موسا خەمۆ ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستاندا بووەتە مایەی كێشە و ناسەقامگیری
April 4, 2021
دیمانەی تایبەت
پەكەكە لە بری ئەوەی هاوكار بێت بۆ هەرێمی كوردستان و پاراستن و برەودان بە دەستكەوتەكانی، بەپێچەوانەوە بووەتە مایەی دروستكردنی كێشە و سەرئێشە، هۆكارەكانی ئەم رەفتار و هەڵوێستانەی پەكەكە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ موسا خەمۆ تێكۆشەر و ئەندامی پێشووی پەكەكە.* لەم بارودۆخە خراپەی كە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕێت، پەكەكە لەبری ئەوەی فاكتەرێك بێت بۆ یەكڕیزی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام دەبینین خۆی بووەتە هەڕەشە لەسەر یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و رووخاندنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، پرسیار ئەوەیە ئەم رەفتارانەی پەكەكە بۆچی بەم شێوەیەن و ئایا ئەمە بە كوردایەتی حیساب دەكرێت؟
- لە راستیدا ئەوەی گەلی كورد دەیەوێت یەكڕیزییە، بەڵام پەكەكە ئەو یەكڕیزییەی ناوماڵی كوردی ناوێت، چونكە هەستی نەتەوایەتیی پەكەكە لاواز بووە، واتە پەكەكە لە سەرەتاوە پێویست بوو بۆ كورد و بیری كوردایەتی كاری بكردایە، كە هەموو رێكخستنەكانیش لەسەر ئەو بنەما و ستراتیژییە چووبوونە ریزی ئەو حزبە، پاشان پەكەكە دەیتوانی بۆ دیموكراسی و چەپیەتی كاری بكردایە، واتە پێویستە هەموو كەسێك سەرەتا ماڵێك بۆ خۆی پێكەوە بنێت، پاشان دەست بكات بە رێكخستن و كڕینی پێداویستیی دیكەی ناو ماڵەكەی، ئەگەرچی پەكەكە ئەو كارەی نەكردووە، بەڵكو لە دەستپێكەوە بیر و ستراتیژی بۆ چەپیەتی و دیموكراتی توركیا بوو، كە دەزانین سۆشیالستی و چەپیەتی لە دنیا نەماوەو هەرەسی هێناوە، كەچی پەكەكە لەسەر ئەو بنەما و بیرەی خۆی بەردەوامە و دژایەتیی حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانیش دەكات، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هاتۆتەدی بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانییانی جینۆساید و ئەنفالی رۆڵەكانی باشووری كوردستان هاتۆتە بەرهەم، ئەگەر كەموكووڕییش هەبێت، ئەوە كێشە نییە، بەڵكو پێویستە لەسەر هەموو لایەن و تاكێكی كوردی بەو ئاراستەیە كار بكەن كە ئەو ماڵە زیاتر گەشە بكات و بەرەوپێشەوە بچێت.
* ئاشكرایە گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە، كەچی وەك دەبینین تا ئێستا نەك هەر نەیتوانیوە یەك گوندی باكوور رزگار بكات، بەڵكو كوردستانی باكووری بەجێهێشتووە و هاتووە لە باشوور چەكدارەكانی خۆی بڵاوكردۆتەوە و دەستی كردووە بە دروستكردنی كانتۆن و هیچ رێزێك بۆ یاساكانی هەرێمی كوردستان دانانێت، ئایا پەكەكە ئەگەر دەیەوێت لە باشوور بێت، نابێت رێز لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بگرێت؟
- ئەگەر یەكێك میوان بوو لە ماڵێك ئەوە دەبێت رێز لە دابونەریت و شێوازی هەڵسوكەوتی ماڵەكە بگرێت، بێگومان پەكەكە كە شوێنی راستەقینەی خۆی كە باكووری كوردستانە جێی هێشتووە و هاتۆتە باشووری كوردستان و باشووری كوردستانیش خاوەنی یاساو رێساو دامەزراوەی خۆیەتی، هەرچەندە جیاوازی لە نێوان كوردان نییە، بەڵام پێویستە و ئەركە كە پەكەكە رێز لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بگرێت، چونكە باشووری كوردستان خاوەنی حكومەت و دامەزراوە و پەرلەمان و ئاسایشی خۆیەتی.
* پەكەكە بە راشكاوی رایگەیاندووە كە ئەو دەستبەرداری خەباتی نەتەوەیی بووە و بڕوای بە دەوڵەتی كوردستان نییە، كەچی وەك لە میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەبینین، باس لە پرسی نەتەوەیی دەكات، ئایا ئەم سیاسەتە دووفاقییەی پەكەكە بۆ ئەوە نییە خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكی كوردستان؟
- ئەوەی پەكەكە لەم شێوە هەڵسوكەوتە دەیكات خزمەت بە داگیركەرانی كوردستان دەكات، كە هەندێ جار باس لە بیری نەتەوەیی و كوردپەروەری دەكات، لە هەمان كاتدا بەپێچەوانەی ئەو قسانەی خۆی دەجووڵێتەوە، بۆ نموونە باس لە رزگاریی كوردستان و شوێنێك دەكات، هاوكات كە باشووری كوردستان بەشێكی كوردستانە و رزگاركراوە و خاوەنی حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوە و یاسای خۆیەتی، بەڵام دەبینین پەكەكە لە دژی ئەم بەشە هەڵسوكەوت و كار دەكات، كە مەبەستی راستەقینەی نانەوەی ئاڵۆزییە لە باشووری كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا پێویستە لەسەر هەموو لایەن و حزب و كوردێك وەك چاوی خۆی ئەو بارودۆخ و ماڵەی لە باشوور هاتۆتەدی بیپارێزین.
* پەكەكە لە سەرەتای دروستبوونیەوە ئیدعای بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی كوردستانی دەكرد، ئێوەو خەڵكێكی زۆر لە كوردانی باكوور بەم هۆكارەوە چوونە ریزی پەكەكەوە، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم بەتایبەتی دوای دەستبەسەركردنی ئۆجەلان پەكەكە بە تەواوی لە بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی بۆ كوردستان هەڵگەڕایەوە، ئەمەش هۆكارێك بوو كە وای كرد بە سەدان و هەزاران كوردی شۆڕشگێر لە پەكەكە جیاببنەوە، ئایا هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەی ئێوەو كۆمەڵانی خەڵك لە پەكەكە بۆچی دەگەڕێنەوە؟
- من لەخۆمەوە دەست پێ دەكەم كە بۆ سۆشیالیستی و بۆ دیموكراتییەتی توركیا نەچووبوومە ناو پەكەكە، من لە توركیا كەسێكی فەقیر و برسی و بێكار و قاچاخ نەبووم، بەڵكو ئەز بۆ كوردایەتی و هەستی نەتەوایەتی چووبوومە ناو پەكەكە، كە ئەو كات رایانگەیاندبوو كار بۆ سەربەخۆیی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەن، ئەگەرچی ئەوەی دیتمان وا نەبوو و چوون بۆ ناو پەكەكە هەبوو و رێگای هاتنە دەرەوە نەبوو، بەڵام پاش گیرانی ئۆجەلان و راگەیاندنەكەی كە بۆ دیموكراتی توركیا هەوڵدەدەن، ئێمە خۆمان لە پەكەكە كێشایەوە، كەواتە دەركەوت كە پلان و ستراتیژیەتی پەكەكە روون نییە و سەرلێشێواندنە لە كوردانی باكوور بە شێوەیەكی گشتی، تا دوور بكەونەوە لە بیری كوردایەتی و سەربەخۆیی، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە جگە لەخۆی هیچ حزب و لایەنێكی دیكەی پێ قبووڵ ناكرێت و ئیعتراف بە كەس ناكات.
* ئێستا پەكەكە پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ حەشدی شەعبیی عێراقی هەیە و لە شنگال جلی حەشدی شەعبی پۆشیوە و نیشانەكانی حەشدی شەعبی هەڵدەگرێت، ئایا پەیوەندیی پەكەكە لەگەڵ حەشدی شەعبی چ مانایەك دەگەیەنێت، بێجگە لە دژایەتیی خەڵكی كوردستان؟ لەمەش زیاتر حەشدی شەعبی هێزێكە راستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتێكی ئەقلیمییەوە ئاراستە دەكرێت، ئایا پەكەكەش دەیەوێت ئەجیندای دەوڵەتانی ئەقلیمی لە كوردستان پیادە بكات؟
- پەكەكە جگە لەوەی پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە، ئەوە ئێستا بوونەتە یەك، دواتر ئەگەر هەر یەكێك شتێكی باشی كرد، ئەوە پێویستە لایەنی بەرامبەر سوپاسی بكات و كارەكانی بەهەند وەربگرێت، هەر بۆ نموونە كاتێ پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال پەكەكە هات هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شنگاڵ و مەخموور، ئەمە شایانی سوپاسە، بەڵام كە كاری تەواو بوو، دەبێت ئەو شوێنە بەجێ بهێڵێت و بڕواتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی، بەڵام ئێستا پەكەكە لە شنگاڵ و ناوچەكە بووەتە هۆكاری كێشە و ناسەقامگیری و بە بیانووی پەكەكە لەو ناوچەیە چەندین جار توركیا بە فڕۆكەی سەربازی بۆردومانی شنگال و ناوچەكەی كردووە و بووەتە هۆكاری خراپیی بارودۆخی ئەمنی و ناسەقامگیریی ناوچەكە.
* بە بیانووی هەبوونی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، توركیا بەردەوام بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمەش بیانووی بۆ توركیا رەخساندووە بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكانی خۆی بنێرێتە دەرەوە و پرسی كورد لە باكوور فەرامۆش بكات، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە كە توركیا بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆی پەكەكە بەكار دەهێنێت؟
- توركیا خۆی لە بیانوویەك دەگەڕێت بۆ ئەوەی بێتە باشووری كوردستان، پەكەكەش ئەو بیانوو و هۆكارەی داوەتە توركیا بۆ ئەوەی پەلكێشی بكات بۆ ناو هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە كە پەكەكە خزمەت بە بەرژەوەندیی توركیا دەكات، ئەگینا لە باكووری كوردستان چیاو شاخی بەرز و زۆر سەخت هەیە، پەكەكە دەتوانێت لە باشوور بچێتە دەرەوە و بچێتەوە ئەو چیا و شوێنە سەختانە و درێژە بە خەباتی خۆی بدات، بەڵام پەكەكە مەبەستی راستەقینەی ئەوەیە كە ناسەقامگیری لە باشوور دروست بكات و ئەو قەوارەیە و ئەو بارودۆخە سەربەخۆییە لە باشوور ی كوردستان هەیە، تێكی بدات.
* وەك ئاگادارن جەنابی سەرۆك بارزانی شەڕی كورد بە كوردی حەرام كردووە، كەچی وەك دەبینین پەكەكە ئەو بڕیارو هەڵویستە نیشتمانی و دڵسۆزییەی قۆستۆتەوە و لە دژی هەرێمی كوردستان دەجووڵێتەوە، ئایا مەبەستی پەكەكە لەمەدا چییە؟
- پەكەكە سوودی لەو بڕیارو فەرمانانەی جەنابی سەرۆك بارزانی وەرگرتووە كە جەنابیان فەرمووی شەڕی كورد و كورد حەرامە و نابێت بە هیچ جۆرێك كورد شەڕی كورد بكات، لەمەدا پەكەكە دەرفەتی وەرگرتووە و شەڕ بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە هەندێك لە كارو داخوازییەكانی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنیت و ئاڵا و پەرلەمانی كوردستانی قبووڵ نییە، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە دەزانیت دەوڵەت پەرلەمان و هێز و سوپا و یاسایە كە ئەمانەش هەر هەمووی لە باشووری كوردستان و لە هەرێمی كوردستان هاتۆتەدی و خۆیشی لەو پرۆسەیە هیچ رۆڵێكی نەبووە و نییە، بۆیە بە هیچ جۆرێك قبووڵی نییە و هەموو كات لە هەوڵ و پلانی تێكدەرانەدایە.
* هەر تاكێكی كورد لە هەر پارچە و شوێنێكی ئەو دنیایە بێت، چی لەسەری پێویستە بیكات بەرامبەر ئەو قەوارە و حكومەت و پەرلەمانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە؟
- هەرێمی كوردستان و حكومەت و پەرلەمانی باشووری كوردستان خەون و خەیاڵی هەزاران ساڵەی كوردن كە لەو بەشەی كوردستان هاتۆتەدی، بۆیە پێویستە هەموو كوردێك لەلای خۆیەوە كارێك بكات كە نەبێتە هۆكاری تێكچوونی ئەو حكومەت و هەرێمە، ئەگەر بە هەموومان پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان نەكەین، ئەو خەون و خەیاڵەی هەزاران ساڵە هەمانە نامێنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی سەختمان بووە، هەر بۆ نموونە لە داعش و حەشدی شەعبی رزگارمان بوو، ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوو و، رەوشێكی باش بۆ كوردان هاتۆتەدی پێویستە بە هەموو لایەكمان وەك گیان و چاوی خۆمان پارێزگاریی لێ بكەین، چونكە ئەگەر كارێكی خراپ بەسەر هەرێمی كوردستاندا بێت و ئەو قەوارەیە نەمێنێت، ئەوا بیروباوەڕی كوردان تا سەدان و هەزاران ساڵی دیكە نایەتەوەدی.
* ئایا پەكەكە وەك جاران جەماوەرو توانای لە باكووری كوردستان ماوە؟
- نەخێر، باوەڕی خەڵك لە باكووری كوردستان بە پەكەكە زۆر لاواز بووە، پەكەكەش ئێستا زۆر بە زەحمەت دەتوانێت خەڵك بێنێتە سەر شەقام و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، ئەگەرچی جاران بە هەزاران كەس دەڕژانە سەر شەقامەكان و دژی بڕیار و كارەكانی توركیا خۆپیشاندانیان دەكرد، بەڵام ئێستا هەرچەندە زوڵم و تۆپ و دەبابە لەسەر پشتی خەڵكەكەش هەبێت، كەس نایەتە سەر شەقام، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی هەڵسوكەوتی پەكەكە و لادانی لە بیری كوردایەتی و سەربەخۆیی كوردستان.