مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان: دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری بە سەر 15 هەزار منداڵی ئازیزدا دابەش دەكات

مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان: دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری بە سەر 15 هەزار منداڵی ئازیزدا دابەش دەكات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە كاره خێرخوازییەكانی و بەڕێوەبردنی كەمپەكان و گرنگیدان بە ئاوارە و پەنابەر و منداڵانی ئازیز؛ بەرنامەیەكی گرنگی بۆ ئهمساڵ داڕشتووە، بۆ پەرەپێدانی كاری خێرخوازی و گرنگیدان بە لایەنی رۆشنبیری و كهلتووری و نەتەوەیی، ئەمە جگە لە نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستی و دروستكردنی چەند ناوەندێكی كەمئەندامی و بونیاتنانی سەنتەرێكی ئۆتیزم. مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لهم دیمانەیەدا لەگەڵ گوڵان، باسی كار و پڕۆژهكانیان دهكات.
سەنتەرێكی ئۆتیزم لە هەولێر بۆ منداڵانی ئۆتیزم و كۆمەڵگەی دایك لە سۆران بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەینەوە



مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەمجۆرە باسی رۆڵ و كاریگەریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان دهكات: سوپاس بۆ خوای گەورە و میهرەبان كە لە چەند ساڵی رابردوودا توانیمان خزمەتێكی گەورە بە مرۆڤایەتی و لێقەوماوان و ئاوارەو منداڵانی ئازیز و چەندین چین و توێژی دیكەی ناو كۆمەڵگە بكەین، ئەمەش ئەركێكی ئاسان نەبوو، لەناو ئەم هەموو رووداو و كارەسات و قەیرانانەدا، بەڵام لەو روانگەیەوە كە هەموو هەوڵی ئێمە بەدەستهێنانی متمانەی زیاتری ناوخۆیی و جیهانییە و دەمانەوێت لە ئاست مەزنێتی ناوی (بارزانی)دا بین، كە دەفەرموێت ((شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت))، هەر ئەمەش كرا بە دروشمی دەزگاكە و لە ماوەی كاری ئێمە زۆر بە بایەخەوە لە ساڵی 2005 ـەوە كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەم دروشمە كراوه و، رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیەكی راستەوخۆیان كردووە، كە بەڕێزیان سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یە، هاوكات سوپاسی هاووڵاتیانی كوردستان بەتایبەتی هەموو ئەو كەس و لایەن و وڵاتە هاوكاریبەخش و رێكخراوە مرۆییانەش دەكەم، كە هەماهەنگ بوون و پێكەوە كاری هاوبەشی گەورەمان بۆ پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون و، پێكەوە لە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست و لێقەوماوان بووین. بەمەش دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەك تەنیا لەسەر ئاستی رێكخراوە ئیقلیمییەكان بەڵكو لەسەر ئاستی رێكخراوە جیهانییەكان لە پلەی یەكەمدایە، هەروەكو چۆن لە 2014 بەهاوكاری رێكخراوی WFP توانیمان 9 ملیۆن و 900 هەزار ژەمە خۆراك لە 45 رۆژدا دابەش بكەین، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكەمین رێكخراوە لەسەر ئاستی جیهان كە 30 كەمپی ئاوارەو پەنابەران بەڕێوە دەبات.
سەبارەت بە گرنگترین ئەو كارو چالاكییانەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجامیان داون، مووسا ئەحمەد گوتی: ساڵی 2020 ساڵێكی سەخت بوو، بەڵام ساڵی پشتیوانیكردنی كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو بۆ پشتیوانیكردنی خەڵكی لێقەوماو و هەژار و كەمدەرامەت، نەك تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش توانیمان چالاكی و خزمەتێكی باش پێشكەش بكەین، ئەمە سەرەڕای كۆرۆنا و جێبەجێكردنی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و وەزارەتی تەندروستیی هەرێم كە ناچار بووین ماڵ بە ماڵ خێزانەكان بەسەر بكەینەوە، لەگەڵ ئەمەشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەساڵی رابردوو (60 ) پرۆژەی جێبەجێ كرد، لە 11 سێكتەر و بە بودجەی 57 ملیارو 318 ملیۆن و 559 هەزار دینار، كە تێیدا 6 ملیۆن و 54 هەزارو 340 كەس لێی سوودمەند بوون ئەمە جگە لەوەی هەندێك كەس هەیە، زیاتر لە دوانزدە جار سوودمەند بوون، ئێمە جگە لەوەی لە 13 پارێزگای هەرێمی كوردستان و عێراق كارمان كردووەو، هاوكارییەكانمان گەیاندووهتە دەرەوەی كوردستان و عێراق، لەوانە وڵاتانی (لوبنان و سووریا و یەمەن و سوودان و بەریتانیا و ئوسترالیا، ئەمە جگە لە بەڕێوەبردنی 30كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر كە لە ئێستادا 992 هەزار و 732 كەس لەم ژمارەیە بە رێژەی 74%ی ئاوارەن و ئەوی دیكەیان پەنابەرن، هەر ئەمەشە وای كردووە زۆرترین سێكتەر كە لە ساڵی رابردوودا كاری تێدا بكەین، سێكتەری (خۆراك و تەندورستی و پارەی نەختینەیی) بووە كە لە ئاكامی ئەوەی زۆرترین پێداویستی لە هەرێمی كوردستان و لەعێراق بەگشتی لەو سێ سێكتەرەدا بووە.
وهك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد: «دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ساڵی 2021 لەگەڵ (خێرخوازانی كوردستان و كۆمپانیاكان و رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان) بەردەوام دەبێت لە كاری خێرخوازی و هەر لە ساڵی 2021 دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆمەڵێك پرۆژە و كاری هاوبەشی خێرخوازی ئەنجام دەدات، لەوانە: كردنەوەی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و مانگی سووری ئیماراتی، ئەمەش بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت بۆ هاوكاریكردنی منداڵانی ئۆتیزم و خانەوادەكانیان كە بارگرانییەكی زۆری بۆ دروست كردوون، ئێمەش بە هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو دەبێت گرنگی بە راهێنانی ئەم منداڵانە بدەین.
مووسا ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو كە چەند پرۆژەیەكی دیكەشیان لەبەردەستدایە كە بەمجۆرە دەستنیشانی كرد: كردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی لەسەر قەڵای هەولێر، بونیاتنانی كۆمەڵگەی دایك لە سۆران بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و پرۆژەی بەڕێوەبردنی (19) سەنتەری رۆشنبیری و پیشەیی لە كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان، هەروەها نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی خەلیفان لە بواری بەڕێوەبردنی كەمپەكان و ئەنجامدانی كاروچالاكی»، گوتیشی: ئێمە جگە لەوەی یەكەمین رێكخراوین لەسەر ئاستی جیهان كە 30 كەمپ بەڕێوە ببەین، هاوكات لە رێگەی پاڵپشتیكردنی ئەو هەموو سەنتەرانەی پیشەیی و رۆشنبیریش رۆڵێكی گەورە دەگێڕین بۆ یارمەتیدانی ئاوارەو پەنابەران، بۆ نموونە لەگەڵ كوێت بەردەوام ئەركی بەڕێوەبردنی بنكە تەندروستییەكانی (حەسەن شام – خازر – بەردەڕەش – بەحركە – هەرشەم ) بەڕێوەدەبەین، هەروەها دروستكردنی زۆنی كەرەنتین لە ناوچەی (حەسەن شام و خازر) . لەبواری زەكاتیشدا لەگەڵ خواپێداوانی كوردستان پرۆژەی گرنگمان لەبەردەستدایە، سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی ئافرەتانی بێسەرپەرشتی خاوەن منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵیش بە بڕی 100 ملیۆن دینار لەگەڵ (المحسن) كاری هاوبەشمان هەیە، هەروەها پرۆژەیەكی دیكەمان لەبەردەستدایە بۆ پاڵپشتیی دەروونی رزگاربووانی دەستی داعش لەگەڵ رێكخراوی LDS كە رێكخراوێكی خێرخوازیی ئەمریكییه. یەكێك لەكارە گرنگەكانی دیكەمان یارمەتیدانی منداڵانی ئازیزە، كە بۆ ئەمساڵ لە بەرنامەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-دایە هاوكاری بە سەر 15 هەزار منداڵی ئازیز دابەش بكات. لەبواری گرنگیدان و هاوكاریی كەمئەندامانیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئهمساڵدا 1000 كورسی (ویل چیر) بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت ئامادە دەكات، لەگەڵ دروستكردنی 100 پەلی دەستكرد، ئەمە جگە لە دروستكردنی كۆمەڵگەی دایك لە سۆران بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت.
Top