شەڕی ئاو.. سوریا رێڕەوی رووباری دیجلە بۆ ناو خاكی وڵاتەكەی گلدەداتەوە،و عێراقیش هەڵوێستی دەبێت
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشیار زێباری رایگەیاند وەزارەتەكەی بەفەرمی بەدواداچوون دەكات لەسەر پرۆژەی گۆڕینی رێڕەوی رووباری دیجلە بۆ ناو خاكی سوریا، ئاماژەی بەوەشدا عێراق لە توانایدایە رێگە لەهەر زەرەرو زیانێك بگرێ كە بەر مافەكانی دەكەوێت لە ئاوی رووبارەكە .
زێباری هەواڵی دەزگا راگەیاندنەكانی سەبارەت بەو پرۆژەی سوریا رەتكردەوەو روونیكردەوە وەزارەتەكەیان پشت بەو زانیاری و هەواڵانەی دەزگا راگەیاندنەكان نادات بەڵكو لەرێگەی كەناڵە فەرمی و دیبلۆماسییەكان بەدواداچوون دەكات بۆ ئەم مەبەستەش پشت بەبەڵگەو زانیاری ورد دەبەستێ .
زێباری باسی لەوە كرد رەنگە حكومەتی سوریا بۆ گۆرینی رێرەوی ئاوی رووباری دیجلە بگەرێتەوە بۆئەو رێككەوتنامەیەی لە ساڵی 2002 لەگەڵ رژێمی پێشوو مۆریكردووە كە رێگەی پێدەدا بەشێكی ئاوی رووباری دیجلە بەمەبەستی بەكارهێنانی بۆ لایەنی كشتوكاڵی بۆ ناو خاكی سوریا گلبداتەوە ،لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەكە خەرجییەكی زۆری پێویستە .
زێباری جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە حكومەتی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان بەدواداچوون لەسەر ئەو دۆسییەیە دەكات و هەڵوێستیشی دەبێت .
ئەوشی خستەروو گۆڕینی رێڕەوی ئاوی دیجلە كارێكی ناواقیعی و نەخوازراوە ، بەو پێیەی رێككەوتنامەیەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رێكخستنی ئاوی هاوبەشی نێوان وڵاتان ، قسەی لەسەر ئەوەشكرد هەرسێ وڵاتی عێراق و سوریاو توركیا بەردەوامن لە كۆبوونەوەكانی خۆیان سەبارەت بە پرسی ئاوی هەردوو رووباری دیجلەو فورات و ئەنجامی باشیشسیان هەبووە پێچەوانەی ئەوەی لە دەزگا راگەیاندنەكان بڵاوكراوەتەوە .