دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: لەساڵی 2020 بە بەهای دوو ملیار و600 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كراوە
January 10, 2021
دیمانەی تایبەت
فرەچەشنكردنی ئابووری و هەمەجۆركردنی داهات ئۆپشنێكی سەرەكیی دەربازبوونی هەرێمی كوردستانە لەو قەیرانە داراییەی تێی كەوتووە، بۆ ئەم مەبەستەش لەم دیمانە تایبەتەی گوڵاندا دكتۆر محەمەد شوكر سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، باسی ئەو پێناسە نوێیە دەكات كە بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەبەرهێنان دراوە و چەندین هەل و دەرفەتی نوێی پڕۆژەی وەبەرهێنانیش دەخاتەڕوو، كە بۆ ئەمساڵ ئامادەیە وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و بیانی كاری تێدا بكەن.تەنیا ئەو پرۆژانەی مۆڵەتمان پێداون
10 هەزار هەلی كاری رەخساندووە
* بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری ئابووری، حكومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی فرەچەشنكردنی ئابووریی راگەیاند، ئایا بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە دەكرێت بزانین دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان چ هەنگاوێكی ناوە؟
- وەك ئاشكرایە كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و داڕمانی بەهای نەوت و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە كاریگەریی خراپی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان داناوە، سەرەڕای ئەم تەحەددییانە ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان توانیمان گۆڕانكارییەكی نەوعی لە وەبەرهێنانی كوردستاندا بكەین، لەگەڵ دەستپێكی راگەیاندنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەبەرهێنەران و بزنێسكار و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، سەرۆكی حكومەت داوای لێكردن بەشدار بن لە رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەكان و رۆڵ و پێگەی راستەقینەی خۆیان لە خزمەتكردنی نیشتماندا ببینن، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و پێداچوونەوەو چاودێریكردنی هەموو ئەو پرۆژانەی كە راوەستابوون. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشتان، لە رووی كردارەوە دەستمان بە هەنگاوەكانی فرەچەشنكردنی ئابووری و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات كردووە، بەتایبەتی لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و چەندین بواری دیكەی وەكو كانزاكاری و وزەو كارەبا و ئاو و رێگاوبانەكان، ئەوە بوو بەپاڵپشتیی راستەوخۆی رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان توانی بە پلانێكی ورد و دیراسەكراو مۆڵەتی كارپێكراوی وەبەرهێنان بگەیەنێتە 940 مۆڵەت، لەمەش رێژەی وەبەرهێنانی خۆماڵی دەكاتە 83% و وەبەرهێنانی بیانی 7% و وەبەرهێنانی هاوبەش 10%، هەر لە چوارچێوەی كارئاسانیدا توانیومانە كۆمەڵێك هەنگاو و رێكاری گرنگ بگرینەبەر، وەكو دروستكردنی سیستەمی یەك پەنجەرە، كە توانیمان دەستی پێ بكەین و رۆتین كەم بكەینەوە، هەروەها پاڵپشتیی گەورەمان پێشكەشی هەموو ئەو وەبەرهێنەرانە كردووە، كە سەرمایەكانیان ئاراستەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری كردووە، ئەمە جگە لە تەرخانكردنی دەیان هەلی كار و پڕۆژەی نوێ، بەمەش بە پاڵپشتی رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەی وەبەرهێنان توانیوێتی پێناسەیەكی نوێ بە وەبەرهێنان بدات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە خزمەتی هاووڵاتی و ئابووریی هەرێمدا بێت.
* ئایا ئەمە هۆكاری سەرەكیی ئەو جموجووڵەی بازاڕ و بزنێس و دەستپێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانە، بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر؟
- جموجووڵی بازاڕ و ئەنجامدانی پڕۆژەكان و بەرزبوونەوەی كوالێتیی كارەكان نەك تەنیا لە پارێزگای هەولێر، بەڵكو لە دهۆك و سلێمانی و كەلار و زۆر قەزاو دەڤەری دیكەش تێبینی دەكرێت، جدییەت و بەدواداچوونی پڕۆژەكان و زۆرجار هەڵوەشانەوەی ئەو پڕۆژانەی درابوونە وەبەرهێنەر، ئەوانیش كەمتەرخەمییان لە جێبەجێكردنی كارەكاندا كردبوو، ئەمە هۆكاری سەرەكیی ئەو جموجووڵەیە و ژمارەی پرۆپۆزەڵی پڕۆژە و پەسەندكراو ژمارەیەكی بەرزە، بە بەهای 12 ملیار دۆلار پرۆپۆزەڵی پڕۆژە پێشكەش كراوە و 107 كارگەی گەورەی پیشەسازیی بەرهەمەكانی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕوات، تەنیا ساڵی رابردوو بە بەهای دوو ملیارو 600 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كراوە و مۆڵەت بە 93 پڕۆژە دراوە و 552 پڕۆژە پرۆپۆزەڵ پێشكەش كراوە، ئێستا لە بواری پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبووندا پڕۆژەمان هەیە بەنرخێكی گونجاو و قیستێكی زۆر درێژخایەن، بۆ نموونە بۆ نزیكەی 15 ساڵ دەدرێتە هاووڵاتیان .
* ئایا بۆ ئەمساڵ دەستەی وەبەرهێنان چ پڕۆژە و دەرفەتێكی نوێی بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی لە رێگەی وەبەرهێنەران و هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی جگە لە دابینكردنی هەلی كار بۆ سەدان هاووڵاتی كە ئابووریی كوردستانیش لە قۆناغی قەیرانەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی خۆبژێویی؟
- بە پاڵپشتی و پێگەی بەهێزی سەرۆك مەسعود بارزانی و هاوبەشەكانی لە هەرێمی كوردستان لە رووی دەستووری و یاساییەوە هەرێمێكی فیدڕاڵ و ئارام و سەقامگیر دروست بووە، چونكە سەقامگیریی سیاسی و نەبوونی مەترسی، یەكەمین فاكتەری پاڵپشتی وەبەرهێنانە، دواتر رۆڵ و پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت لە دابینكردنی دەرفەتەكانی هەلی یەكسان و دادپەروەرانە، بەبێ جیاوازی بۆ كەرتی تایبەت لە هەموو پارێزگا و شوێنەكانی كوردستان، بۆ نموونە لە هەرێمی كوردستان سەرچاوەكانی ئاو و خاكی بەپیت هەیە، بە راددەیەك لە كوردستان 6.6 ملیۆن دۆنم زەوی هەیە، جەنابی سەرۆك وەزیران لە وتارەی كە بۆ ئێمەی ناردووە و لە ئەمساڵدا لە (رێبەری وەبەرهێنان) بڵاوی دەكەینەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە: «وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە دیدگا و ستراتیژییەتێكی نوێ ئاراستە دەكرێت»، لە بەشێكی وتارەكەیدا تەئكید لەسەر پاڵپشتی و پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆوەبەرهێنەران دەكاتەوە و دڵنیایی بە وەبەرهێنەران دەدات، بەوەی دەرفەت و پاڵپشتییەكانیان زۆر بە ئاسانی دەست دەكەوێت، هەروەها تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێمە بتوانین لە هەندێك سێكتەردا تەركیز بكەین، ئەمەش بەدڵنیاییەوە گۆڕانكاریی زۆر گەورە دروست دەكات، بۆیە گرنگییەكی تایبەتمان بە دروستكردنی بەنداو و چاندن و سامانی ئاژەڵ و بەكارهێنانی بەروبوومی كشتوكاڵی بۆ بەرهەمی خۆراكی و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ داوە، بەتایبەتی پیشەسازیی كشتوكاڵی، لە رووی پیشەسازیشەوە گرنگی دراوە بە سوودوەرگرتن لە كەرەستەی خۆماڵی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی كانزا فلزی و نافلزییەكان، دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان رێبەری وەبەرهێنان ئامادە دەكات. لە ئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی ناوچە پیشەسازییەكانین، لە دهۆك دەستبەكار بووین و 227 كارگە و 229 كۆگای گەورە و سارد لەوێ دروست دەكرێت، لە هەولێر سەرقاڵی راكێشانی خزمەتگوزارییەكانی ناوچەی پیشەسازیی تیمارین، بەم نزیكانە رایدەگەیەنین و هەر كەسێك توانای هەیە دەتوانێت بەشداریی بكات، لە سلێمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوچەی پیشەسازیی عەربەتین بە رێكوپێكی دروست دەكرێت و، لە هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و زاخۆش ناوچەی پیشەسازی دروست دەكەین، بۆ پاڵپشتی ئەم ناوچە پیشەسازییانە ئێستا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی سەرقاڵی دیراسەیەكین بۆ ئەوەی بزانین چ هاوردەیەك دەهێنینە كوردستان و دەتوانین لێرە دروستی بكەین، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ دیراسەكەمان تەواو بوو، بۆ نموونە ساڵانە 108 هەزار تۆن تەماتە دەهێنرێتە كوردستان، بەمەش ئێمە دەزانین چیمان پێویستە و چی بەرهەم بهێنین، چەندین پرۆپۆزەڵیش بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر و ئاو پێشكەش بە دەستەی وەبەرهێنان كراوە و لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لە قۆناغی ئامادەكردنی تەندەردایە، لەهەمان كاتدا چەندین داواكاری هەیە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێكی گەورە لە كوردستان، كە 400-500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، كە لەگەڵیدا پڕۆژەكانی ئاودێریی لەخۆدەگرێت و بۆ دەشتی دهۆك و دەشتی شەمامك و تەق تەق لەبەردەستدایە و ئێمە پاڵپشتی وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەین، بۆ ئەوەی توانای زەوی بگۆڕین بۆ توانایەكی زیاتر، هەروەها پرۆسەیەكی گەورەمان لەبەردەستدایە بۆ هەموو كوردستان جێبەجێی دەكەین، ئەویش گرنگیدانە بە خانووی شووشەیی بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵ بە هاوكاریی هۆڵەندییەكان، سەبارەت بە گەشتوگوزاریش پڕۆژەی زۆرمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی گەشتوگوزار بكەینە قۆناغی سەیرانگەی تەواو لەهەموو بوارێكدا .
* ئەم پڕۆژانە تاچەند هەلی كاری بۆ گەنجەكان، بەتایبەتی بۆ دەرچووانی زانكۆ دابین كردووە؟
- تەنیا ئەو پرۆژانەی مۆڵەتمان پێداون 10 هەزار هەلی كاری رەخساندووە، هەرچی ئەو پڕۆژە وەبەرهێنانەی لەقۆناغی پەسەندكردن و پلاندان، ئەگەر كاری لەسەر بكرێت، لە سەرووی 500 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت، تەنانەت لە مۆڵەتی وەبەرهێناندا مەرجێكمان داناوە كە لەكاتی دامەزراندنی پڕۆژە و دەستبەكاربوونیدا نابێت رێژەی هاووڵاتیانی كوردستان لەو پڕۆژەیە لە 75% كەمتر بێت .
* چۆن دەكرێت زیاتر وەبەرهێنەران و هاووڵاتیانی كوردستان ئاشنا بن بەو رێبەرەی وەبەرهێنان كە بۆ ئەمساڵ ئامادەتان كردووە؟
- رێبەری وەبەرهێنان چەند بەشێكی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە (بنەماكانی بەهێزی ژینگەی وەبەرهێنان و دەرفەتەكان و پاڵپشتی و كارئاسانی) لەپێناو ئاسانكردن و باشتركردنی پرۆسەی وەبەرهێنان، لێرەدا ئاماژە بەهەندێكیان دەكەم:
كەرتی پیشەسازی: دروستكردنی شار و ناوچەی پیشەسازی لە هەولێر سێ ناوچەی پیشەسازی، لەسلێمانی ناوچەی پیشەسازی دوو و لە دهۆك سێ ناوچەی پیشەسازی و لەهەڵەبجە دوو ناوچەی پیشەسازی و ئیدارەی گەرمیان یەك ناوچەی پیشەسازی و راپەرین یەك ناوچەی پیشەسازی، ئەمە وێڕای كارگەی بەرهەمهێنانی پیترۆكیمیاویات و نایلۆن و قوماش و pvc و رەنگ و زەیتی بزوێنەر و كەلوپەلی پزیشكی و جوانكاری و شلەمەنیی تاقیگەیی و سرنج و كیسی خوێن و لۆكەی پزیشكی و ڤاكسینی ئاژەڵ و چەندین كارگەی پیشەسازیی خواردن و خواردنەوەكان و پیشەسازیی بیناسازیی فلزی و تێكستایەڵ و دەیان كارگەی پیشەسازیی جۆراوجۆری دیكە.
كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو: دروستكردنی چەندین بەنداو لە مەنداوەو خێوەتە و باكرمان و سارتك و دێلگە و دێرەلۆك و رەشاوەو تەق تەق و بەردەسوور و باسێ و بەسەدان پڕۆژەی دیكەی چاندن و سامانی ئاژەڵی و بەخێوكردنی سامانی ماسی و مانگای شیردەر و چاندنی دار پۆ پیشەسازیی تەختە و كۆگای سارد و كارگەی لەقتوونان.
كەرتی گەشتیاری: لێرەدا تەنیا چەند نموونەیەكی باس دەكەم، ئەویش پڕۆژەكانی گەشتیارییە لە باپشتیان و تەوسكە و زرارا و واری پیران و چەندین هۆتێلی بڕاندی 5 و 4 ئەستێرەیی و پڕۆژەی گەشتیاری و مەلەوانگە لەخۆدەگرێت، وەكو پڕۆژەكانی گەشتیاریی لە چیای هەڵگورد و چیای حەسەن بەگ و چیای سەفین و دڵۆپە و حەمامۆك و چیای هەندرێن و گوندی رۆستێ و مەلازیاد و بازیان و دوكان و بانی مەقان و مێرگەپان و قەرەداخ و ئەزمەڕ و گۆیژە و بەكرەجۆ و قلیاسا ن و چەقچەق و خورت و سەرسەنگ و خنسێ و سپیلكێ و گەلێی كانی مازێ و گەلی شێرانە و ئاكرێ و سۆلاڤ و ئەكوا پاركی كەلار و قولەبەرز و باوەشاسوار و سەرتەكی مەیدان و لە هەڵەبجە و خۆرماڵ و ئەحمەد ئاوا زەڵم و بەمۆ و دەربەندی رانیە و ماكوك و غاباتی رانیە و تادوایی. ئەمەو چەندین پڕۆژەی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆرو هایدرۆپاوەر و كەرتی تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون و رێگاوبان و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و رۆشنبیری و لاوان رادەگەیەنین.