دكتۆر سەباح سابیر خۆشناو پرۆفیسۆری ئابووری و دارایی گشتی بۆ گوڵان: لەنێو بودجەدا سێكوچكەی بەشداریكردن و لێپرسینەوە و شەفافییەت بەرجەستە دەبێت

دكتۆر سەباح سابیر خۆشناو  پرۆفیسۆری ئابووری و دارایی گشتی بۆ گوڵان:  لەنێو بودجەدا سێكوچكەی بەشداریكردن و لێپرسینەوە و شەفافییەت بەرجەستە دەبێت
بودجە جگە لەوەی پێداویستییەكی دارایی و ئابوورییە بۆ رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان، هاوكات هونەرێكی بەڕێوەبردنی وڵاتیشە، لەبەر ئەم گرنگییەی بودجە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ئەمساڵدا كار بۆ دەركردنی یاسای بودجە دەكات، بۆ قسەكردن لەم بارەیەوە گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی دكتۆر سەباح سابیر خۆشناو پڕۆفیسۆری ئابووری و دارایی گشتی كرد.
* بودجەی گشتی وەكو سیاسەت و فەلسەفەی ئابووری لە ماوەی ساڵێكی حوكمڕانیدا گرنگییەكی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەیە، هەموو حكومەتەكانی دنیا بایەخ و گرنگییەكی تایبەتی بە داڕشتنەوەی یاسای بودجە دەدەن، دەكرێت بزانین تاچەند بوونی بودجە بۆ پلان و بەڕێوەبردنی وڵات و رێكخستنەوەی كاروبارەكانی گرنگە؟
- بودجەی گشتی بریتییە لە سیاسەتی حكومەت بە زمانی ژمارە، واتا بودجەی گشتی پلانی دارایی حكومەتە لە ماوەی ساڵێكدا لە رێگەی ئەو بڕە پارەیەوە كە دیاری دەكرێت، وەكو خەرجی و داهاتەكان، بۆ ئەوەی بزانرێت تاچ راددەیەك توانراوە داهات و خەرجییەكان هاوسەنگ بكرێت و، دابەش بكرێن بە سەر هەموو بوار و سێكتەرەكانی ژیانی ناو كۆمەڵگەدا، بە شێوەیەكی گشتی جێبەجێكردنی بودجە لە سەرەتای هەموو ساڵێكەوە دەست پێ دەكات، تاوەكو 31/12ی هەمان ساڵ، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا حكومەت بتوانێت پلان و بەرنامەكانی خۆی و ئامانجەكانی لە پەرەپێدانی وڵات جێبەجێ بكات، لە هەندێك وڵاتیشدا لە 1ی ئادار دەست پێ دەكات، بودجەش ئامانجی زۆرە، بەڵام زیاتر خۆی لە چوار ئامانجی سەرەكیدا دەبینێتەوە:
1- گەشەی ئابووری.
2- دابەشكردنی داهاتەكان بە شێوازێكی دادپەروەرانە.
3- پەرەپێدانی كەرتەكان بە شێوازێكی تەندروست كە پێی دەڵێن گەشەسەندنی ئابووری، جگە لەمە داهاتەكان بە شێوازێكی ستوونی و ئاسۆیی لەسەر ئاستی سێكتەر و چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگە دەبێت دابەش بكرێت.
4- سوودوەرگرتنی تەواو لە دەرامەتە ئابوورییەكانی (سرووشتی و دارایی و سەرمایەی مرۆیی).
* جگە لە گرنگیی بودجەی گشتی بۆ رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان تاچەند بودجە پێوەرێكە بۆ شەفافییەت و حوكمڕانیی باش و باش بەڕێوەبردنی ئابووری؟
- بودجەی گشتی لە هەموو حكومەت و وڵاتێكدا جگە لە ئەركە داراییەكەی و رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان، هاوكات سێكوچكەیەكی گرنگی لەناو خودی بودجەدا هەیە، كە ئەویش (بەشداریكردن و لێپرسینەوە و شەفافییەت)ـە، كاتێك پلانی دارایی دانرا و پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان پەسەند كرا، ئەمە خۆی لەخۆیدا بە واتای شەفافییەت دێت، چونكە پەرلەمانتاران نوێنەری گەلن، كەواتە گەل ئاگاداری بودجە و پلانی دارایی حكومەت دەبێت، كاتێكیش ئەو بودجەیە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و لە كۆتایی ساڵی داراییشدا حكومەت ژمێرەی كۆتایی (حساب ختامي) بۆ ساڵی رابردووی بودجەكە دەكات، دەبێتە بنەمایەكیش بۆ بودجەدانانی ساڵانی داهاتوو، جارێكی دیكە دووبارە بودجەكە شەفاف دەبێتەوە لە رووی خەمڵاندن و ژمێریارییەوە، چونكە لە بودجەی نوێدا نوێنەرانی گەل كە پەرلەمانتارانن جارێكی دیكە ئاگایان لە چۆنێتی خەرجكردنی داهات و جێبەجێكردنی پڕۆژە و كارەكان لە سێكتەرە جیاجیاكان و كەموكورتی و لایەنی بەهێزی و لاوازی ناو بودجەكە دەبێت، بەوەی پێشنیارەكان لە بودجەكە چۆن كراوە و ئایا لە پلانەكەدا تاچەند لادراوە و كەموكورتی و كەلێن و كەموكووڕییەكان لە كوێدایە، لەم هەنگاوەشدا بێگومان بەدواداچوون و لێپرسینەوە دەبێت و، هەوڵی دووبارەنەكردنەوەی هەڵەكان دەدرێت. لەلایەكی دیكەوە لەدانان و داڕشتنەوەی بودجەدا چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگە بە دامەزراوە ئەكادیمی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی پەیوەندارەوە دەتوانن بەشداریی بكەن، چ لە رێگەی بۆردی راوێژكارییەوە بێت، یان لە رێگەی بەشداریكردنی كەسانی پسپۆڕەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی، هەروەكو چۆن لە چاودێری و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بودجەكەدا دیوانی چاودێریی دارایی بە شێوازێك لە شێوازەكان چاودێریی بودجەكە دەكات لە ژمێرەی كۆتاییدا، لە زۆر وڵات دامەزراوەی دیكەش هەیە كە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، وەكو ئەوەی لە زۆر وڵات پێی دەگوترێت دادگای ژمێریاری، یان دەزگای ژمێریاری كە لە دانانی بودجە و جێبەجێكردنی بودجەدا رۆڵی بەرچاویان هەیە.
* لە هەرێمی كوردستاندا لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقی فیدڕاڵیدا پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە نەكراوە، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوو ڕێگا بودجەی هەرێمی كوردستان ئامادە دەكات، بە ئەگەری ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق، یان بە پشتبەستن بە داهاتی نەوتی و نانەوتی لە ناوخۆی هەرێمدا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە،ئایا تاچەند دانانی بودجە بەپشتبەستن بە هەردوو ئەگەرەكە سەركەوتوو دەبێت؟
- لە ساڵی 2014وە تاكو ئێستا گەورەترین كەموكورتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبوونی بودجە بووە، خۆشبەختانە دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی بودجەی تایبەت بە خۆی بە هەردوو سیناریۆ و ئەڵتەرناتیڤەوە، كە ئایا ئەگەر پشكمان لە عێراقەوە بۆ بێت، بودجەكە چەندە و ئەگەر نەیەت بودجەكە چۆن دەبێت، ئەگەرچی دانانی ئەم بودجەیە زۆر قورسە، چونكە بەپێی یاسا دەبێت لە 15/5ی هەموو ساڵێك دەست بە خۆئامادەكردن بكرێت، بۆ گفتوگۆ و ئامادەكارییەكانی تایبەت بە بودجە تا 15/10 كە لە ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و، لە ماوەی دوو مانگدا واتە تا سەری ساڵ دەبێت پەسەند بكرێت و لە وەقائیعی كوردستانی بڵاوبكرێتەوە، لەلایەكی دیكەوە نەبوونی بودجە لەو چەند ساڵەی رابردوودا گرفتێكی قووڵی دروست كردووە، بەوەی نازانرێت لەسەر بنەمای ساڵانی رابردوو چۆن پڕۆژە یاسای بودجەكە دابڕێژدرێت.
* بەڵام پێت وانییە پشتبەستن بە داهاتی نەوتی خاو موجازەفەیەك و دووبارەكردنەوەی هەڵەیەكی گەورەیە، بەتایبەتی لە غیابی ئەگەری مانەوەی نرخەكاندا ئاوا بە بەرزی؟
- بەداخەوە عێراقیش وەكو هەرێمی كوردستان هەمان هەڵەی پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەیەكی نەوتی هەیە، هەرچەندە عێراق خاوەنی بانكی ناوەندی و دەوڵەتێكی سەربەخۆیە و یەدەگی دراوی هەیە و، دەتوانێت دراوی دیناری عێراقی چاپ بكات و، بودجەی نەختینەیی دراوی قورسی هەیە و، خاوەنی سیاسەتی بازرگانی و تاریفەی گومرگیی سەربەخۆیە، بەمەش دەتوانێت خۆی لەئەگەری دابەزینی بەهای نەوت و قەیرانەكان دەرباز بكات، هەربۆیە واباشترە عێراق بودجەیەك ئامادە بكات بەپشتبەستن بە داهاتی نەوتی و نانەوتی، خۆ ئەگەر پشكی هەرێم لە بەغداوە هات، ئەو كات دەتوانرێت لە رێگەی بودجەی تەواوكارییەوە بودجەیەكی تەواوكاریی بنێردرێتە پەرلەمان و جێبەجێ بكرێت.
* سەبارەت بە ئاستی هەماهەنگی و كاركردنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی داراییدا، تاچەند ئەم هەماهەنگییە لە نێوان هەردوو وەزارەتدا گرنگە؟
- بودجە بە هەردوو تەوەرەی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی بەكارخستن دەبێت هاوسەنگی رابگیرێت، واتا نابێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی وەبەرهێنان پشتگوێ بخرێت، وەزارەتی پلاندانان بەرپرسیارە لە بودجەی وەبەرهێنان و وەزارەتی دارایبش بەرپرسە لە بودجەی بەكارخستن كە لەسێ بەش پێك دێت:
1- مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی
2- خەرجیی گواستراوەی وەكو كۆمەڵایەتی و ئابووری، هەروەها دارایی بۆ پاڵپشتیكردن، بۆ نموونە وەكو پسوولەی خۆراك.
3- خەرجیی بەكارخستن لە تەرخانكردنی ئەو پارەیەی خۆی دەبینێتەوە، كە بۆ بەكارخستنی دامودەزگاكانی حكومەت گرنگە. بەشێوەیەكی گشتی پێویستە هەردوو بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی بەكارخستن بە هاوسەنگی بڕوات، نەك وەكو ئێستا بكرێتە قوربانیی بودجەی رەوان. خاڵێكی دیكە هەیە كە پێشتر زۆر سوودمان لێ بینیوە لەبری ئەوەی مەسەلەی لامەركەزی بورووژێندرێت، با گرنگی بە بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان بدەین، كە هەر پارێزگایەك بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكە بڕە پارەیەكیان دەدرایە، بە هاوشێوەی ساڵانی 2009 و 2010 و 2011 و 2012، یان بودجەی پترۆدۆلار، هەردوو بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی بەكارخستن بۆ پەرەپێدانی هەرێم گرنگە.
* لەم سەردەمەدا حكومەتەكان لە ناو بودجەدا بڕگەیەك دادەنێن بۆ حاڵەتی لەناكاو و كەوتنەوەی گرفت و كارەساتی سرووشتی، یان كەوتنەوەی قەیرانێكی دارایی، ئەمەش بە پشتبەستن بە هونەری ئەگەرەكان و پێشبینییەكان، ئایا تاچەند گرنگە لە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی كوردستاندا رەچاوی ئەم بڕگەیە بكرێت؟
- لە ناو بنەماكانی بودجەدا سێ واقیع هەیە كە بریتین لە (ساڵانەی بودجە و یەكێتیی بودجە و گشتگیریی بودجە)، لە ناو ئەمەشدا هاوسەنگی هەیە كە بەپێی هەردوو بۆچوونی كلاسیكی و نوێخوازی دوو تەفسیر هەڵدەگرێت، بۆ نموونە دەبێت بودجە یەك بودجە بێت، بەڵام لە بارودۆخی ئێمەدا بودجەیەكی ئیستیسنائی ئامادە دەكەین، چونكە حاڵەتی كەوتنەوەی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت زۆرە، راستە ئەمە لاسەنگی لە بودجەدا دروست دەكات، بەڵام بارودۆخی كوردستان ئەوە دەخوازێت، بەتایبەتی كە ئێمە دەوڵەت نین و یەدەگی دراو و زێڕ و هەندێك توانای دارایی و نەختینەییمان نییە.
* بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم حاڵەتە تا چەند چاكسازی لە سێكتەری نەوت و دەروازە سنوورییەكاندا پێویستە؟
- نەوت كاڵایەكی ئابووریی ستراتیژییە و چاكسازی تێیدا تەحەددایەكی گەورەیە، لەگەڵ ئەمەشدا چاكسازی لە دۆسێی نەوتدا زۆر زۆر گرنگە، چونكە جگە لەوەی رێژەیەكی بەرزی داهاتەكان پێك دەهێنێت، زۆرترین پارەش لەم دۆسێیەدا لە هەرێمی كوردستان بەهەدەر دەدرێت، دەبێت چاوبخشێنرێتەوە بە هەموو ئەو گرێبەستانەی نەوتدا كە لە هەرێم گرێبەستی بەشداریكردنی نەوتی پێ دەگوترێت و لە عێراق گرێبەستی خزمەتگوزارییە، گرێبەستەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە قۆناغ و بارودۆخێكدا كران كە هەرێمی كوردستان چارەسەرێكی دیكەی نەبوو، ئەگەر وا نەكرایە، هیچ كەسێك ئامادە نەبوو ئەو ریسكە بكات و لە هەرێمی كوردستان بە ملیارەها دۆلار خەرج بكات، هاوكات ئێمەش دەمانویست پێگەی هەرێمی كوردستان لە سەر نەخشەی وزەی جیهانی دروست بێت، بەڵام پێویستە ئێستا و لە ژێر فشاری هاوپەیمانەكان و ئەمریكا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانماندا چاوخشاندنەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانمان لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكاندا بكەین، هەروەها لە بواری دەرهێنان و ناردنە دەرەوەو فرۆشتندا چاوخشاندنەوەیەكی سەرتاسەریمان پێویستە و ناكرێت بە 10 دۆلار زیاتر بێت. بە چاوخشاندنەوە بە دۆسێی نەوتدا ئەم كەرتە دەبێتە پاڵپشت و هاوكاریی پەرەپێدانی هەموو كەرتە نانەوتییەكان، تا گەشەیەكی تەندروست و راستەقییانە لە سەرتاسەری كەرتەكاندا دروست ببێت، خاڵێكی دیكەی گرنگ دووبارە چاوخشاندنەوەیە بە پەیكەری سیستەمی باجەكاندا، ئەمەش بابەتێكی هەستیارە و نابێت لەسەر حیسابی چین و توێژە هەژار و مامناوەندەكان بێت، بەڵكو دەبێت لەسەر حیسابی ئەو گەورە كۆمپانیایانە بێت كە ساڵانێكە خۆیان لە دانی باج دزیوەتەوە بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆر، ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا پارەیەكی زۆر لە رسوومات وەردەگیرێت، بەتایبەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ، دەبێت بە باشترین شێوە بەكار بهێنرێت و پاڵپشتی بودجەی پێ بكرێت، هەروەها سیاسەتی هەناردەكان وردە وردە بەهێزتر بكرێت كە دەكرێت لە هەرێمی كوردستان كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكی و نەوتی و پترۆكیمیاویی و پاڵاوتگەكان ببووژێندرێتەوە، كە لە دۆزینەوەی هەلی كار و پەرەپێدانی سێكتەرەكان و ئابووری و داهاتی هەرێم رۆڵی گەورەی دەبێت.
Top