\"ئێران سوره‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنه‌وه‌ى مالیكی به‌سه‌رۆك وه‌زیران\"""

\

گولاَن/ساڵح محمد
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ لیستى ئیئتلافی نیشتیمانى كه‌ \"عه‌مار حه‌كیم\"" سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات ئاشكرایی كرد كه‌ ئێران رِۆڵێكى گه‌وره‌ ده‌بینێت له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوى عێراق و به‌ته‌واوه‌تى ده‌ستى له‌و كاره‌ وه‌رداوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكات به‌ (شه‌رقولئه‌وسه‌ت)ـى رِاگه‌یند:
ئێران رِۆڵێكى بنچینه‌یی هه‌یه‌ له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوى عێراق، و فشارێكى زۆر ده‌خاته‌ سه‌رمان بۆ پابه‌ندبون به‌ هاوپه‌یمانى نێوان لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ \""نورى مالیكی\"" سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات له‌گه‌ڵ لیستى ئیئتلافی نیشتیمانى عێراقى كه‌ \""عه‌مار حه‌كیم\"" سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات كه‌ دوو لیستى شیعه‌ن.

گوتیشى: ئێران له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ لیستى ئیئتلافی نیشتیمانى قایل بكات به‌ كاندیدكردنه‌وه‌ى نورى مالیكی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و پشتگیرى كردنى له‌لایه‌ن لیستى ئیئتلافی نیشتیمانیه‌وه‌. چونكه‌ ئێران نایه‌وێت \""ئه‌یاد عه‌لاوى\"" سه‌رۆكى لیستى عێراقیه‌ ببێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق و دژایه‌تى كاندیدكردنى عه‌لاوى ده‌كات چونكه‌ عه‌لاوى نوێنه‌رایه‌تى سونه‌كانى عێراق ده‌كات.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ لیستى ئیئتلافی نیشتیمانى به‌ به‌رپرسانى ئێرانى رِاگه‌یاندوه‌ كه‌ ئاماده‌ نیین پشتگیرى نورى مالیكی بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ جارى دوه‌م له‌سه‌ر یه‌ك چونكه‌ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن نورى مالیكی به‌واتاى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ده‌سه‌لاَته‌ له‌لایه‌ن پارته‌كه‌ى مالیكى و دوركه‌وتنه‌وه‌ى ئیئتلافی نیشتیمانى له‌ ده‌سه‌لاَت و نه‌مانى رِۆڵی ئیئتلافی نیشتیمانیه‌ له‌ ناو ساحه‌ى سیاسی عێراقدا.

له‌كۆتاییدا سه‌رچاوه‌كه‌ى لیستى ئیتلافی نیشتیمانى گوتیشى:
ئێران به‌رپرسانى كوتله‌ى سه‌در و لیستى ئیئتلافی نیشتیمانى و لیستى ده‌وڵه‌تى یاساى ئاگاداركرده‌ته‌وه‌ و هۆشیارى پێدان له‌سه‌ر كاندیدكردنى كه‌سێكى شیعه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق و رِێگرى كردن له‌ بونى عه‌لاوى به‌سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ نوێنه‌رایه‌تى سونه‌كانى عێراق ده‌كات."
Top