سه‌عدی به‌رزنجی: هه‌ڵنه‌كردنی ئالاَی عێراق له‌ پاڵ ئالاَی توركیا له‌ میانی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نێوان بارزانی و ئۆغلۆ بێ مه‌به‌ست بووه‌

سه‌عدی به‌رزنجی: هه‌ڵنه‌كردنی ئالاَی عێراق له‌ پاڵ ئالاَی توركیا له‌ میانی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نێوان بارزانی و ئۆغلۆ بێ مه‌به‌ست بووه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا جێگری پیشووی سه‌رۆكی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌عدی به‌رزنجی دووپاتیكرده‌وه‌ هه‌ڵنه‌كردنی ئالاَی عێراق له‌پاڵ هه‌ڵكردنی ئالاَی توركیا له‌ میانی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی ئه‌و ولاَته‌ رووداوێكی بێ مه‌به‌ست بووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد سه‌رۆكی هه‌رێم مسعود بارزانی له‌ میانی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا تێبینی ئه‌وه‌ی نه‌كردبوو كه‌ ئالاَی عێراق له‌ پاڵ ئالاَی توركیا هه‌ڵنه‌كراوه‌.

ئه‌و هه‌والاَنه‌یشی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ڵنه‌كردنی ئالاَی عێراق مه‌به‌ستداربووه‌و ئامانجی شاراوه‌ی له‌ پاڵ بووه‌.

به‌رزنجی ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ به‌رپرسانی توركی جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌ك پارچه‌یی عێراق كردۆته‌وه‌و كاتێكیش هه‌ركه‌سێك سه‌ردانی ولاَته‌كه‌یان ده‌كات به‌ نوێنه‌رایه‌تی عێراق گوزارشتی لێده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش بێ ره‌چاوكردنی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی كه‌سه‌كه‌.

ناوبراو دووپاتیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌و سه‌رۆی هه‌رێم مسعود بارزانی كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانی عێراقییه‌و له‌ بۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نوێنه‌رایه‌تی عێراق ده‌كاتو هیچ رۆژێكیش پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی له‌سه‌رووی ئینتیما نیشتمانییه‌كان دانانێ.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ له‌ میانی سه‌ردانییه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ لوگه‌ڵ ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ سازكرا ئالاَی عێراق له‌ هۆڵی كۆنگره‌كه‌ له‌ پاڵ ئالاَی توركیا به‌رزنه‌كرایه‌وه‌ ئه‌مه‌ش لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری له‌لای نێوه‌نده‌ سیاسییه‌كان بۆ كرا، به‌گشتی وه‌كو بارزانی ئاماژه‌ی پێدا ئه‌و تێبینی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی نه‌كردبوو و به‌رپرسانی توركیاش به‌بێ مه‌به‌ست له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن.
Top