پڕۆفیسۆر جێفری لێفێبڤری بۆ گوڵان: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای ئاسایش و وزە و بازرگانی و تەكنەلۆژیا دروست بووە

پڕۆفیسۆر جێفری لێفێبڤری بۆ گوڵان:  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای ئاسایش و وزە و بازرگانی و تەكنەلۆژیا دروست بووە
جێفری لێفێبڤری پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی كێنتیكەت و، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیۆپۆلەتیكی ئابووریی دەریای سوور و ناوچەی كەنداو. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن و چۆنیەتی مامەڵەكردنی ئەم ئیدارەیە لەگەڵ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشەكانی.
* سەرەتا با پرسیارەكەمان بەوە دەست پێ بكەین، ئایا تا چ راددەیەك ئیدارەی سەرۆك بایدن كاری كردووە بە ئاراستەی ئەوەی جارێكی دیكە ئەمریكا جڵەوی سەركردایەتیی جیهان بگرێتەوە دەست، بەتایبەتی كە ئیدارەكەی پێش خۆی، (ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ)، گومانی لەسەر پێگەی جیهانی و پابەندبوون بە هاوپەیمانێتییەكانەوە دروست كرد؟
- ئاشكرایە كە هاوپەیمانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتایبەتی هاوپەیمانە ئەوروپییەكان زۆر خۆشحاڵ و ئاسوودە بوون بە هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا و ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە هەنگاوەكانی دەكەن بە ئاراستەی پتەوكردنەوەی هاوپەیمانێتییەكان و پێكەوەكاركردن و پێداگریكردن لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی ئەم هاوپەیمانێتییانە. ئێمەش لەم رووەوە هەنگاوی خێرامان بەدی كردووە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان بگەڕێنەوە بۆ ئاستی پێشوویان و من هیچ بەربەستێك بەدی ناكەم كە ئاستەنگ دروست بكات بەم ئاراستەیەدا. بەتایبەتی لە پەیوەندی بە رۆڵی ناتۆوە كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كێشەی بۆ دروست كرد، ئەوە بوو ئەوروپییەكان زۆر ناڕەحەت بوون، كاتێك ترەمپ تۆمەتباری كردن بەوەی دارایی پێویست دەستەبەر ناكەن بۆ ئەم رێكخراوە و وەك پێویست پشتیوانی لێ ناكەن.

* با بێینە سەر سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراوی لە ئاست ئێران و پرسی دووبارە گەڕانەوەی بۆ نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، تێڕوانین و شرۆڤەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، ئەوا راستە ئەم ئیدارەیە گوزارشتی لە ئامادەیی خۆی كردووە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ نێو ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام واقیع و بەرەوپێشچوونەكانی ئەم دواییە بەتایبەتی هێرشە مووشەكەییەكانی ئەم دواییەی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراقدا لەلایەن چەند میلیشیایەكەوە كە مەزەندەكە ئەوەیە سەر بە ئێران بن و، دواتر وەڵامدانەوەی ئەم ئیدارەیە بە بەكارهێنانی هێز و بۆردومانكردنی چەند پێگەیەكی ئەو میلیشیایانە، وامان لێ دەكەن، بڵێین كە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنەكە هەنگاوێكی ئاڵۆزە و بە ئاسانی ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە دەكرێت لە كۆتاییدا ئەم هەنگاوە هەڵبگیرێت و ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ نێو رێككەوتنەكە. ئەگەرچی ئەم ئامانجگرتنەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و كاردانەوەكانی ئەمریكاش رەنگە ئاماژەیەك بن بەوەی كە بۆی هەیە دۆخەكە بە ئاراستەیەكی خراپدا بڕوات.
* بەڵام هەر لە پەیوەندیدا بە گەڕانەوە بۆ ئەم رێككەوتنە ئەوا ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە ئێران داواكار و چاوەڕوانە كە هەندێ لە سزاكانی لەسەر هەڵبگیرێت، ئێوە چۆن لە پرسی ئەم سزایانە دەڕوانن و ئایا پێتان وایە ئەمریكا هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵدەگرێت؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی سزاكانەوە، ئەوا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراون، سەرجەمیان پەیوەست نین بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەوە، بەڵكو هەندێكیان پەیوەندییان بە پرسی پەرەپێدانی مووشەكەكانەوە هەیە. هەرچەندە سەختترینی ئەو سزایانە پەیوەستن بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەوە. هەرچۆنێك بێت ئێران چاوەڕوانی ئەوە دەكات سزاكانی لەسەر كەم بكرێتەوە، یان ئەمریكا خۆی پابەند بكات بە كەمكردنەوەیان و خواستێكیش لای ئیدارەی بایدن هەیە بۆ ئەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە درێژ بكرێتەوە. لێرەدا ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی سزاكانەوە، ئەوا دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین كە ئەو سزایانەی پێش رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بەسەر ئێراندا سەپێندرا بوون، هۆكارێك بوون بۆ ئەوەی ئێران ئامادەی رێككەوتنەكە بێت، واتە هەندێ جار سەپاندنی سزاكان كاریگەرییان دەبێت، ئەگەرچی رەنگە نەتوانین بە تەواوەتی پاساویان بۆ بهێنینەوە.
* ئەی چۆن لە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەڕوانیت لە ئاست ئەو بەرەوپێشچوونانەی لەم ناوچەیەدا رووی داوە، بە دیاریكراوی رێككەوتنی ئاشتی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لە نێوان ئیسڕائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی؟ ئایا پێت وایە ئەم ئیدارەیە پشتیوانی لەم رێككەوتنانە دەكات، یان سیاسەتێكی جیاوازیان لە ئاستدا دەگرێتەبەر؟
- ئێمە دەزانین پێشتریش جۆ بایدن ستایشی رێككەوتنی ئاشتی و رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسڕائیل و هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەكانی كردووە. لەم روانگەیەوە پێم وایە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكاش بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن لەم رەوت و رێبازە بەردەوام دەبێت، لەو باوەڕەشدام كە ئەم ئاساییكردنەوەی پەیوەندییانە پتر بەرفراوان دەبن و، سەڵتەنەتی عوممان و عەرەبستانی سعودیە و تەنانەت ئەندەنوسیاش تاوتوێی ئەم پرسە دەكەن. خۆ ئەگەر عەرەبستانی سعودیە و سەڵتەنەی عوممانیش ئەم هەنگاوە هەڵبگرن، بە ئاراستەی باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیلدا، ئەوا ئەو كاتە هاوپەیمانێتییەكی ستراتیژیی كارا گەڵاڵە دەبێت، بۆ دەورەدان و لەقاڵبدانی ئێران. ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییانەش لەبەرچاو بگرین كە وڵاتی ئیسڕائیل دروستی كردوون و پێكیهێناون لە دەوروبەری دەریای سپیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، واتە لەگەڵ یۆنان و قوبرسی یۆنانیدا لە بەرامبەر توركیادا، ئەوا پێكەوە ئەم دوو بەرەی هاوپەیمانێتییە لە ئەنجامدا دەبنە هاوپەیمانێتییەكی زۆر بەهێز و ستراتیژی لەسەر بنەمای ئاسایش، وزە و بازرگانی و تەكنەلۆجیا.
* واتە پێت وانییە ئەم لێكنزیكبوونەوە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییانە لەنێوان ئیسڕائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبیدا تەنیا پاڵنەرەكەی بەرەنگاربوونەوەی ئێران، یان دروستكردنی بەرەیەك بێت لە ئاست ئێراندا، یان ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن هاوپەیمانیی نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرسی یۆنانی تەنیا بە توركیاوە پەیوەست بێت؟
- نەخێر، مەسەلەكە هەر تەنیا پەیوەست نییە بە ئێران، یان توركیاوە، بەڵكو مەسەلەی گرنگی دیكەش هەن، بۆ نموونە ئێستا لە ئیسڕائیلدا كێڵگەی گەورەی غاز دۆزراوەتەوە، كە دەكرێت لە رێیەوە ئیسڕائیل غاز دەستەبەر بكات بۆ هەر یەكە لە یۆنان و قوبرسی یۆنانی و رەنگە لە داهاتووشدا ئەم غازەی بگەیەندرێتە وڵاتانی ئەوروپا، حاڵی حازریش ئیسڕائیل غاز بۆ وڵاتی ئەردەن و میسر، هەروەها بۆ فەلەستینییەكانیش دەستەبەر دەكات. لە هەمان كاتدا ئەوە ئاشكرایە كە لە ناوچەی كەنداویشدا بڕێكی زۆر وزە هەن، بەتایبەتی نەوت، كە ئێستا باس لەوە دەكرێت، ئەم نەوتەی كەنداو لە رێی بۆڕییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئیسڕائیل و بۆڕیی نەوتی ئەو وڵاتە لە شاری ئیلات هەیە و، لەوێوە هەناردەی بەندەرێكی سەری دەریای سپی ناوەڕاست بكرێت و، دواتر رەوانەی تێكڕای ئەوروپا بكرێت، بە ئەوروپای رۆژهەڵات و رۆژئاواوە. كەواتە رەنگە جێی خۆی بێت كە باسی هاتنەئارا و سەرهەڵدانی هاوپەیمانێتی كەنداو و رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست بكرێت.
* ئێوە كە باس لە هاتنەئارای ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە دەكەن، ئایا پێتان وانییە هاوپەیمانێتییەكی تاكڕەهەند بێت، واتە تەنیا پەیوەست بێت بە پرسی ئاسایشەوە، كە ئێستاش ئەمەش تەواو روونە كە باس لەوە دەكرێت، هاوكاریی هەمەلایەنە دەكرێت، بەتایبەتی لەنێوان ئیسڕائیل و ئیماراتدا و لە بوارە جیاوازەكانی تەكنەلۆژیا و زانستدا، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەمانە خزمەت بە باشتركردنی سەقامگیری و ئارامیی ناوچەكە دەكەن؟
- بە دڵنیاییەوە پێم وایە ئەم دەرئەنجامەی لێ دەكەوێتەوە، ئەو وڵاتانەی رەخنەیان لەم رێككەوتنانە گرت، بریتی بوون لە ئێران و توركیا، ئەمەش لە روانگەی ئەوەی كە ئەم دوو وڵاتە خۆیان دەیانەوێت باڵادەست بن بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە ئەنجامدا ئەم ململانێیەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها لە ئێستادا توركیا دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی جاران و ئیسڕائیلیش ئامادەیە بۆ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە و بۆ گەڕاندنەوەی ئەم پەیوەندییانە، بەڵام پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی دەبێت سەرەتا توركیا بارەگای حەمماس لە ئەستەنبول دابخات، واتە ئیسڕائیل پێی وایە ناكرێت لە یەك كاتدا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت و، لە هەمان كاتدا بارەگای حەمماس لە وڵاتەكەیدا هەبێت. دواتر هەروەك ئاماژەم پێ كرد، بە هۆی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئیسڕائیل دروستی كردووە لەگەڵ یۆنان و قوبرسی یۆنانیدا، ئەوا خۆی لە پێگەیەكی بەهێزتردا دەبینێتەوە و پێشمەرجی هەیە بۆ توركیا و دەبێت لەم رووەوە چاوەڕوان بین و ببینین دۆخەكە بەرەو كوێ دەچێت.
* كەواتە دەكرێت بگوترێت ئیسڕائیل براوەی سەرەكیی ئەم هەلومەرجە نوێیەیە كە هاتۆتەئاراوە و لە ئەنجامیشدا ئێران بەرەو گۆشەگیری چووە؟
بەڵێ، ئەمە بیرۆكەكەیە كە ئێران گۆشەگیر بكرێت و رێگەی لێ بگیرێت، تاوەكو چەكی ناوكی دروست نەكات و بەدەستی نەهێنێت. سەرجەم جیهانیش، رەنگە سووریا و كۆریای باكووری لێ دەرچێت، هەموویان هاوڕان لەسەر ئەوەی نابێت ئێران چەكی ناوكی هەبێت، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران تەواوی حكومەتەكانی ناوچەكە بنكۆڵ بكات و، بەسەر تەواوی ناوچەكەشدا باڵادەست بێت. لەبەر ئەوە پێم وایە بۆ بەرگرتن بە ئێرانیش پێویستە هەموو بژارەكان لەبەردەستدا بن، بە سەپاندنی سزا و بەكارهێنانی هێز و ئەنجامدانی گفتوگۆ و سەپاندنی مەرجی پێشوەختەوە. مەبەستم ئەوەیە راستە ئەم هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەی نێوان ئیسڕائیل و هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەكان گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، بەڵام لە هەمان كاتدا تاكە رێگاش نییە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
Top