ئیتان گیلبوا بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی بار-ئیلان بۆ گوڵان: ئێران دەبێتە پرسی سەرەكیی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
February 16, 2021
دیمانەی تایبەت
ئیتان گیلبوا پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی بار-ئیلان، هەروەها توێژەری باڵایە لە سەنتەری بێگن-سادات بۆ دیراساتی ستراتیژی، چەندین توێژینەوە و پەرتووكی لەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەكی دیاری ئەمریكا و ئەوروپا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بەو سیاسەت و هەڵوێستانەی كە ئەگەری ئەوە هەیە ئیدارەی نوێی ئەمریكا لە ئاست ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیانگرێتەبەر.* سەرەتا هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەدای ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن چییە و چۆن لە هەنگا و بڕیارە سەرەتاییەكانی ئەم ئیدارەیە دەڕوانن، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە ئەو بڕیار و هەنگاوانە بە وتارەكەی دەستبەكاربوونی جۆ بایدن وەك سەرۆكێ نوێی ئەمریكا گرێ بدەینەوە؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە سەرەتا لە وتارەكەوە دەست پێ بكەین، ئەوا كە تێكڕای ئەم وتارە، جگە لە تەنیا رستەیەك نەبێت بۆ پرس و كێشە ناوخۆییەكانی ئەمریكا تەرخان كرابوو، ئەمەش بەو واتایە دێت كە لە ماوەی ساڵێك، یان دوو ساڵی داهاتوودا تەركیزی سەرەكیی ئیدارەی سەرۆك بایدن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت، واتا پرسی تەندروستی، لە هەمان كاتدا پرسی ئابوورییش دەبێتە ئەولەوییەتێكی سەرەكی لە ئاستی ناوخۆدا. ئەوەی پەیوەست بێت بە كاروبارە دەرەكییەكانەوە، ئەوا رایگەیاندووە كە ئەو لە رێی كاركردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا بایەخ بەو پرسانە دەدات، واتا ئەمە تەنیا رستەیەك بوو كە تەرخانی كرد بۆ پرس و كاروبارە دەرەكی و نێودەوڵەتییەكان. لەم روانگەیەوە و ئەوەی لەم رووەوە پێشبینی دەكرێت، بەردەوامیدانە بە سیاسەتی دەرەوە هاوشان بە ئەندازەیەك لە كشانەوە لە كاروبارە دەرەكییەكان، ئەمەش رەوتێك بوو كە سەرۆك باراك ئۆباما دەستی پێكرد و ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ درێژەی پێ دا، كەواتە لەبەر بوونی ئەم رەوتە و بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئیدارەی بایدن تێوەگلانی خۆی لە كاروبارە جیهانییەكان كەم دەكاتەوە و بایەخدانەكەشی بە پرسە جیهانییەكان چڕ دەبێتەوە لە تەركیزكردن لەسەر كێشەكانی لەگەڵ هەردوو وڵاتی چین و رووسیا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا لەگەڵ ئێران.
* ئێوە لە كۆتایی وەڵامەكەتاندا باسی ئێرانتان كرد كە ئێستا پێشبینی و شرۆڤەكاریی زۆر دەكرێت لەبارەی ئەو سیاسەت و هەڵوێستەی كە ئەگەری ئەوە هەیە ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا بیگرێتەبەر، پێشبینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئەوەی پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت، ئەوا ئاشكرایە كە ئەو كەسانەی سەرۆك جۆ بایدن دایمەزراندوون لە پۆستە سەرەكییەكانی ئیدارەكەیدا بۆ سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی، هەمان ئەو كەسانەی نێو تیمەكەی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما بوون كە لە ساڵانی 2013 تا 2015 بەرپرس بوون لە داڕشتن و لە جێبەجێكردنی گفتوگۆكان تا گەیشتنە واژۆكردنی رێككەوتنە ناوكییەكە، بۆ نموونە تۆنی بلینكن وەزیری دەرەوە و جێگرەكەی وێندی شێرلمان و جۆن سەلیڤانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەو كاتەدا لە نێو گفتوگۆكاندا بوون، دواتر هەوڵیاندا بیسەلمێنن كە رێككەوتنەكە لە جێی خۆی بوو و هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پیادەی كرد لە رێی توندكردنەوەی سزاكانەوە لە سەر ئێران و لە دوای كشانەوە لە رێككەوتنەكە، هەڵە بوو. بۆچوونی من ئەوەیە كە هەردوو ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما كە رێككەوتنی لەگەڵ ئێراندا كرد و سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كە سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، شكستیان هێنا لە ئیحتیواكردنی ئێراندا.
* بەڵام ئەگەر بە دیاریكراوی قسە لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە بكەین، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە و پێشبینیی ئەوە دەكرێت كە ئیدارەی سەرۆك بایدن جارێكی دیكە بگەڕێتەوە نێو ئەم رێككەوتنە؟
- سەرەتا دەبێت بڵێین ئێران لەم رووەوە دوو مەرجی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە سزاكانی لەسەر هەڵبگیرێت، دووەمیان ئەوەیە كە بگەڕێنەوە بۆ هەمان ئەو رێككەوتنەی لە ساڵی 2015دا كرا، ماوەیەك بەر لە ئێستا تۆنی بلینكن لە ئەنجومی پیرانی ئەمریكا رایگەیاند كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێكی درێژخایەن دەدات، بە واتای ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ساڵی 2015، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەمە كارێكی سەختە و باوەڕم وانییە كە ئیدارەی سەرۆك بایدن ئەم پێشمەرجانەی ئێران قبووڵ بكات و، لە راستیدا پێویستە ئیدارەی بایدنیش مەرجی پێشوەختی تایبەت بە خۆی هەبێت و، پێویستە ئەو پێشمەرجەش ئەوە بێت كە پێویستە ئێران دەستبەجێ دەست هەڵبگرێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، چونكە ئێستا ئێران رێككەوتنە ئەتۆمییەكە پێشێل دەكات، هەرچەندە بیانوو و پاساوی ئێران ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم رێككەوتنە كشاوەتەوە، بەڵام دەبێت ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە رێككەوتنەكە تەنیا لەگەڵ ئەمریكا واژۆ نەكراوە، بەڵكو چەند وڵاتێكی دیكەش لەخۆدەگرێت، كە بریتین لە چوار ئەندامە هەمیشەییەكەی دیكەی ئەنجومەنی ئاسایش، لەگەڵ ئەڵمانیا كە پێی دەوترێت رێككەوتنی 5+1، واتە دەبێت هەڵوێستی ئەم وڵاتانەی دیكەش لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەتا ئەم وڵاتانە بەتایبەتی وڵاتە ئەوروپیەكان، وەك فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بە توندی رەخنەیان لە ئێران گرتووە كە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ لە 20%بەرز كردۆتەوە، بەتایبەتی ئێمە دەزانین پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ رێژەی 20% هیچ پەیوەندییەكی بە ئامانجی ئاشتییانەی پڕۆگرامی ئەتۆمییەوە نییە و، ئەم رێژەیە و رێژەی بەرزتر بۆ دروستكردنی چەكی ناوكییە. سەرباری ئەوەش ئێران بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی ساڵی 2015ی پێشێل كردووە، كە قەدەغەی تاقیكردنەوەی ئەو مووشەكانە دەكات كە دەتوانن هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی بن، ئێمە دەزانین ئێران مووشەكی بالیستیی دوورمەودای تاقیكردەوە و ئامانجەكەش تەنیا بۆ هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییە و هیچی دیكە.
* كەواتە ئەگەر باش لە وەڵامەكەی ئێوە تێگەیشتبین، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یان با بڵێین ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن نایەوێت رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێراندا تەنیا پەیوەست بێت بە پرسی چەكی ئەتۆمییەوە، بەڵكو دەیەوێت گفتوگۆ لەبارەی پرسەكانی دیكەشەوە بكات بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی گشتگیر بێتەئاراوە؟
- بەڵێ، من پێم وایە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەیەوێت ئێران دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت و، دەیەوێت بگاتە رێككەوتنێكی نوێ كە لە هەمان كاتدا چارەسەری پڕۆگرامی مووشەكیی ئێران و دەستڕۆیشتوویی ئێران بكات لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە عێراق و لە سووریا و یەمەن و غەززە و شوێنەكانی دیكەش. بەڵام مەسەلەكە تەنیا پەیوەست نییە بە ئیدارەی ئەمریكاوە، بەڵكو دەبێت ئێرانیش لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكرێت لەو و ڵاتەدا، هەرچەندە دواخراوە بۆ مانگی تشرینی یەكەم، دواتر ئەگەر ئێران دەست هەڵنەگرێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوا گفتوگۆكان هیچ مانایەكیان نابێت.
* كەواتە ئەمە ئەولەوییەتی كاری سەرەكیی ئیدارەی سەرۆك بایدن دەبێت لەم ناوچەیەدا، ئایا هەڵوێستی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە لە ئاست ئەم كێشەیەدا چی دەبێت؟
- من پێم وایە ئەمە كێشە سەرەكییەكە دەبێت و ئەم كێشەیەش بووەتە جێی نیگەرانیی وڵاتی ئیسڕائیل و هەروەها ئەو وڵاتانەی دیكەی ناوچەكە كە بەم دواییە رێككەوتنی ئاشتی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆ كرد، وەك ئیمارات و بەحرەین و سودان، بە هەمان شێوە ئەو وڵاتانەش كە نەچوونەتە نێو ئەم هاوپەیمانێتییە ستراتیژییە لەگەڵ ئیسڕائیلدا وەك عومان و سعودیە.
* ئەی پێت وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سایەی ئیدارەی نوێدا نیگەرانییەكانی ئەم وڵاتانە لەبەرچاو دەگرێت، بەو پێیە راوێژیان پێ دەكات، پێش ئەوەی سیاسەتێك، یان هەڵوێستێكی دیاریكراو لە ئاست ئێراندا بگرێتەبەر؟
- لەم رۆژانەی دواییدا تۆنی بلینكن رایگەیاند كە راوێژ لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەكات لەبارەی گفتوگۆكانەوە، هەرچەندە من دڵنیا نیم لەوەی كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا ئەم كارە ئەنجام بدات، یان نا، چونكە پێشتریش و لە ساڵانی 2013 دا ئیدارەی ئەمریكا رایگەیاند كە لەم بارەیەوە راوێژ لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەكات، بەڵام ئەم كارەی نەكرد، هەرچەندە رەنگە ئەم جارەیان ئەوان وانەكە فێربووبن. هەرچۆنێك بێت پێم وایە ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا روودەدات، ئیسڕائیل لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەم دواییە رێككەوتنی ئاشتییان لەگەڵدا كرد، هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیە و میسردا پێشنیاری خۆیان دەخەنەڕوو لەبارەی ئەوەی پێویستە ئیدارەی ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ ئێراندا چۆن بكات، ئومێدەكەش ئەوەیە كە ئەم بیركردنەوە ستراتیژییە لەلایەن ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدنەوە نادیدە نەگیرێت، هەر وەك چۆن لە كاتی گفتوگۆكاندا لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا سەرۆك ئۆباما ئەم پێشنیارانەی لەبەرچاو نەگرت.
* هەر لە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە، ئایا پێت وایە ئیدارەی نوێی ئەمریكا فشاری زیاتر بخاتەسەر ئیسڕائیل بۆ ئەوەی بەرەوپێشچوونی بەرچاو بێتەدی لە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆییەكانی لەگەڵ فەلەستیندا؟
- ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە فەلەستینییەكان پەراوێز خراون، بەڵام ئێستا ئەوان ئومێدی ئەوە دەكەن كە ئیدارەی سەرۆك بایدن هاوشێوەی ئیدارەی باراك ئۆباما بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا، بەڵام پێم وایە فەلەستییەكان تەواو بە هەڵەداچوون لەم رووەوە، هەرچەندە ئەمە تا راددەیەكیش بەندە بەوەی فەلەستینییەكان چ سیاسەتێك دەگرنەبەر، ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە مەحموود عەباس داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كردووە، كە لە مانگی ئایاردا بكرێت، دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكرێت، كە پێم وایە ئامانجی سەرەكیی ئەم هەڵبژاردنانەش ئەوەیە كە ئەمریكا بە شێوەیەكی چڕتر بێتەوە ناو كێشەی فەلەستین و ئیسڕائیلەوە، هەرچەندە سەرەڕای ئەوەی رەنگە هەندێ ئاماژەی بچووك هەبێت لەلایەن ئەم ئیدارەیەوە لە ئاست فەلەستینییەكاندا، بەڵام جۆ بایدن رایگەیاند كە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە قودسەوە ناگەڕێنێتەوە بۆ تەل ئەبیب، بەڵام رەنگە كونسوڵگەریی ئەمریكا لە قودسی رۆژهەڵات بكاتەوە و هاوكاریی ئابووری بە فەلەستینییەكان بدات، لەوە زیاتر پێم وانییە ئیدارەی بایدن كاتی خۆی و بایەخدانی خۆی تەرخان بكات بۆ هێنانەدی ئاشتییەك كە ئیدارەی باراك ئۆباما سەركەوتوو نەبوو لە دەستەبەركردنیدا، لە كاتێكدا كە ئیدارەی ئۆباما لە هەموو سەرۆكەكانی دیكەی ئەمریكا زیاتر دۆستی فەلەستینیەكان بوو.