یانیس ستیڤاچتیس بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی نێودەوڵەتی لە زانكۆی ڤێرجینیای تەقەنی بۆ گوڵان: متمانەكردن بە جۆ بایدن لەئارادایە، بەڵام بە گومانەوە لە سیستمی سیاسیی ئەمریكا دەڕواندرێت

یانیس ستیڤاچتیس بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی نێودەوڵەتی لە زانكۆی ڤێرجینیای تەقەنی بۆ گوڵان: متمانەكردن بە جۆ بایدن لەئارادایە، بەڵام بە گومانەوە لە سیستمی سیاسیی ئەمریكا دەڕواندرێت
یانیس ستیڤاچتیس پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ڤێرجینیای تەقەنی و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی نێودەوڵەتییە لە هەمان زانكۆ، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی بنەڕەتی دەدات، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتە ناوخۆییەكان، پەرەسەندنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سیستمی جیهانی و سیستمی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بەو گۆڕانكاری و ئاڵۆگۆڕانەی پێشبینی دەكرێت لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی پەیوەندییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* سەرەتا دەمانەوێت بزانین تێڕوانینی ئێوە لەبارەی ئەدای ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدنەوە لەو ماوە كورتەی كە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست چییە، بەتایبەتی ئەگەر لە روانگەی وتاری دەستبەكاربوونیەوە وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا هەڵسەنگاندنەكە بكەین؟
- بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەدای ئەم ئیدارەیە جیاوازە و جیاواز دەبێت لە ئەدای ئیدارەكەی پێش خۆی، ئەوەی پەیوەست بێت بە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئەوا هەندێ لە گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕ روو دەدات، بەتایبەتی ئیدارەی سەرۆك بایدن هەوڵدەدات هەندێ لەو پەیوەندییانە دروست بكاتەوە و دایبمەزرێنێتەوە كە لەلایەن ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە پچڕێندرابوون، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییە هاوپەیمانەكاندا، هەروەها هەندێ گۆڕانكاری لە ئاست توركیادا بەدی دەكەین، كە ئێمە بینیمان لە سایەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا توركیا ئازادییەكی زیاتری هەڵسوكەوتكردنی هەبوو، ئەمەش لە سایەی ئیدارەی جۆ بایدندا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، لەلایەكی دیكەوە ئیدارەی جۆ بایدن هەوڵ دەدات دووبارە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگەڕێنێتەوە بۆ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئێمە هەموومان دەزانین لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا ئەم سەركردایەتییە لاواز بوو.
* ئەوەی لە وەڵامەكەی ئێوەدا دەردەكەوێت و هەروەها ئەوەی لە ئێستاشدا روودەدات، ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن هەوڵی هەڵوەشاندنەوە، یان پێچەوانەكردنەوەی هەندێ لە بڕیار و سیاسەتەكانی ئیدارەی پێش خۆی بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەدات، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك لەم رووەوە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی سەركەوتوو دەبێت؟

- ئەگەر ئێمە باسی میراتی ئیدارەی ترەمپ بكەین لە پەیوەندی بە كاروبارە نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەوا ئێمە دەزانین كە ئەو ئیدارەیە زیاتر رەوتێكی گۆشەگیرانەی گرتەبەر لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، هەروەها نەیتوانی زۆرێك لە ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، ئەو بۆچوونەشی كە پێی وابوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت سەركەوتن لە چەندین رووەوە تۆمار بكات، بۆچوونێكی دروست نەبوو، پرسێكی دیكە ئەوە بوو كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەو نەریتەی شكاند كە ئەمریكا بۆ رۆژگارێكی دوور و درێژ پەیڕەوی دەكرد، كە بریتی بوو لە رەتكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ تیرۆریستاندا، بەڵام ئێمە بینیمان كە ئەم نەریتە شكێندرا لە پەیوەندی بە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ئەفغانستاندا. بە شێوەیەكی گشتی دەتوانم بڵێم كە میراتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هێندە بەهێز نییە و كەسانێكی زۆریش هەن دەیانەوێت لەبیری بكەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە كاروبارە ناوخۆییەكانی ئەمریكاوە هەبێت، ئەوا ئەمە پرسێكی تەواو جیاوازە، ئاشكرایە بەشێكی زۆری خەڵكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بایەخ بەوە نادەن كە چی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگوزەرێت، هەروەها خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ دۆناڵد ترەمپ هەیە، كە ئەوە بوو بەشێكی زۆری خەڵكی ئەمریكا دەنگیان پێ دا و پشتیوانییان لێ كرد، كەواتە ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەدی دەكەین، دابەشبوونێكە لە نێو كۆمەڵگەی ئەمریكیدا، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زووە بڵێین ئاراستەی بارودۆخەكە لە ناو ئەمریكادا بە چ ئاقارێكدا دەڕوات، لەبەر ئەوە دەبێت چاوەڕوان بین و ببینین بارودۆخەكە چۆن پەرە دەستێنێت، چونكە ئێمە دڵنیا نین لە هەندێ پرس و مەسەلەی ناوخۆیی نێو ئەمریكا، بۆ نموونە ئایا حزبی كۆمارییەكان وەك حزبێكی یەكگرتوو دەمێنێتەوە، یان دابەش دەبێت، چونكە ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا كاریگەری و دەرئەنجامی گەورەی لێ دەكەوێتەوە.
* ئێوە لە وەڵامەكانی پێشوودا باسی ئەوەتان كرد كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن هەوڵی ئەوە دەدات وڵاتەكە پێگەی سەركردایەتی بگرێتەوە دەست لە سەر ئاستی جیهاندا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەربەستە سەرەكی و تەحەددییە دژوارەكانی بەردەمی لەم رووەوە چین و تا چ راددەیەك پێشبینیی سەركەوتنی لێ دەكرێت، بەتایبەتی كە بێمتمانەییەكی زۆر لە ئاست ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دروست بووە؟


- ئەوەی پەیوەست بێت بە تەحەددییە سەرەكییەكانی بەردەم ئیدارەی بایدن بۆ گێڕانەوەی سەركردایەتیی ئەمریكا، ئەوا دەكرێت ئاماژە بە وڵاتی چین بكەین، كە ئاشكرایە لە ئێستادا چین وڵاتێكی بەهێزتر و پێداگیرترە بەراورد بە رابردوو، كە دەبێت ئیدارەی سەرۆك بایدن ئەمە لەبەرچاو بگرێت و وەك پێویست مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەوەی پەیوەندی بە یەكێتیی ئەوروپاوە هەبێت، ئەوا وڵاتانی ئەوروپی بە چاوی گومانەوە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڕوانن، ئەویش نەك لەبەر ئەوەی متمانەیان بە جۆ بایدن نییە، بەڵكو ئەوان بە گومانەوە لە سیستمە سیاسییەكەی ئەمریكا دەڕوانن، بەتایبەتی كە دوو ساڵی دیكە هەڵبژاردن بۆ كۆنگرێس دەكرێت، پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا كۆنگرێس گۆڕانكاریی بەسەردا دێت لە نێوان كۆماری و دیموكراتەكاندا، یان نا؟ ئەمەش وامان لێ دەكات، پێشبینیی ئەوە بكەین كە وڵاتانی ئەوروپا خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی رۆڵێكی پتر سەربەخۆ بگێڕن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، یان بە دەربڕینێكی دیكە رۆڵێكی یەكسان و هاوشان بە رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگێڕن، پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆڵی سەركردایەتی دەبینی و وڵاتانی ئەوروپا شوێنكەوتوو بوون، بەڵام ئێستا وڵاتانی ئەوروپا هەوڵدەدەن هاوسەنگی بگێڕنەوە بۆ پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، كەواتە ئەوان متمانەیان بە سەرۆك جۆ بایدن هەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بە هەمان ئەندازە متمانەیان بە كۆنگرێس هەیە؟
* بەم دواییە ئێوە بەشداریتان لە نووسینی كتێبێك كردووە تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەواتە كەسێكی شارەزای سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بارودۆخی ئەم ناوچەیەن، چۆن لە هەلومەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن و ئایا دروستترین سیاسەتێك كە پێویستە ئیدارەی سەرۆك بایدن بیگرێتەبەر لە ئاست ئەم ناوچەیەدا چییە؟
- بە تێڕوانینی من ئەولەوییەتی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتی دەبێت لە وڵاتی ئێران و رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، واتە تیمی ئیدارەكەی بایدن پێیان وایە ئەمە ئەولەوییەتی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر چارەسەر بكرێت، ئەوا هەندێ پرسی دیكەش قابیلی چارەسەركردن دەبن، وەك نیگەرانییەكانی هەردوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئیسڕائیل، ئەولەوییەتێكی دیكە كە ئەم ئیدارەیە كاری لەسەر دەكات، بریتی دەبێت لە توركیا، كە ئێمە دەزانین هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا دەیانەوێت رۆڵێكی گەورەتر و گرنگتر ببینن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت.
* ئێوە باسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەتان كرد، كە ئەمە مشتومڕێكی زۆری لە نێو خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەروەها وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەسەر دەكرێت، هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێ كرد، لە عەرەبستانی سعودیە و ئیسڕائیلدا، پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە كە جارێكی دیكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ نێو ئەم رێككەوتنە و ئایا ئەگەر ئەمە رووی دا، رێككەوتنەكە هەروەك خۆی دەمێنێتەوە، یان گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت؟
- ئەوەی لەم رووەوە بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە جۆ بایدن هەوڵ دەدات هەڵسەنگاندنێك بۆ هەلومەرجەكە بكات، رەنگە هەوڵ بدات مەرجی نوێ بخاتە روو، بە دڵنیاییەوە ئیدارەی بایدن لەم رووەوە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكان و هەروەها وڵاتی رووسیاش دەكات، ئەوەی پەیوەست بێت بە ئێرانەوە، ئەوا سەركردایەتیی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین مەرجی نوێ بهێندرێتەئاراوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، هەموو شتێك قابیلی گفتوگۆكردنە، لە ئێستادا ئەم پرسە بە تەواوەتی روون نەبۆتەوە، ئەوەی لە ئێستادا دەتوانرێت بوترێت، ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك بایدن لە دوای گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەكانیدا پتر هەڵوێستی لەم بارەیەوە روون دەبێتەوە.
* پێتان وایە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن هەمان ئەو سیاسەتەی ئیدارەی پێش خۆی (سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار) لە ئاست ئێراندا درێژە پێ بدات، بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە گفتوگۆ و سازشكردن بكات؟
- من پێم وایە نابێت گوشارەكان تەنیا لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بكرێن، بەڵكو دەبێت سزاكان فرەلایەن بن بۆ ئەوەی كاریگەرییان هەبێت، هەر لەبەر ئەمەش بوو كە پێشتر ئاماژەم بەوە كرد، سەرەتا ئیدارەی بایدن گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكان و رووسیا دەكات، دواتر بڕیار دەدات چ هەڵوێستێك بگرێتەبەر، واتە ئەم ئیدارەیە نایەوێت لەم رووەوە بە تەنیا بڕیار بدات، بەڵكو دەیەوێت هەڵوێستێكی هاوبەش دروست بكات.
* هەر سەبارەت بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك ئاشكرایە هەندێ پەرەسەندن لەم ناوچەیەدا رووی داوە، وەك ئاساییبونەوەی پەیوەندییەكانی ئیسڕائیل لەگەڵ هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەكان، كە ئەمە بە دەستكەوت و سەركەوتن بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێك دەدرێتەوە و پێدەچێت ئیدارەی نوێی ئەمریكا كار لەسەر پێچەوانەكردنەوەی ئەم بەرەوپێشچوونە نەكات، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەمە هیچ گومان هەڵناگرێت، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت درێژە بە پەیوەندییە باشەكانی بدات لەگەڵ ئیسڕائیل و هەروەها وڵاتە عەرەبییەكانیشدا.
Top