جۆن تیرمان بەڕێوەبەری جێبەجێكار و توێژەری باڵا لە سەنتەری میتس بۆ دیراساتی نێودەوڵەتی، بۆ گوڵان: بایدن پێداچوونەوە بە پابەندبوونەكانی ئەمریكا لە ئاست عێراقدا دەكات

جۆن تیرمان بەڕێوەبەری جێبەجێكار و توێژەری باڵا لە سەنتەری میتس بۆ دیراساتی نێودەوڵەتی، بۆ گوڵان: بایدن پێداچوونەوە بە پابەندبوونەكانی ئەمریكا لە ئاست عێراقدا دەكات
جۆن تیرمان بەڕێوەبەری جێبەجێكار و توێژەری باڵایە لە سەنتەری میتس بۆ دیراساتی نێودەوڵەتی، هەروەها نووسەر و هاونووسەری 14 كتێبە لە بواری كاروباری نێودەوڵەتیدا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك چارسەركردنی ناكۆكییەكان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كۆچبەران و ئاوارەكان، ناكۆكیی ئیتنی، وڵاتانی كەنداو و پەرەپێدان، سیاسەتی دەرەوە و تیرۆریزم و مافەكانی مرۆڤ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە ئەدای ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن و سیاسەتەكانی لە بارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین پرس و بابەتی دیكەی پەیوەندیدار.
* پێش ئەوەی لەبارەی ئەدای ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پرسیار بكەین، یان لە بارەی ئەدای ئیدارەی سەرۆك بایدن هیچ پێشبینییەك بكەین، پێمان باشە هەنگاوێك بگەڕێینەوە دواوە و ئاماژە بەو مشتومڕ و كێشانە بكەین، كە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا روویان دا، بەتایبەتی كە دەگوترێت ئاماژەن بە كێشەی قووڵی دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە بۆ من مایەی سەرسوڕمان نەبوو، یان شتێكی چاوەڕواننەكراو نەبوو، هەرچۆنێك بێت، گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدنەوە كاریگەری و ئاكامی گەورەیان دەبێت بۆ ناوچەكەی ئێوە و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بۆ تێكڕای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. خاڵێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم و لە پرسیارەكەی ئێوەشدا ئاماژەی پێ كراوە، مشتومڕی دوای هەڵبژاردنەكان ئەوەیە كە هێرش و لێدوانەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە دژی دامەزراوە دیموكراتییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە ئەمە كارێكی بێ پێشینە بوو لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، لە راستیدا ئەمە مایەی كێشە و گرفتی گەورە دەبێت لە ئایندەدا، ئەگەر بێت و شوێنكەوتووانی بەردەوام بن لەسەر ئەم چەشنە هێرشانە بۆ سەر دامەزراوە دیموكراتییەكان، بەتایبەتی هەڵمەتی چەواشەكردن و بڵاوكردنەوەی تیۆری پیلانگێڕی، كە پێم وایە ئەم پرسە رەنگدانەوەی لەسەر پرسی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش دەبێت، بەتایبەتی ئێمە بینیمان سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هێرشی دەكردە سەر نەك هەر كەسایەتیی بەڕێز جۆ بایدن، بەڵكو پەلاماری كەسایەتیی كوڕەكەشی دەدا، هەموو ئەوانەش لە پێناوی ئەوەی كە گومان بخاتە سەر راستی و دروستی و شەرعییەتیی كردار و گوفتارەكانی بایدن لە بارەی كاروبارە نێودەوڵەتییەكانەوە، لە نێویاندا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە عێراق و پرسی ناكۆكیی فەلەستین و ئیسڕائیل و پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران و ئەگەری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراقدا.


* ئاماژەتان بە هەوڵەكان، یان كاركردنی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كرد بۆ لاوازكردنی دامەزراوە دیموكراتییەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئایا پێتان وایە تا چ راددەیەك زیانی بەم دامەزراوانە گەیاندووە، بەتایبەتی كە ئاماژەتان بەوە كرد، كە ئەمە لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەرەسەندنێكی بێ پێشینەیە؟ روونتر بڵێین ئایا ئیدارەی سەرۆك بایدن دەتوانێت دووبارە ئەم دامەزراوانە بەهێز بكاتەوە؟
- لە راستیدا دەبێت ماوەیەك تێپەڕێت بۆ ئەوەی بتوانین بە روونی و بە راست و دروستی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، چونكە دەبێت ئێمە ئەو راستییەش نادیدە نەگرین كە لەو هەڵبژاردنانەی كە سەرۆك ترەمپ پێی وابوو هەڵبژاردنی شەرعی نین، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی ئەمریكا دەنگیان لە بەرژەوەندیی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ داوە، ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە، چونكە لەم حاڵەتەدا ئەو كەسانەی دەنگیان بە ترەمپ دا، پێیان وایە جۆ بایدن سەرۆكێكی ناشەرعییە، ئەمەش پاساوێك دەداتە دەستی حزبی كۆمارییەكان بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە كە بەهۆی ساختەكارییەوە سەرۆك ترەمپ دەسەڵاتی لە دەست داوە، ئەمەش حاڵەتێكی نائاساییە بۆ سەرۆكی پێشوو، چونكە ئەوەندەی من بە بیرم بێت، هەر سەرۆكێكی ئەمریكا دەسەڵاتی لە دەست دابێت و هەڵبژاردنەكانی دۆڕاندبێت، ئەوا لە ژیانی سیاسی دووركەوتۆتەوە و تێكەڵی سیاسەت نەبووە، بەلای كەمەوە بە شێوەیەكی ئاشكرا، بەڵام پێدەچێت بەڕێز ترەمپ دوای دەسەڵاتیش وەك كەسێكی چالاكی نێو ژیانی سیاسی بمێنێتەوە.

* ئەگەر بێینە سەر پرس و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا وەك دەزانین پەرەسەندن و واقیعی نوێ لەم ناوچەیەدا دروست بوون، كاتێك باسی ئەم ناوچەیەش دەكرێت، ئەوا ناكرێت لەم رووەوە باس لە رۆڵ و كاریگەریی هەڵوێست و سیاسەتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەكرێت، ئایا ئێوە چۆن لە سیاسەتی جۆ بایدن و ئەمریكا لە ئاست كێشە و پرس و تەحەدییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن؟
- سەرەتا من دەمەوێت ئاماژە بە لێدوانی سەرۆك جۆ بایدن بكەم لە بارەی گەڕانەوە بۆ نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، هەرچەندە ئەمە بۆ ماوەیەكی زۆر لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا مایەی مشتومڕ و هەڵوێست و تێڕوانینی ناكۆك بە یەك دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە لۆبیی ئیسڕائیل لە نێو ئەمریكا بەهێزە و بە توندی بەرهەڵستیی ئەم كارە دەكەن.


* تەحەددییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەم نین، بەڵام ناكرێت باس لە تەحەددی و كێشە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەش نەكرێت، كە بە دڵنیاییەوە رەنگدانەوەیان لەسەر سیاسەتی دەرەوە دەبێت، پێشبینییەكانی ئێوە بۆ ئەدای ئیدارەی جۆ بایدن بۆ ئیدارەدانی پرسە ناوخۆییەكان چییە؟
- بە هۆی پەتای كۆرۆناوە لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بارودۆخێكی نائاسایی هەیە، كێشەی پەتاكەش وەك كێشەیەكی جددی دەمێنێتەوە تاوەكو نیسانی داهاتوو، تا ئەو كاتەی ڤاكسینەكە كاریگەریی خۆی دەبێت، كەواتە ئێمە نزیكەی چەند مانگمان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی خەڵك بە ئاسودەییەوە بچنە دەرەوە و ئابووری بكەوێتە سەر پێی خۆی و خەڵكی بچنەوە سەر كارەكانیان، هەرچەندە پێشبینی هەندێ لە ئابووریناسان ئەوەیە كە ئێمە بۆ دوو تا سێ ساڵی دیكە ناتوانین خۆمان لە كاریگەرییە ئابوورییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا رزگار بكەین، واتە كاریگەرییەكانی زۆر درێژخایەن دەبن، بەتایبەتی كە خەڵكانێكی زۆر مایەپووچ بوون، یان نزیك بوون لەوەی مایەپووچ بن. كەواتە ئەمە تەحەددییەكی گەورە دەبێت كە پێویستە ئیدارەی جۆ بایدن مامەڵەی لەگەڵدا بكات كە لە ئابوورییەكی لاوازدا بەرجەستە دەبێت، هەر لە پەیوەندی بە باری ناوخۆییەوە ئەوا دەبێت ئیدارەی جۆ بایدن زۆرێك لەو سیاسەتانە راست بكاتەوە كە ئیدارەی ترەمپ پیادەی كردن، زۆرێك لەم پرسانەش دەكرێت، بە دەركردنی فەرمانێك راست بكرێنەوە و، پێویستیان بە پشتیوانی و رەزامەندیی كۆنگرێس نییە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە سیستمی پەروەردە و رێكارەكانی پاراستنی ژینگەوە. ئەوەی پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەوە هەبێت، ئەوا جۆ بایدن پتر دەستی واڵایە بۆ گرتنەبەری ئەو سیاسەتەی كە دەیەوێت پیادەی بكات، بۆ نموونە دووبارە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش رایگەیاند كە ئەوان گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە قبووڵ دەكەن، ئەگەر بێت و سزاكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگیرێن، هەرچەندە هەڵگرتنی ئەو سزایانەش بەتایبەتی لە رووی یاساییەوە كارێكی ئاسان نییە، تەنانەت ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباماش بەو شێوەیەی كە بەڵێنی دابوو لە هەڵگرتنی ئەو سزایانەدا دوچاری دژواری بووە، بە دڵنیاییەوە تەحەددیی دیكەش هەن كە پەیوەستن بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا بە عێراق و رووسیا و چین و ئەفغانستان و ئیسڕائیل و سعودیە و میسر و وڵاتانی دیكەوە، كە روون نییە، ئەم پەیوەندییانە چۆن دەكەونەوە، بەڵام ئەوەتا گۆڕانكاریی بەرچاو لە هەڵوێستی ئەمریكادا لە ئاست شەڕی سعودیە و یەمەندا رووی داوە، هەروەك دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ پابەندبوونی ئەمریكا لە ئاست ئەفغانستان و عێراقدا دەكرێت، بەڵام تا ئێستا روون نییە بە چ ئاراستەیەكدا دەبن، كە رەنگە ئەمریكا فشاری زیاتر لەسەر ئیسڕائیل بكات بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زیاتر دروست نەكات، هەرچەندە تا ئێستا ئەو فشارانەی لەم بارەوە كراون زۆر سەركەوتوو نەبوون، واتە دەكرێت بڵێین هەندێ سیاسەت و هەڵوێستی جۆ بایدن پێشبینیكراون و هەندێكیشیان چاوەڕواننەكراو، بەڵام بە دڵنیاییەوە هێندەی سیاسەتەكانی ترەمپ پێشبینی نەكراو و پڕ لە پشێوی نابن.
Top