بردنەوەی جەنگ و دۆڕاندنی شەڕ پارانۆیایی ئەردۆگان (گرێ سپی)ی رۆژئاوا دەكاتە (خی سان)ی ڤێتنام بۆ توركیا

بردنەوەی جەنگ و  دۆڕاندنی شەڕ  پارانۆیایی ئەردۆگان  (گرێ سپی)ی رۆژئاوا دەكاتە (خی سان)ی ڤێتنام بۆ توركیا
«لە 21ی كانوونی دووەمی 1968 شەڕێكی قورس لە نێوان جەنگاوەرانی ڤێتنامی باكوور و هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی (خی سان)ی باشووری ڤێتنام لەسەر سنووری (لاوس) بەرپا بوو. لەو شەڕەدا ئەمریكا لە ماوەی 77 رۆژدا (100 هەزار) تۆن بۆمبی بە رێگەی هێزی ئاسمانی بە سەر ڤێتنامییەكاندا فڕێدایە خوارەوە. ژەنڕاڵ ولیام ویستمور كە فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە ڤێتنام، ترسی ئەوەی هەبوو شەڕی (خی سان) ببێتە هاوشێوەی شەڕی (بیان دیان فۆ) كە شكستی بە فەرەنسا هێنا و ناچاری كرد لە ڤێتنام بكشێتەوە، بۆیە هەموو توانایەكی بەكار هێنا بۆ ئەوەی جەنگەكە بەرێتەوە، سەرەنجام جەنگەكەشیان بردەوە، بەڵام شەڕەكەیان دۆڕاند، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو بۆیان دەركەوت ئەم ناوچەیە خزمەتێكی ئەوتۆی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا ناكات، هەر بۆیە پاش ماوەیەكی كەم ناچار بوون (خی سان) بەجێ بهێڵن، دوای هەموو ئەمانەش ئەمریكاش بە هاوشێوەی فەرەنسا ناچار بوو ددان بە شكستی خۆیدا بهێنێت و لە ڤێتنام پاشەكشە بكات.»
پڕۆفیسۆر ماكس بوت
بەڕێوەبەری دیراساتی ئاسایش و بەرگری لە ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوە

رۆژی چوارشەمە 8ی 10ی 2019 فەهرەتین ئاڵتون بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا وتارێكی لە واشنتن پۆست بە ناونیشانی (پێویستە جیهان پشتگیری پلانەكەی توركیا بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بكات) بڵاوكردەوە، ئەم وتارە لە ناو میدیاكانی جیهاندا، بە راگەیاندنی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا دژی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا لە قەڵەم درا، ئەم بایەخپێدانەی میدیاكانی جیهانیش بەم وتارە، لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە پۆستی نووسەری وتارەكە هاوتای وتەبێژی فەرمیی سەرۆك كۆماری توركیا و ناوەڕۆكی وتارەكە وەك پەیامی سەرۆك كۆماری توركیا ئاراستەی رای گشتیی جیهان كرابوو .
دوای چەند كاتژمێرێكیش بە سەر بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە لە پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ هێزەكانی توركیا بە بۆمبارانكردنی ناوچەی (گرێ سپی – ئاغچە قەڵا) ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی رۆژئاوا دەستپێكرد، هاوكات لەگەڵ دەستپێكی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەش، شاڵاوی ناڕەزایی و رەخنە لە سەرانسەری جیهانەوە رووبەڕووی توركیا كرایەوە، هەر بۆیە سەرلەبەیانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، رۆژی 9ی 10ی 2019 لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەندامانی حزبەكەی وتارێكی زۆر توندی بە شێوازێكی پارانۆیایی (جنون العظمة) پێشكەش كرد و زۆر بە توندی وەڵامی رەخنەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایەوە، تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی كە راشكاوانە هێرش بكاتە سەر هەموو لایەك و بە سعودیە و میسر دەستی پێكرد و بە یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی پێهێنا.
دەستپێكی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی توركیا لە دژی رۆژئاوا و بێباكیی ئەردۆگان و زمانی توندی نێو وتارەكەی بەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە سیناریۆی هێرشەكەی رۆژی 2ی ئابی 1990ی عێراق بۆ سەر كوەیت و كاردانەوە و بێباكیی سەرۆكی ئەو كاتی عێراق دەچێت، هەروەها ئەو كۆدەنگییە نێودەوڵەتییەشی لە سەرەتاوە لەسەر هێرشی عێراق بۆ سەر كوەیت دروست بوو، كە داوایان لێ دەكرد بكشێتەوە، سەرۆكی ئەو كاتی عێراق هیچ گوێی پێ نەدەدا، دیسان لە بێباكییەكەی ئێستای سەرۆكی توركیا دەچێت.
ئاشكرایە لە دوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە هەتا ئێستا ئەو كۆدەنگییە نێودەوڵەتییە لەسەر هیچ پرسێكی جیهانی بەو شێوەیە دروست نەبۆتەوە، وەك ئەوەی ئێستا لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا دژی رۆژئاوا دروست بۆتەوە. جێگەی ئاماژە پێكردنە ئەمە یەكەمجاریشە دوای داگیركردنی كوەیت كە یەكێتی سۆڤیەت و رۆژئاوا و ئەمریكای هاودەنگ، ئەوا وەك ئێستا دەبینین بەرامبەر توركیا، دیسان رووسیا و رۆژئاوا و ئەمریكا هاودەنگ داوادەكەن كە ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی پێ بهێندرێت. تەنانەت كاتێك لە ساڵی 2014 رووسیاش هێرشی كردە سەر كریما لە ئۆكڕانیای كردەوە و لكاندنی بە خۆیەوە، كۆدەنگیی نێودەوڵەتی بە هاوشێوەی ئێستا دژی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دروست نەبووە.
دیارە بۆ ئەوانەی بە باشی زمانی توركی نازانن و ناچارن لە رێگەی ئەو میدیایانەی توركیاوە چاودێریی بارودۆخەكە بكەن، كە بە زمانی ئینگلیزی رووماڵی روانگەی توركیا بەرامبەر جیهان دەكەن، لەمبارەوە تەلەفزیۆنی (TRT World) كە رووە میانڕەوەكەی دەوڵەتی توركیا پیشانی رای گشتی جیهان دەدات، هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە كار بۆ ئەوەی پیشانی بدات، ئەم ئۆپەراسیۆنەی توركیا دژی كورد نییە و دژی رێكخراوەكانی (PKK YPG،YPD)یە و ئامانجی ئەوەیە كە ئەو ناوچەیە لەو هێزانە رزگار بكات و نەوایەكی ئارام بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان دروست بكات و پاشانیش بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە حكومەتێكی لۆكاڵی بە هاوشێوەی حكومەتە لۆكاڵەكەی عەفرین دابمەزرێنێت.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا هیچ دەوڵەتێك (بێجگە لە قەتەر) پێشوازی لەو گوتارەی دەوڵەتی توركیا دەكات؟ تەنانەت رۆژی 8ی 10ی 2019 ئەم تەلەفزیۆنە دیمانەیەكی لەگەڵ محەمەد جواد زەریف (وەزیری دەرەوەی ئێران) ئەنجامدا، لەگەڵ ئەوەی لە دەستپێكی دیمانەكەوە، پێشكەشكاری بەرنامەكە زەمینەی بۆ ئەوە خۆش دەكرد كە وەزیری دەرەوەی ئێران پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دژی رۆژئاوا بكات، بەڵام كە هاتە سەر ئەو پرسیارەی ئایا ئێران چۆن سەیری ئەم ئۆپەراسیۆنە دەكات، جەواد زەریف زۆر راشكاوانە گوتی: «لەشكركێشی توركیا بۆ سەر سووریا هەر لە سەرەتاوە هەڵە بووە و كاتی خۆیشی ئەمەم بە ئەحمەد داود ئۆغلۆی وەزیری ئەو كاتی دەرەوەی توركیا راگەیاندووە و پێم گوتووە كە هێرشی سەربازی كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات و تەنیا رێگە ئەوەیە كە حكومەتی توركیا لەگەڵ حكومەتی سووریا راستەوخۆ دانوستاندن بكەن.»
Top