قۆناخێكی تازەی حوكمڕانی لە كوردستاندا . . . رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بونیادنانی ژێرخانێكی پتەو بۆ كەرتی تایبەت

قۆناخێكی تازەی حوكمڕانی لە كوردستاندا . . .   رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بونیادنانی ژێرخانێكی پتەو بۆ كەرتی تایبەت
لە 16ی نۆڤمبەری 2016 و لە میانەی پێشكەشكردنی پەیامەكەی بە بۆنەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش و كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش لە كوردستاندا، سەرۆك مسعود بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، ئیدی سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات و ئەگەر لایەنە سیاسییەكان نییەتی پاكیان هەبێت، دەتوانین هەموو كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر ئەم نییەتە بوونی نەبێت، ئەوا چیتر چاوەڕێی هیچ لایەك ناكەین و خۆمان بارودۆخەكە چارەسەر دەكەین.
بارزانی لەم پەیامەیدا راشكاوانە خاڵبەندیی وشەكانی كردو دەستی خستە سەر برینەكان و ئاشكرای كرد كە چیتر حوكمڕانی لە كوردستاندا لەناو فەوزای سیاسیدا بەڕێوە ناچێت و دەبێت بیر لە ئایندەیەكی گەش بۆ كوردستان بكرێتەوە، لەلایەك هەوڵ بدرێت بە زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت، لەلایەكی دیكەش بانگەشەی سەرجەم حزبە سیاسییەكانی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی بە نییەتێكی پاكەوە بیر لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان بكەنەوە. بێگومان ئەو كاتیش لە (نوڤەمبەری 2016) بارزانی پێشبینی ئەوەی كردبوو كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لوغمی سیاسی بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا دابنێن و تووشی كارەساتێكی گەورەی بكەنەوە، بۆیە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، چۆن لوغمەكانی تیرۆریستانی داعشمان پووچەڵ كردەوە، ئەوا ئەو لوغمە سیاسییانەش كە بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان دادەنرێنەوە، ئەوانیش پووچەڵ دەكەینەوە
دیارە ئەو پێشبینییانەی بارزانی پێش ساڵێك كردبووی، بەوەی هەوڵێك هەیە دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم قەوارە سیاسییە، هاتەدی و لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 زۆر راشكاوانە دەمامكیان لە رووی خۆیان هەڵماڵی و بە ئاشكرا داوایان لە بەغدا كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەمێنێت و حكومەتێكی ئینقازی نیشتمانی دابمەزرێت، بۆ ئەوەی هێندەی دیكە بارودۆخە سیاسییەكە ئاڵۆز بێت و نەتوانرێت هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسیی یەكگرتوو بپارێزدرێت.
لەم بارودۆخە سەختەدا، لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی (سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی كوردستان) داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئایاری 2018، بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی ئامادە نەبوو كە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، لەمەش زیاتر بەشی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە حیسابی خۆیان وایان دانابوو كە پارتی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق شكستێكی گەورەی بەسەر دێت و دوای ئەوەش ئیدی جادەكەیان بۆ تەخت دەبێت بۆ ئەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەبار بەرن، بەڵام بە پشتیوانی خوا و گەلی كوردستان، ئەم خەونەیان بۆ نەهاتەدی و پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای ئەوەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركووكیشی كردبوو، بووە یەكەمین حزبی سیاسیی براوە لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان.
ئەو سەركەوتنە گەورەیەی پارتی لەسەر ئاستی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە ئایاری 2018، بووە هاندەرێكی دیكە كە سەرۆك مسعود بارزانی بەرنامە بۆ كوردستانێكی بەهێز و قۆناخێكی تازەی حوكمڕانی لە كوردستاندا دابرێژێت، هەر لەسەر ئەم نەخشە رێگەی سەرۆك بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی 2018 بەشداری كردو، لەكۆی 100 كورسیی پەرلەمان، 45 كورسی بەدەستهێنا. بەمەش ئەو بەرنامەیەی بارزانی بۆ بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز دایڕشتبوو، لە میانەی سندوقەكانی دەنگدانەوە بووە ئەمری واقیع و بنەمای وتووێژەكانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش كابینەی نۆیەم دامەزرا و متمانەی پەرلەمانی كوردستانی وەرگرت، لەو ماوە كورتەشی كە كابینەی نۆیەم دەست بەكاربووە، هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە دەركەوتوون كە ئەولەوییەتی كارەكانی بە شەڕی دژی گەندەڵی و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت دەست پێدەكات.
Top