ئه‌لعێراقییه به‌توندی ره‌خنه له سه‌ردانییه‌كه‌ی بایدن ده‌گرێت
دوێنێ دووشه‌ممه دوای گه‌یشتنی جۆزێف بایدنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدای پایته‌خت، زۆربه‌ی په‌رله‌مانتارن و ئه‌ندامانی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه هه‌ریه‌كه‌یان به توندی ره‌خنه‌یان له سه‌ردانییه گرت و دووپاتیان له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه سه‌ردانییه‌كه‌ی له كاتی ئێستادا ده‌ست تێوه‌ردانه له كار‌و باری ناوخۆی عێراق.
له‌مباره‌یه‌وه په‌رله‌مانتارێكی سه‌ر به ئه‌لعێراقییه رایگه‌یاند ئامانجی سه‌ره‌كی بایدن له سه‌ردانییه‌كه‌ی بۆ عێراق دوورخستنه‌وه‌ی هێزه نیشتمانییه‌كانه له پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و سه‌پاندنی ئه‌جێنداو به‌رژه‌وه‌ندی ولاَتانی ده‌ره‌وه‌یه به‌سه‌ر ئیراده‌ی عێراقییه‌كان.
له‌لای خۆشییه‌وه په‌رله‌مانتار سه‌ر به كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه ئوسامه نوجێفی دووپاتیكرده‌وه كه سه‌ردانییه‌كه‌ی بایدن بۆ عێراق هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دوور و نزیكی به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه نییه له عێراق چونكه پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به به‌رپرسانی ئه‌منییه‌وه هه‌یه نه‌ك لایه‌نی دیبلۆماسی، به‌ڵكو بۆ ئامانجێكی دیكه‌ی دیاریكراو هاتۆته عێراق كه به‌لای هه‌موو عێراقییه‌كانه‌وه ئه‌و ئامانجه روون و ئاشكرایه، گوتیشی بایدن هه‌ر له زووه‌وه‌و ده‌ستی له كاروباری ناوخۆی عێراق به‌تایبه‌ت پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ وه‌رداه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆیشیدا ئه‌جێندای تایبه‌تی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هێناوه.
جێی باسه دوێنێ دووشه‌ممه جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆزێف بایدن به‌سه‌ردانێكی چاوه‌رِوان نه‌كراو گه‌یشته به‌غدای پایته‌خت برِیاریشه له ماوه‌ی مانه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رانی كوتله سیاسییه‌كان بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كۆببێته‌وه، ئه‌مه‌ش دووه‌م سه‌ردانیه دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 7 ی ئازار بایدن بۆ عێراق ئه‌نجامی ده‌دات.