ئەسكەندەر حەیدەر ئامەد ئەندام و تێكۆشەری پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: پەكەكە بە تەواوەتی پرسی نەتەوەیی رەت دەكاتەوە و بە ئاشكراش دژایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات
December 31, 2020
دیمانەی تایبەت
هەروەك ئاشكرایە بوونی پەكەكە لە باشووری كوردستان كێشە و سەرئێشەی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی كێشە و بارگرژی دروست نەبێت. شرۆڤەكردن و گفتوگۆكردن لەبارەی هۆكاری ئەم هەڵسوكەوت و رەفتارانەی پەكەكە و چەند پرسێكی پەیوەست بەم بابەتە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڤاری گوڵان لەگەڵ ئەسكەندەر حەیدەر ئامەد، ئەندام و تێكۆشەری پێشووی پەكەكە.* لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، ئێستا تەنیا هەرێمی كوردستانمان هەیە كە بووەتە ناسنامە بۆ هەر تاكێكی كورد لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بێت، بەڵام بەداخەوە چەكدارانی پەكەكە دژایەتیی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و رەتی دەكەنەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر پەكەكە حزبێكی كوردستانییە، بۆچی دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكات؟
- ئێمە ناتوانین بڵێین بیرو ستراتیژییەتی پەكەكە نەتەوەیی نەبووە، بەڵكو لە سەرەتای دروستبوونیەوە نەتەوەیی بوو، بۆ رزگاریی هەر چوار پارچەی كوردستان تێدەكۆشا، سەرەڕای ئەوەی كە پەكەكە ژمارەیەكی زۆری لە پێناوی رزگاریی هەر چوار پارچەی كوردستان لێ كوژراوە، بەڵام لەپاشان گۆڕانكاری لە ناوخۆی پەكەكە ڕووی دا، بەتایبەتی دوای دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەوە بوو ئۆجەلان دوای دەستگیركردنی رایگەیاند، پەكەكە حزبێكی كۆماری دیموكراتییە و بۆ هەموو توركیا كار دەكات، هەر بۆیە ئێمە و چەندین كەسی دیكە لەناو پەكەكە ئەو بیرو كارەمان پێ خۆش نەبوو، لەگەڵیشی نەگونجاین و نەماندەتوانی لەگەڵی رێك بكەوین و، كاتێك بینیمان پەكەكە لەسەر بیری نەتەوەیی نەماوە، ریزەكانی پەكەكەمان بەجێهێشت، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان زۆر هاوكاری و یارمەتیی پەكەكەی كردووە، باشووری كوردستان بۆ كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان چەترێكی گەورەیە و هەموومان دەتوانین تێیدا ژیان بگوزەرێنین، ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە و شۆڕشگێڕی كورد لەم پێناوەدا شەهید بوون، تاوەكو ئەو حكومەت و دامەزراوانە هاتنەدی. لەلایەكی دیكەوە پەكەكە سیاسەتێكی خۆی هەیە و بەرنامەیەكی داناوە كە لەسەر ئەو سیاسەتە بڕوات، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمییە و پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و هەموو دنیا هەیە، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە كە پەكەكە كاری بۆ دەكات، هەر بۆیەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە دنیایەكی دیموكراتی و نەتەوەیی و مەدەنی خزمەت بە كوردستان بكات، دووبارە ئەمەش پێچەوانەی بەرنامە و كارەكانی پەكەكەیە، هەر بۆیە پەكەكە زیاتر دژایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەیەوێت پێشكەوتوو و سەقامگیر نەبێت و دەسەڵاتی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.
* ئاشكرایە پەكەكە دەمێكە لە خەتە نەتەوەییەكە لایداوە و بانگەشە بۆ كۆمەڵگەی دیموكراتی دەكات، بەم بیانووەشەوە بە ئاشكرا دژایەتی چەمكی دەوڵەتی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئێوە خۆشتان دەزانن هەموو لاوەكانی كورد لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستان چەك دەكەنە شانیان و خەبات دەكەن، ئایا پەكەكە لە پێناوی چیدا ئەم هەموو لاوەی كوردستان بە كوشت دەدات، لە كاتێكدا بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە ئامانجی ئەو رزگاریی كوردستان نییە؟
- لەدوای دەستگیركردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان دەرفەت و بیانوو زیاتر بۆ پەكەكە هاتەدی كە بە ئاشكرا كار لەسەر دیموكراتیەت بۆ توركیا بكات و بانگەوازی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە كورد لەگەڵ تورك بران، هەر بۆیە پەكەكە سیاسەتی خۆی بە تەواوی گۆڕی و دژایەتیی ئەو حزب و لایەنانەشی كرد كە بیری نەتەوایەتی و نیشتمانییان هەبوو، لە سیاسەتیشدا خۆی بەسەربەخۆ دەزانێت و تەنیا خۆی پێ راستەو قسەی هیچ كەس و لایەن و حزبێك قبووڵ ناكات و بە ئاشكرا دەڵێت دەبێت تەنیا بیرو سیاسەتی من جێبەجێ بكرێت، ئێمە و چەندان كادیر و چەكداری دیكە رێزی پەكەكەمان بەجێهێشت لەبەر ئەوەی لەبیری نەتەوەیی لایداوە و دژایەتی ئەو حزب و لایەنانە دەكات كە كارو بیریان بۆ نەتەوایەتیی كوردە.
* چەكدارانی پەكەكە لەسەر سنوورەكان بۆ ئاژاوەگێڕی و راكێشانی پەلی سوپای توركیا بۆ هەرێمی كوردستان گێچەڵ دروست دەكەن و شەڕەكە دەگوازنەوە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، پرسیار ئەوەیە ئەگەر چەكدارانی پەكەكە ئەوەندە جوامێرن بۆ ناچنەوە باكوور لەسەر خاكی كوردستانی باكوور خەباتی خۆیان لە دژی سوپای توركیا دریژە پێ بدەن و سەركردایەتیی خۆیانی لێ دابمەزرێنن و لە جەماوەرەكەی خۆیان نزیك بن؟
- بەهۆی شەڕو بەكوشتدانی خەڵكی باكوور و ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پەكەكە پیادەی دەكرد، بەشێكی زۆری گوندەكانی باكووری كوردستان زەرەرمەند بوون و كەسوكاریان كوژراون، ئەو هەڵانەی پەكەكە لە باكووری كوردستان دەیكرد، دەبووە بیانوویەك بۆ ئەوەی توركیا پەلاماری باكووری كوردستان بكات و، خەڵكەكەی تێدا زەرەرمەند بن و بكوژرێن، بەڵام لە هەقیقەدا باشووری كوردستان شوێنێكی پارێزراو و هێمنە و لەهەر پارچەیەكی دیكەی كوردستان زیاتر خەڵك دەتوانێت بێت و تێدا بە ئازادی و هێمنی بژی، لەهەر پارچەیەكی دیكەی كوردستاندا بتەوێت بێیتە باشوور ئەوە رێگاو ئازادی و ئارامی هەیە و دەتوانێت تێیدا بژیت، چونكە باشووری كوردستان خاوەنی ئاڵاو دەسەڵات و حكومەتی خۆیەتی و دەتوانیت بەپێی ئەو یاسا و رێنماییانەی بۆ هاووڵاتی، یان بۆ پەنابەرو ئاوارەكان هەیە، بەباشی ژیان لە باشووری كوردستان بەڕێوەببەیت.
* یەكێك لە رەفتارەكانی پەكەكە كە نامۆیە بە بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان ڕفاندنی منداڵانی كوڕ و كچە، كە چەكداریان دەكات و رێگا نادات كەسوكاریشیان بیانبیننەوە، ئایا ڕفاندنی ئەو منداڵانە لە چ تیۆرێكی شۆڕشگێڕیدا جێگەی دەبێتەوە؟
- ئەگەر تەماشا بكەین كەلتووری هەموو پارچەكانی كوردستان هەمان كەلتوورە كە هەر هەموو خەڵكەكە حەز لە ژیان و خۆشگوزەرانی دەكەن، ئەگەرچی پەكەكە بە پێچەوانەوە بۆ ئەو كەلتوور و ژیانەی میللەت كاری نەكردووە، بەڵكو رێچكە و سیستەمی خۆی هەیە و پەیڕەوی دەكات، كە تەنیا لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، هەر بۆیەش نەیتوانیوە پێش بكەوێت، بەڵام ئەوەی دەچێتە ناو پەكەكە لەبەر ئەوە نییە كە دابونەریت، یان سیاسەتی ئەو خزبەی پێ راستە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كاتێك كە حكومەتی توركیا فشار و شەڕ دەخاتە ناوچە و شارەكانی باكووری كوردستان و خەڵك و میللەتەكەی لە خۆی تووڕە دەكات، ئەوە خەڵكەكە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو كارە و پاراستنی خۆیان دەچنە ناو پەكەكە، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر دەوڵەتی تورك پەلاماری خەڵكی سڤیل و بێتاوان بدات، ئەوە ئەو كەسە بەناچاری دەبێت، پەنا ببات بۆ شوێن و لایەنێك كە ژیانی پارێزراو بێت، هەندێك خەڵكیش هەر لەبەر ئەو كارو تاوان و رەفتارانەی توركیا دەبنە پەكەكە، پەكەكە نەك هەر ئێستا، بەڵكو لە سەرەتای دروستبوونیەوە گەنجی خوار تەمەن 18ساڵانی چەكدار دەكرد و بە بیری خۆی گۆشیانی دەدا و ئێستاكەش لەسەر ئەو رەفتارانەی هەر بەردەوامە، ئەو كاتەی لەناو پەكەكەی بووم، دیتم منداڵی تەمەن 13 و 14 ساڵی كە لە باوان و كەسوكاریان تووڕە دەبوون، دەهاتنە ناو پەكەكە و پەكەكەش بە بیروباوەڕ و هەستی خۆی گۆشی دەدان و چەكداری دەكردن، كە ئەمە دژی یاسا و بەندەكانی نێودەوڵەتییە. كاتێك كەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵی دەهاتنە ناو پەكەكە لەو كاتەی كەسوكار و ماڵباتیان دەهاتن بۆ دیتنی منداڵەكەیان، بەرپرسانی پەكەكە دەیانوت ئەو كەسە لێرە نییە و نەیاندەهێشت كەسوكاریان بیانبینن، هەر كەسێك منداڵ و گەورە بیەوێت واز لە پەكەكە بێنێت و چەك دابنێت، بە خائینی دادەنێن و زیندانی دەكەن.
* لەم كاتەدا كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەورەترین وەرچەرخاندا تێدەپەڕێت، تەبایی و یەكڕیزیی نێوان كوردان لە هەموو شتێك گرنگترە، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە كە پەكەكە وەك داردەستی دەوڵەتانی داگیركەر ئەو تەبایی و یەكڕیزییە تێك دەدات و خۆی بۆ شەڕ و خۆسەپاندن ئامادە دەكات، پرسیار ئەوەیە ئایا لەم قۆناخە هەستیارەدا پەكەكە بۆچی دژایەتی نەتەوەی خۆی دەكات؟
- پەكەكە تەنیا دەسەڵاتی خۆی دەوێت و دەیەوێت لە هەرشوێنێك بێت، تەنیا خۆی دەسەڵاتی هەبێت، پەكەكە پرەنسیپێكی هەیە دەڵێت هەر كارو پڕۆژە و دەسەڵاتێك منی تێدا نەبێت، با هەر نەبێت و تێك بچێت، هەموو كەس و لایەنێك دەزانێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی لەگەڵ پەكەكە نییە، بەڵام پەكەكە ئەمەی ناوێت و دەیەوێت لەو دەسەڵاتەی لە هەرێم هەیە، رۆڵ و دەسەڵاتی هەبێت. لەلایەكی دیكەوە پەكەكە كوردستان بە پەناگا و چەترێك بۆ كورد و كوردستانیانی هەر چوار پارچە نازانێت، پێویستە بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەوەی كێشەو بارودۆخێكی ئاڵۆزی بۆ دروست نەبێت، پەكەكە لە باكووری كوردستان سەركەوتوو نەبووە و بووەتە هۆكاری شەڕی خەندەق و كاولبوونی ژمارەیەكی زۆر لە گوندو ناوچەكانی باكووری كوردستان، بەتایبەتی لە ئامەد و ئەدەنە كە بە هەزاران كورد كوژران و زوڵمێكی زۆر لە ناوچەكەدا هاتەئاراوە، ئێستاكەش كە هاتووەتە باشووری كوردستان هەر مەبەستی ئەوەیە ئەو بەشەش كێشەی بۆ دروست بكات و بارودۆخەكە تێك بدات، هەر بۆیە پێویستە پەكەكە لە سیاسەتی خۆیدا گۆڕانكاری بكات، تاوەكو لەو گۆڕانكارییەی كە چاوەڕێیە لە رۆژهەڵاتی ناوین بكرێت، ئەویش بتوانێت بەشداربێت، ئەگینا گۆڕانكاری نەكات، ئەوە دواڕۆژێكی باش چاوەڕوانی ناكات و هیچ رۆڵێكی لە هاوكێشەكەدا نابێت، بەڵام باشوور و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە خاك و نیشتمانمانە و ئاڵاكەمانی تێدا دەبینین و سەربەرزین كە لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەژین.