دكتۆر سۆران نوری ئیبراهیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای لاوانی كوردستان بۆ گوڵان: نابێت موچەو قووتی خەڵكی كوردستان لەبەغدا وەكو موزایەدەو ماددەیەكی ئیعلامی هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت
November 25, 2020
دیمانەی تایبەت
دكتۆر سۆران نوری ئیبراهیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای لاوانی كوردستان كە هاوكات بەرپرسی پەیمانگای كوردی ئەمەریكی بۆ لێكۆڵینەوەی نیشتمانی یە؛ سەبارەت بە بڕینی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دژایەتیكردنی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیدارێكمان لەگەڵیدا ئەنجامدا.. لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بەڕێزی بڵاودەكەینەوە.• بەڕێزت وەكو چاودێرێكی سیاسی بەتایبەتی لەبارودۆخی عێراق چۆن دەڕوانیتە ئەو پێشێلكارییانەی كە لەلایەن پەرلەمانتارە عەرەبی شیعەو سونەكانی عێراق دەرهەق بەكورد ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی دوای تێپەڕكردنی پرۆژە یاسای قەرز بەبێ رەزامەندی كورد و بێ گوێدانە رەچاوكردنی ئەو پرەنسیبانەی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە ؟
- ئێمە وەكو ئەنجومەنی باڵای لاوانی كوردستان و بەرپرسی پەیمانگای كوردی ئەمەریكی بۆ لێكۆڵینەوەی نیشتمانی پێمان وایە ئەم بارودۆخەی كە ئێستا عێراق و هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت بارودۆخێكی نوێ نییە و حاڵەتێكی چاوەڕوان كراو بووە، هەر لەسەرەتاوە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمایەكی واقیعی و تەندروست دروست نەبووە، ناكۆكی و ململانێكانی نێوخۆی عێراق بەتایبەتی دژایەتیكردنی كورد كلتوورێكی بەجێماوی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بووە، ئەم دەوڵەتە بەردەوام لەناو قەیران و ململانێی سەخت و ئاڵۆزدایە، بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر دژایەتی گەلی كورد كراوەو دەكرێت، قۆناغ لەدوای قۆناغ ئەم گرفت و كێشانەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ئاڵۆزترو سەخت تر دەبێت ، ئەوەتا دوای ئەو هەموو هەوڵ و گفتوگۆو ئاسایكردنەوەی دۆخەكە كەچی زۆر لە پەرلەمانتارانی عەرەب و دەسەڵاتدارانی حكومەت لەسەر ئەو نەهجەی دژایەتیكردن و سڕینەوەی كیانی كوردی بەردەوامن، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە جێبەجێ نەكردنی زۆربەی مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان و بەكارهێنانی كارتی ئابووری و دارایی دژی هەرێمی كوردستان بووتە چەكێكی كوشندەو دژ بە موچەخۆران و خەڵكی كوردستان بەكاری دەهێنن ، هەربەمەشەوە رانەوەستان تا دواجار پرۆژە یاسای قەرزیان لەناو پەرلەمان بەبێ ویستی گەلی كوردستان تێپەڕاندوو ئەمە وێڕای ئەوەی سەرەتایەكی خراپە هاوكات زیانێكی گەورەش بە قوتو بژێوی ژیانی خەڵكی ئەم هەرێمە دەگەیەنێت .
• تاچەند ئەو عەقڵیەتەی كە ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی عێراق دەكات بارودۆخی وڵاتەكە بەرەو زیاتر ئاڵۆزكردن و خراپتر دەبات؟
- عێراق بەوڵاتی قەیرانی دارایی و ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی و نائارامی دادەنرێت ، بەردەوام قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان زیانی گەورەی بەگەلانی عێراق گەیاندووە، عێراق نەك وڵاتێكی فیدراڵی نییە بەڵكو بەمەركەزیەتێكی شكستخواردوو بەڕێوە دەبرێت ، ئەوەتا وڵاتێكی دەوڵەمەندی وەكو عێراق بووتە وڵاتێكی هەژارو ئاخنراو بەگرفت و قەیرانی دارایی و ئابووری وا كە حكومەتی ناچار كردووە بكەوێتە ژێر باری قەرزەوە ئەوە بۆ دووەم جارە حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆرانی ناچار بووە قەرز بكات ، حكومەتی عێراق ئەگەر بۆ ئەمجارەش بەقەرزێك مشوری موچەكانی بخوات ئەوا بەتەئكید لەساڵی 2021 دەكەوێتە ناو گێژاوێكی دیكەی كورتهاێنانی بودجەو قەیرانی دارایی یەوە. گرفتی دارایی عێراق گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی دۆسێی داهات و بەفیڕۆدانی داهاتێكی زۆرە لەلایەن میلیشیاتە چەكدارەكانەوە كەچی شەقامی خۆیان وا تێگەیاندووە كە ئەوە هەرێمی كوردستانە ئابووری عێراقی وێرانكردووە. ئەوان لەبری ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێم بدەن و ماددەی 140ی دەستووری جێبەجێ بكەن و سەدان مافی دیكەی كوردستان دابین بكەن و قەرەبووی گوند و زیانلێكەوتووان و ئەنفال و كیمیا باران و كوشتن و رووخاندنی گوندەكانمان بكەنەوە دێن پارەو موچەی خەڵكی كوردستان دەبڕن.
• رێگا چارەسەرەكان لەبەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان چی یە بەتایبەتی ئەگەر پێتوو بەغدا لەسەر ئەم شێوازە مامەڵەكردنە بەردەوام بێت؟
- نەبوونی ئەنجومەنێكی ئیتحادی لەعێراق گرفتێكی گەورەی بۆ كورد دروست كردووە، ئەم وڵاتە بنەماكانی پێكەوەژیان و فیدراڵیەتی تێدا دروست نەبووە ، بۆیە دەبێت ئێمە بەدوو ئاراستە مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق و گۆڕانكاریی لەپەیكەری ئابووری هەرێم ، ئێمە لەسەختی ئەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان تێدەگەین و پێمان وایە پێویستە هەمووان هاوكار بین بۆ دەربازبوونی میللەتەكەمان لەم قەیرانە سەختەی كە دووچاری بووین ، بۆیە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان پێویستمان بەوە هەیە پایە سەنگینەكانی ئابووری خۆمان رێك بخەینەوە لەگەڵ دامەزراوەكانی خۆمان بۆ كۆكردنەوەی داهات و بەدامەزراویكردنی ئەو ئابوورییەی كەهەمانە رێكی بخەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەگەر عێراق لەسەر سیاسەتە هەڵەكانی بەردەوام بێت لەدژی ئێمەو خۆشی هەر لەناو ئەو قەیرانە سەختەدا بمێنێتەوە ئێمە بتوانین دەرچەیەكمان هەبێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە ئابوورییە سەختە .
ئێمە دەتوانین لەرێگەی جێبەجێكردنی چاكسازیی بنەڕەتی لەداهات و رێكخستنەوەی داهاتی نەوتی خاوو گومرگ و داهاتەكانی خاڵە سنوورییەكان و باج دامەزراوەكانی داهات رێك بخەینەوە.
• واژووكۆكردنەوەی هەندێك لەپەرلەمامانتاران لەبەغدا تاچەند چارەسەرەو وەئایا حكومەتی عێراق لەكاتێكدا ئامادە نەبێت بەو بڕە پارە كەمە بۆ هەرێم بەرێكوپێكی بنێرێت چۆن دەچێتە ژێرباری دابەشكردنی تەواویی موچەكانی موچەخۆرانی هەرێم ؟
- سەرەتا زەوتكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و نەناردنی ئەو پشكە كەمەی موچەی موچەخۆران لەژێر هەرچی پاساوو بیانوویەكدا بێت كارێكی دوژمنكارانەو نایاسایی و نادەستوورییە، ئەمە وێڕای ئەوەی لەرووی دەستوور و شێوازی كاركردنی ناوەند لەگەڵ هەرێمێكی فیدراڵی ئەم كارە پێچەوانەی ماددە دەستووری و بڕگە یاساییەكانە. هەرچی ئەو پەرلەمانتارانەی بەغدا كە دەنگێكی ناڕەزایەتیان هەیە و خۆیان بە فریادڕەسی موچەخۆرانی كوردستان دەزانن هەر ئەمانە بوون پێشتر دەنگیان بەیاسای حەشدی شەعبی داو كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریان بەسەرماندا هێناو خاكی كوردستانیان لەناوچە جێناكۆكەكان رادەستی حەشدی شەعبی كردوو چەندین پێشمەرگەیان شەهید كردو دووبارە نەهامەتی تەعریب و تەرحیلیان تووشی گەلی كوردستان كردەوە، ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی بەشەو لەگەڵ سەركردەكانی شیعەو بەیتی سوونە و رازیكردنی سەركردە سەربازییەكانی شیعە و سوننە رێكدەكەون و بەرۆژ لەمیدیاكاندا وەكو بەناو ئۆپۆزسیۆن خۆیان نیشان دەدەن. ئەوان خۆیان لەو ئەركە ئاینی و ئەخلاقی و نەتەوەیی و مرۆییە دزیوەتەوە، بەردەوام لەبەغداوە كار بۆناشرینكردنی وێنەی هەرێمی كوردستان دەكەن و دوا ئامانجی دوژمنانی گەلی كوردستان جێبەجێ دەكەن لەپێناو هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا هەرێم كیانێكی دەستوورییە و بەپێی ئەحكامە یاساییەكان پەسەند كراوە لەدەستووری عێراقی فیدراڵدا . بەشێكی دیكەی ئەم پەرلەمانتارانە كە دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن ئەم هەڵوێستە وەكو موزایەدەو ماددەیەكی ئیعلامی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن سەیر دەكەن. لەلایەكی دیكەوە لەرووی یاساییەوە مافەكانی هەرێمی كوردستان بە دەستوور و یاسا زامنكراوە، هەركەسێك جیاوازی لەم دەستوورە هەڵسوكەوت بكات واتا كارێكی نایاسایی و نادەستووری دەكات، كۆكردنەوەی واژووی پەرلەمانتاران لەبەغدا بۆ پێدانی موچەكان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە جگە لەوەی ماددەیەكی ئیعلامی و موزایەدەیەكی ئاشكرایە بۆیە مانەوەی پەرلەمانتارە مەزهەبیەكان و شۆڤێنیەكان تاكو كاتژمێر 5ی بەیانی بۆ جێبەجێكرجنی ئەجیندەیەكی مەترسیدار و نایاسایی بوو ، ئەمە پێشێلكردنی ئەو دەستوورە بوو كە زۆرینەی عێراقیەكان دەنگیان پێدابوو هەر لەسەر ئەو بنەمایەش عێراقی نوێ دامەزراوە كورت بووە هاوبەشێكی شەریكی لەبونیاتنانەوەی عێراقدا. بەشێكی دیكە ئەو پەرلەمانتارانەی دژی رێكەوتنەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانن ، هاوكات سەرۆك وەزیرانیش خاوەنی فراكسیۆنێكی گەورەی سیاسی بەهێزو پشتگیریكراو نییە، ئەو فراكسیۆن و لایەنە سیاسییانەی لەپەرلەمانی عێراق دژی كورد دەجوڵێنەوە ئەجیندەی دەرەكی ئاراستەیان دەكات و ئەوان ئارامی و سەقامگیری سیاسییان ناوێت لەعێراقدا ، ئەوان دژی هەموو هاوبەشی و نزیكبوونەوەو رێكەوتنێكن لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان چونكە سەقامگیری سیاسی رێگا بەجێبەجێكردنی ئەجیندەكانی ئەوان نادات .
بۆیە ئەگەر عێراق بەو شێوازە ئاراستە بكرێت لەلایەن میلیشیات و لایەنە سیاسییەكانەوە ئەوا وڵات بەرەو هەڵدێر دەچێت و پرۆسەی سیاسیش دەكەوێتە ناو گێژاوێكی پڕ لەململانێ و ناكۆكی سیاسی یەوە .