ویلیەم وۆلفۆرس تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: بایدن هەوڵی راستەڕێكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدات

ویلیەم وۆلفۆرس تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: بایدن هەوڵی راستەڕێكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدات
ویلیەم وۆلفۆرس پڕۆفیسۆرە لە كۆلێژی دارتمۆس و تایبەتمەند و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و سیاسەتی دەرەوەی رووسیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە دەستەبەركاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكا و سیاسەت و تێڕوانینی ئەم ئیدارەیە لە ئاست چەند پرسێكی گرنگدا.
• سەرەتا دەمانەوێت لە وتارەكەی سەرۆك جۆ بایدنەوە دەست پێ بكەین كە لە دوای سوێندخواردنی وەك (46)ـەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەشی كرد، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە پەیام و خاڵە سەرەكییەكانی نێو وتارەكەی چی بوون، ئەگەر بمانەوێت پوختیان بكەینەوە؟
- خاڵی سەرەكی و پرسی بنەڕەتیلە نێو وتارەكەی كە من بتوانم لەم رووەوە ئاماژەی پێ بكەم، بریتییە لەوەی كە سەرۆك جۆ بایدن هەوڵ دەدات، میراتی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ پێچەوانە بكاتەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە كۆت و بەندەكانی سەر كۆچبەرانەوە، هەروەها هەوڵی كۆكردنەوەی سەرمایەی سیاسی و گوڕوتین دەدات بۆ چاككردنەوە و رێكخستنەوەی سیستمی كۆچبەری لە ئەمریكا لە رێی دەركردنی یاساوە. هەرچەندە بەدەستهێنانی ئەم دەرئەنجامە كارێكی سەخت و دژوارە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو كار بەم ئاراستەیەدا دەكات.
• ئێوە ئاماژەتان بە میراتی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ كرد كە هەندێك تەنانەت پێی دەڵێن میراتێكی ژەهراوی، ئایا ئەو تەحەددی و دژوارییانە چین كە سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رووبەڕووی دەبێتەوە بۆ نەهێشتنی كاریگەری و ئاسەوارەكانی ئەم میراتییە؟
- لە راستیدا گەورەترین تەحەددیی بەردەم سەرۆك جۆ بایدن ئەوەیە كە ئەو ئامانجانە بەدی بهێنێت كە رایگەیاندوون و دووبارە یەكگرتوویی لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بەدی بهێنێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان ئەو كەسانەی لایەنگر و پشتیوانی بوون لەگەڵ كەمینەیەكی گەورەی نێو ئەمریكا كە هێشتا بە گوڕوتینەوە پشتیوانی لە دۆناڵد ترەمپ دەكەن، ئەمە تەحەددییەكی قورسە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، ئەوا دەبێت ئەم هەنگاوە هەڵبگرێت.

• باشە چۆن لە هەڵسوكەوت، یان هەڵوێستەكەی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت كە ئامادە نەبوو بەشداری بكات لە رێوڕەسمی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و سوێندخواردنی سەرۆكی نوێدا، بەتایبەتی كە ئەمە نەریتێكە و سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا پێوەی پابەندبوون؟
- من پێم وایە ئەگەر بهاتایە ئامادە بووایە، ئەوا هەستی بە نائاسوودەیی دەكرد. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە دوو خاڵ بكەم: یەكەمیان بەشداری نەكرد، لەبەر ئەوەی ئەو نەدەبووە جێی سەرنج و بایەخپێدان و ئەگەر لەوێ بووایە، ئەوا بە لەخۆبوردووییەوە دادەنیشت و چاودێریی رێوڕەسمێكی دەكرد، كە لە بارەی كەسێكی دیكە بوو، ئەمەش لەگەڵ تێڕوانینی ئەودا بۆ كەسایەتیی خۆی ناگونجێت. خاڵی دووەم ئەوەیە كە ئەو گومانی لەسەر شەرعییەتی هەڵبژاردنەكان دروست كرد و، لەم رووەوە دەیەوێت پارێزگاری لە شوێنكەوتووانی بكات، واتە ئەو نەیدەویست شوێنكەوتووانی وێنەی ئەو ببینین كە بەلەخۆبوردووییەوە دابنیشێت و تەماشاكار بێت و، جۆ بایدن دەسەڵات بگرێتەدەست.

• ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ وتارەكەی سەرۆك جۆ بایدن، ئەوە بەدی دەكرێت ئەوەیە كە پتر جەختی لەسەر دۆخی ناوخۆیی كردەوەو كەمتر ئاماژەی بە پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە دا، ئایا ئەمە بەو مانایە دێت كە ئیدارەكەی سەرۆك بایدن زیاتر سەرقاڵی كێشە ناوخۆییەكان دەبێت و، كات و توانای ئەوەی نابێ بایەخ بە پرسە نێودەوڵەتییەكان بدات؟
- من ناڵێم كێشە و پرسە ناوخۆییەكان بە تەواوەتی زاڵ دەبن بە سەر هەوڵەكانی بۆ باشتركردنی پێگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر شانۆی جیهان، چونكە ئەو كەسانێكی زۆر شارەزا و پڕۆفیشناڵی بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەكەی هەڵبژاردووە، كە زۆربەیان دید و تێڕوانینی هاوبەشیان لەگەڵ بایدندا هەیە، لەم رووەوە بایدنیش پێی وایە كە ئەم كەسایەتییانەی نێو ئیدارەكەی سیاسەتی ئەو دەگرنەبەر، لەبەر ئەوە باوەڕم وایە هەوڵ و كۆششێكی زۆر دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راستەڕێ بكاتەوە و پەیوەندییە دەرەكییەكان بەرەو باشتر بەرێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێم وایە ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە كە ئەولەوییەتی ژمارە یەكی ئیدارەكەی پرسە ناوخۆییەكان دەبێت.


• لە وەڵامەكەتاندا ئاماژە بە هەوڵی سەرۆك جۆ بایدن دەكەن بۆ راستەڕێكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئایا ئەو جیاوازییە بنەڕەتییانە چی دەبن كە ئیدارەكەی لەم رووەوە دەیگرێتەبەر بە بەراورد بە ئیدارەی پێش خۆی؟
- پێم وایە گۆڕانكارییە بنەڕەتی و بنچینەییەكە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن، بریتیە لە گرتنەبەری تێڕوانینێكی جیاواز لە ترەمپ، لە ئاست هاوپەیمانێتییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، بەتایبەتی لە ئاست ئەو وڵاتە دیموكراتییانەی كە بۆ رۆژگارێكی دوور و درێژە هاوپەیمانی ئەمریكان، چونكە ئەو بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە دووبارە پابەند دەبێتەوە بە هاوپەیمانێتییەكانەوە، لەوەش زیاتر پابەند دەبێت بە بنەما لیبڕاڵییەكانی ئەم هاوپەیمانێتییانەوە. لەبەر ئەوە پێم وایە هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دووبارە بایەخ بە بەهاكانی پەیوەست بە دیموكراسی و لیبڕاڵی بداتەوە، بە لای كەمەوە لەسەر ئاستی لێدوان و گوتاردا و رەنگە لە ئاستی سیاسەت و هەنگاوی كردارییشدا.

• ئەگەر بە شێوەیەكی دیاریكراو پرسیار لە بارەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدنەوە بكەین لە بارەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئایا پێت وایە گۆڕانكارییەكی بەرچاو و بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا روودەدات؟
- سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە تێڕوانینی باوی زۆربەی كەسایەتییەكانی نێو ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن ئەوەیە كە دەبێت بە هەر نرخێك بێت ئەمریكا خۆی بە دوور بگرێت لە پابەندبوونێكی سەربازی لەسەر ئاستی دەرەوە، من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە كە ئەمریكا دەست لە رۆڵی خۆی هەڵدەگرێت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام هەوڵدەدات بوون و ئامادەییەكی سەربازیی كەمی لەم ناوچەیەدا هەبێت و، لە هەمان كاتدا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەكانیشی بدات. بۆ نموونە ئەم ئیدارەیە هەوڵێكی بەهێز دەدات بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا، هەرچەندە من نازانم تا چ راددەیەك سەركەوتن بەدەست دەهێنێت لەم رووەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە كارێكی زەحمەتە، بەتایبەتی كە ئێران دەستی هەڵگرتووە لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكەوە. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەبێت ئێران دووبارە پابەند ببێتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ نێو رێككەوتنەكە، یان راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ نێو رێككەوتنەكە و گفتوگۆ بكرێت لەبارەی پابەندبوونی ئێران پێیەوە. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر وەڵامەكەم پوخت بكەمەوە ئەوا پرسی بنەڕەتی ئەوە دەبێت كە ئەمریكا خۆی بە دوور دەگرێت لە تێوەگلانێكی سەربازیی گەورە لەم ناوچەیەدا و لە بەرامبەردا زیاتر قورسایی دەخاتەسەر كار و كۆششی دیپلۆماسی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی ئەم ناوچەیە.

• بەڵام هەروەك ئێوە دەزانن لە ئێستادا واقیع و هەلومەرجێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە، بەتایبەتی دوای رێككەوتنەكانی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبیدا، ئایا پێت وایە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن هەڵوێستی چۆن دەبێت لە ئاست ئەم بەرەوپێشچوونانەدا؟
- من لەو باوەڕەدا نیم ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن هەوڵی پێچەوانەكردنەوەی ئەو دەستكەوتانە بدات كە سەرۆك ترەمپ بەدەستی هێنان، بە واتایەكی دیكە نابینین جارێكی دیكە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگەڕێندرێتەوە بۆ تەل ئەبیب، واتە رام وایە ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك پشت لە رێككەوتن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتە عەرەبییەكان ناكات. بەڵام ئەوەی روون نییە لام، ئەوەیە كە ئایا هەڵوێستی ئەم ئیدارەیە چۆن دەبێت لە ئاست سعودیە و لە پەیوەندی بە شەڕی یەمەنەوە و هەروەها لە ئاست توركیا و بوونی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
• ئێوە ئاماژەتان بە رۆڵی رووسیا كرد لەم ناوچەیەدا، ئایا پێت وایە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی بوون و رۆڵی رووسیا دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سووریا؟
- من پێم وانییە شتێكی لۆژیكی بێت، پێشبینی ئەوە بكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆڵی هەڵكشاوی رووسیا – بەتایبەتی لە دوای دەستێوەردانەكەی لە سووریادا و جموجووڵەكانی بەرەو باكووری ئەفریقیا و بەتایبەتی لە لیبیا- پێچەوانە بكاتەوە و بیسڕێتەوە، یان بەلای كەمەوە رۆڵی رووسیا بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ساڵی 2015. ئەوەی پەیوەست بێت بە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رووسیادا بە شێوەیەكی گشتی، ئەوا پێشتریش جۆ بایدن رایگەیاندووە كە رووسیا دەستتێوەردان دەكات لە كاروبارە ناوخۆییەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی لە رێی هێرشە ئەلیكترۆنییەكانەوە، لەبەر ئەوە پێم وایە ئیدارەی سەرۆك بایدن هەوڵ دەدات كارێك بكات رووسیا باجی ئەم كارانەی بدات، لە هەمان كاتدا هەوڵ دەدات گفتوگۆ بكات لەگەڵ رووسیا لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی چەكەوە، بەڵام من نازانم چۆن ئەم دوو ئامانجە پێكەوە گرێ دەدات.
• دوایین پرسیارمان پەیوەستە بە ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە كە ئێوە تایبەتمەندن لەم بوارەدا، ئایا پێت وایە سیاسەتەكانی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بووەتە هۆی ئەوەی جیهان كەمتر ئاسایش بە خۆوە ببینێ و، ئایا ئیدارەی نوێی ئەمریكا لەم رووەوە رێكار و سیاسەتێك دەگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی كە سیاسەتەكانی ئیدارەی پێشوو دروستی كردوون لەم رووەوە؟
- من پێم وایە لەم رووەوە هەوڵدەدەن و باوەڕم وایە دەتوانن هەندێ لەم زیانانە كەم بكەنەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئێمە دەزانین هەڵوێست و تێڕوانینی ئەم ئیدارەیە لەم بارەیەوە چییە، كە پابەندبوونێكی بەهێزی هەیە بە كاری فرەلایەنی و بە كاركردن و هاوكاریكردن لە نێو دامەزراوە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشە گەورەكان كە رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، وەك تەحەددییەكانی پەیوەست بە ژینگەوە. واتە ئەم ئیدارەیە هەوڵ دەدات، بەڵام رووبەڕووی دژوارییش دەبێتەوە، بەتایبەتی كە ئێمە لە جیهانێكی جیاوازدا دەژین و تەحەددییەكانی گەورەتر بوون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ركابەری لە نێوان هێزە گەورەكان هەیە، بۆ نموونە لە نێوان ئەمریكا و چین و رووسیا كە دەبێتە هۆی ئەوەی زەحمەت بێت بتوانن هاوكاری بكەن لە نێو دامەزراوەیەكی وەك نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم ئیدارەیە هەوڵەكانی بەم ئاراستەیەدا دەخاتە گەڕ.
Top