باڵوێزی تورکیا شێوازی وەڵامدانەوەی بۆردومانکردنی سەربازانی وڵاتەکەی لە نەینەوا ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ شەممە 17-4-2021، فاتح یڵدز، باڵوێزی تورکیا لە بەغدا، سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد و لە بارەگای پارێزگا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ نەجم جبوری، پاریزگاری نەینەوا ساز کرد.
فاتح یڵدز رایگەیاند: وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی بۆ ئەو گرووپە چەکدارییانەی سەربازگەی وڵاتەکەیان لە نزیک باشیک بۆردومان کرد، ”لەڕێی حکوومەتی عێراقییەوە دەبێت“.
باڵوێزی تورکیا لەبارەی دەرکردنی گرووپەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەشنگال، رایگەیاند، تورکیا بە گرنگییەوە لە رێککەوتنی بەغدا و هەولێر بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆی، دەڕوانێت.
فاتح یڵدز ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای هەستکردن بەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ کراوە، تورکیا پاڵپشتیی وەبەرهێنان لە شنگال و نەینەوا بە گشتی دەکات.
شەوی چوارشەممە 14-4-2021، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: بە مووشەک هێرش کرایە سەر سەربازگەی زلیکان لە نزیک باشیک و بەهۆیەوە سەربازێکی تورکیا گیانی لەدەست دا.
باسنيوز