بەبێ بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی گەشەی ئابووریی كوردستان مەحاڵ دەبێت

بەبێ بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی  گەشەی ئابووریی كوردستان مەحاڵ دەبێت
بە بێ بایەخدان بە پیشەسازی و راگرتنی باڵانسی نێوان هەناردە و هاوردە ناتوانرێت ئابوورییەكی تەندروست و بەهێزت دەست بكەوێت، لەگەڵ ئەوەی لە كوردستاندا چەندین هۆكار هەن بۆ پشتگوێخستنی ئەم كەرتە گرنگە، بەڵام بەپێی قسەكانی سەرۆكی رێكخراوی داكۆكیكار لە مافی خاوەن كارگەكان، ئەم سێكتەرە لە پاشەكشێی تەواودایە، هەر بۆ نموونە: لە سلێمانی 86%ی كارگەكان و لە هەولێر 60%ی كارگەكان و لە دهۆك 121 كارگە و لە گەرمیان 54 كارگە داخراون، بەمەش نەك تەنیا زیاتر لە 30 هەزار كرێكار بێكار بوون، بەڵكو ئابووریی كوردستانیش دوچاری مەترسییەكی گەورە بۆتەوە.
هۆكاری سەرەكیی بایەخنەدان بە كەرتی پیشەسازی دەگەڕێتەوە بۆ پشتبەستن بە داهاتی سامانی سرووشتی (نەوت و گاز)، ئەمەش جگە لەوەی ئابوورییەكی رەیعی بووە، لە هەمانكاتدا بۆتە ئابوورییەكی بەكاربەریش، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئاسایشی خۆراكی و هەلی كار بۆ سەدان دەرچووی زانكۆكان و گەنجانی ئەم وڵاتە دابین بكەین، پێویستە ئاوڕێكی جددی لە كەرتی پیشەسازیی بدرێتەوە. لەم روانگەیەوە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە ئابووریی كوردستان لەسەر بنەمای فرەچەشنی دووبارە رێكبخرێتەوە و گرنگی بە گەشەی كەرتی پیشەسازی بدرێت.
دیارە وەك شارەزایانی ئەم بوارە ئاماژەی پێ دەكەن، خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان توانای گەشەی لەم كەرتە هەیە و حكومەتیش زەوی و ژێرخان و پێدانی مۆڵەتی خێرای بۆ ئەم مەبەستە دابین كردووە، رێگەشی داوە بە گەشەكردنی پیشەسازیی تازە، بەڵام وەكو پێویست و لەئاست خواست و پێداویستییەكانی هەرێمدا ئەم كەرتە گەشەی نەكردووە. هەندێك ئاماری فەرمیی حكومەت ئاستی گەشەی كەرتی پیشەسازی لە نێوان 3% بۆ 5% خەمڵاندووە، ئەم رێژە نزمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ساڵانی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر پشتی بە هاوردەكردنی كاڵا بەستووە، هەر بۆیە رێژەی دامەزراندنی كارگە بچووك و مامناوەندەكان بە جۆرێك كەمیان كردووە، واتە زۆربەی كارگە بچووك و مامناوەندەكان داخراون. راستە ئەم كەرتە توانیوێتی هەلێكی زۆری كار دەستەبەر بكات، هەر بۆ نموونە تا كۆتایی ساڵی 2013 زیاتر لە 23 هەزار هەلی كاری نوێ دابین كراوە و ژمارەی ئەو كۆمپانییانەی تا ساڵی 2014 تۆمار كراون، زیاد لە 19 هەزار و 500 كۆمپانیا بووە، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی زۆر ماستەرپلان و بەرنامەو كار جێبەجێ نەكران، لەوانە دروستكردنی ناوچەی پیشەسازیی شارەكان و گرنگیدان بە پیشەسازیی خۆراكی و زیادبوون و فراوانكردنی توانای بەرهەم و كوالێتیی كارگەكان. تەنانەت ژمارەی كۆمپانیا پیشەسازییەكان بە راددەیەكی بەرچاو كەمی كرد، واتە لە ساڵی 2016 تەنیا 1189 كۆمپانیای خۆماڵی و 49 كۆمپانیای بیانی تۆماركراون و تا كۆتاییەكانی 2018 ئەم دۆخە خراپتر و دژوارتر بووە، بە راددەیەك نەك هەر كارگەكان دوچاری سستی و لاوازیی بەرهەم بوون، بەڵكو زۆربەیان داخران و هەندێكیان مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند، بەمشێوەیە بۆمان دەردەكەوێت كە لەگەڵ شەڕی داعش و قەیرانی دارایی زەبرێكی كوشندە لە كەرتی پیشەسازیی هەرێمی كوردستان درا، ئێستاكە وردە وردە دەست كراوەتەوە بە پێشكەشكردنی مۆڵەتی دامەزراندنی كارگەكان، هەروەكو چۆن سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆك رایگەیاند، زۆربەی هەرە زۆری ئەو كارگانەی داخرابوون، دەستیان بەكاركردن كردۆتەوە.
ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، ددان بەو راستییەدا بنێین كە سێكتەری ئابووری تەنیا كەرتی بازرگانی نییە، بەڵكو سەرجەم سێكتەرەكانی پیشەسازی و نەوت و كانزا و گەشتیاری و كشتوكاڵ و دەیان سێكتەری جۆراوجۆری دیكەیە، بۆیە ناكرێت گرنگیدانمان بە بازرگانی لە سەر حیسابی پیشەسازی بێت. راستە كەرتی پیشەسازی بە هاوشێوەی كەرتەكانی عەقارات و بازرگانی قازانجێكی خێرای لێ بەدەست نایەت، بەڵام بنەما و بناغەی ئابووری بونیاد دەنێت.
گرنگترین كارگەكانی كوردستان
تا ساڵی 2017 بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستدایە، دەتوانرێت بەمشێوەیە پۆلێنی كارگەكانی كوردستان بكەین:
كارگەكانی كەرتی گشتی، كە زۆربەیان دراونەتە كەرتی تایبەت، لەوانە: (كارگەی بەردی مەڕمەڕ لە سلێمانی – كارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە – كارگەی گەچی بازیان – كارگەكانی قوتوبەندی هەڵەبجە و دۆشاوی تەماتەی كۆیە و حەریر- كارگەی ئاوی كانزایی بانی خێڵان- كارگەی رستن و چنین لە دهۆك – كۆگای خۆشكردنی تووتن لە زاخۆ ..)
كارگەكانی كەرتی تایبەت، كە بەپێی جۆری دابەش دەكرێت لە سەر كارگەكانی (47 كارگەی بیناسازی)، (57 كارگەی خۆراكی)، (1 كارگەی رستن و چنین)، (20 كارگەی فلزییەكان)، (22 كارگەی كیمیاوی)، (4 كارگەی پلاستیكی)، (9 كارگەی سلیلۆزی)، (5 كارگەی ئامێرو ماكینە)، (4 كارگەی موبیلیات)، (1 كارگەی خزمەتگوزاریی)، (6 كارگەی چیمەنتۆ).
گرنگترین ئاستەنگەكانی بەردەم گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان
1. نەبوونی ستراتیژیەت و دیدێكی روون بۆ راگرتنی باڵانسی نێوان هەناردە و هاوردە.
2. پشتبەستن بە هاوردەی دەرەكی.
3. خراپیی ژێرخانی ئابووری و لاوازیی خزمەتگوزارییەكان.
4. كەمیی شارەزایی و توانای پێویست.
5. پێدانی ئیمتیازات لە زەوی و پاڵپشتیی دارایی و كارئاسانی بۆ كەرتەكانی بازرگانی و عەقارات لەسەر حیسابی كەرتی پیشەسازی.
6. كەموكووڕیی كۆگا و سایلۆ و ئەمبارەكانی ساردكەرەوە كە بۆ پیشەسازیی خۆراك پێویستن.
7. لە ساڵانی 2014-2018، بارودۆخی ناهەموار و گەمارۆی ئابووری و شەڕی دژی داعش، زیانی گەورەی بە كارگەو پیشەوەران گەیاندووەو بە رێژەی 75% كارگەكانی ناوخۆ داخران.
9. خراپیی كەرتی دارایی و بانكی.
10. نەبوونی پڕۆگرامی پەرەپێدانی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندییەكان.
11. نەگونجانی پڕۆگرامەكانی خوێندن لە زانكۆكانی كوردستان لەگەڵ بازاڕی كاردا.
12. نەبوونی زەمانەت و گەرەنتی لە كاركردن و هەژماركردنی خزمەت لە كاركردن لە كارگەكان بەراورد بە كەرتی گشتی.
Top