دكتۆر ئەرشەد تەها پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە سیاسەتی ئابووری و راوێژكاری پێشكەوتووی ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان: ڕێگای چارەسەركردنی كێشەكان بە ئابووریدا تێدەپەڕێت
February 15, 2021
دیمانەی تایبەت
ئابووریی عێراق ئابوورییەكە حەشدی شەعبی هەژموونی بە سەریدا هەیە، ئەوەش وای كردووە، ئومێدەكانی رێككەوتن لەگەڵ عێراقدا زۆر كەمن، بۆیە تاكە بژاردە لە بەردەم هەرێمی كوردستاندا سیناریۆی رێكخستنەوەی داهات و چاكسازی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و پشتبەستنە بە خۆی، سەبارەت بەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر ئەرشەد تەها پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە سیاسەتی ئابووری و راوێژكاری پێشكەوتووی ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* وەكو شارەزایەكی ئابووری چۆن دەڕوانیتە بارودۆخی ئابووری و دارایی عێراق، لە كاتێكدا هەژموونی میلیشیات و هێزە شیعەكان بە راددەیەكە بودجەی عێراق بەرەو بودجەیەكی چەكداری و سەربازی و دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئاراستە دەكرێت؟
- لە دوای هاتنی داعش و دروستبوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەتایبەتی ئەوانەی ئینتیمایان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو، بارودۆخی سیاسی و سەربازیی عێراق گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆوە بینی بە ئاراستەی كۆتایهاتنی عێراق وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ و پاوانخوازی جومگە سەرەكییەكانی لەلایەن ئەو هێزانەوە، بە راددەیەك میلیشیا و لایەنە شیعەكانی عێراق لە هەژموونی دەسەڵات تێپەڕ بوون و بەرەو حوكمڕانیی رەها رۆیشتوون. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش كە بەپێی هەندێك هاوكێشەی ئاڵۆز هاتە سەر حوكم، لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ حزب و لایەنێكی سیاسیی بەهێز نییە، بۆیە هیچ دەسەڵاتێكی لە دەستدا نییە، ئەوە بوو كاتێك پڕۆژە یاسای قەرز لە پەرلەمان بێ ئامادەبوون و رەزامەندیی كورد تێپەڕكرا و بەم شێوەیە هێزە چەكدارەكانی شیعە هەژموونی خۆیان كردە سەر لایەنی دارایی و نەوتی و ئابووریی عێراق و رەچاوی هاوبەشی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان و رێككەوتنەكانی پێشوویان نەكرد. لە 17 ساڵی رابردوودا بۆ یەكەمین جارە پەرلەمانی عێراق بەو شێوەیە دژی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان ببێتەوە، گرفتە گەورەكەش لەوەدایە ئەگەرچی زۆربەی ئەم هێزە شیعەیانە دژی ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كوردستانن و دڵیان بە بوونی هەرێمی كوردستان خۆش نییە و بە دوای دەرفەتێكدا دەگەڕێن بۆ هەڵوەشانەوەی هەرێم و دەیانەوێت وەكو پارێزگاكانی دیكەی عێراقی لێ بكەن، لەگەڵ ئەمەشدا هەموو هێزە شیعەكان و میلیشیاكانیان فرەمەرجەعن و یەك دەنگ نین و رۆژ لە دوای رۆژیش هەژموون و ژمارەیان روو لە زیاد بوونە، بۆ نموونە لە بودجەی 2021ی عێراقدا دەبینین بە رێژەی 30% ژمارەی حەشدی شیعە زیادی كردووە و مووچەكانیان زۆر بەرز كراوەتەوە و، تەمویلی ناوخۆیی و دەرەكی دەكرێن، بۆیە گفتوگۆ و رێككەوتنیش لەگەڵیاندا نەك هەر ئاسان نییە، بەڵكو ئاستەمە، چونكە ئەوان بەپێی ئەجندای مەزهەبی و دەرەكی هەڵسوكەوت دەكەن.
* سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە لە بودجەی 2021 عێراقدا بۆ میلیشیا شیعیەكان تەرخان كراوە، هیچ داتاو زانیارییەك هەیە؟
- لە بودجەی 2021ی عێراق 2 تریلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی تەرخان كراوە، لەكاتێكدا ئەگەر حكومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێك بكەوێت، تەنیا نزیكەی 5 تریلیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، بەو پێیەی نیوەی زیاتری ئەو پشكەی هەرێم كە نزیكەی 13 تریلۆن دینارە لە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم دابین دەكرێت، واتا هێندەی لە50%ی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ حەشدی شەعبییە. لەلایەكی دیكەوە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لە بودجەی گشتیی 2021ی عێراقدا 27 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتێكی گرنگی وەكو كشتوكاڵ كە بۆ بووژانەوەی ئابووری زۆر پێویستە، تەنیا 900 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە. هەروەها ئەو داهاتەی كە لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت، زۆربەی هەرە زۆری بۆ میلیشیاتە چەكدارەكان و هێزە شیعەكان خەرج كراوە.
* كەواتە بودجەی عێراق سەرەڕای ئەوەی كورتهێنانی هەیە، كەچی زیاتر بۆ لایەنی سەربازی و ئەمنی و حەشدی شەعبی تەرخان كراوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم سیاسەتە هەڵە ئابوورییە چارەنووسی وڵات بەرەو كوێ دەبات؟
- حكومەتی عێراق دەڵێت، بودجە كورتهێنانی گەورەی تێدایە و دەبێت سیاسەتی سكهەڵگووشین جێبەجێ بكرێت و، نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەكانی دیكە دادەبەزێنن و باج دەخەنە سەر مووچە و پاڵپشتیی بەرهەمەكانی سووتەمەنی و بەنزین و خۆراك لادەبەن و پسوولەی خۆراك بچووك دەكەنەوە و بارقورسی دەخەنە سەر مووچەخۆر و هاووڵاتی ئاسایی، كەچی ساڵ لەدوای ساڵ بودجەكە زیاتر بۆ هەرسێ لایەنی سەربازی و ئەمنی و حەشدی شەعبی كە دەگاتە 25%ی هەموو پارەی عێراق بۆ چەكدارەكانیان تەرخان كردووە و بە بەهای 5-6 تریلیۆن چەك دەكڕن، ئەمە هەمووی لەكاتێكدایە ئەوەی عێراق دەپارێزێت لە بەرامبەر دەرەوە، ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانانە، نەك هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەمشێوەیە گەندەڵی و پەرتەوازەی و هەژموونی میلیشیاتە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و فرە مەرجەعییەت و پشتبەستن بە تەنیا سەرچاوەیەكی داهاتی نەوت هەمووی وای كردووە، مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقدا زەحمەت بێت. تەنانەت پشتبەستن بە داهاتی باج و گومرگ لە سەر كاڵای هاوردەكراو ئەویش لەسەر حیسابی ئابووریی عێراقە، چونكە عێراق تەنیا كاڵا هاورەدە دەكات و هەناردەی بۆ دەرەوەی نییە.
* لەم بارودۆخە ئاڵۆزو هەستیارەدا تاچەند ئومێد هەیە هەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتنێك و لە رووی كردارەوە بەغدا جێبەجێی بكات؟
- بەغدا نەك هەر نایەوێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكبكەوێت و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بنێرێت، بەڵكو ئەگەر بۆی بكرایە رێگای نەدەدا هەرێم خاوەنی ئەو داهاتە نەوتی و نانەوتییەش بێت كە ئێستا دەستی دەكەوێت، ئەمەش دەستی ئیقلیمی لەپشتە، من تەنیا ئومێدێكم بە هەوڵەكانی ئەمریكا و بەریتانیا هەیە، كە فشارێكی نێودەوڵەتی دروست بكەن، بۆ ئەوەی بەغدا ناچار بێت، پابەندی ناردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم بێت، لەبەرامبەر ئەو پاڵپشتییە ئیقلیمییە بۆ شیعە دەبێت ئێمەش هەوڵە نێودەوڵەتییەكانمان لەگەڵ هەردوو وڵاتی زلهێزی جیهان ئەمریكا و بەریتانیا زیاتر بكەین.
* ئەگەر بەغدا وەكو ساڵانی رابردوو هەر پشكی هەرێمی كوردستان نەنێرێت، ئایا هەرێم جگە لەپشتبەستن بە توانا ناوخۆییەكان و پێشخستنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هیچ بژاردەیەكی دیكەی لە بەردەستدا هەیە؟
- ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو 10 تریلیۆن دینارەی لەپشكی هەرێم لەبودجەی عێراق بۆ نەیەت، ناچار دەبین پەنا بۆ داهاتە ناوخۆییەكان ببەین، كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئەوەیە هەموو ئەو داهاتە نەوتی و نانەوتییە كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت داهاتی ناوخۆی هەرێم چەندە، كە وا باس دەكرێت نیو هێندەی ئەو بڕە پارەیەیە كە ئەگەر بەغدا بینێرێت، لەسەر ئەم سیناریۆیەش مووچە دەدرێت و خەرجی وەزارەتەكان رێك دەخرێتەوە، سەبارەت بەوەی ئایا لە ماوەی مانگێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت پلانی ئابووری رێكبخاتەوە و وەرچەرخان لە ئابووری و سێكتەرە جۆراوجۆرەكان بكات؟ ئەوا بێگومان نەخێر ناتوانێت، و تەنیا لە پلانی مامناوەند و درێژخایەن دەتوانێت ئەم گۆڕانكارییە پێویستە ئەنجام بدات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئابووری یەك پاكێجە و وەكو جەستەی مرۆڤە و ناتوانرێت گرنگی بە هەندێك بوار بدات و بە هەندێكی دیكەی نەدات. لەلایەكی دیكەوە بوونی 750 هەزار فەرمانبەر و زیاتر لە 500 هەزار خانەنشین و مووچەخۆرانی دیكە بارگرانییەكی گەورەیە لەسەر حكومەت و پێویستی بە پلانێكی تۆكمە هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت حكومەت سوودی لێوەربگرێت و، وەزارەتەكان لانیكەم بە داهاتەكانیان مووچەی فەرمانبەرەكانیان دابین بكەن، من پێم وایە پێویستە لێژنەیەكی باڵای ئابووری لە ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی پلاندانان بێت بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆكی حكومەت، چونكە وەزارەتی پلاندانان لە ماوەی رابردوودا نەیتوانیوە بە كاروئەركی خۆی هەڵسێت و، ئەو پلانە داڕێژێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكاندا جێبەجێی بكات. وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و تەندروستی و خوێندنی باڵاش ئەگەر پلان و بەرنامەی باش و سیاسەتی گونجاویان هەبێت، دەتوانن مووچەی مووچەخۆرانیان دابین بكەن، بۆ دەبێت نەخۆشخانە و زانكۆیەكی تایبەت مووچەی فەرمانبەران و تەواوی ستافەكەی دابین بكات، كەچی ئەو وەزارەتانە نەتوانن؟ دەكرێت حكومەتی هەرێم لە رێگەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی، بودجەیەكی زۆری بۆ بگەڕێتەوە و هەموو ئەو پارانە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی كەرتی بەرهەمهێنان خەرج بكات و ئابووری ببووژێنێتەوە. لەلایەكی دیكەوە پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی بە شێوەیەك بێت هەم پێداویستیی ناوخۆ دابین بكات و، هەم هەلی كار بۆ گەنجەكان بدۆزێتەوە و وردە وردە داهاتی نەوتی بگوازێتەوە بۆ داهاتی نانەوتی، هیچ رێگرییەك لەبەردەم دروستكردنی چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی وەكو پیشەسازیی پترۆكیمیاوی و پاڵاوتگە نییە و، كەمیی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانیش هەلێكی گەورەیە لەبەردەم حكومەتی هەرێم بۆ خۆرزگاركردن لەقەیرانی دارایی، ئەمەش لە رێگەی راكێشانی گەورە كۆمپانیاكان كە زۆرترین هەلی كار دابین دەكات، ئەوەتا وەكو نموونە كۆمپانیای ژەنەڕاڵ مۆتۆرز چوار ملیۆن فەرمانبەری هەیە، وەزارەتەكان لە رێگەی پڕۆژەی هاوبەش دەتوانن لەلایەك ئەدای خزمەتگوزارییەكانیان پێش بخەن و، داهاتەكان بەفیڕۆ نەدرێت و، مووچەی فەرمانبەرانیشیان بگوازنەوە سەر ئەو كۆمپانییانە، بەپێچەوانەوە نەوت كاڵایەكی سیادی و سیاسییە و نرخیشی سەقامگیر نییە و، نەوت تاكە كاڵایە لەجیهان نرخەكەی بەدەست كڕیارەكانە، نەك فرۆشیارەكان، بۆیە پشتبەستن بەو داهاتە چارەنووسمان نادیار دەكات و دووچاری مەترسیی گەورەمان دەكاتەوە.
* ئەگەر هەڵوەستەیەك لەسەر سیاسەتی نەوت بكەین، پێت وانییە پێویستیمان بە چاوخشاندنەوەیەكی خێراو سەرتاسەری هەیە بە كۆی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و ناردنە دەرەوەی نەوت بەتایبەتی كە خەرجییەكان زۆر زۆر زیادن؟
- لە پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە 65% بۆ 68%ی داهاتەكان بۆ خەرجییەكان دەگەڕێتەوە و تەنیا نزیكەی 35%ی داهات دەمێنێتەوە، دەرهێنان و گواستنەوەو فرۆشتنیشی كەموكورتیی زۆری تێدایە، پێویستە حكومەت چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەكاندا بكات و چاودێری توند لەسەر كۆمپانیاكان دابنرێت كە پارەیەكی زۆریان بەهەدەر داوە، هەروەها لە بواری پاسەوانی و خزمەتگوزاریدا حكومەت دەتوانێت ئەم كارە بە پێشمەرگە و فەرمانبەرانی حكومەت بسپێرێت، ئێمە لە هەرێمی كوردستان سێ پاڵاوتگەی گەورەمان هەیە كار و قەیوان و لاناز كە بە هەرسێكیان 370 هەزار بەرمیل بەرهەمیانە و هەردوو كۆمپانیای كارو قەیوان گرێبەستەكانیان لەگەڵ عێراقدا تەواو بووە، ئەمە دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ئەوەی بەشێكی زۆری ئەو نەوتەی هەناردەی دەكەین بە خاوی و بە نرخێكی كەم دەیفرۆشین، پێكهاتەی دیكەی لێ دروست بكەین و، داهاتەكەی بكەینە سێ چوار ئەوەندە، ئەمەش رێگایەكە بۆ ئەوەی نەك بەرهەمهێنان زیاد بكەین، بەڵكو لە رووی تێچوون و نرخەوە داهاتی ئەو بڕە نەوتە زیاد بكەین، كە بەرهەمی دەهێنین، بەداخەوە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەمەدا كەمتەرخەم بووە و شارەزاییەكی ئەوتۆی تێدا نییە.
* لایەنێكی دیكەی گرنگ لەدوای نەوت داهاتی خاڵە سنوورییەكان و باجی گومرگە، حكومەتیش چەند رێوشوێنێكی جێبەجێ كردووە، بۆ ئەوەی ئەم داهاتە بەفیڕۆ نەدرێت، وەكو شارەزایەكی ئابووری چۆن دەڕوانیتە دۆسێی خاڵە سنوورییەكان و چاكسازییەكانی ئەم بوارە؟
- دووەم داهات لەدوای نەوتی خاو و غازی سرووشتی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و گومرگە، هەرچەندە من دڵم زۆر خۆش نییە بەم داهاتە، چونكە زیاتر لە هێنانەوە بەدەست دەهێنرێت، نەك لە هەناردە، بەڵام ناكرێت لەم كاتی قەیران و گرفتە گەورەیەی دارایی لە خاڵە سنوورییەكان دیاردەی قاچاخچێتی و بە هەدەردانی موڵك و سامانی گشتی هەبێت، خۆ ئەگەر ئێمە پیشەسازیی گەورە لەناوخۆی هەرێم دابمەزرێنین بۆ ئابوویری هەرێم باشتر دەبێت و، هەلی كاری باش دابین دەكرێت و، پارەی هەرێم ئەوەندە ناچێتە وڵاتانی دەوروبەرمان، لەمەشدا پێویستە حكومەت پاڵپشتیی كەرتی تایبەت بكات و پشتگیریی گومركی و كێبڕكێی دەرەكی بكات و، لە ناوخۆدا كارئاسانی بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی بكات، ئەمەش تەنیا بە كەرتێكی پیشەسازیی زۆر گەورە جێبەجێ دەكرێت، كە توانای بەرهەمی لە رووی چەندایەتی و جۆرایەتییەوە باش بێت، زۆر لە پیشەسازیی خۆراكی و كاڵا هەیە لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێك دەتوانرێت لەناوخۆدا بەرهەم بهێنرێت. هاوكات دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان دەتوانێت بە هاندانی گەورە كۆمپانیاكانی بواری تەكنەلۆژیا و پیشەسازیی قورس لق لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە و حكومەتیش باجیان لێ وەربگرێت و دەستی كارێكی زۆرمان بۆ بخەنە سەر كار، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاو پڵنگەكانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە وڵاتانی هەژار و دواكەوتووەوە بوونە وڵاتانێك كە كێبڕكێی وڵاتە گەورەكانی جیهان دەكەن لە بواری تەكنەلۆژیا و پیشەسازی كە سەرەتا بە سیاسەتی راكێشانی لقی گەورەكۆمپانیاكانی نێودەوڵەتی بوو، بەداخەوە بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژە بچووك و مامناوەندانەی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە چەند ساڵی رابردوو وەرگرت، زیاتر ئامانجیان بەدەستهێنانی زەوی و فرۆشتنەوەی بوو، یان گۆڕینی زەوییەكە بوو بۆ كارو مەبەستێكی دیكە.
* هەموو ئەم فەلسەفە و دیدگاو سیاسەتە ئابوورییە پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی لە ناوخۆی هەرێم و كاری هاوبەشی حزبە سیاسییەكان هەیە بە پاڵپشتیكردنی حكومەت، پێت وانییە هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و ئاشتی و تەباییی ناوخۆ هەیە بۆ ئەوەی حكومەتی بتوانێت بەرنامەكانی خۆی جێبەجێ بكات؟
- راستە سەقامگیریی سیاسی بۆ سەقامگیریی ئابووری گرنگە، بەڵام بێ پەرەپێدانی ئابووریش سەقامگیریی سیاسی دروست نابێت، وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا ئەو وڵاتانەن كە لە رووی ئابوورییەوە پێشكەوتوون و لە رووی تەكنەلۆژیای سەربازییشەوە پێشكەوتوون، بۆیە من پێم وایە هاوكێشەكە زیاتر پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەیە، هەموو ئەو وڵاتانەش هەر لە خۆشگوزەرانیدا نەبوون، بەڵكو لەناو هەناوی گرفت و كێشەكاندا دروست بوون، بۆ نموونە وڵاتی كۆریای باشوور 10ساڵ شەڕ و چەندین ساڵی دیكە ژێردەستەیی بینیوە، تا ئەمڕۆش هەڕەشەی چەكی ئەتۆمی كۆریای باكووری لەسەرە، هیچ وڵاتێك رێگاكەی گوڵڕێژ نەبووە و هەوڵ و پلانی پەرەپێدانی ئابووری هەبووە، هەربۆیە دەبێت هەموو پلان و بەرنامە و سیاسەتەكانمان بەو ئاراستەیە بێت لە قەیرانی دارایی دەربازمان بێت، ئێستا ناڕەزایەتیی سیاسی و گرفتی كۆمەڵایەتی و حزبایەتی كێشەی بۆ حكومەت دروست كردووە و نازانێت چۆن بیر لە چارەسەری كێشەكان و بونیاتنانی وڵاتەكە بكاتەوە، بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و هەژاری دەنگی ناڕەزایەتی زیاد دەكات و، گرفت و كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی لێدەكەوێتەوە، ئەگەر هاوكێشەكە پێچەوانە بكەینەوە، هەموو گەنجەكان لەبری ئەوەی رەخنەیان هەبێت، دەبنە دەنگی پاڵپشتی حكومەت و بەشداریكردن لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی هەرێمەكە، بۆیە هەموو كێشەكان یەك كلیلی هەیە كە دەبێت لە دەروازەی ئابوورییەوە دەست پێ بكەین، ئەمەش پێویستی بە شارەزایی و ئیرادە هەیە، بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و سوودوەرگرتن لە هەڵەكانی رابردوو بۆ ئەوەی دووبارەی نەكەینەوە، لەهەموو دنیادا سەرۆكی حكومەت دیدی بۆ چاككردنی ئابووری هەیە و لەم پێناوەدا كارنامەی هەیە، بەڵام دەبێت دوو باڵی سەرەكی (وەزارەتی پلاندانان و دارایی) پلانەكان بخەنە بەردەستی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو دیدگاو كارنامەیە، ئەگەر ئەم دوو وەزارەتە نەتوانن، دەبێت پەیكەری ئەو دوو وەزارەتە لە ریشەوە بگۆڕدرێت و سەرمایەی مرۆیی گرنك رابكێشێتە ناو هەردوو وەزارەتەكە، بەپێچەوانەوە زۆر زەحمەتە بتوانرێت ئامانجە گەورەكانی پەرەپێدانی ئابووری و فرەچەشنكردنی ئابووری جێبەجێ بكرێت و لە قەیرانە سەختەكانی دارایی و ئابووری دەربازمان بێت.