د. جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ گوڵان: لامەركەزیی پارێزگاكان بەرنامەی كابینەی نۆیەمە و حكومەتیش سەرپشكە لە داڕشتنی پڕۆژە یاساكەدا

د. جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ گوڵان: لامەركەزیی پارێزگاكان بەرنامەی كابینەی نۆیەمە و حكومەتیش سەرپشكە لە داڕشتنی پڕۆژە یاساكەدا
لە دەستپێكی ساڵی 2021دا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ ئامادەكردنی بودجە و دامەزراندنی هێزێك لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ بنبڕكردنی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان و وەرگرتنی باج لە گەورە كۆمپانیاكان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێكار و بەرنامەی نوێی دەست پێ كردووە. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندیدار چەند پرسیارێكی ئاراستەی د. جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری كرد.
* هەنگاوی گرنگ لە دەستپێكی ئەمساڵدا هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجە بوو، ئاشكراشە كە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجە راستەوخۆ پەیوەستە بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی حكومەتی فیدڕاڵی و داهاتی ناوخۆ، ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر چ بنەمایەك پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 ئامادە دەكات؟
- بودجە لەم سەردەمەدا تەنیا رێكخستن و راگرتنی باڵانسی نێوان داهات و خەرجییەكان نییە، بەڵكو پلان و بەرنامەی حوكمڕانیشە بۆ جێبەجێكردنی كارنامە و چاكسازییەكانی، شەفافییەت بە خەرجكردنی داهات و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی دەدات و ریزبەندی بە گرنگترینی ئەو كار و پڕۆژانەش دەدات كە حكومەتەكان لە ماوەی ساڵێكی تەمەنی خۆیاندا دەیانەوێت ئەنجامی بدەن. لەهەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە بە هۆی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە، نەتوانراوە پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بكرێت، بەڵام لەبەر گرنگیی ئەم بابەتە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی راسپارد، بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، ئەوانیش لە رێگەی لێژنەیەكی پسپۆڕەوە خشتەیەكی زەمەنییان بۆ سەرجەم وەزارەتەكان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی خەرجییەكانی خۆیان رێك بخەنەوە و لە كۆتایی مانگی شوباتدا ئەو پڕۆژەیە ئامادە بكرێت و لە رێگەی تیمێكی پسپۆڕ و شارەزاوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت. هەڵبەتە بۆ ئامادەكردنی بودجە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشت بە دوو سێ سەرچاوەی تەمویل دەبەستێت، كە ئەویش داهاتی نەوتی و نانەوتی و پشكی هەرێمە لە بودجەی حكومەتی عێراق، لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێم تەنیا پشت بە دوو سەرچاوەی نەوتی و نانەوتی دەبەستێت، كە لەپاڵ ئەو رێكارانەی حكومەت لە بواری پڕۆسەی چاكسازیدا گرتووینەتەبەر، بۆ ئەوەی بتوانرێت كەلێنی نێوان خەرجی و داهاتەكان كەم بكرێتەوە و هەموو داهاتەكان بۆ خزمەتكردنی بار و بژێویی خەڵك و دابینكردنی مووچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەكار بهێندرێت و، هیچ زیادە مەسرەفی و بەفیڕۆدانێكی تێدا نەكرێت، بۆ دابینكردنی سەرچاوەی سێیەمی تەمویلی بودجەكەش حكومەتی هەرێمی كوردستان جددییە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، هەروەكو چۆن لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا راستەوخۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كردو نییەت و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ رێكەوتن لەگەڵ عێراقدا لە چوارچێوەی دەستووردا، ئەو دەستوورەی هەموو گەلانی عێراق و كوردستان دەنگیان لەسەر داوەو، زامنی پاراستنی مافەكانیانە، تەنانەت حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین وێستگەدا رێگەی نەدا گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا تێكبچێت، هەر وەك چۆن لە تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنان لە پەرلەمانی عێراق، بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد رووی دا، لەگەڵ ئەمەشدا شاندمان ناردو داوامان كرد ئەم یاسایە جێبەجێ بكرێت.

* یەكێك لە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی پڕۆژەی لامەركەزیی پارێزگاكانە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هاوبەشێكی سەرەكیی حكومەتە، زۆر جەخت لەسەر لامەركەزیی پارێزگاكان دەكاتەوە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە، كاتێك پڕۆژەی بەلامەركەزیكردنی پارێزگاكان بەشێك بێت لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەی بۆچی حكومەت ئەم بەشە لە بەرنامەكەی خۆی بە خێرایی جێبەجێ ناكات؟
- لامەركەزیی پارێزگاكان كارنامە و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، حكومەتیش سەرپشكە لە داڕشتنی پڕۆژەكە و لەم بابەتەشدا و بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە، هەموو تێبینی و پێشنیار و بۆچوونێكی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رێزی لێ دەگیرێت و بە گرنگییەوە وەردەگیرێت، دەتوانن بیدەنە ئەو لێژنەیەی كە لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە پێك هێنراوە، من پێم وانییە ئەم بابەتە دواكەوتبێت، تەنیا كۆمەڵێك رێكاری یاسایی و دیدگای حكومەت و ئیداریی پێویستە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە لە خزمەتی هاووڵاتیان و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا بێت، راستە كارنامەی حكومەت لەم كابینەیەدا بەرنامەی حزبە بەشداربووەكان بەتایبەتی هەرسێ حزبی سەرەكییە، بەڵام دواجار كارنامەی حكومەت رەنگدانەوەی خواستی سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستانە.


* یەكێك لە هەنگاوەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ئەو هەوڵانەیە كە بۆ چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەران خستوویەتەگەڕ، ئەم هەوڵەش وەك لە وەزیری دارایی و یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی گوێبیستی دەبین، بەو ئاراستەیەیە كە ئەگەر بەغدا هیچ پارەیەك نەنێرێت، حكومەت هەوڵدەدات 30 رۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران بدات، ئایا بنەمای ئەم هەوڵەی حكومەت بۆ پێدانی مووچە چۆنە و لەسەر چ بنەمایەكە؟
- دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامە و خەمەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە سەرەڕای ئەو تەحەدییانەی كۆرۆناو دابەزینی بەهای نەوت و بڕینی بودجە، حكومەت لە هەوڵێكی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی هەموو گرفت و كێشەكان، نەك گواستنەوەی قەیرانەكان بۆ زەمەن و قۆناغێكی دیكە، لەمەدا سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكەم، رەنگە هەوڵەكانی حكومەت كاتی پێویست بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەسەر ڕێگا راست و دروستەكەین و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەرئەنجامەكەی دەبینن، بەتایبەتی كە هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لە رووی كردارەوە دەستی پێ كردووە و دۆخەكە بەرەو باشتر دەبات، دواجار پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و بەردەوامبوون لە پرۆسەی چاكسازی رۆڵی كارای دەبێت لەوەی حكومەت هەموو كارنامەكەی جێبەجێ بكات، كە یەكێكیش لەو رێكارانە ئەوەیە 30 رۆژ جارێك مووچە دابەش بكەین، بەپێی ئەو رێژەیەی لەبەردەستماندایە بۆ ئەوەی جووڵە بە بازاڕ و كاروكاسبییش بدرێت.
* هەنگاوەكانی یاسای چاكسازی خەریكە وردە وردە دەر دەكەون، لە چەند رۆژی رابردوو ئەو هەواڵەمان بیست، كە مووچەی ژمارەیەك لەو خەڵكانە بڕدراوە كە دوو مووچەیان هەبووە، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئایا یاسای چاكسازی كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، تەنیا پرسی دوو مووچەیی دەگرێتەوە، یان ئەم یاسایەی چاكسازی بواری دارایی و ئابووری و كارگێڕییش دەگرێتەوە؟
- یاسای چاكسازی بەشێكی بچووكی پڕۆسەیەكی گەورەتری چاكسازییە كە حكومەت لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكاندا دەستی پێ كردووە، هەروەها یاسای چاكسازی بە هیچ جۆرێك مووچەی فەرمانبەرانی شایستە ناگرێتەوە، بەڵكو پێداچوونەوەیە بە هەموو داهات و گرێبەستە نەوتی و نانەوتییەكان و خزمەتگوزارییەكاندا، هەروەكو چۆن توانیمان پێداچوونەوە بە خزمەتگوزارییەكانی دەروازە سنوورییەكاندا بكەین و لەم ماوەیەدا ئەنجامە گەورەكەی رادەگەیەنین، ئەمە وێڕای راگرتنی سەرپێچی و دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵكی دەوڵەت و سزادانی كەمتەرخەمی لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و چەندین بواری دیكە. دروشمی حكومەت لە پڕۆسەی چاكسازیدا (دادپەروەری و شەفافییەت و پاراستنی چینی هەژار)ـە، هەموو پڕۆسە چاكسازییەكان هەر لە پێناو پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتیان و ماڵ و موڵك و ژیانێكی بەختەوەر و خۆشگوزەراندایە، ئێمە هیچ رێگایەكی دیكەمان لە بەردەمدا نییە جگە لەچاكسازی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە قەوارە و بوونمان بكەین و نەوەكانمان بەرە و ئایندەیەكی نادیار نەڕۆن، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە ستراتیژییەش بێ سەبر و ئارامی و پاڵپشتیی خەڵكی كوردستان جێبەجێ ناكرێت .
* ئێستا زۆر باس لە باج وەرگرتن دەكرێت، بەتایبەتی باجی كۆمپانیا گەورەكان كە بەشێكی زۆریان خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە و باج نادەن بە حكومەت، ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی باج وەگرتندا چ سیستمێك پەیڕەو دەكات و تاچەند ئەم سیستمە دەبێتە سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
- باج بنەمایەكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دیموكراتی، ئەگەر باج بدەیت، نوێنەرایەتیت لە حكومەت و بەشداریكردنت لە دروستكردنی بڕیار بەهێز دەبێت، حكومەتی هەرێم سیستەم و سیاسەتی باج رێك دەخاتەوە و بە هیچ شێوەیەك باج لەسەر هاووڵاتیان زیاد ناكرێت. لە 15 رۆژی رابردوودا كۆمەڵێك بڕیار و رێكار دەركرا، كە تایبەت بوون بە سەپاندنی باج لەسەر گەورە كۆمپانیاكان، بەداخەوە كۆمپانیا هەیە لە باجدان خۆی دەدزێتەوە، خۆ ناكرێت باج وەكو سیستەمێكی دادپەروەری و یەكسان جێبەجێی نەكەیت، خەڵكانێك بە رۆژی رووناك لەسەر حیسابی ئەم هەرێمە پارە و داهاتێكی زۆریان كۆكردۆتەوە و لە باجدانیش خۆیان دەدزنەوە، بۆیە باج بە شێوەی هەڵكشاو لە كۆمپانیایەك بۆ كۆمپانیایەكی دیكە جیاواز دەبێت و رەچاوی داهات و قازانج دەكەین.
* لە ماوەكانی رابردوودا چاوخشاندنەوە بە زۆر لەو گرێبەستانەدا كراوە كە وەزارەتەكان لەگەڵ كۆمپانیاكاندا واژۆیان كردووە، ئایا لە بەرنامەدایە چاوخشاندنەوە بە سەرجەم گرێبەستە حكوومییەكان لەگەڵ كۆمپانیاكاندا بكرێت؟
- بەڵێ، پێداچوونەوە بە زۆربەی گرێبەستەكانی وەزارەتەكان لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكاندا كراوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی نوێی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستاندا بگونجێت و داهات بەفیڕۆ نەدرێت، لە ماوەكانی رابردوودا بە هەماهەنگی لە نێوان هەردوو ئۆفیسی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت لێژنەیەك پێك هێنرا، بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی خزمەتگوزاری لە خاڵە سنوورییەكان و لەو رووەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە، بەم نزیكانەش ئەنجامەكەی رادەگەیەنین، ئەمە بەشێكە لەو سیاسەتەی حكومەت بۆ ئەوەی داهات بەفیڕۆ نەچێت و مووچە دابین بكەین.
* سەبارەت بە گرێبەستەكانی نەوت، هەواڵێك هەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوخشاندنەوە دەكات بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم كۆمپانیاكان، لەم ماوەیەدا كەمال ئەتروشی وەك وەزیری سامانە سرووشتییەكان متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت، ئایا بە دانانی وەزیری سامانە سرووشتییەكان پرسی گرێبەستە نەوتییەكان دەگاتە كوێ؟ هەروەها پرسی سندوقی داهاتەكانی كوردستانیش پرسێكی دیكەیە، ئایا ئەم سندوقەش یەكێك دەبێت لە بەرنامەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان؟
- دەبێ كەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستاندا بە باشترین شێوە بەڕێوەببردرێت و تەواوكاری سیاسەتی گشتیی حكومەت بێت، چ لە رووی شەفافییەتەوە بێت، یانیش لە رووی سوودوەرگرتنی تەواو لە داهاتەكان، بەڵێ پێداچوونەوە بە گرێبەستەكاندا دەكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە خەرجییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان، بۆ ئەوەی سیاسەتی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستاندا بە ئاراستەیەك بێت كە خەرجییەكان كەم بكرێتەوە و داهاتە نەوتییەكان زیاد بكرێت، بوونی دكتۆر كەمال ئەتروشی و متمانەپێدانی لە پەرلەمانی كوردستان و وەكو كەسێكی تەكنۆكرات و بەتوانا و شارەزا، دەتوانێت ئەمجۆرە سیاسەتە جێبەجێ بكات، ئەمەش پێویستی بە كات و پاڵپشتیكردن هەیە، سەبارەت بە سندوقی داهاتەكانی نەوتیش، ئەوە تایبەتە بە جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی حكومەت كە شەفافییەت بە داهاتی نەوت دەدات، نەوت موڵكی هەموو هاووڵاتیانی كوردستانە و دەمانەوێت ئەم داهاتە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و دابینكردنی مووچەكاندا رێك بخرێتەوە.
* سەبارەت بە رێكخستنەوەی خاڵە سنوورییەكانی گومرگ لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا، هێزێكی هاوبەش لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ پێك دەهێنرێت بۆ ئەوەی دیاردەی بەفیڕۆدانی داهات و قاچاخچێتی سنوورەكان رابگیرێت، وەك وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئایا ئاستەنگەكانی بەردەم كۆنتڕۆڵكردنی خاڵە سنوورییەكان و رێگرتن لە قاچاخچێتی بە ئاسانی جێبەجێ دەكرێت، یان ئەمیشیان پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە لە دەرەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
- بەداخەوە قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەكان هەیە و هۆكارێكە بۆ بەفیڕۆدانی داهات، هەڵبەتە پێشتر كۆمەڵێك رێكاری یاسایی و سیاسەت هەبووە بۆ رێكخستنی جووڵەی بازرگانی و كاروباری خاڵە سنوورییەكان، بەڵام لە رووی عەمەلییەوە جێبەجێكردنی یاساكان وەكو پێویست نەبووە، یان ئاستەنگ هەبووە، لە ئێستادا بۆ چاودێریكردنی ئەم جووڵە نایاساییە و كۆنتڕۆڵكردنی سنوور و خاڵە سنوورییەكان، بڕیار دەرچووە بۆ دامەزراندنی هێزێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و كۆمەڵێك رێكاری گرنگ ئامادە دەكرێت و دەهێنرێتە ئەنجومەنی وەزیران و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و پەسەند دەكرێت، بۆ سەرجەم خاڵە سنوورییەكان بەبێ جیاوازی پەیڕەو دەكرێت. من پێم وانییە بۆ جێبەجێكردنی رێگرتن لە قاچاخچێتی خاڵە سنوورییەكانەوە پێویستیمان بە رێككەوتنی سیاسی هەبێت، ئێمە حكومەت و وەزارەتی پەیوەندیدارمان هەیە و دەبێت حكومەت كە لە هەرسێ حزبە سەرەكیییەكە پێكهاتووە، بۆ هاووڵاتیانی خۆی بسەلمێنن كە حكومەت بەپەرۆشە لە سەر پاراستنی بژێوی خەڵك و سەلامەتییان.
* ئەگەر هەر لە بواری رێكخستنەوەی هاوسەنگیی نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت قسە بكەین، دیارە كەرتێكی تایبەتی بەهێز ئاماژەیە بۆ حكومەتێكی بەهێز، كەرتی تایبەتی بەهێزیش بەو مانایەیە كە ببێتە سەرچاوەی دۆزینەوەی هەلی كار و ئاشتیی كۆمەڵایەتی، ئێستا ئەم خەسڵەتە لە كەرتی تایبەتی كوردستان نابینین، ئایا هۆكارەكەی بۆ بزنێسمانەكان دەگەڕێتەوە، یان حكومەت نەیتوانیوە ئەم بوارە وەك پێویست رێك بخات؟
- پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەرتی تایبەت لەو روانگەیەوە هاتووە كە بڕوامان وایە كەرتێكی تایبەتی بەهێز ئابوورییەكی بەهێز بونیات دەنێت و ژێرخانی ئابووریمان دەبووژێنێتەوە، لەمەش گرنگتر هاوبەشیكردنی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت هۆكارێك دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئەدای كەرتی تایبەت و رێگرتن لە بەفیڕۆدانی داهات و كەمكردنەوەی بارگرانی لە سەرشانی حكومەت و باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان، راستە كەموكورتی لەم بوارەدا هەیە، لەكاتێكدا كەرتی تایبەت دەبێت تەواوكار و هاوكاری جێبەجێكردنی سیاسەت و بەرنامەكانی حكومەت بێت، كەچی لەزۆر بواردا وانییە، بۆیە ئەركی حكومەتە زەمینەی ئەو ژینگەیە بڕەخسێنێت لە رووی یاسایی و ئابوورییەوە كە تێیدا كەرتی تایبەت گەشە و نما دەكات. ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا پێداچوونەوە بەو سیاسەتانە ناكەین كە دەبێتە هۆی گەشەكردنی كەرتی تایبەت، بەڵكو پێداچوونەوە بە یاسا و رێنمایی و راسپاردەكانیش دەكەین، ئەوەتا پێداچوونەوە بە یاسای وەبەرهێنان دەكەین و بەم نزیكانە دوای هەمواركردنی لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی جددی لەسەر دەكرێت، هاوكات سەرجەم وەزارەتەكان سەرقاڵی رێكخستنەوەی كارەكانیانن لەگەڵ كەرتی تایبەت، لەم پێناوەشدا حكومەت كار بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو گرفت و ئاستەنگانە دەكات كە رێگرن لە بەردەم گەشەكردنی كەرتی تایبەتدا و هانی وەبەرهێنانی بیانیش دەدەین كە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
Top