رۆبی بارێت تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەو ستافەی جۆ بایدن بۆ ئیدارەی داهاتوو ئامادەی كردووە، دەبێتە مایەی خێر بۆ ئەمریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش

رۆبی بارێت  تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەو ستافەی جۆ بایدن بۆ ئیدارەی داهاتوو ئامادەی كردووە، دەبێتە مایەی خێر بۆ ئەمریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش
رۆبی بارێت خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا كە لە زانكۆی تێكساس لە ئوستن بەدەستی هێناوە. خاوەنی شارەزایی ئەكادیمییە لە بواری هەواڵگری، ئاسایش، ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری رۆژئاوای ئاسیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند بابەتێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە دەرئەنجام و مشتومڕەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا و پرسی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات لەو وڵاتە و، سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
*هەڵبژاردنەكانی ئەم مانگەی ئەمریكا هەموو چاودێرانی جیهانی سەرسام كردووە، بەتایبەتی كە تا ئێستاش سەرۆك ترەمپ ددانی بە دۆڕاندنەكەیدا نەناوە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
-بە دڵنیاییەوە بانگەشەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ناڕاست و نادروستن، چونكە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە پاكترین و بێگەردترین هەڵبژاردنەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوون، تەنانەت كاربەدەستەكانی خودی ئیدارەكەی ترەمپیش ئەم راستییەیان دووپات كردەوە، ئەگەرچی دواتر ترەمپ ئەو كەسەی لە كارەكەی دوور خستەوە بەهۆی لێدوانەكانی لەبارەی باش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانەوە، ئێسشتاش هەڵبژاردنەكان كۆتاییان هاتووە و، ترەمپیش هەموو چەشنە هەوڵیكی داوە كە لە مێژووی ئەمریكادا هاوشێوەی نەبووە و هیچ كاندیدێكی دۆڕاوی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا بەم شێوەیەی ترەمپ هەوڵی نەداوە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەت بكاتەوە، یان پووچەڵیان بكاتەوە، بەڵام هەروەك ئاشكرا بوو و بینیمان كە ئەم هەوڵانە سەریان نەگرت و سەركەوتوو نەبوون، چونكە دادگاكان رێگریان لێكرد و تەنانەت ئەو ویلایەتانەی كۆمارییەكان بەڕێوەیان دەبەن، رێگەیان پێ نەدا، لەم روانگەیەوە بەڕێز جۆ بایدن لە 21ی كانوونی دووەمی ساڵی 2021دا وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سوێند دەخوات و دەست بەكار دەبێت.
*بە تێڕوانینی ئێوە ئایا دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتییانە و بە هێمنی و بێ كێشە بەڕێوە دەچێت و لە كۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ دەسەڵات رادەست دەكات، بەتایبەتی كە خۆی رایگەیاند ئەگەر بێتو ئەنجومەنی هەڵبژاردنەكان بڕیاریان دا بە بوونی جۆ بایدن بە سەرۆك، ئەوا بە دڵنیاییەوە كۆشكی سپی جێ دەهێڵێت؟

_من پێم وانییە دەستاودەستكردنی دەسەڵات بێ گرێوگۆڵ بێت، وەك ئەوەی لە سایەی هەلومەرجێكی ئاساییدا روودەدات، لەبەر ئەوەی ئێمە مامەڵە لەگەڵ ترەمپدا دەكەین، چونكە بینیمان كە ترەمپ هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ تێكدانی سیاسەتی حكومەتەكە، ئەو خەڵكانێك لە كار و پۆستەكانیان دوور دەخاتەوە و خەڵكانێكی دیكە لە جێیان دادەنێت و فەرمانی كارگێڕی دەردەكات بۆ ئەوەی كاروبارەكان سەخت و دژوار بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمانە فەرمانی كارگێڕین، ئەوا سەرۆكی هەڵبژێردراو جۆ بایدن دەتوانێت لە رۆژی گەیشتن بە كۆشكی سپی پێچەوانەیان بكاتەوە، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین تا راددەیەك دەستاودەستكردنەكە بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچێت. دواتر من پێم وایە جۆ بایدن كەسانێكی زۆر باشی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە كە دەزانین چی دەكەن و چۆن هەڵسوكەوت دەكەن و چۆن هەنگاو دەنێن.

*باشە لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئەگەر سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەزانێت و دڵنیایە لەوەی كە ناتوانێت دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێچەوانە بكاتەوە، بۆچی بەم شێوەیە رەفتار دەكات و بۆچی ئەم هەوڵانە دەدات؟
_من پێم وایە هەوڵی ترەمپ لەم رووەوە بۆ ئەوەیە كە پێگەی سیاسیی خۆی زیاتر بەهێز بكات و ئەو پارەیەی بە ناوی شەڕی یاسایی لە دژی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن كۆی دەكاتەوە، بۆ ئەوەیە كە برەو بە دەستڕۆیشتوویی سیاسیی خۆی بدات و لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی داهاتوودا لە ساڵی 2024 دووبارە بەكاریان بهێنێتەوە.
* هەندێ لە شرۆڤەكاران پێیان وایە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گێڕانەوە و بەدەستهێنانەوەی دیموكراسی بوو لەو وڵاتەدا، بەتایبەتی دوای هەوڵەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی دامەزراوەیی كەمبایەخ بكات و پشتگوێیان بخات، تا چ راددەیەك ئێوە لەگەڵ ئەم لێكدانەوە و شرۆڤەیەدا هاوڕان؟
_ئەوە راستە كە باس لەوە دەكرێت كە چۆن سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دامەزراوەكانی وڵاتەكەی بنكۆڵ و لاواز كردووە، بەڵام من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە لە پاڵ دامەزراوەكاندا هەندێ شتی دیكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەن كە پێیان دەوترێت نۆرم، واتە ئەمانە كۆمەڵە ئەتەكێتێكن كە لە قاڵبی یاسادا دانەڕێژدراون، بەڵام لە هەمان كاتدا كاندیدەكان و كاربەدەستان پێیانەوە پابەند دەبن، بۆ نموونە كاتێك كاندیدێك هەڵبژاردنەكان دەدۆڕێنێت ئەوا ددان بە شكستی خۆیدا دەنێت، بەڵام ترەمپ ئەمانەی نەكردووە و جیاوازە لە هەمووان. ئەوەی روویدا ئەوە بوو كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ویستی بە چاوپۆشین لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەسەڵاتی خۆی بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی لە پێگەی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، واتە ئەو تاكە كەسێك بوو كە ویستی پابەند نەبێت بە بەهاكان و بەم نۆرم و پێوەرانەوە، لە كاتێكدا دەبوو ئەم كارە بكات چونكە ئەو دۆڕاوی هەڵبژاردنەكان بووە، بەڵام ئەگەر باس لە دامەزراوەكان بكەین، ئەوا دامەزراوەكان سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و دادگاكان و حكومەتەكانی ویلایەتەكان كاری خۆیان دەكەن، ئەوەی پەیوەست بێت بە حزبی كۆمارییەكانەوە ئەوا رەنگە بەرپرسەكانی ئەم حزبە لەبەر ئەوە بە فەرمی داوای دانپێدانان بە شكست لە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نەكەن و بۆ ئەوەی كێشە و ناكۆكی لە نێو حزبەكەیاندا دروست نەبێت، بەتایبەتی كە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پیران لە ویلایەتی جۆرجیا یەكلا نەبۆتەوە، چونكە هیچ یەكێك لە كاندیدەكان دەنگی زۆرینەیان بەدەست نەهێناوە و كۆمارییەكان لەوە دەترسن ئەگەر بێتوو دوو پاڵێوراوەكەی دیموكراتەكان لەم ویلایەتەدا سەركەوتوو بن، ئەوا دیموكراتەكان كۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی پیران دەكەن، بەو شێوەیە سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی پیران دەكەوێتە دەست دیموكراتەكان، كەواتە كۆمارییەكان دەترسن ترەمپ لەم رووەوە كێشە دروست بكات و هەوڵەكانیان بۆ بردنەوەی كاندیدەكانی ئەنجومەنی پیران لە ویلایەتی جۆرجیا لەبار بچێت، ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە بە ئاشكرا داوایان لە دۆناڵد ترەمپ نەكردووە كە لە هەڵبژاردنەكاندا ددان بنێت بە شكست و دۆڕانیدا. هەروەها نیگەرانن لەوەی لە ئایندەدا دۆناڵد ترەمپ كێشە و ناكۆكی لە نێو حزبی كۆمارییەكاندا دروست بكات و دووبەرەكی و لێكترازان لەم ئەم حزبەدا بخوڵقێنێت و لە ئەنجامی لاوازبوونیشیاندا ئەوا دووبارە دیموكراتەكان هەڵبژاردنە نیشتمانییەكە ببەنەوە، كەواتە هێشتا ترسیان هەیە لە ترەمپ و لەلایەكی دیكەوە هێشتا نیوەی حزبی كۆمارییەكان دڵسۆز و وەلائیان هەیە بۆ ترەمپ و بە كەسایەتیی ترەمپ سەرسامن، واتە لە نێو كۆمارییەكاندا كەسانێك هەن ترسیان هەیە لەوەی ئەگەر بە فەرمی و بە ئاشكرا داوای لێ بكەن دۆڕان قبووڵ بكات، ئەوا بكەونە بەر كاردانەوەی پشتیوانكارانی ترەمپ لە نێو حزبەكەدا، كە ئەمەش دەبێتە هۆی دوولەتبوون و لاوازكردنی كۆمارییەكان لە ئاست دیموكراتەكاندا. مەسەلەیەكی دیكە ئەوەیە كە سیستمی هەڵبژاردنەكان لە ئەمریكادا مایەی سەرسوڕمانە، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێتە كاندیدی دیموكراتەكان بۆ ئەنجومەنی پیران لە ویلایەتێكی وەك جۆرجیا، ئەوا هەنگاوی یەكەم دەبێت لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانی ناو حزبەكەیدا براوە بێت، هەمان شت بۆ كۆمارییەكانیش راستە، لەبەر ئەوەی ترەمپ سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنەكاشی دۆڕاندووە، هێشتا كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی هەیە لە ناو حزبەكەیدا و هەر كەسێك بەرهەڵستی بكات، ئەوا رەنگە دەرفەتێكی لاوازی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە كاندیدی كۆمارییەكان بۆ ئەنجومەنی پیران. هەرچۆنێك بێت ئێستا دۆناڵد ترەمپ دۆڕاوە و هیچ ئەگەر و دەرفەتێك نییە كە هەڵبژاردنەكان پێچەوانە بكاتەوە و ببێتە براوە. بەڵام دووبارەی دەكەمەوە، ئەو دەیەوێت خەڵك سەرقاڵ بكات و پێگەی خۆی كە ئێستا دەبێت كارئاسانی بكات، بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆ بایدن، بەكاری بهێنێت بۆ كۆكردنەوەی پارەی زیاتر بۆ بەهێزكردن و برەودان بە دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی خۆی لە نێو كۆمارییەكاندا، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە و لە ساڵی 2024دا خۆی كاندید بكاتەوە بۆ سەرۆكایەتی، كە ئەگەر من لە جێی دیموكراتەكان بم، ئەوا خوازیاری دەبم كە دووبارە دۆناڵد ترەمپ خۆی كاندید بكاتەوە، چونكە دەتوانن جارێكی دیكە سەركەوتنی بەسەردا بەدەست بهێنن، راستە كەسانێكی زۆر پشتیوانی ترەمپ دەكەن، بەڵام ژمارەیەكی زۆری خەڵكیش نایانەوێت ببێتەوە بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. پوختەی قسەكان ئەوەیە كە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا سەركەوتوو بووە و ترەمپ دۆڕاوە و ئەو هەندێ ژاوە ژاوە دروست دەكات، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت كەیسەكە لە دادگا لە بەرژەوەندی خۆی یەكلا بكاتەوە، پرۆسەی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەستی پێ كردووە و لە 20ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2021 جۆ بایدن دەبێتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
*كەواتە هەڵبژاردنی جۆ بایدن مایەی خێر دەبێت بۆ ئەمریكا و بۆ جیهانیش؟
- بە دڵنیاییەوە مایەی خێر دەبێت بۆ ناوخۆی ئەمریكا، چونكە بە راستی دۆناڵد ترەمپ بە تەواوەتی شكستی هێنا لە ئیدارەدانی پەتای كۆرۆنادا كە ژمارەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمریكا زۆرترین رێژەیە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی جیهان، هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش مایەی خێر دەبێت چونكە ترەمپ سیاسەتێكی دەرەكیی جێگیری نەبوو، بەڵام ئەوەی من لە ئیدارەی جۆ بایدنی چاوەڕێ دەكەم سیاسەتێكی ژیرانەتر و هۆشیارانەتر دەگرێتەبەر لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
Top