به‌یاتی: ده‌بێت دادگای فیدرِاڵی دووباره كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران په‌سه‌ند بكات
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا مه‌حه‌مه‌د مه‌هدی به‌یاتی كه یه‌كێكه له سه‌ركرده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی دووپاتیكرده‌وه دادگای ده‌ستووری ده‌توانێ شه‌رعییه‌ت به مالیكی بدات جارێكی دیكه ببێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق، هیچ لایه‌نێكیش بۆی نییه به ته‌نیا ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌ی پێ‌بدا بۆیه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك چاوه‌رِوانی برِیاری دادگای فیدرِاڵیبن.
رۆژی هه‌ینی رابردوو هاوپه‌یمانی نیشتمانی جگه له ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و حزبی فه‌زیله جارێكی دیكه سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید كرده‌وه.
به‌یاتی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌گه‌ر ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و ره‌وتی سه‌در توانیان حكومه‌تی داهاتوو پێكبهێنن، ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی پێشوازی له‌و حكومه‌ته ده‌كات، به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌وڵه‌تی یاسا‌و ره‌وتی سه‌در ناتوانن به بێ برِیاری دادگای فیدرِاڵی حكومه‌ت پێكبهێنن.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا به‌یاتی روونی كرده‌وه گفتوگۆ‌و دانووستانه‌كانی نێوان ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه زۆر گه‌رم گورِترن له دانووستانه‌كانی نێوان ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا.