ئەل ئەب جبرائیل گۆرگیس تۆما سەرۆكی دێرمار ئەوراها لە زاخۆ: سەردانەكەی پاپای فاتیكان بۆ كوردستان رووداوێكی گرنگ و وەرچەرخانێكی گەورە بوو
March 8, 2021
دیمانەی تایبەت
سەردانی پاپای فاتیكان بۆ عێراق و كوردستان جگە لەوەی رووداوێكی گرنگ و وەرچەرخانێكی گەورەیە، رەهەندو خوێندنەوەی جیاوازی لێ دەبێتەوە، بەتایبەتی كە پێشتر سەرۆك بارزانی سەردانی فاتیكانی كردبوو لە نزیكەوە، پاپای فاتیكانیش ئاشنایە بە هەرێمی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی ئەم سەردانە لە دیمانەیەكدا ئەلئەب جبرائیل گۆرگیس تۆما سەرۆكی دێرمار ئەوراها لە زاخۆ وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان دەداتەوە.* سەردانی پاپای فاتیكان بۆ هەر وڵاتێك بایەخی خۆی هەیە و، سەردانەكانی دەنگدانەوە و كاریگەریی خۆیان هەیە، دیارە سەردانی پاپای فاتیكانیش بۆ عێراق بۆ یەكەمجار لە مێژوودا رووداوێكی زۆر گەورەیە، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە سەردانی پاپا چ وەرچەرخانێك بەدوای خۆیدا دروست دەكات؟
- سەردانی پاپا بۆ عێراق و كوردستان رووداوێكی گرنگ و وەرچەرخانێكی گەورەیە، سەردانەكەی بۆ عێراق پەیامی ئاشتی و خۆشەویستییە بۆ گەلانی عێراق و كوردستان، بەتایبەتی بۆ مەسیحییەكانی ئەم وڵاتە كە جگە لە هەرێمی كوردستان لە سەرانسەری ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و لە شارە گەورەكانی بەغدا و مووسڵ دووچاری رفاندن و كۆچكردن و كوشتن بوونەوە و كەنیسە و دێر و شوێنە پیرۆزەكانیان تەقێندرانەوە، ئێمەی مەسیحییەكان ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانی ئەو سەردانەی پاپا بووین، پێشتر بەهۆی شەڕ و نائارامی و نەبوونی ئەمنییەتەوە نەتوانراوە، ئەم سەردانە رێك بخرێت. ئێستا سەرەڕای تەحەددییەكان پاپا بە بوێرییەكی زۆرەوە ئەم سەردانەی كردو بە پێویستی زانی سەردانی گەلانی عێراق بكات و، لە نزیكەوە نزا بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیان و كۆتاییهاتن بە مەینەتییەكانی گەلانی عێراق بكات، بۆ تەواوی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان و هەمووانی لە شاری ئوری كلدانی كۆكردەوە و داوای كرد رێگە نەدرێت بە ناوی ئایینەوە تیرۆر و كوشتن ئەنجام بدرێت. پاپا لەم سەردانەیدا پەیامێكی بەو وڵاتانەش دا، كە چیتر گەمە و ئەجیندەی خراپیان بە سەر عێراقدا نەسەپێنن، پایا دەیەوێت برینەكانی عێراقییەكان و كوردستانییەكان سارێژ بكات.
* لەناو پڕۆگرامی سەردانەكەیدا وا بڕیارە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش بكات، بێگومان ئەم سەردانەی پاپای فاتیكان بۆ هەولێر زۆر رەهەندی جیاوازی لێ دەخوێندرێتەوە، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان، تاكە شوێنە لە عێراقدا گیانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی پاراستووە؟
- كوردستان تاكە هەرێم و ناوچەیە لە عێراقدا كە پێگەیەكی ئارام و سەقامگیری هەیە، نەك تەنیا بۆ كوردستانییەكان و ئێمەی مەسیحییەكان، بەڵكو بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی ناوچەكە كە دووچاری لێقەومان و ئاوارەیی و پەناهەندەیی بوون، لە سەردانەكەی بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی بۆ فاتیكان و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ پاپای فاتیكان بانگهێشتی پاپا-یان كردبوو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لە نزیكەوە ببینێت كە كوردستان چ پێگەیەكی ئارام و سەقامگیری هەیە و ناوچەیەكە بۆ پێكەوە ژیانی ئایینی و ئایینزایی، هاتنی پاپاش بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی سەرۆك بارزانی بووە، پاپا بە گرنگییەكی زۆرەوە دەڕوانێتە میللەتی كورد و هەموو كوردستانییەكان و دەیەوێت سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ لەئامێزگرتنی مەسیحییەكان پاراستنی ئایین و ئاینزاكانی دیكە و تەنانەت بۆ بە هاناچوونی نەتەوەكانی دیكە، بەمەش جیهانی پێشكەوتوو بیر دەهێنێتەوە كە میللەتی كورد و پێكهاتەی مەسیحی و ئێزیدی ئازار و مەینەتییەكی زۆریان بینیوە و ئازار و ئەشكەنجە دراون و، دەبێت بپارێزرێن و بە ئاشتی وەكو هەموو نەتەوەكانی جیهان بژین و شایەنی هەموو رێزگرتنێكن.
* لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە عێراق لە 2003وە مەسیحییەكانی عێراق دوچاری توندوتیژیی یەكجار زۆر بوون و چەندین كەنیسەیان لە بەغدا تەقێندرایەوە و لە ناوچەكانی دیكەش بەتایبەتی مووسڵ لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی كارەساتی گەورە بوونەوە و، ناچار بوون روو بكەنە هەرێمی كوردستان، لێرەش وەك وڵاتی خۆیان پێشوازییان لێكرا، ئایا تا چەند لەم سەردانەی پاپادا ئەم واقیعە دەسەلمێنێت؟
- بەڕێز پاپای فاتیكان لەم سەردانەیدا بۆ هەرێمی كوردستان دەیەوێت بڵێت: مەسیحییەكان لەگەڵ برا كوردەكاندا خاوەنی ئەم خاكەن و لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا هاوبەش بوون، ئازاردان و دەستبردن بۆ خاك و هەرێمەكەیان رەت دەكەینەوە، چونكە خاك و نیشتمان بۆ هەمووانە و دەبێت دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا وەكو هاووڵاتی پلە دوو سەیر نەكرێن، دەبێت هەموو عێراقییەكان كەرامەت و ئازادی و دیموكراسیەتیان بۆ فەراهەم بكرێت، پاپای فاتیكان دەیەوێت ئەو راستییە بورووژێنێت كە بە ئاشتی و پێكەوە ژیان ژیانێكی خۆشتر و ئارام و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەبێت و ژیانێكی باشتر و بەختەوەرتر بۆ نەوەكانی داهاتوومان فەراهەم دەكەین، بەپێچەوانەوە ئازارەكان بەردەوام دەبێت و هەمووان لێی زیانمەند دەبین. بە تەئكید كەنیسە و دێر و شوێنە پیرۆزەكانمان لە بەغدا و مووسڵ وێران كران و دووچاری تەقینەوە بوون و مەسیحییەكان بۆ هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەوروپا كۆچیان كرد، لەكاتێكدا دەبووایە لە عێراقدا پارێزگاری لە پێكهاتەیەكی گرنگی ناو كۆمەڵگەی عێراقی بكرایە، ئەمە نەكرا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی ئامێزیان بۆ مەسیحییەكان كردەوە و پێی وتن ئێرە وڵات و خاكی خۆتانە و ئەركی ئێمەیە پارێزگاریتان لێ بكەین.
* ئایا ئەم سەردانەی پاپای فاتیكان بۆ كوردستان سۆزێكی گەرم لە جیهانی مەسیحییەوە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ راشكاوانەتر ئایا جیهانی مەسیحی رێز لە گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی كوردستان دەگرن؟
- بەڕێز پاپای فاتیكان كوردستان و گەلی كوردی خۆش دەوێت و چەندین جار سوپاسی سەرۆك مسعود بارزانی كردووە بۆ پاراستنی مەسیحییەكان و پارێزگاریكردن لە پێكەوە ژیان و چاندنی كولتووری لێبووردەیی و رەتكردنەوەی توندوتیژی نەتەوەیی و ئایینی، ئەم سەردانەشی بۆ ئەوەیە بەجیهان بڵێت لێرە گەلێكی ئاشتیخواز و پێشكەوتوو هەیە كە خێر و خۆشی بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك دەوێت و ئێوەش هاوكار و پاڵپشتیان بن، ئێمەی مەسیحییەكانیش سوپاسی گەلی كورد و سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین، بۆ ئەو هەموو هاوكاری و ئاوڕلێدانەوەیەی پێشكەش بە مەسیحییەكان و هەموو ئایین و ئایینزاكانی دیكە كراوە، ئینشاڵا ئەم سەردانە خێر و خۆشی بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە دەبێت و، بارودۆخەكان بەرەو پێشەوە دەچێت.