانی كوردی پارێزراو بێ. بەڵام نەپەیماننامەكانی سیڤەری 1920 و نەلۆزانی 1923 و نەئەوانی پێشوتریش وەك سایكس-پیكۆی 1916 و نە بزاڤەكانی دواتریش هیچ گەرەنتیەكیان بۆ كورد بەدواوە نەبوو( 2).
بەڵام دیارە قەدەری كورد وایە كە هەر ئەو وڵاتانە ببن بە تروسكایی و دەرگایەك بۆ گەیشتنی كورد بە مافە ڕەواكانی. ئەوەتا دەستپاكی و دڵسافی و دڵساخی كورد ویژدانی مردووی ئەو وڵاتانەی نەهەژاند، بەڵام وەك باب و باپیرانمان ووتوویانە :" هەر چی بچینی هەر ئەو دەدوری ". بە پاڵپشتی كردنیان یۆ تیرۆر و سازییە تیرۆریسیتەكان ئەمرۆ وڵاتانی جیهان گەیشتن بەو ڕاستیەی كە هەر كاتێك كورد بۆی بڕەخسێ و دەرفەتی بۆ بڕەخسێ جگە لەوەی كە دەتوانێ بوێرانە بەرگری لە مافە ڕەواكانی خۆی بكات، لە ئاستێكی بەرزی هەستی مرۆڤایەتی و ئاشتیخوازی و ئازادیپەرێستی دایە و تا ڕادەیەك كە نەك تەنها بۆ خۆی بەڵكۆ بۆ نەتەوە و ئایین و مەزهەب و خەلكانی تریش پەناگەیەكی بەهێز و شایستەیە. بەڵگەش بۆ ئەوە پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئایین و پارت و ڕێكخراوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی جیاوازە كە لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو هەرێمە بەدی دەكرێت و وڵاتانی رۆژئاوا بە چاوی خۆیان دەبینن و شایەتحالینە.
دەبێ هەر ئەو چەندە و هەندێ بەرژەوەندی تایبەت بێ كە پاڵ بە وڵاتانی زلهێز و رۆژئاواوە دەنێ كە بیر لەوە بكەن كە بەدوای مەهانە و ئەگەرێك بگەڕێن تاوەكو بەهۆیەوە سنوورە جۆگرافیاییەكانی ناوچەكە بگۆڕن و ئەگەری سەرەكی ئەم چەندەش و بە پلەی یەكەم بۆ مێنتالیتەی شكستخواردووی سەركردایەتی وڵاتانی دەوروبەر و رۆژهەڵاتی ناوینە كە هەمیشە بە چاوێكی تر سەیری دۆزی كوردیان كردووە و لە قولایی ستراكچەری كەسایەتیاندا جێگەیەكی زۆر بچوكیان بۆ نەتەوە و مافەكانی گەلی كورد داناوە و لە ئاكامدا كاریان گەیاندە ئەم دۆخ و قۆناغە ئالۆزە. سەرچاوەكان:1- بێشكچی، ئیسماعیل ( 2014). كۆمارا توركیا چ دان كوردان؟، كۆڤاری مەتین، ژ. 224، لل. 4-11. 2-: گلوعی، محمود ( 1390 ) . فرهنگ جامع سیاسی، چاپ چهارم، نشر علم، تهران، 1103 ص.
*بسپۆری پێداگۆگی و سایكۆلۆژی/ زانینگەی زاخۆ