ئاییندەیكوردستانوریفراندۆم
September 22, 2015
وتار و بیروڕا
لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا و بەداگیركردنی زۆر شوێنی جۆگرافیایی حكومەتی ناوەندی و هەندێ ناوچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن تیرۆریستانی دەولەتی خەیاڵی و كارتۆنی دەنگۆی دەوڵەتی كوردی بەرزتر لە جاران هاتە ئاراوە كە دور نیە بگاتە ئاستی هەلبژاردنی ریفراندۆمێكی سەرتانسەری كە لە وانەیە ببێ بە ئەگەری گۆڕینی بنەڕەتی وڵاتانی ناوچەكە یان بە لایەنی كەمەوە سیستەمی حوكمرانی لە كوردستانی خواروو.
بەڵام ئەوەی جێگەی بایەخ و مەترسییە ئەوەیە كە جگە لەوەی كە گۆنجاوبوونی كەش و هەوای سیاسی ناوچەكە و جیهان فاكتەرێكی گرنگی سەركەوتنی ئەم ریفراندۆمەیە، ئەوەندەش ئەم سەركەتنە بەندە بە وەی كە مێنتالیتەی هزری سەركردایەتی سیاسی كوردستانی بە تایبەت و گەلی كورد بە گشتی لە چ ئاستێكدایە لە هەمبەر ئەم بابەتە، تا بتوانێ ئەم ڕاستیە پەسند بكاتن و پێی ڕازی ببێ كە كورد پێویستی بە ریفراندۆمەوە هەیەتی یان نیەتی. چونكە چەند ئەوەندەی كە پێویستە ئاستی تێگەیشتن و هزری و مێنتالیتەی كەسایەتی كوردی گەیشبێتە ئەوەی كە بزانێ " بەدەولەتبوون " سوودی بۆ ئەو هەیە، ئەوەندەش دەبێ بزانێ و بڕوای بەوە هەبێ كە هەن كەسان و لایەن و وڵاتانێك بۆ بەرژەوەندی تایبەت یان لەبەر نزمی ئاستی هۆشیاری و نەتەوەیی و لاوازی هەستی كوردایەتی و سەرپێبوونی نەتەوەیی و لەگەڵ ئەوانیشدا دوژمنانی ئێمە بێ ووچان كار لەسەر سەرنەگرتنی ئەم پرۆسێسە بكەن. ئەوان لە ڕێگەی دەستنیشانكردنی خالە لاوازەكانمان كار لەسەر ستراكچەری كەسایەتیمان دەكەن و هەول دەدەن كە لە ناخی تاكی كوردی و دەستهەڵاداران و سیاسەتوانان تۆی " زیانمەندبوون ـ لە ـ بە ـ دەولەتبوونی ـ كورد " بچینن.
ئەم ڕاستیە ئەو كاتە بۆمان بەدیاردەكەوێ كە بزانین هەندێ جار پرۆسەی ریفراندۆم لە هەندێ شوێن جێگەی خۆی ناگرێ و ئامانجەكانی وەك پێویست ناپێكێ. ئەوەتا نزیكترین و نوێترین نموونە ئەزموونی سكۆتلەندیەكانە كە ئەنجامەكەی پێچەوانە دەرچوو.
بەواتایێكی تر سەرگرتنی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی ئاییندەی كوردستان جگە لە یەكڕیزی ماڵی كوردی و تەبایی و برایەتی و وەلانانی بەرژەوەندییە تایبەتەكان لە پێناو بەرژەوەندییە گشتی و نەتەوەییەكان، هەروەهاش پێویستی بەوە هەیە كە تاكی كوردی بگاتە ئاستێكی هزری و مێنتالی كە هەست بەوە بكاتن بۆچی و لە پێناو چی دەبێ كورد ببێ بە خاوەن وڵات و دەستهەڵاتێكی سەربخۆ؟ و ئەوەیە ئامانجی سەرەكی ریفراندۆمەكەمان.
كاركردن لەسەر ئەو لایەنەی تاكی كوردی زۆر گرینگە. بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری تاكی كوردی و پێزانینی بە هەموو ئەو مەینەت و ئازار و ئەشكەنجە و قۆربانیدان و كیمیاباران و ئەنفال و زیندەبەچاڵكردن و لەسێدارەدان و جینۆساید و ڕاگۆاستن و ئاوارەیی و دەربەدەرییەكانی كورد لە گشت پارچەكانی بە درێژایی مێژوو بە گشتی و ئەم سەدەیەی دوایی بەتایبەت، دەبێ لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیایەكان ببێ بە هەوێنی كار و چاڵاكییەكانی هۆشیاركردنەوەی مێشك و هزری تاكی كوردی و لە پێناو تێگەیاندنی لە پێداویستی بوونی ریفراندۆمێك كە ببێ بە پەرژین و سنوورێك بۆ زۆرداری و ستەمكردن لە كورد و كوردستانیان و كۆتایی هێنان بە مەینەتەكانی و ببێ بە سەرچاوەیەك كە تاكی كوردی خۆی پێوە بگرێ و ئاسۆیەك بێ بۆ دابینكردنی ئاسایێشی نەتەوەیی و لە دواییشدا بۆ ئاسایێشی سایكۆلۆژی تاكی كوردی و دانیشتوانی كوردستان كە خۆی لە خۆیدا بۆ بەردەوامی نەتەوەیی و ژیان و مان و بوونی فاكتەری گرنگ و ژیانەوەیین.
*بسپۆری پێداگۆگی و سایكۆلۆژی/ زانینگەی زاخۆ