فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان: چەكدارانی پەكەكە بۆیان نییە خاكی ئێمە بكەنە گۆڕەپانی شەڕ و رێگە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوندی كوردستان بگرن

فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان: چەكدارانی پەكەكە بۆیان نییە خاكی ئێمە بكەنە گۆڕەپانی شەڕ و رێگە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوندی كوردستان بگرن
مەترسیی ئاسایش و سەربازی ئەو ئەركەیە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام شەونخوونی بۆ دەكات، بۆ ئەوەی ئەو مەترسییانە لەسەر كوردستان برەوێتەوە، لە ئێستادا جارێكی دیكە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووەتەوە و، نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووە، هاوكات بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی كوردی ئێزدی لەبەر ناسەقامگیریی باری شنگال و بوونی پەكەكە و گروپی دیكەی بیانی ناتوانن بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە ئێستا ئومێدی ئەوە هەیە كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگال لە نێوان هەرێم و بەغداو بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا، بارودۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە، ئەوەشی لەم رەوشە ئاڵۆزەدا بە جۆرێك گەشبینی سەیر دەكرێت، ئەو هەوڵانەی ئەمریكا و هاوپەیمانانە بۆ پڕچەككردنی لیواكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا چوار لیوای هێزی پێشمەرگە بە چەكی باش و سەردەم پڕچەك كراون، بەڵام لە بەرنامەیەدا كە لە ساڵی داهاتووش چەندین لیوای دیكەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك بكرێن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم گۆڕانكارییانە گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* وەك سەرۆك ئەركانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، حەز دەكەین لەسەر نەخشەی سەربازی باس لە مەترسییەكانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعشمان بۆ بكەن، ئایا تاچەند خۆیان رێكخستۆتەوە و مەترسییەكانیان بە كوێ گەیشتووە؟
- رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و دەرهاویشتەكانی زیانێكی گەورەی بەو دەستكەوتانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانەكان گەیاند كە لە تێكشكانی دەوڵەتی خەلافەتی تیرۆرستانی داعش بەدەست هاتبوو، نەبوونی هەماهەنگییش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق ئەوەندەی دیكە رێگای خۆش كرد، بۆ خۆڕێكخستنەوەی گرووپە چەكدارەكانی داعش، چونكە لە تەواوی ئەو ناوچە كوردستانییانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە پێشتر لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون، بۆشاییەكی گەورەی سەربازی و ئەمنی دروست بوو، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، هەموو ئەو هێزانەی عێراق كە لەو ناوچانە جێگیر كراون، نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی جموجووڵ و كارە تیرۆریستییەكانی داعش بكەن، بە راددەیەك زۆر شوێن هەیە، گرووپە چەكدارەكانی داعش بە ئاشكرا جموجووڵ و هاتوچۆی تێدا دەكەن و زیانی گەورەیان بە خەڵكی سڤیل و هێزەكانی عێراق گەیاندووە، رۆژ لە دوای رۆژیش بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیاتر دەبێت و، وای لێ هاتووە كارە تیرۆریستییەكانی داعش لەناو سەنتەری شارەكانیشدا دەستی پێ كردووە، بەتایبەتی لە كەركووك و سەلاحەدین و دیالە و رومادی و چەندین شوێنی دیكەش. بەپێی هەموو مەزندەكان ئێستا داعش دووبارە خۆیان رێكخستۆتەوە و ژمارەیان لە زیادبووندایە و شێوازی شەڕی تیرۆریستیی خۆیان لە شەڕی بەرەیی گۆڕیوە و روویان لە شەڕی پارتیزانی و رفاندن و كوشتن كردووە، راستە ئەوان وەكو سەردەمی خەلافەتەكەیان خاك و پانتاییەكی فراوانی خاك و شارە گەورەكانیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام شانە خەوتووەكانیان و گرووپە جیاجیاكانیان مەترسییەكی جددی و گەورەیان بۆ سەقامگیری و ئارامیی تەواوی ئەو ناوچانە دروست كردووە و، ئەم شێوازە شەڕ و كردەوە تیرۆریستییانە هەرگیز بێ بوونی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانەكان مومكین نییە بەتەنیا هێزە عێراقییەكان بتوانن رووبەڕووی ببنەوە، لەلایەكی دیكەوە سرووشتی جوگرافیای ناوچەی خانەقین و دیالە و ناوچە سوننەنشینەكان كە تێكەڵی و هاوكارییان لەگەڵ داعش هەیە، ئەمەش زەمینەیەكی لەبارە بۆ تەشەنەكردنی گرووپە چەكدارەكانی داعش لەو ناوچانە و زیادبوونی جموجووڵ و كردەوە تیرۆریستییەكانیان، بەداخەوە زۆربەی ئەو ناوچانە هاوسنوورە لەگەڵ گوندە كوردنشینەكان و ژیانی خەڵكی ئێمەیان زۆر زەحمەت كردووە، هێزە عێراقیەكانیش نەك هەر لە توانایاندا نییە پارێزگارییان لێ بكەن، بەڵكو هەندێك جار پاڵپشتی تەعریب و زەوتكردنی زەوییەكانی كوردیش دەكەن.
* بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تیرۆریستانی داعش، وا بڕیار بوو كە دووبارە هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە فیدڕاڵییەكانی عێراق دروست ببێتەوە، ئایا ئێستا هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارە فیدڕاڵییەكانی عێراق لە چ ئاستێكدایە بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش؟
- وەكو لێژنەی باڵای هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی بەرگریی عێراق، هەتا ئێستا تەنیا سێ كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و نەگەیشتووینەتە خاڵی هاوبەش، خاڵی هاوبەش و بنەڕەتی ئەوەیە لە تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هێزی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق جێگیر بكرێت و دواتر ئۆپەراسیۆن و كاری هاوبەش پێكەوە ئەنجام بدەین. بەداخەوە تا ئێستا تەنیا دوو ناوەندی هەماهەنگیی لە بەغدا و هەولێر دامەزراوە كە بە هیچ شێوەیەك بە بوونی دوو ناوەندی هەماهەنگی گرفت و كێشە ئەمنی و سەربازییەكانی ئەو ناوچانە چارەسەر ناكات.
* لە ماوەی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق گەیشتنە رێككەوتنێك سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی رەوشی شنگال، بەپێی خاڵەكانی رێككەوتنەكە ئەو ئاساییكردنەوەیە دەكەوێتە سەرشانی هێزەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كرۆكیی رێككەوتنەكە بۆ ئاساییكردنەوەی شنگال چۆن دەبێت؟ ئایا هێزی پێشمەرگەش هەماهەنگ دەبێت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و گێڕانەوەی ئاوارەكان؟
- رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی رەوشی شنگال زیاتر بابەتێكی ئیداری و مرۆییە و تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق (مجلس الامن الوطني العراق)، ئەمەش لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەكانی كوردانی ئێزیدییە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەركردنی هێزی چەكدارە بیانی و دەرەكییەكانە، بەپێی رێكەوتنەكە لەناو شنگال و دەوروبەری دەبێت تەنیا هێزە ئەمنییە عێراقییەكان بوونیان هەبێت، لەو رێككەوتنە بە هیچ شێوەیەك باسی هێزی پێشمەرگە نەكراوە.
* ئایا ئەم رێككەوتنەی (شنگال) دەكرێت بڵێین، دەبێتە سەرەتایەك بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بەتایبەتی كەركووك؟
- رێككەوتنی شنگال، هەنگاوێكی زۆر باشە و دەكرێت ببێتە سەرەتایەك بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكە، بەتایبەتی بۆ كەركووك، بەڵام ئەگەر هێزی هاوبەش دانەمەزرێت لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق زۆر زەحمەتە ئارامی و ئاسایشی ناوچە كێشە لەسەرەكان كۆنتڕۆڵ بكرێت.
* سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا (بۆ مێژوو) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەسەر داوای برایانی كوردی ئێزیدی و بۆ ئەوەی جارێكی دیكە شنگال كاول نەبێتەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان، شنگالی رادەستی برایانی ئێزیدی كردووە بۆ ئەوەی خۆیان بەڕێوەی بەرن، بەڵام ئێستا هێزی دیكە (پەكەكە) لە شنگال بوونیان هەیە و، مەترسیی ئەوە هەیە بە ئاشتییانە نەكشێنەوە، ئایا ئێوە وەك وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە نیازن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە بكەن؟
- پەكەكە و زۆر هێزی دیكە لە شنگال بوونەتە ئاستەنگ و هەڕەشە بۆ خەڵكی رەسەنی شنگال و ئەو ناوچانە، سێ ساڵە برایانی كوردی ئێزیدی لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن و بە هۆی پەكەكە و ئەو هێزە بیانییانەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، خەڵكی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی تەواوی شنگال و دەشتی نەینەوا و ناوچە جێ ناكۆكەكانی دیكە بڕوایان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەوان تاوەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، دڵنیا نابن و ئامادەیی گەڕانەوەیان نییە. وجوودی پەكەكە لە شنگال لە داعش زیاتر زیانی بە كوردانی ئێزیدی گەیاندووە، ئەوان وێڕای ئەوەی بەهۆی پەكەكەوە ناوچەكانیان بۆ سێ ساڵ دەچێت ئاوەدان نەكراوەتەوە و بەناچاری لە ژیانی ژێر خێوەتگا دەژین، كەچی كوڕ و كچی كوردانی ئێزیدییش دەڕفێنن و فریویان دەدەن و بە سەدان گەنجی كوردیان بێ سەروشوێن كردووە و بردوویانن بۆ قەندیل و ناوچەكانی دیكە.
* دەستدرێژییەكانی پەكەكە بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و رێزنەگرتن لە سەروەری و یاساكانی هەرێمی كوردستان، گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ناچار بن سنوورێك بۆ چەكدارانی پەكەكە دابنێن، راستە ئەوان لە چەندین شوێن چەندین پێشمەرگە و برایانی ئاسایشیان شەهید كردووە، بەڵام هەتا ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە، ئایا وەك وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستدرێژییەكانی پەكەكە دەكەن؟
- هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزگاری لە تەواوی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، لەكاتی شەڕی داعش هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی كوردستان و خاكی پیرۆزی كوردستان لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەكانمان لەگەڵ توركیا كشانەوە بۆ كەركووك و خانەقین تاوەكو سحێلا ئەم سنوورەش زۆر فراوان و گەورە بوو، لەدوای سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا، پێویستی نەدەكرد چیتر ئەو هێزانە لەو ناوچە گەورە سنوورییەدا بن، بۆیە بەشێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستانمان گەڕاندۆتەوە شوێنەكانی خۆیان، ئەركی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە پارێزگاری لە خاك و سنووری كوردستان بكات، ئەوە كاری پەكەكە و هێزی دیكەی بیانی نییە سنوورەكانمان بكەنە ناوچەیەكی ململانێی شەڕ و زیان بە خەڵكی بگەیەنن و گوندەكانمان ئاوەدان نەكرێتەوە، بەپێچەوانەوە بوونی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان پاساوی بۆ هێزە سەربازییەكانی توركیا دروست كردووە، تاوەكو بێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بەهانەیان داوەتە توركیا تاوەكو بە فڕۆكەو تۆپ و مووشەك گوندەكانمان تۆپباران بكەن .
* ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، لەم ماوەی رابردوو چەند لیوایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن ئەمریكا بە چەكی مۆدێرن پڕ چەك كران، هەروەها باس لەوە دەكرێت دوای ئەو چەند لیوایە چەند لیوایەكی دیكەی وەزارەتی پێشمەرگەش بە هەمان شێوە پڕ چەك دەكرێن، ئایا تاچەند ئەم پڕچەككردنە هاوسەنگیی هێز بۆ بەرژەوەندیی پێشمەرگە دەگۆڕێت؟
- لە 2016 دوو لیوای 1 و 2 ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك كران و پێش دوو هەفتەش لەمەوبەر لیوای 14 و 16 ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن ئەمریكاوە پڕچەك كران، لەبەرنامەی 2021 دایە لەماوەی ساڵ و نیوێك 12 لیوای هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕ چەك بكرێن و هاوكارییەكانیش بەردەوام بێت.
* هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هێزی زیاتر رەوانەی كوردستان دەكەن، بۆ نموونە هۆڵەندا، هۆكاری زیادكردنی هێزی هاوپەیمانان لە ئێستادا چییە؟
- هۆڵەندییەكان وەكو راوێژكار و هێز بوونیان لەهەرێمی كوردستان هەیە، بە هاوشێوەی ئەمریكی و ئەڵمانی و بەریتانییەكان پاڵپشتیی چاكسازی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، بڕیاریشە حكومەتی هۆڵەندا هێزێكی سەربازی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكەن و لە رووی مەشقی سەربازییەوە هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن. ئامادەییەكی باش هەیە بۆ پەرەپێدانی هێزەكانی پێشمەرگە و پێشخستنیان لە رووی چەك و لایەنی مەشق و بەرزكردنەوەی ئەدا و توانایان، وەكو ئاماژەم پێ دا، لەساڵی داهاتووش چەند لیوایەكی دیكەی وەزارەتی پێشمەرگە پڕ چەك دەكرێن و رێكدەخرێنەوە، ئەمانەش هەموو پاڵپشتی و پشتگیرییەكی زۆرە بۆ بەرزكردنەوەی توانای سەربازی و ئەدای جەنگیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
Top