رۆژهات ئامەد سیاسەتمەدار و تێكۆشەری باكووری كوردستان بۆ گوڵان: سەركردەكانی پەكەكە هزر و بیری كوردایەتییان نییە
February 25, 2021
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كێشە و سەرئێشەی زۆری بۆ ئەم هەرێمە دروست كردووە، لە كاتێكدا دەبوو ئەم هێزە رەچاوی سنووری ئەم بەشەی كوردستانی بكردایە و، هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوكارییەك كە مومكین بوایە، دەستەبەری بكردایە. بۆ هۆكارەكانی ئەم جۆرە هەڵسوكەوت و هەڵوێستانەی پەكەكە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژهات ئامەد سیاسەتمەدار و تێكۆشەری باكووری كوردستان ئەنجام دا.* بە هۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، توركیا بەردەوام بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم دەكات، ئەمەش بیانووی بۆ توركیا رەخساندووە بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكانی خۆی بنێرێتە دەرەوە و پرسی كورد لە باكوور فەرامۆش بكات، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە كە توركیا بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی پەكەكە بەكار دەهێنێت؟
- پەكەكە لە باشووری كوردستان ئامانجێكی هەیە، كە بریتییە لە تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، لەم رووەشەوە داواكاریی دەوڵەتانی دیكە جێبەجێ دەكات، واتە پەكەكە ستراتیژیەتی تایبەتی نییە و توانای ئەوەشی نییە كە ستراتیژییەك بۆ خۆی دروست بكات، هاوكات پەكەكە هیچ كار و هەڵسوكەوتێكی لە ئیرادەی خۆیدا نییە، سادەترین نموونەش ئەوەیە ماوەی چەند مانگێك پێش ئێستا رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا ئەنجام درا، كە ئەمەش جێگای دڵخۆشیی هەموو لایەكمان بوو، تا دۆخی شنگاڵ ئاسایی ببێتەوە و، دانیشتووانەكەشی بگەڕێنەوە و ئاسوودە بن، كە بەم رێككەوتنە هەموو هێزەكانی وەك پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شارەكە نامێنن، بەڵام دەبینین، دوای رێككەوتنەكەی شنگاڵ، پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگاڵ دەرنەچوون و دووبارە بارەگایان لەناو ئەو شارە كردووەتەوە.
* ئاشكرایە گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە، كەچی وەك دەبینین، تا ئێستا نەك هەر نەیتوانیوە یەك گوندی باكوور رزگار بكات، بەڵكو كوردستانی باكووری بەجێهێشتووە و هاتووە لە باشوور چەكدارەكانی خۆی بڵاو كردووەتەوە و دەستی كردووە بە دروستكردنی كانتۆن، هیچ رێزێكیش بۆ یاساكانی هەرێمی كوردستان دانانێت، ئایا پەكەكە ئەگەر دەیەوێت لە باشوور بێت، نابێت رێز لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بگرێت؟
- پەكەكە نەهاتووە بۆ ئەوەی رێز لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بگرێت، بەڵكو هاتووەتە باشووری كوردستان بۆ ئەوەی كێشە دروست بكات، بۆیە ئەگەر پەكەكە پێی خۆشە لێرە كێشە دروست نەبێت، ئەوە پێویستە پەكەكە چۆن حیساب بۆ ئێران دەكات، یان كە لە سووریا بوون، چۆن حیسابیان بۆ حكومەتی سووریا دەكرد، ئاواش رەچاوی دۆخی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات و، هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەكات، بەڵام پەكەكە دەڵێت من دەبێت هەموو كارێك لە باشووری كوردستان بكەم و، هیچ پێویست ناكات رەچاوی سنووری حكومەتی كوردستان بكرێت، ئەمەش كارێكی كردەنی نییە، بۆیە ئەگەر پەكەكە دەیەوێت و پێی خۆشە لە باشووری كوردستان بمێنێت، ئەوە دەبێت رێزی پەرلەمان و حكومەت و یاسا و بڕیارەكان و هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت، بەڵام وەك ئاماژەم پێ دا، پەكەكە بۆ ئەوە نەهاتووە رێز لە یاساو بڕیار و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت، بەڵكو بۆ تێكدانی هاتووە.
* پەكەكە بە راشكاوی رایگەیاندووە كە ئەو دەستبەرداری خەباتی نەتەوەیی بووە و بڕوای بە دەوڵەتی كوردستان نییە، كەچی وەك لە میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەبینین، باس لە پرسی نەتەوەیی دەكات، ئایا ئەم سیاسەتە دووفاقییە بۆ ئەوە نییە خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكی كوردستان؟
- دوو جۆر پەكەكە هەیە، پەكەكە و لایەنگرانی پەكەكە جیاوازن، چونكە لایەنگرانی پەكەكە وەك هەموو لایەنگرانی حزبەكان دڵسۆزی میللەتی كوردن، بەڵام سەركردایەتیی پەكەكە ستراتیژێكیان بۆ هێڵی نیشتمانی نییە و فەرهەنگی سەركردەكانی پەكەكە لەسەر هێڵی نیشتمانیی كورد نییە، ئەو سەركردانەی پەكەكە پێیان خۆشە و دەڵێن با فەلەستین ببێتە دەوڵەت، بەڵام بۆكورد وا ناڵێن، بەمەش دڵنیامان دەكەنەوە سەركردەكانی پەكەكە هزرو بیری كوردایەتییان نییە.
* جەنابی سەرۆك بارزانی رایگەیاند بڕیاری داوە شەڕی كورد لەگەڵ كورد حەرامە، واتە شەڕی براكوژی نابێت دروست ببێت، لە كاتێكدا دەبینین پەكەكە ئەو بڕیارە دەقۆزێتەوە و شەڕ بە باشووری كوردستان دەفرۆشێت، ئایا ئەم بڕیارە چۆن دەخوێنیتەوە و بۆچی پەكەكە واز لە شەڕفرۆشتن بە هەرێمی كوردستان ناهێنێت؟
- بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی پێش پارتی بوون، هێڵی نیشتمانی گرنگە و بیركردنەوەی جەنابی رەهەندی كوردبوون و نیشتمانی لەخۆ دەگرێت، بۆیە پێی خۆش نییە كێشە لە نێوان گەلی كورد دروست ببێت و نایەوێت شەڕی ناوخۆ دروست ببێت. هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی لەوەی كە دژی شەڕی براكوژییە تازە نییە، بەڵكو ساڵی نەوەتەكانیش هەمان هەڵویستی هەبوو، ئەگەرچی دەبینین لە ساڵی نەوەتەكان تا ئێستاكەش كێشەمان هەیە و پەكەكە سوود لەو هەوڵیست و بڕیارەی جەنابی سەرۆك وەردەگرێت و سنوورەكە دەقۆزیتەوە و كێشە دروست دەكات، لەولاشەوە دەڵێت ئێمە شەڕ ناكەین، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا مەبەستی لەوە چییە؟ ئایا دەیەوێت وەك پارتی و یەكێتی لە هەرێمی كوردستان ببێتە شەریك، ئێستا ئەو قسانە لەناو پەكەكە و بەتایبەتیش لەلایەن هەندێك سیاسەتمەداری دەوروبەری پەكەكە و هەندێ كادیری گەورەی ئەو گرووپەوە هەیە، پەكەكە دەڵێن دەبێت ئێمەش وەك یەكێتی و گۆڕان ببینە شەریكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەتی كە باس لە ئاشتبوونەوە و رێككەوتن بكرێت، ئەوە پەكەكە دەڵێت ئاشتبوونە و رێككەوتن تەنیا پەیوەست نییە بە نێوان یەكێتی و پارتی، بەڵكو دەبێت ئێمەش هاوبەش و بەشدار بین، بەڵام پێویستە لە پەكەكە بپرسین: ئایا ئێوە چ كارتان لە باشووری كوردستان هەیە و بۆچی ناچنەوە باكووری كوردستان و لەوێ لەگەڵ رێكخراوی دیكەی باكوور ئاشت ببنەوە، دەبێت هەموو كەس و لایەنێك لە كوردستان بزانن كە هەڵویست و بڕیارەكەی جەنابی سەرۆك حەكیمانەیە و سەروەرییەكی گەورە و پەیامێكی نیشتمانییە بۆ كورد، بەڵام پەكەكە گوێ بەو كار و بڕیارانە نادات، دەڵێت مادام من شەریكی تۆ نەبم، ئەوە شەڕ دەكەم. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر پێمان خۆش بێت، یان نا، ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەرایەتیی هێڵی نیشتمانی دەكات، ئەمەش بووەتە مایەی ناڕەحەتكردنی كەسانێكی دیاریكراو و ئەو كەسانەی پێیان خۆش نییە كورد ببێتە خاوەن دەوڵەت و دەستكەوتی میللەتی كورد گەورەتر ببێت، بۆیە كێشە دروست دەكەن.
* ئایا پەكەكە وەك جاران منداڵ و كەسانی خوار تەمەنی پێگەیشتوو چەكدار دەكات و یەكێك كە لە ناو پەكەكە دەردەچێت بە خائینی دادەنێن؟ ئایا ئەم رەفتارانەی پەكەكە وەك خۆی ماوە، یان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە؟
- ئەو بەزمەی جاران لەلایەن پەكەكە هەبوو، ئەوە ئێستاش هەروەك خۆی ماوە، بەتایبەتی ساڵانی نەوەتەكان رۆژانە بە سەدان منداڵ و گەنجی كوڕ و كچ لەبەر زۆر هۆكار دەبوونە پەكەكە، ئەمەش ژمارەیەكی زۆر بوو، كەچی ئێستا بە سێ مانگ و زیاتریشە سەد كەس ناچنە ناو پەكەكە، ئێستا پەكەكە زیاتر خەڵكی گەرمیان و كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان دەباتە ریزەكانی، زۆر بە كەمی خەڵكی باكوور ئێستا دەچنە ناو پەكەكە، ئەوان نەك تەنیا لەبەر ئەوەی منداڵ و تەمەنی بچووك چەكدار دەكەن و كاری خراپ لە باشووری كوردستان ئەنجام دەدەن، خراونەتە لیستی تیرۆر، بەڵكو لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە ئەوروپا كاری زۆر خراپ و قێزەوەنی ئەنجام داوە، لەوانە خۆیان كادیری خۆیان دادگایی دەكرد و زیندانیان دەكردن، یان دەیانكوشتن، كە ئەمە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانە كە ئێستاش پەكەكەی هەر لە لیستی تیرۆر هێشتووەتەوە، پەكەكە لە سووریا و قەندیل كادیری خۆی كوشتووە. لەلایەكی دیكەوە ئێستا پەكەكە ناتوانێت وەك جاران خەڵك لە باكووری كوردستان بێنێتە سەر شەقام و رۆڵی لە باكوور زۆر لاواز بووە، ئەگەر هەڵەی توركیا نەبێت، كەس نابێتە جەماوەری پەكەكە، بۆیە دەتوانم بڵێم توركیا بەو كار و كردەوانەی دەرهەق بە كورد دەیكات، جەماوەر بۆ پەكەكە پەیدا دەكات و پەكەكەی راگرتووە، ئەگەرنا كورد وازیان لە پەكەكە هێناوە.
* ئایا لەسەر هەر تاكێكی كورد لە هەر شوێنێكی دنیا بێت پێویستە چی بكات دەرهەق بە هەرێمی كوردستان و چۆن دەبێت پارێزگاری لێ بكەن؟
- هەموو كورد، كوردی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكوور دەستكەوتی باشووری كوردستان وەك چاوی خۆیان دەپارێزن، تەنیا پەكەكە نەبێت، بۆ نموونە لە ریفراندۆم راستە خەڵك لە باشووری كوردستان چوون دەنگیان دا، بەڵام ئەو پشتیوانییەی كوردی رۆژهەڵات بۆ ریفراندۆم كردیان، چ لە رۆژهەڵات، یان لە ئەوروپا و دەرەوە، یان ئەو پشتیوانییەی كە كوردی رۆژئاوا و باكووری كوردستان لە ریفراندۆم كردیان، هیچی كەمتر نەبوو، لەوەی كە كورد و خەڵكی باشووری كوردستان بۆ ریفراندۆم كردیان، هەر بۆیە من دەڵێم هەموو كوردێك كیان و هەرێمی كوردستان وەك چاویان دەپارێزن، پێویستیشە بەرنامەی هەرێمی كوردستان لەو سنوورەی ئێستا كە هەیە، گەورەتر بكرێت بۆ هەنگاونان بۆ پارچەكانی دیكەش، هەرچەندە ئەگەر كوردستانی رۆژئاوا بەو شێوەی ئێستا دروست نەبووایە، ئەوە پەیوەندیی باشووری كوردستان و توركیا زۆر خۆشتر دەبوو، بەڵام پێویستە هەرێمی كوردستان ئەركی خۆی بەرامبەر كوردانی پارچەكانی دیكە باشتر و زیاتریش بكات، چونكە دیتمان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بەشداربوون و شەهید بوون.