مەحفوز مایی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   ئەركی پاراستنی دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی كەوتووەتە سەرشانی سەرۆك بارزانی كە پارێزەری كوردستانە

مەحفوز مایی  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     ئەركی پاراستنی دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی كەوتووەتە سەرشانی سەرۆك بارزانی كە پارێزەری كوردستانە

 

 

مەحفوز مایی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆیە و جیا لەوەی نووسەر و شاعیرێكی دیاری كوردستانە، لە هەمان كاتدا لە بواری كاری ڕاگەیاندنیشدا چەندین بەپرسیاریەتیی گرنگی هەبووە، وەك بەڕێوەبەری دەزگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گوڵان و بەرپرسی كەناڵی ناوەندیی كوردستان تی ڤی و كەناڵی زاگرۆس، بەڕێوەبەری دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی بووە لە دهۆك، ئێستاش ئەندامی بەشی ڕۆشنبری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە گفتوگۆی ئەم جارەدا (دادگای فیدڕاڵیی عێراق. هەڵوێست و گفتوگۆ) بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو:

 

ئەو گوشارە ساختانەی لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، تەنیا چەند بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵیی عێراق نییە، بەڵكو ئامانجی گەورەتری لە پشتەوەیە و هەوڵەكانی (لایەنە سیاسییە وەلائییەكانی شیعە و دەوڵەتانی هەرێمی) بۆ ئەوەیە سازش بە پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن لەسەر پرسی نیشتمان و خاك و پێكەوەژیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و ڕاگرتنی ڕەوتی ئەو پەرەپێدان و، ئاوەدانكردنەوەیەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوامیی هەیە و پارتی دیموكراتی كوردستان بووەتە پارێزەری.

كەواتە ئەم واقیعەی دروست بووە بۆ بەئامانجگرتنی كوردستان، بە دیوێكی دیكەدا بە ئامانجگرتنی پارێزەری هەرێمی كوردستانە كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەهۆی ناتەبایی سیاسی و نەبوونی یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسییەكانیش لەسەر پرسەكانی نەتەوە و خاك و نیشتمان، ئێستا قورسایی ئەم دۆزە پیرۆزە بە تەنیا كەوتووەتەسەر شانی پارتی و، سەرۆك بارزانی شانی بەرپرسیاریەتی داوەتە بەر، بۆ ئەوەی بەرگری لە كەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیی و خەڵكی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە بكات و چۆك دانادات.

پێش ئەوەی بێمە سەر بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی، ئاماژە بەو گوشارانە دەكەم كە لە چەندین لاوە دەكرێتە سەرمان:

 شەڕی ئابووری.

تەنیا بە بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران شەڕی ئابووریمان لەگەڵ ناكەن، بەڵكو هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیەیە كە ژێرخانی ئابووریمان نەهێڵن و گرفتی یاسایی بۆ وەربەرهێن و كۆمپانیاكانمان دروست دەكەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بە بیانووی جیاواز و بە دەستی ئەنقەست، دروستكردنی مەترسی لە بازرگانیی ئاسمانی بە ڕێگەی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، وەك:

 هێرشی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕۆكێتی بالیستیكی بۆ سەر ماڵی سەرمایەدارانی كوردستان و شەهیدكردنی هاووڵاتیی سڤیل، كە لە دوایین هێرشیان كچێكی تەمەن 11 مانگ لە ناو شەهیدەكاندا بوو.

 هێرشی بەردەوامی چەكدارە لەیاسا دەرچووە وەلائییەكان بە بەردەوامی بۆ سەر هەولێر بە بیانووی لێدانی بنكەكانی ئەمریكا.

 بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە كوردستان.

هەموو ئەو ماددە هۆشبەرانەی دێنە كوردستان لە ڕێگەی ئێران و باشوور و ناوەڕاستی عێراق دێنە كوردستان و، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە ناو گەنجەكانماندا زیاتر دەبێت، كار گەیشتووەتە ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین سەنتەری شیانەوە بۆ ئالوودەبووان بكاتەوە.

 بەردەوامبوون و درێژەپێدان بە سیاسەتی بەعەرەبكردن و گۆڕینی مەزهەبی بە ڕێگەی داگیركردنی زەویی جووتیارە كوردەكان و بونیادنانی سەدان حوسێنییە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

لە ڕێگەی ئەم گوشارانە و چەندین ڕێگەی دیكەش كە لێرەدا بوار نابێت هەموویان باس بكەین، گوشاریان خستووەتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوەی دەستبەرداری پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بێت، بەڵام كە زانییان بە پشتیوانیی خودا و گەلی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان چۆكی دا نەدا، ئەوا ئەم جارەیان زۆر بە ئاشكرا بە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیی عێراقی و بەو دوو بڕیارەی ئەم دواییەی دژی یاسای هەڵبژاردنی كوردستان و ڕەتكردنەوەی 11 كورسیی كۆتا، پەیامی زۆر ترسناكیان نەك هەر بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ كۆی سیستمی فیدڕاڵی و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دروست كرد، كە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەكەم:

- وەك بەڕێزان كە پسپۆڕن لە یاسا و یاسای دەستووری و لەم گفتوگۆیەدا پێیان گوتین، ئەم بڕیارانە نەك هەر ماددەكانی ناو دەستووری عێراقی پێشێل كردووە، بەڵكو ڕۆحی دەستوورەكەی كوشتووە، ئەو ڕۆحەی كە داڕێژەرانی ئەم دەستوورە پێیان داڕشتووە.

- ڕەتكردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵوەشانەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، كە بە یاسای پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە، مانای ئەوەیە لەلای دادگای فیدڕاڵیی عێراق، سیستەمێك نییە ناوی سیستمی فیدڕاڵی بێت، كە لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە دوای ساڵی 2005 بەپێی ئەو دەستووری 80%ی عێراق دەنگی پێداوە و دامەزراوە.

- هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی ئەو پڕۆگرامی وەزارییە كە كابینەكەی سوودانی لەسەری دامەزراوە و، ئەو ڕێككەوتنە لەسەر بنەمای (هاوسەنگی، شەراكەت، سازان)، ئیمزا كراوە، ئەو بڕیارانە ئەو بنەما سەرەكییانە دەسڕێتەوە.

لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەسەر بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەمەوە، بەوەی ئەم بەیاننامەیە ئاگاداركردنەوەیەكی سەرەتاییە بۆ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كە بەپێی ڕیككەوتنی وەزاری حكومەتیان پێك هێناوە و، ئەگەر پابەندی ئەو ڕێككەوتنەی خۆیان نەبن كە ئیمزایان كردووە، ئەوا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا كۆتایی دێت و، وەك جەنابی سەرۆك بارزانی هەمووكات دووپاتی دەكاتەوە (تەعەدا لە كەس ناكەین و تەعەداش لە كەس قبووڵ ناكەین)، هەرگیز پارتی دیموكراتی كوردستان دەرگای گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی دانەخستووە، بەڵام كە كاتی خۆی هات، سەرۆك بارزانی بڕیار دەدات.

 

Top