سبه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ده‌درێت

سبه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ده‌درێت
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا له‌ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران ده‌كات، له‌ دانیشتنی سبه‌ی چوارشه‌ممه‌، كاتژمێر 1:00ی نیوه‌ڕۆ ئاماده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بده‌ن، كه‌ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا حه‌لبووسی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، "تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كان، كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان هه‌یه‌ و بڕگه‌ و مادده‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ چاره‌سه‌ری پێداویستییه‌كانی هاووڵاتییان ده‌كات، وێڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تیش له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی ده‌نێت و پشتگیری ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ ده‌كات، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، "داوا له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، سبه‌ی كاتژمێر 1:00 نیوه‌ڕۆ له‌ دانیشتنی ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ئاماده‌بن، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك راشده‌گه‌یه‌نین، ناوی ئاماده‌بووان و ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نابن، بۆ رای گشتی راده‌گه‌یه‌نین".

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا دووپاتیكرده‌وه‌، "خشته‌ی كاری دانیشتنی سبه‌ی خستنه‌ڕووی داواكاری هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ واژووی 172 په‌رله‌مانتاری له‌سه‌ره‌ و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پشتبه‌ستن به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی 64 له‌ ده‌ستووری عێراقی، و ئه‌و هه‌نگاوه‌ وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ داواكاری گه‌ل بۆ‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، به‌مه‌ش په‌رله‌مان هه‌موو داواكاری و هه‌نگاوه‌ كردارییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ‌ئه‌نجام ده‌دات، له‌وانه‌ش پێكهێنانی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی دادوه‌ری، ره‌وایه‌تیدان به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می بۆ "فه‌رمانی ژماره‌ 30ی ساڵی 2005"ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵ".
k24 -
Top