دەیڤید ئێڵ فیلیپس بۆ كۆچی دوایی د.نەجمەدین كەریم: دكتۆر نەجمەدین وێنەی كارەسات و شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجەی هێنایە ئەمریكا

دەیڤید ئێڵ فیلیپس بۆ كۆچی دوایی د.نەجمەدین كەریم: دكتۆر نەجمەدین  وێنەی كارەسات و شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجەی هێنایە ئەمریكا
دەیڤید ئێڵ فلیپس كە بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكانی مرۆڤە لە ئەنستیتیوتی دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، یەكێكە لە دۆستە گرنگەكانی كوردستان و خاوەنی پرۆسەی (هاوبەشیكردنی دەسەڵات لە عێراق) و كتێبی (دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە عێراقدا)یە و، دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریش كتێبێكی بە ناونیشانی (خیانەتە گەورەكە. چۆن ئەمریكا پشتی لە كورد كرد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دۆڕاند) بە چاپ گەیاند. ئەم دۆستە نزیكەی كورد، یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی خوالێخۆشبوو د.نەجمەدین كەریم و بە بۆنەی كۆچی دواییەوە، ئەم پەیڤەی تایبەت بۆ گوڵان ناردووە، وەك یادەوەرییەك بڵاوی دەكەینەوە.
لە یادی نەجمەدین كەریم دا
(1949-2020)
د. نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لە هەرێمی كوردستان، و سەرۆكی دامەزرێنەری ئەنستیتیوتی كوردی واشنتۆن، و پزیشكی بەنێوبانگی مێشك و دەمار لە واشنتۆن دی سی، لە 30ی ئۆكتۆبەری 2020 كۆچی دوایی كرد. كە خێزانەكەی و خەڵكانی خۆشەویستی خۆی لە دەوری بوون.
نەجمەدین كەریم خاوەن كەسایەتییەكی بەهێز و خاوەن شكۆ و رێز بوو.
من لە ساڵی 1988دا بینیم كاتێك وێنەی ئەو هێرشە كیمیاییانەی هێنا كە رژێمی پێشووی عێراق كردییە سەر كورد لە هەڵەبجە. لە ساڵەكانی 1992 و 1993دا پێكەوە سەردانی كوردستانمان كرد و لەو كاتەوە بووینە دوو دۆستی باش و لە نزیكەوە هاوكاری یەكترمان دەكرد. كۆچی دوایی ئەو خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ من، هەروەها خەسارەت بوو بۆ كورد و كوردستان.
كاتێك نەجمەدین كەریم قوتابی قۆناغی ئامادەیی بوو، پەیوەندی كرد بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی كوردییەوە و بووە پێشمەرگە- ئەو كەسانەی بەرەنگاری مەرگ دەبنەوە-. لە 7ی ئازاری 2010دا، ئەو وەك نوێنەری پارێزگای كەركووك بە ئەندام پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. بە ماوەیەكی كەم دوای ئەوە بە پارێزگاری كەركووك هەڵبژێردرا. نەجمەدین كەریم ژیانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی مافە كەلتووری و سیاسییەكانی كورد و خەباتكردن لە پێناوی مافی بڕیاردانی چارەنووس تەرخان كرد.
لە 16ی ئوكتۆبەری ساڵی 2017دا، و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستانی عێراق كە لە سەتا 92.7 دەنگدەران (بەڵێ)یان بۆ كرد، حكومەتی عێراق بە پشتیوانی سوپاكەی و ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتی دەكردن، ناچاریان كرد، پۆستەكەی لەدەست بدات.
نەجمەدین كەریم لە دوای خۆی هاوسەرەكەی و چوار منداڵ و چوار نەوەی جێهێشت.
Top