كۆنفراسی ئاماده‌كاری سه‌رژمێری گشتی عێراق له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد

كۆنفراسی ئاماده‌كاری سه‌رژمێری گشتی عێراق له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد
هه‌ولێر - سامان

ئه‌مرِۆ چوارشه‌ممه‌، به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كارى سه‌رژمێرى گشتى دانیشتوان وئاواهییه‌كان له‌ سه‌ر ئاستى عێراق كه‌ برِیاره‌ له‌ 24/10 ى ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت . وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكومه‌تى فیدراڵى عێراق به‌ هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆنفرانسێكی بۆ سه‌رجه‌م به‌رِێوه‌به‌رى ئامار و سه‌رۆكى لیژنه‌ ناوه‌ندیی و گه‌مارۆسازى ژماره‌دانان له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ئه‌نجامده‌دات له‌ 9تا14ی ئه‌م مانگه‌ له‌ شاری هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت.


سه‌ره‌تا د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلان دانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وته‌یه‌كیدا رِایگه‌یاند" سه‌رژمێری گشتی دانیشتووان بایه‌خ و تایبه‌ت مه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م كات و ساته‌دا سه‌رژمێریه‌كی دروست نییه‌ له‌عێراق، دواین سه‌ر ژمێری له‌ عێراق له‌ ساڵی 1997كراوه‌، كه‌ ئه‌ویش هه‌رێمی كوردستان تێیدا نه‌بووه‌ له‌به‌ر بارو دۆخی سیاسی، ئێستاش ئه‌م سه‌رژمێریه‌ ده‌كرێت ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رژمێریه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتووبێت".
دواتر نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر له‌وته‌یه‌كیدا وتی" سه‌رژمێری گرنگی خۆی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كان و نه‌ته‌وه‌كانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لێك جیابكرێنه‌وه‌ و پۆلین بكرێن، ده‌بێته‌ هۆی بنیات نانی ژێرخانی ئابوری و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی له‌ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
له‌م كۆنفرانسه‌دا پتر له‌ 100به‌رِێوه‌به‌ری ئاماری پارێزگاكانی عێراقء به‌رِێوه‌به‌ری ناوه‌نده‌كانی نێوخۆیی به‌شدارییان تێداكردووه‌، له‌لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زاء پسپۆری سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی ئاماری گشتی عێراق به‌شداربووان راهێنانیان پێده‌كرێت، ئه‌مه‌ش قۆناغی دووه‌می ئاماده‌كارییه‌كانه‌ بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی له‌ عێراق كه‌ برِیاره‌ رۆژی24-10ی ئه‌مساڵ به‌رِێوه‌بچێت.
Top