مه‌عسوم ره‌تی ده‌كاته‌وه سه‌رۆكی دادگای بالاَی تاوانه‌كان پێی راگه‌یاندبێ كه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید ده‌كات
له لێدوانێكدا سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق فوئاد مه‌عسوم ره‌تی كرده‌وه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دادگای بالاَی تاوانه‌كانی عێراق حسێن موسه‌وی په‌یوه‌ندی پێوه كرابێت كه موسه‌وی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندید بكات.
چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بلاَویانكردهوه موسه‌وی وه‌كو ركابه‌ری تاڵه‌بانی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عێراق كاندید كردووه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی مه‌عسوم به فه‌رمی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كاندید كرد.
جه‌ختیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه هیچ په‌یوه‌ندی له‌م شێوه‌یه‌ی له لایه‌ن موسه‌وییه‌وه به ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، گوتیشی خۆ كاندید كردنی موسه‌وی و هه‌ر كه‌سێكی دیكه په‌یوه‌ندی به ئه‌وه‌وه نییه چونكه ئه‌و تا ئێستا سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانه‌و خه‌ریكی رێكخستنی دانیشتن و بهرِێوهبردنی كاره‌كانی په‌رله‌مانه.
هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی موسه‌وی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید كرد، كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان رایگه‌یاند ته‌واوی كوتله سیاسییه‌كان دووپات له سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پۆستی سه‌رۆك كۆمار مافی سه‌رۆكی ماوه به سه‌رچوو جه‌لال تاڵه‌بانییه، هه‌ر له‌م چوار چێوه‌یه‌شدا شاره‌زای یاسایی تاریق حه‌رب رایگه‌یاند به پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی له ماده‌ی 68 ی ده‌ستووردا هاتووه، هه‌موو عێراقییه‌ك بۆی هه‌یه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندید بكات.
حه‌رب روونی كرده‌وه ئه‌و عیراقییه‌ی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید ده‌كات، ده‌بێت خاوه‌نی ئه‌زموونێكی زۆری سیاسی بێت، كه ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه له هه‌موو عێراقییه‌ك به‌دی بكرێت.