بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و بوونی بە سەرچاوەیەك بۆ هەلی كار
July 23, 2019
راپۆرتەکان
كێشە و گرفتەكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمدا هەر چییەك بن و چەند بن، بە پلەی یەكەم رەنگدانەوەی سیاسەتی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانە، لە چۆنیەتی دروستكردنی هاوسەنگی و هەماهەنگی لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتدا، بێگومان ئەم هاوسەنگی و هەماهەنگییە لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بە ئاستێك لاوازە كە دەشێت بڵێین: نە كەرتی گشتی توانیویەتی فەزایەكی گەورە بۆ فراوانبوونی كەرتی تایبەت بكاتەوە، نە كەرتی تایبەتیش توانیویەتی بە دروستكردنی هەلی كار و وەبەرهێنان، باری سەرشانی حكومەت سووك بكات، یان كەرتی گشتی دروست بكات، لەمەش زیاتر، ئێستا لاوازیی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، فەوزایەكی تێكەڵاوی لە نێوان هەلی كاری هەردوو كەرتدا دروست كردووە، بەمانایەكی دیكە ئەو بوارەی كەرتی تایبەت بۆ هەلی كار دروستی دەكات، بێكار ناكاتە خاوەنكار، بەڵكو فەرمانبەری حكومەت دەكاتە خاوەنی دووكار لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا.
لەناو ئەو پرۆژە یاسای چاكسازییەی كە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی پەرلەمانی كرد و ناسەقامگیریی سیاسی نەهێشت ببێتە یاسا، زۆر باس لە فەرمانبەری دوو مووچە و سێ مووچە كراوە و، لەناو پرۆژەكە جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە نابێت دیاردەی دوو مووچە و سێ مووچە لەناو فەرمانبەرانی حكومەت بمێنێت، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەگەر فەرمانبەرێك (ئەوجا هەر پیشەیەكی هەبێت) سەرباری ئەوەی كە فەرمانبەرە هەوڵیش بدات لە كەرتی تایبەتیش ببێتە خاوەنی كار، ئەمە هەلێكی كاركردن لە هاونیشتمانییەكی ئەم وڵاتە داگیرناكات؟ كەواتە حكومەت و سیاسەتی حوكمڕانی لەسەر بنەمای هەماهەنگی و هاوسەنگی هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دادەمەزرێت، ئەوجا كاتێك ئەم هاوسەنگییە بوونی نەماوە، ئەوا ساڵانە لە كوردستاندا كەرتی تایبەت فراوان دەبێت، بەڵام دیاردەی بێكاری و خواستی گەنجەكان بۆ دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.
پرۆسەی بزنس و وەبەرهێنان لە ئێستای كوردستاندا پرۆسەیەكی گشتگیری هەمەلایەنەیە و لە هەموو بوارەكانی ژیانی رۆژانەی كۆمەڵگەدا كەرتی تایبەت رۆڵی هەیە. دەكرێت بڵێین هەر لە دایەنگاكانی پەروەردەكردنی منداڵانەوە تا دەگاتە باخچەی ساوایان و قۆناخەكانی خوێندنی بنەڕەتی و زانكۆ، كەرتی تایبەت لە كەرتی گشتی فراوانترە، بەڵام ساڵانە ئێمە كێشەی دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانمان لە بواری پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا هەیە. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: باشە ئەو هەموو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و ئەو هەموو مامۆستایەی لە كەرتی تایبەت كاردەكەن كە ژمارەیان لانیكەم بە دەیان هەزار كارمەند هەژمار دەكرێن، بۆ نەبوونە هۆكاری ئەوەی بواری دامەزراندن بۆ ئەو گەنجانە بكرێتەوە كە ساڵانە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان دەردەچن؟ ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە بەشێكی زۆری ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی پەروەردەیی لە هەردوو كەرتەكە كاردەكەن؟ ئەم حاڵەتە بۆ كەرتی پزیشكییش راستە، ئێستا لە كوردستاندا بەسەدان نەخۆشخانەی گەورەی ئەهلی كراونەتەوە كە هەر یەكێك لەم نەخۆشخانانە بە دەیان پزیشك و كارمەندی تەندروستی كاری تێدا دەكەن، بەڵام دیسان لەم بوارەشدا ساڵانە حكومەت كێشەی دامەزراندنی پزیشك و تەواوی كارمەندانی دیكەی تەندروستی هەیە، پرسیاری راشكاوانە ئەوەیە بۆچی ناكرێت ئەو پزیشكانەی لە كەرتی تایبەتی تەندروستی كاری خۆیان دەكەن، لە كەرتی گشتی جیابكرێتەوە و بوار بۆ سەدان هەزار گەنجی دیكە بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی لە كەرتی گشتی كاربكەن. ئەم دوو نموونەیە بۆ تەواوی سێكتەرەكانی دیكەی كەرتی بزنس و وەبەرهێنان لە كوردستاندا راستن و نەتوانراوە ئەم كەرتە فراوانە بكرێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجانی ئەم وڵاتە.
كەواتە ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێ دەڵێت، راستە كەرتی تایبەت لەدەرەوەی دامودەزگاكانی حكومەت كاری خۆی بەڕێوەدەبات، بەڵام گرنگە جەخت لەسەر ئەو راستییەش بكەینەوە كە كەرتی تایبەت لە دەرەوەی پرۆسەی حوكمڕانی نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە كەرتێكی تایبەتی بەهێز بەردی بناخەی حوكمڕانی سەركەوتووە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە پێناوی بەهێزكردنی كەرتی تایبەت، سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە وتارەكەیدا لە واشنتۆن پۆست، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە سەرچاوەی داهاتی حكومەت دەكاتە سەرچاوەیەكی هەمەجۆر و تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات نابەستێت، بێگومان ئەم ئاماژەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە دیوێكی دیكەدا مانای ئەوەشمان پێ دەڵێت، كە سەرچاوەی مرۆیی كوردستان لە سێكتەرە جیاوازەكانی سەرچاوەی داهات دەخاتەگەڕ و ئەو داهاتەی لەو سەرچاوە جیاوازانە دەست دەكەون، بە پلەی یەكەم دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ داهاتی بەشێكی یەكجار زۆری هاووڵاتیانی كوردستان و بەتایبەتی دەبێتە سەرچاوەی داهات و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجانی كوردستان كە ساڵانە دێنە ناو بواری كاركردنەوە.