دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گوڵان: پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی2021ی حكومەتی عێراق، خراپترین پرۆژە یاسایە تا ئێستا ئامادە كرابێت

دكتۆر فازڵ نەبی  بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گوڵان: پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی2021ی حكومەتی عێراق، خراپترین پرۆژە یاسایە تا ئێستا ئامادە كرابێت
بودجەی 2021ی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیە و بەكارهێنانی لەلایەن پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە وەكو گێچەڵ و موزایەدەیەكی سیاسی دژ بە هەرێمی كوردستان، مەترسیی ئەوەی لێ دەكرێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە سەلامەتی تێنەپەڕێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و ئەو ئۆپشنەی كە لە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، لەكاتێكدا ئەگەر بەغدا ئامادە نەبێت ئەو ماف و شایستە داراییانەی هەرێم بدات، تەوەرەی سەرەكیی گفتوگۆی گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق و شارەزا لە پرسی دارایی و بودجە .
ئەگەر چاكسازی ریشەیی بكرێت،
حكومەتی هەرێم دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت


* پێش ئەوەی بێینە سەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، ئێستا ئەنجومەنی وەزیران خەریكی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەن بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر چ بنەمایەك پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم ئامادە دەكات، لە كاتێكدا هیچ دیار نییە، بەوەی ئایا بەغدا پشكی خۆی لە بودجەی 2021 بۆ كوردستان دەنێرێت، وەك خۆشتان دەزانن لە ساڵی 2014 هەتا ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی ئامادە نەكردووە؟
- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەو راستییە بكەین كە سەرجەم حكومەتەكان لە هەموو دنیادا دەبێت یاسای بودجەیان هەبێت، چونكە یاسای بودجە سەرەڕای ئەوەی مۆڵەت بە حكومەت دەدات بۆ خەرجكردنی دارایی گشتی و رێكخستنی داهات و خەرجییەكان، هاوكات نەخشەڕێگای حوكمڕانییشە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و ئامانجەكانی، دواتر پەرلەمان و دەزگاكانی چاودێریش لە رێگەی بودجەوە چاودێری و بەدواداچوونی كارەكانی حكومەت دەكەن، ئەمەش وادەكات بودجە هەردوو لایەنی سیاسی و یاسایی و چاودێریی تێدا بێت. لەم روانگەیەوە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت كار بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجە بكات، مەرجیش نییە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەمان شێوە بودجەی عێراق ئامادە بكرێت، بۆیە وا باشترە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەتا بزانێت داهاتەكانی خۆی چەندە، دواتر بودجەیەك بە دوو ئاراستە ئامادە بكات، لەپێشان پشت ئەستوور بێت بەو بڕە پارەیەی لەبەر دەستیدایە، لە قۆناغی دووەمیشدا بڵێت ئەگەر پشكی هەرێم، یان پارە لەبەغداوە هات، ئەوا ئێمە دەتوانین پرۆژە و كاری دیكە ئەنجام بدەین، مەسەلەی ئەگەری هاتنی داهاتی دیكە لە ناو یاسای بودجەدا لە زۆر دەوڵەتانی دنیادا هەیە. هەموومان دەزانین ئامادەكردنی بودجە كاتی دەوێت، خۆ بەلایەنی كەمەوە مانگێك بۆ مانگ و نیوێكی پێویستە تا گفتوگۆ لەگەڵ هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەت و دەستەو فەرمانگەكان بكەن. بە رای من ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان سوود لەو كاتە وەردەگرێت بۆ ئەوەی بزانێت ئەو پرۆژە بودجەیەی عێراق كە چووەتە پەرلەمان چی بەسەر دێت و بە چ شێوەیەك پەسەند دەكرێت، ئەمەش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتێكی باشە تاوەكو بە وردی بڕوانێتە ئەنجامی گفتوگۆكان و دواجار پەسەندكردنی بودجەكە، ئەمەش بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەپێی ئەو پەسەندكردنەی پەرلەمانی عێراق بودجەی خۆی ئامادە بكات.
* لەم هەفتەیەدا گفتوگۆكانی تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی عێراق لە پەرلەمان دەست پێ دەكات، واچاوەڕوان دەكرێت مشتومڕێكی زۆر لە سەر ماددە و بڕگەكانی بكرێت، بەشێوەیەكی گشتی ئێوە چۆن پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 هەڵدەسەنگێنن؟
- پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی عێراق بەخراپترین بودجە دادەنرێت، لەكاتێكدا كورتهێنانی هەیە، كەچی بودجەیەكی زۆر فراوان و قەبە دانراوە، كە پێی دەوترێت بودجەی (تەقینەوە)، بۆ نموونە لەساڵی 2020 حكومەتی عێراق نەیتوانی 87 تریلیۆن دینار خەرج بكات، كەچی لەمساڵدا 164 تریلیۆن دینار دانراوە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە مووچە و دەرماڵەكان كە لە بودجەی بەكارخستن گرنگترین ماددەیە، كەچی كەم كراونەتەوە، هاوكات لەكاتێكدا عێراق پارەی نییە و قەرز دەكات، كەچی بودجەی وەبەرهێنانی كردووەتە 27-29 تریلیۆن دینار، نابێت بۆ راستكردنەوەی هاوسەنگی لە نێوان داهات و خەرجییەكاندا فشارو پاڵەپەستۆ بخەیتە سەر مووچەخۆران، لەكاتێكدا بە داشكانی بەهای دینار بەهای راستەقینەی مووچەكانت كەم كردووەتەوە.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2021 رێككەوتوون، بەڵام مەترسییەكە ئەوەیە كە وەك یاسای قەرز بۆ كورتهێنانی بودجە دیسان لە پەرلەمانی عێراق گێچەڵێك بە پشكی هەرێمی كوردستان بگێڕن، ئایا پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە بە سەلامەتی لە پەرلەمان تێدەپەڕێت؟
- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە سەرەتا دەبێت ئاماژە بەم راستییانە بكەین، یەكەم: گرفتی كورد لەوەدایە كە نەیتوانیوە بە شێوەیەكی زانستی و زمانێكی نەرم بەرامبەرەكەی كە لایەنی عەرەبییە تێبگەیەنێت، كە ئەو قسە و تانەو تۆمەتانەی بەرامبەر هەرێم دەكرێت، لەلایەن هەندێك پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار و شەقامەوە، راست نییە و هەر هیچ نەبێت بەو شێوەیە نییە، ئەمە هەڵەیە، چونكە ئێمە پێویستیمان بەوەیە ئەو بودجەیەی كە ئێستا هەیە، وەكو خۆی تێپەڕێندرێت و پەسەند بكرێت، یان هەر هیچ نەبێت گۆڕانكاری و دەستكارییەكی كەم بكرێت، تا حكومەتی هەرێم بتوانێت بەو بڕە پارەیەی بەغدا و لەپاڵ داهاتی ناوخۆدا كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە ببات و مووچەی خەڵكی بدات. دووەم: سەبارەت بەو شاندانەی هەرێم كە دەچنە بەغدا كە لایەنی سیاسی زیاتر بەسەریدا زاڵە لەلایەنی تەكنیكی، بوونی سەرۆك وەزیران، یان جێگرو وەزیرەكان پێویستە، بەڵام لەمەش گرنگتر بوونی كەسانی شارەزا و پسپۆڕە لەگەڵیاندا و پێویستە بتوانن سەرەتا گفتوگۆ بە زمانی ژمارەكان بزانن و دواتر بە زمانی عەقڵ و مەنتیق و زانست قسە بكەن. سێیەم: هەر یاسایەك كە لە بەغدا دەردەچێت، دەبێت ئێمە بە جوانی بیخوێنینەوەو چارەسەری بۆ دابنێین و لەكاتی خۆیدا بچینە بەغدا، وەكو یاسای پڕكرتنەوەی كورتهێنانی دارایی كە دەبوایە ئەو رۆژەی كە دەرچوو (12/11) بۆ سبەینێ كە هەینی بوو، راستەوخۆ شاندی هەرێم بگەیشتایەتە بەغدا، لەمەش زیاتر ئەو یاسایە دوو خاڵی لەخۆ دەگرت و، هەردوو خاڵەكە پێویستی بە زەمەن و خوێندنەوەی ورد هەبوو، بۆ نموونە خاڵی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای (سۆمۆ) كە حاڵەتێكی نوێ بوو تا حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، هەروەها خاڵی جێبەجێكردنی یاساكە پێویستی بەوە بوو لەكاتی خۆیدا بچوونایە، نەك دوا بخرایە.
* لەم پرۆژە یاسایەی ئەمساڵی بودجەی عێراق وەكو ئاماژەتان پێ كرد، نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار داشكاوە، هەروەها باج خراوەتە سەر مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش شەقامی عێراقیی نیگەران كردووە، حزبە سیاسییەكانیش ئەمە دەكەنە كارتی هەڵبژاردن، ئایا بە رای ئێوە ئەم دوو بڕگەیە لەناو پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر دەبن؟
- یەكێك لە خراپییەكانی بودجەی 2021ی عێراق مەسەلەی داشكانی بەهای دینار و سەپاندنی باج لەسەر مووچە و كەمكردنەوەی دەرماڵەكانە، بەمەش هێزی كڕینی دراوی عێراقی بۆ مووچەخۆران و خەڵكیش كەم كرایەوە و هەڵاوسانیش دروست بووە، ئەمە سەرەڕای تەماعی بازرگان و كۆمپانیاكان كە هەر زوو سەری هەڵدا، بەمەش حكومەت نەیسەلماندووە كە لە خزمەتی خەڵك و مووچەخۆراندایە، بەڵكو حكومەتی عێراق هەموو پاساوەكانی پاڵپشتیكردنی بەرهەمی خۆماڵییە، ئەمە لەكاتێكدا كە ئەو بەرهەمە لە ناو بازاڕەكاندا نییە و بەراورد بە وڵاتانی دیكە لە 5%ی بەرهەمی ناوخۆیمان نییە و بەوشێوە كتوپڕییە دروست نابێت. وڵاتێك نرخی دراوی خۆی دەشكێنێت كە بەرهەمی ناوخۆیی ئەوەندە زۆر بێت و كەرەستەی خاوی لەناوخۆدا هەبێت، بۆ ئەوەی بازاڕی دەرەكی بۆ بەرهەمەكەی بدۆزێتەوە، لەلایەكی دیكەوە نابێت داشكانی بەهای دینار بەو شێوە فەرمییە و ئاشكرایە بڵاوبكرێتەوەو بازاڕەكان پشێوێنێت.
* ئایا تاچەند كەشی ئاڵۆزی هەڵبژاردن و ململانێی لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق كاریگەریی نەرێنی لەسەر موناقەشەكانی پەرلەمان و تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- رەنگە مەسەلەی داشكانی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەكانی دیكە لە گفتوگۆكانی پەرلەمان تێپەڕێت، چونكە بابەتێكی تایبەت بەبانكی ناوەندییە و لەژێر ركێفی حكومەتەكەی كازمی-دایە، لەم بابەتە تەنانەت بانكی ناوەندی رازی نەبووە لەسەر ئەو داشكانە گەورەیەی 100دۆلار بەرامبەر 145 هەزار دینار بێت، بەڵكو بانكی ناوەندی لەسەر 130 رازی بوو، لەگەڵ ئەمەشدا پەرلەمان دەتوانن متمانە لە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق بسەننەوەو پارێزگارێكی نوێ دابنێن كە كار بۆ نرخێكی نوێی بەهای دینار بكات، لەلایەكی دیكەوە پەرلەمان لە گفتوگۆكانیاندا دەتوانن بڕگەی تایبەت بە سەپاندنی باج لەسەر مووچە و كەمكردنەوەی دەرماڵەكان هەڵبگرن، یان هەمواری بكەنەوە. بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان و ئەو موزایەدە و پڕوپاگەندانەی كە كەسەكان و لایەنە سیاسییەكان دەیكەن، كاریگەریی زۆری لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەبێت و كێشەی بۆ دروست دەكەن، گرفتەكە لە سەرۆكی حزبەكانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان، كە وا هەڵسوكەوت دەكەن و پەرلەمان و راگەیاندن بە ئاراستەی ورووژاندنی شەقام بۆ دژایەتیكردنی هەرێم ئاراستە دەكەن، خۆ ئەگەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا بەم شێوەی ئێستا، یان بە هەمواركردنێكی كەمیشەوە تێپەڕێندرێت، ئەوا لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا دەبێت.
* ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین كە ئەمجارەش گێچەڵ بە پشكی هەرێمی كوردستان دەكەن و كوردستان لە بەشەداهاتی خۆی بێبەش دەكەن، وەك شارەزایەكی بواری ئابووری و دارایی چ ئۆپشنێك لە بەردەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبینیت، بۆ ئەوەی بە پشتبەخۆ بەستن ئەو كێشەیە چارەسەر بكات؟
- من پێشنیار دەكەم حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوو ئاراستە كار بكات، ئاراستەی یەكەم لە گفتوگۆكانی بەردەوام بێت لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم، هەنگاوی دووەمیش جێبەجێكردنی چاكسازیی راستەقینەیە و سەرۆكی حكومەت لەگەڵ گەلەكەی قسە بكات و راستییەكان بە خەڵكی خۆمان بگوترێت، بەرپرسان و شارەزایان و كەسە دیارو ناسراوەكانی ناوكۆمەڵگە، ئەوانەی كە خەڵك متمانەیان پێ دەكات، لە زمانی ئەوانەوە راستییەكان بگوازرێتەوە. لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە حكومەت بەرنامەی خۆی بۆ پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێك ئاشكرا بكات، بەشێوەیەك كە لەگەڵ ئیمكانییەتی حكومەت بگونجێت.
* زۆر كەس باسی چاكسازی دەكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت، بەڵام ئێستا لە كوردستان جۆرێك لە ناسەقامگیریی سیاسی هەیە، پرسیار ئەوەیە لە كەشێكی وادا كە ناسەقامگیریی سیاسی ببێتە هۆكاری ناسەقامگیری لەناو حكومەتدا، چۆن پرۆسەی چاكسازی سەركەوتوو دەبێت؟
- من زۆر كەم باسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، بەردەوام باس لەوە دەكەم هەرێمی كوردستان دەبێت چاكسازی بكات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حكومەت بەشێكە لە هەرێمی كوردستان، لە سەرووی هەموویانەوە لایەنە سیاسییەكان و دواتر سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان دێت. حكومەت ئەگەر ئیرادەی لایەنە سیاسییەكانی لەگەڵ نەبێت، ناتوانێت چاكسازیی بكات، بە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، بەڵام حزبە حوكمڕانەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەرپرسیارێتیان زۆر گەورەترە لەو حزبانەی لە حوكمڕانیدا نین، بۆیە چاكسازیی سیاسی و سەقامگیری پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە.
Top