وَڵ ستریت جۆرِناڵ: عه‌للاوی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ مالیكی دهسهلاَتهكان دابه‌ش بكات
له ژماره‌ی دوێنێكهیدا رۆژنامه‌ی وَڵ ستریت جۆرِناڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا سه‌رۆكی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه ئه‌یاد عه‌للاوی ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی له سه‌ر دابه‌شكردنی دهسهلاَت بگاته رێككه‌وتن، به مه‌رجێك ئه‌و رێككه‌وتنه له‌لایه‌ن ولاَته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه پشتگیری لێبكرێت.
عه‌للاوی له به‌شێكی دیكه‌ی دیمانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌كه روونی كردۆته‌وه، ئه‌و رازییه له‌گه‌ڵ مالیكی بگاته رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی دهسهلاَتهكان، به مه‌رجێك له سه‌ر ته‌واوی پۆست و دهسهلاَتهكان له ناویشیاندا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دانووستان و گفتوگۆ ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌و قسانه‌ی عه‌للاوی به یه‌كه‌م لێدوان دێت دوای ئه‌وه‌ی كوتله‌ی سه‌دری له‌گه‌ڵ مالیكی رێككه‌وتن و مالیكیان كاندید كرد بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.
له‌لای خۆشییه‌وه وته‌بێژی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه مه‌یسون ده‌ملوجی ئه‌و هه‌واڵه‌ی رۆژنامه‌ی وَڵ ستریت جۆرِناڵی ره‌تكرده‌وه كه باس له‌وه ده‌كات عه‌للاوی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ مالیكی پۆسته‌كانی حكومه‌تی داهاتوو دابه‌ش بكات.
جه‌ختیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه عه‌للاوی قسه‌ی له سه‌ر دابه‌شكردنی دهسهلاَتهكان نه‌كردووه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نیشتمانی و به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌ڵكو ئاره‌زووی ئه‌لعێراقییه‌ی نیشانداوه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق له سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی نیشتمانی.