كابینەی نۆیەم سەروەریی یاسا .. حكومەتێكی خزمەتگوزار
July 9, 2019
راپۆرتەکان
حكومەتی چالاك و كاریگەر، هەموو كات لە پرۆسەی حوكمڕانیدا، سیاسەتی ئابووری لەسەر بنەمای ئابووریی بازاڕ پیادە دەكات، ئەمەش بەو مانایەی، هاوكات لەگەڵ حكومەتێكی چالاكی قەوارە بچووكدا، كەرتێكی تایبەتی بەهێز، دەكات بە هاوبەشی پرۆسەی حوكمڕانی و جیا لەوەی ئەركەكانی حوكمڕانی لەگەڵدا بەش دەكات، لە هەمانكاتدا لە چوارچێوەی سەروەریی یاسادا چاودێرییەكی توندی كێبڕكێی بازاڕ و رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ وەبەرهێنەران و بزنسمانەكان دەكات و، میكانیزمی هەمانگیی بەشداریی هاووڵاتیانیش لەناو پرۆسەی سیاسیدا رێكدەخات.
ئەم ژێرخانە كە مەرجێكی گرنگە بۆ سەركەوتنی حكومەت و حوكمڕانی لە هەر دەوڵەتێكدا، ئێستا لە كوردستاندا تا راددەیەكی بەرچاو بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتۆتەئاراوە و زەمینەی پرۆسەی سیاسی بەو ئاراستەیە كە هاوكاری و هەمانگییەكی گەورە لە نێوان حكومەت و هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری دێتە ئاراوە.
لایەنێكی دیكە لە شێوازی هەڵسووڕاندنی كاروبارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، كە لە وڵاتانی نیمچە سەرۆكایەتیدا، لەلایەن سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆك وەزیرانەوە بە هاوبەشی پیادەكردێت، مەرجی سەرەكی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی حوكمڕانی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆك وەزیرانە، ئەم شێوازە بۆ هەرێمی كوردستان تا راددەیەكی زۆر هاوشێوەیە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی لە رەشنووسی دەستووری كوردستاندا، سیستمی سیاسی وەك (سیستمێكی پەرلەمانی) پێناسە كراوە، ئەوجا وەك زۆربەی پسپۆڕان و سیاستمەدارانی كوردستان و بیانییش پێشبینییان كردووە، كاری پێكەوەیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی كوردستان تەنیا هەماهەنگی و هاوكاری نابێت و بەس، بەڵكو هەردوو دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پێكەوە وەك یەك تیم ئەم ئەركە قورسە دەگرنەئەستۆ بۆ ئەوەی بیسەلمێنن لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەن كە خەڵكی كوردستان پێی بەخشیون.
ئاشكرایە نێچیرڤان بارزانی لەو ماوەیەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بووە، بە كردەوە سەلماندوویەتی كە ئەو دەوڵەتمەدارەیە، هێزی دەوڵەت لە پێكەوە كاركردن و پێكەوەگونجان بەرجستە دەبێت، بەهەمان شێوە مسرور بارزانی لەو ماوەیەی كە راوێژكاری ئەنجومەتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بووە، ئەویش بە كردەوە سەلماندوویەتی بەبێ هەمەهانگی و كاری پێكەوەیی، ئاسایش و تەناهی لە وڵاتدا دروست نابێت، ئەو بە حوكمی كارەكەی كە پێشتر هاوكاری راستەوخۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی كوردستان بووە، هەموو كات جێگەی متمانە و رەزامەندیی هەردوولایان بووە و بە كردەوەش ئاسایش و تەناهی كوردستانی فەراهەم كردووە، ئەمەش فاكتەرێكی هەرە گرنگ و هاوكار بووە بۆ ئەوەی كۆمپانیا گەورەكانی جێهان متمانە بە ئاسایش و تەناهی كوردستان پەیدا بكەن و رووبكەنە كوردستان و سەرمایەكانیانی تێدا بخەنەگەڕ.
خاڵی گرنگ لە پرۆسەی حوكمڕانیی ئەمجارەی كوردستاندا ئەوەیە كە ئەو دەوڵەتمەدارانەی رۆڵی كاریگەر لەناو پرۆسەكە دەگێڕن، دەوڵەتمەداری بەئەزموون و سەركەوتوون و توانیویانە لە رۆژە سەختەكاندا پەنجەرەی ئومێد بە رووی گەل و نیشتماندا بكەنەوە، هەر بۆیە كاتێك خەڵكی كوردستان بە چاوی ئومێدەوە سەیری دەست بەكابوونی كابینەی نۆیەمی كوردستان دەكەن، دڵنیان لەوەی ئەم كابینەیە لەو ئاستەدا دەبێت كە وەڵامی خواست و داواكاریی هاووڵاتیان بداتەوە، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەش كە زەمینەی سیاسی بەو ئاستە لەبارە كە سەرۆك وەزیرانی كابینەی نۆیەم بتوانێت ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات كە لە رۆژی یەكەمی دەست بەكاربوونی لە رێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە پێشكەشی گەلی كوردستانی دەكات.