باوەڕ ئامەد ئەندامی پێشووی پەكەكە: پێویستە پەكەكە دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و پشتیوانی لێ بكات

باوەڕ ئامەد ئەندامی پێشووی پەكەكە: پێویستە پەكەكە دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و پشتیوانی لێ بكات
ئاشكرایە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك هەمیشە بە بارودۆخێكی دژوار و سەختدا تێپەڕ دەبێت و هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەم ناوچەیە و پێویستە هەموو لایەك هەوڵی دڵسۆزانە بدەن، بۆ ئەوەی هاوكاری ئەم هەرێمە بن، تاوەكو بتوانێت دژوارییەكان تێپەڕێنێت، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە هێزێكی وەك پەكەكە كێشە و سەرئێشەی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و پاساوی بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتە دراوسێكانیش دروست كردووە، ئەم پرسانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ باوەڕ ئامەد ئەندامی پێشووی پەك
ەكە.


* لەم بارودۆخە خراپەی كە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕێت، دەبینین پەكەكە لەبری ئەوەی فاكتەرێك بێت بۆ یەكڕیزی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام خۆی بووەتە هەڕەشە لەسەر یەكریزیی نێوماڵی كورد و بۆ رووخاندنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، پرسیار ئەوەیە ئەم رەفتارانەی پەكەكە بۆچی بەم شێوەیەن؟ ئایا ئەمە بە كوردایەتی حیساب دەكرێت؟
- رۆژهەڵاتی ناوین نەك ئێستا، بەڵكو پێشتر و بە درێژایی مێژوو بە بارودۆخێكی خراپ و هەستیار تێدەپەڕێت، بۆچی؟ چونكە كۆمەڵێك لایەنی جیاواز لە رووی ئایینی و نەتەوەییەوە لە ناوچەكەدا هەن، هەر بۆیە ململانێكانیان لە ئێستا و ئایندەشدا بەردەوام دەبێت لەم ناوچەیەدا، واتە ئەم بارودۆخە تەنیا پەیوەست نییە بە سەدەی بیست و یەكەوە، بەڵكو بنەمایەكی دیرۆكیی هەیە، پەكەكەش یەكێك لەو هێزانەیە كە لە ناوچەكەدا پەیدا بووە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە چووینە نێو پەكەكەوە كە هەڵگری بیری نەتەوەیی بێت و، لەسەر ئەو بناغەیەش كارمان تێدا كرد، چونكە بیروباوڕی نیشتمانپەروەری و كوردایەتیمان هەبوو، زوڵم و زۆرێكی زۆریش لەسەرمان هەبوو لەلایەن دوژمنەوە كە تورك بوو، قسەكردن بە زمانی خۆمان قەدەغە بوو، هەستی نەتەوەییش لەلای ئێمە بەرز بوو، بۆیە چووینە رێزی پەكەكە بەو ناوەی كە بیری نەتەوەیی و كوردایەتی هەیە، بەڵام پاش ماوەیەك كە كەوتینە ناو كار و گفتوگۆ، بەرەبەرە بۆمان دەركەوت كە پەكەكە لەدژی هێزی پارچەكانی دیكەی كوردستان كاردەكات، بیروباوەڕی ئێمەش ئەوەی قبووڵ نەكرد، چونكە لەسەر ئەساسی ئەوە بووین كە كورد لە هەر چوار پارچە ببێتە یەك و بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەوڵبدات و خەبات بكات، كەچی دیتمان ململانێیەكی زۆر ناڕەوا پیادە دەكرێت و ململانێیەكی خراپ لەسەر ناوچەگەری و حزبایەتی هەیە، پەكەكەش ئیعتراف بە هیچ لایەن و هێزێكی دیكە ناكات و، تەنیا دەڵێت خۆم. ئێمە پێش ئەوەی بێینە باشووری كوردستان نەماندەزانی كە لەم پارچەی كوردستان هێز هەیە و هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و ئاوەدانییەكی بەرچاو هەیە، بۆیە پێویستە پەكەكە ئیعتراف بەو هێز و پەرلەمان و حكومەتەی باشووری كوردستان بكات و پشتگیریی لێ بكات. ئەگەرچی لە ئێستادا دەبینین كە دوای 40 ساڵ جەمیل بایك دەڵێت: ئیعتراف بە پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەكەین، مخابن لەو كاتەی كە پەكەكە هەنگاوی نا بەرەو باشووری كوردستان دەبوو ئەو قسەیەی بكردایە، سەرەڕای ئەوەی كە لەگەڵ حزب و لایەن و هێزەكانی باشووری كوردستانیش ناگونجێت، با دژایەتیی هەرێمی كوردستانی نەكردایە، چونكە هەرێمی كوردستان شوێن و جێگایەكە بۆ ژیان و حەوانەوەی هەر كوردێك لە هەر پارچەیەكی كوردستان بێت، ئیدی پەكەكە بۆچی هەڵە بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەكات؟ چونكە تەنیا خۆی بە خاوەنی كوردستان دەزانێت و ئیعتراف بە هیچ لایەن و هێزێكی دیكە ناكات.


* ئاشكرایە گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە، كەچی وەك دەبینین هەتا ئێستا نەك هەر نەیتوانیوە یەك گوندی باكوور رزگار بكات، بەڵكو كوردستانی باكووری بەجێ هێشتووە و هاتووە لە باشوور چەكدارەكانی خۆی بڵاوكردووەتەوە، دەستی كردووە بە دروستكردنی كانتۆن و هیچ رێزێك بۆ یاساكانی هەرێمی كوردستان دانانێت، ئایا پەكەكە ئەگەر دەیەوێت لە باشوور بێت، نابێت رێز لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بگرێت؟
- وەك ئاماژەم پێ كرد، خەڵكی كورد بەتایبەتی كوردی باكووری كوردستان لەبەر بیری نەتەوەیی و كوردپەروەری چوونە ناو ریزەكانی پەكەكە، رەنگە لەلای من و زۆری دیكە گرنگ نەبێت لەناو چ لایەن و حزبێكدا خەبات بكەین، بەڵكو گرنگ ئەوەیە خزمەت بە بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری بكەین لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام ئێمە پاش چەند ساڵێك لەناو ریزەكانی پەكەكە هەستمان كرد و دیتمان كارو هەڵسوكەوتی پەكەكە لەدژی ئەو بیروباوڕەی ئێمەیە و لەگەڵ بیری ئێمە ناگونجێت، بۆیە كە هاتینە باشووری كوردستان و پەكەكەمان جێهێشت، دیتمان لە باشوور برای ئێمە هەن، گوتمان بۆچی ئێمە لەدژی براكانمان كە باشووری كوردستانە شەڕ بكەین؟ زۆر ئاساییە پەكەكە كاری رێكخستن و پەروەردەیی و پێشخستنی خۆی با لە باشوور بكات، بەڵام نابێت لە دژی ئەو هەرێمەی كە دروست بووە، بجووڵێتەوە، پەكەكە دەڵێت رزگاربوونی باكووری كوردستان واتە رزگاربوونی هەر چوار پارچەی كوردستانە، من لەگەڵ ئەوەم چونكە باكووری كوردستان گەورەترین پارچەی كوردستانە و زیاتر لە 20 ملیۆن كەسی تێدا دەژین و دوژمنی سەرەكیی توركە، بەڵام لە هەقیقەتدا پەكەكە لە باكووری كوردستان ئەو كارەی نەكرد كە بتوانێت باكوور رزگار بكات، ئێستا یەك مەفرەزەی پەكەكە ناتوانێت لە شارو ناوچەكانی باكوور كار و خەباتێكی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی بكات، كاتی خۆی لە ئامەد سێ هەزار گەریلا و لە دەرسیم دوو هەزار گەریلا هەبوون، لە هەموو شارو ناوچەكانی باكووری كوردستانیش گەریلا هەبوون، بەڵام ئێستا لە هەموو باكووری كوردستان یەك مەفرەزەی پەكەكە نییە.



* دەبینین ئێستا لە هەرێمی كوردستان پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەی شەرعی هەیە و ئاڵای كوردستان بە سەربەرزی دەبیندرێت و لە شەڕی داعشدا راستە پەكەكە هات هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كرد لە شنگال، ئەمە شایانی سوپاس و پێزانینە، بەڵام لەپاشان كە كاری تەواو بوو، بۆچی ناگەڕێتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی و بۆچی وادەكات بە بیانووی ئەوانەوە فڕۆكەی سەربازی بۆردومانی ناوچەكە بكەن؟
- پەكەكە لە ناوچەی شنگال دەیەوێت شوێنی خۆی مسۆگەر بكات، بۆ ئەمەش هەموو كارێك دەكات و دەیەوێت لەو شوێنەدا بمێنێتەوە و نەكەوێتە ناو سیستەمی هەرێمی كوردستان، ئەوە لەدژی هەرێمی كوردستانە، چارەسەر بۆ كێشەی كوردان ئەوەیە كە یەكێتی و یەكڕیزی هەبێت، بۆ ئەو یەكێتی و یەكڕیزیەش دەبێت مرۆڤ هەندێ یاسای نێودەوڵەتی رەچاو بكات و، پێشێلی یاساكان نەكات، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فەرمییە و پەكەكەش مەجبوورە كە ئیعترافی پێ بكات، پەكەكە كە ئێستا هاتۆتە هەندێ شوێن لە باشووری كوردستان بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكانی سەر سنوور، لە ئەنجامی لاوازیی خۆیەتی لە باكووری كوردستان، با ئەمە قبووڵ بێت، بەڵام نابێت پەكەكە هەستێت بەوەی كە هێز بجوولێنێت و بچیتە شنگاڵ و كەركووك و شوێنی دیكە، ئەو كاتە سەرنجی توركیا و ئێران و هەموو دوژمنی كورد رادەكێشیت، وەك دەزانین پەكەكە كە هێزێكی نافەرمییە لە هەرێمی كوردستان و بیانوو دەداتە دەستی توركیا و ئێران و دەڵێن هێزی پەكەكە كە لە باشووری كوردستانن، بەمەش دەستێوەردان لە باشووری كوردستان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە دروست دەبێت، بەمەش بارودۆخی هێمنی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك دەچێت.
* وەك ئاگادارن جەنابی سەرۆك بارزانی شەڕی كورد بە كوردی حەرام كردووە، بەڵام دەبینین پەكەكە ئەو بڕیار و هەڵویستە نیشتمانی و دڵسۆزییەی قۆستۆتەوە و لە دژی هەرێمی كوردستان دەجووڵێتەوە، ئایا مەبەستی پەكەكە لەمەدا چییە؟
- عەقڵییەتی پەكەكە جیاوازە، ئەگەر من بم ئەوا ئەو قسانەی پەكەكە بە جددی وەرناگرم، چونكە جەنابی سەرۆك بارزانی لەو كاتەی فەرمووی شەڕی براكوژی حەرامە، ئیدی قەناعەتێكی مەزن لە ناو خەڵكی كوردستاندا دروست بوو، ئەوەی سەرۆك فەرمووی قەناعەتی خەڵكە و شتێكی پیرۆزە، هیچ كوردێك لە باشوور و باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان باوەڕی بە شەڕی براكوژی نەماوە، هەر كەسێك بیەوێت ئەو شەڕە هەڵبگیرسێنێت و بیكات، ئەو هێزە لەناودەچێت و كەس لەگەڵ ئەو هێزە نامێنێت كە هۆكاری شەڕی براكوژی و كوردكوژی بێت. دووپاتی دەكەمەوە كە بوونی پەكەكە لە شنگاڵ بیانوو دروست دەكات بۆ ئەوەی توركیا لەگەڵ عێراق رێك بكەوێت و هێرش بكاتە سەر شنگال، بەمەش بارودۆخێكی خراپ و ناخۆش بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بۆیە مادام پەكەكە كە دەزانێت بوونی لە شنگاڵ مەترسییە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، وا باشترە لەوێ نەمێنێت و چۆڵی بكات.
* یەكێك لەو هۆكارانەی كە بووەتە هۆی ئەوەی پەكەكە لە لیستی تیرۆردا دابنرێت، ئەوەیە كە منداڵ و كەسانی خوار تەمەنی 18ساڵی چەكدار دەكات، كاتێك خێزانەكانیشیان دەیانەویت منداڵەكانیان ببینن، پەكەكە رێگایان پێ نادات، یان ئەگەر كەسێك بیەوێت لە رێزی پەكەكە بێتە دەرەوە بە خائینی دادەنێن، ئایا ئەمە راستە، یان پەكەكە بۆچی ئەو كارە دەكات؟
- بێگومان ئەمانە وایە، ئێستا من لە پەكەكە هاتوومەتە دەرەوە لە چاوی ئەوانەوە خائینم، لەو كاتەی وەك خۆبەخش لە مەخموور چوومە شەڕی دژی داعش هەندێك لە كەسانی پەكەكەم دیت كە ئێمەیان دەناسی، بەڵام سڵاویان لێ نەكردین و بە چاوێكی سەیر تەماشایان دەكردین، پەكەكە لە سەرەتای دروستبوونیەوە منداڵانی چەكدار كردووە، كە ئەمەش كارێكی نایاساییە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، بەڵام پەكەكە چونكە پێویستی بە چەكدار هەبوو، بۆیە هەموو تەمەنێكی بە منداڵانیشەوە چەكدار كردووە، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا پەكەكە دەڵێت كەسانی خوار تەمەن 16ساڵی وەرناگرین، بەڵام ئەمەش هەر راست نییە، ئێستاش كەسانی منداڵ و تازە پێگەیشتوو چەكدار دەكەن. پێویستە كورد بەگشتی و ئێستا لەم قۆناغەدا هەرێمی كوردستان بیر لە حزبایەتی نەكەنەوە، بەڵكو هەوڵی بیری نەتەوەیی و یەكڕیزی بدەن، كە بەمەش بەرەو قۆناغێكی باشتر و گەشەكردووتر هەنگاو دەنێت، بەڵام هەڵویستی پەكەكە ئەوەیە كە هەموو لایەن و حزبەكان خۆبدەنەلا، تەنیا ئەو هەیە و حیساب بۆ هیچ هێز و لایەنێكی دیكە ناكات.
Top