سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ گوڵان: بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران هەنگاوێكە بۆ بەهێزبوونی ژێرخانی كوردستان

سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ گوڵان: بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران هەنگاوێكە بۆ بەهێزبوونی  ژێرخانی كوردستان
گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بارزگانی هاوتەریبە لەگەڵ پێداویستیی خەڵك و دۆزینەوەی هەلی كاردا، فرەكردنی سەرچاوەی داهات و بایەخدان بە هەردوو كەرتی پیشەسازی و بازرگانی و بە پیشەسازیكردنی كشتوكاڵ، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە، ئەم دیدارەمان لەگەڵ سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەنجامدا.
* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاراستەی وەبەرهێنانی لە كەرتی نیشتەجێبوونەوە گۆڕیوە بۆ كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و بە پیشەسازیكردنی كشتوكاڵ، بۆ ئەمەش دیارە كە هاوكاری و هەماهەنگییەكی فراوان لە نێوان وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتە پەیوەندارەكانی دیكەی وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی شارەوانیدا هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ بایەخدان بە پیشەسازیی گەورە و مامناوەند و بچووك تاچەند ژیرخانێكی پتەو و فرەسەرچاوەی داهات بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات؟

- رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جگە لەوەی رووبەڕووی تەحەدداكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی سەختی دارایی بووەوە، دەستیشی كرد بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە لە كارنامەی كابینەكەیدا هاتبوون، ئەوەتا لە ناو گەرمەی قەیران و پەتای كۆرۆنادا خزمەتگوزارییەكان رانەگیران و سەقامگیری و ئارامیی هەرێمەكەی پاراست، بە كرداریش بەڵێنەكانی كابینەكەی لە رووی هەمەچەشنكردنی ئابوورییەوە دەست پێ كردووە، سەرۆكی حكومەت بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە (هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە كە لە عێراق و ناوچەكە ببێتە سەنتەرێكی بازرگانیی گرنگ) بۆ ئەمەش بەردەوام هەوڵی راكێشانی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە لە هەرێمی كوردستاندا، بەشێكی هەرە گرنگی سەردانەكەی جەنابیان بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا و دیدارەكەی لەگەڵ مارك رووتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا و دان برۆلێیت وەزیری وزەی ئەمریكا، بۆ راكێشانی وەبەرهێنان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانە تاوەكو هەنگاوەكانی فرەچەشنكردنی ئابووری خێراتر بكات، هەروەها دانانی بەردی بناغەی گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی خۆراك لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لەشاری دهۆك، لەسەر رووبەری 1423 دۆنم زەوی، كە نزیكەی 275 كارگەی جۆراوجۆری خۆراكی و 229 كۆگاو دەیان پێداویستی و شوێنی پەیوەندیداری لەخۆگرتبوو، كە گرنگییەكی رادەبەدەری هەبوو بۆ گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی، هەروەها دانانی بەردی بناغەی كۆمەڵێك كارگەو سایلۆ بۆ ساخكردنەوەی گەنمی جووتیاران لە هەولێر و، چەندین پڕۆژە و كاری ستراتیژی و گەورەی دیكە كە پاڵپشتی و پشتگیرییەكی تەواوی هەوڵەكانی هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و وەزارەتی كشتوكاڵە، بۆ بوژانەوەی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی. ئەم هەنگاوەش لەپێناو سوود وەرگرتنە لە ستراتیجی هەمەلایەنی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی، كە دەتوانێت سەرچاوەیەكی باش بێت بۆ سەرمایە و تەكنەلۆژیاو بەرزكردنەوەی ئاستی شارەزایی هێزی كاری ناوخۆ .


دیدگای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو فرەچەشنكردنی ئابووری دەڕوات، لەو روانگەیەوە كاركردن لە پێناو خەڵكدا دەبێت و گەشەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پێداویستییەكان و دۆزینەوەی هەلی كاردا، ئەمەش پێویستیی تەواوكەریی ئەو چاكسازییە گشتگیر و فراوانەیە كە كابینەكەدا، لەسەرجەم بوارەكاندا دەستی پێكردووە، لە ساڵانی رابردوودا هەموو داتاو زانیارییەكانی لای ئێمە لەوەزارەت هەیە، ئەوە دەردەخەن كە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی پەراوێز خرابوون و روویان لە لاوازی كردبوو، سەبارەت بەكەرتی پیشەسازییش بە هەمان شێوە لە 2015دا كۆی گشتی كارخانەكانی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە 54%ی كاریان دەكردوە و قەیرانی كۆرۆناو دارایی زیاتر زیانی پێ گەیاندن، بۆ هەڵسانەوەو دەربازبوون لەم دۆخە ستراتیژی بەهێزكردنی كەرتێكی راستەقینەی تایبەت داڕێژدرا، كە تیایدا جێگای پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكانیش دەكرێتەوە. لە مەودایەكی مامناوەندا هەیكەلی ئابووریی هەرێمی كوردستان، لە هەرێمێكی بەكاربەرەوە بۆ هەرێمێكی بەرهەمهێن دەگۆڕدرێت و كەرتێكی تایبەتی نوێ لەدایك دەبێت، كە لەلایەك بارگرانیی سەر شانی حكومەت كەم دەكاتەوە، لەلایەكی دیكەوە لە خزمەتی هاونیشتمانیاندا دەبێت



* لە سەرەتای دەستپێكی كابینەی نۆیەم، سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی كوردستان كۆبووە، پاشان نزیكەی هەزار پڕۆژەی راگەیاندن، ئایا هەرە دیارەكانی ئەو پڕۆژانەی بۆ كەرتی پیشەسازی بەرنامەیان بۆ دانراوە چین؟
- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو واقیعەی دەزانی كە حكومەتێكی بەهێز، واتە ئابوورییەكی بەهێز، بۆ ئەمەش كەرتێكی تایبەتی بەهێزمان دەوێت، نەك كەرتێكی لاواز، كە ببێتە بار بەسەر داهاتی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ ئەمەش راستەوخۆ لە دەستپێكی كابینەی نۆیەم بەڕێز سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم سەرمایەداران و وەبەرهێنانی كوردستان كۆبووە و هەزار پڕۆژەی راگەیاند، كە بەشی زۆریان بۆ كەرتەكانی پیشەسازی بوون، ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی پلانی وەبەرهێناندا بوو بۆ ساڵی 2020 بەسوود وەرگرتن لە پلانی وەزارەتەكان، كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پشكێكی باشیان بەركەوت و سەرەتایەكیش بوو بۆ ئامادەكردنی نەخشەی وەبەرهێنان، ئەو كات دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان 259 پڕۆژەی پێشكەش كرا و بەشی هەرە زۆری وەرگیرا، بەگشتی كەرتی پیشەسازی زیاتر لە 450 سێكتەر لەخۆ دەگرێت، ئەوەی لەم قۆناغەدا لە كوردستان زیاتر گرنگیی پێ دەدرێت، كەرتەكانی خۆراك و خواردەمەنی و پترۆكیمیاویی و كەرەستەی بیناسازی و كەرەستە فلزییەكان و سوودوەرگرتن لە پاشماوەی غازی سرووشتی و پیشەسازیی كشتوكاڵ و چەندین بواری دیكەیە، پاڵپشتیی حكومەتیش بۆ ئەم كەرتانە بەبێ هەماهەنگی لە نێوان كەرتی بازرگانی و پیشەسازیی نابێت، چونكە پێویستە هاوسەنگیەكی وا دروست بكەین كە نرخەكان بەرز نەبێتەوە و كەرتی پیشەسازیی كوردستانیش بتوانێت كێبڕكێی بەرهەمی وڵاتانی جیهان و دراوسێمان بكات. ئالێرەدا هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان هەرسێ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی دەردەكەوێت، بۆ ئاراستەكردنی هەرێمەكە بەرەو هەرێمێكی بەرهەمهێن.
* سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگی رابردوو بەردی بناغەی كۆمەڵێك كارگەی دانا، بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران بكڕنەوە، ئایا تاچەند ئەم كارگەیە لە بەپیشەسازیكردنی گەنمدا دەبێتە ژێرخانێكی گرنگ بۆ ئابووریی كوردستان و دڵنیایی جووتیاران بۆ ساخكردنەوەی گەنمەكانیان؟
- دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی (بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان) لە هەولێر، بەتێچوونی 250 ملیۆن دۆلار بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و هەنگاونانی جددی بۆ دەوڵەمەندبوونی كوردستان و گەیشتن بە قۆناغێكی پێشكەوتووی وا، كە هەرێمی كوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراكی عێراق و ناوچەكە، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە سوودێكی یەكجار زۆری بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی هەیە و بەروبوومی جووتیاران ساخ دەكاتەوە، هەلی كاریش بۆ هەزاران دەرچووی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ و دابینكردنی هەلی كار بۆ هەزارانی دیكە لە گەنجەكانمان دەڕەخسێنێت، بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكومەت بەڵێنیشی دا كە پڕۆژەی (بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران) لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان جێبەجێ بكات، دەتوانم بڵێم ئەم جۆرە پڕۆژە و بیركردنەوانە دەچنە بواری پاراستنی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی نەتەوەیی كورد و كۆتاییهێنان بە مەترسیی بەكارهێنانی كارتی ئابووری و خنكاندن و گەمارۆدانی ئابووری لە دژی خەڵكی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە دەبێتە هۆی هاوسەنگكردنی تەرازووی بازرگانی و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.
* سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی كوردستان بە متمانەوە بۆ پڕۆژە پیشەسازییەكانی حكومەتی هەرێم هاتوونە پێشەوە، ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرەو پەیوەندی بەو بەرنامەیەوە هەیە كە وەزارەتەكەی ئێوە دەیەوێت لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا بناغەیەكی پتەوی بۆ دابنێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئایا هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی وەزارەت بۆ دروستبوونی ئەم متمانەیە چییە؟
- بەهێزیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی متمانەیەكی زۆری لای وەبەرهێنەر و سەرمایەداران دروست كردووە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە چوارچێوەی ستراتیژی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكومەت لە بواری چاكسازی و رێكخستنەوەی هەیكەلی ئابووریی هەرێمدا كارەكانی دەكات، لەم پێناوەشدا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكان و دەستەی وەبەرهێنان بەهێز كردووە و توانیومانە گرفتەكانی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگی كەم بكەینەوە و هاوكاری و پاڵپشتیی باشی هەموو وەبەرهێن و بزنسكارێك دەكەین، كە دەیەوێت كارگە و پڕۆژەی جۆراوجۆر دابمەزرێنێت و كاری گەورە و گرنگیش لە بواری رێكخستنەوەی بازرگانی ئەنجام دراوە، هەروەها بە پاڵپشتی بەڕێز (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەردەوام لە هەوڵی باشكردنی پەیوەندییەكانی وەزارەتین لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەتایبەتی وەزارەتی بازرگانی، لە پێناو ساخكردنەوەی بەرهەم و بەروبوومەكانی جووتیاران لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لەم كابینەیەدا راستەوخۆ جەنابی سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی كەرتی تایبەت و ئەنجامدانی پڕۆژە و كارگە و پێشخستنی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی دەكات، ئەمەش گەورەترین متمانەیە بۆ وەبەرهێن و بزنسكاران، ئەوەتا لەناو ئەم قەیرانە ئابووری و پەتای كۆرۆنایەدا لە دەیان ناوچە و شوێنی جیاجیا پڕۆژە و كارەكان رانەوەستاون و بگرە بەردی بناغەی دەیان پڕۆژە و كارگەش دادەنرێت.
* دیارە وەزارەتی ئێوە دوو بەشە (پیشەسازی و بارزگانی)، ئایا سیاسەتێكی بازرگانیی باش هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ لە دەرەوەی بازارەكانی كوردستانیش ساخ بكرێنەوە؟
- بەڵێ، یەكێك لەكار و ئەركە سەرەكییەكانی ئێمە پەرەپێدانی هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازییە چونكە هەردوو كەرتەكە پەیوەندییەكی راستەوخۆیان پێكەوە هەیە و هاودژی یەكتر نین، بەڵكو تەواوكەری یەكترن بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و بەدەستهێنانی داهات و دابینكردنی هەلی كار، یەكێكیش لە بەرنامەكانی وەزارەت چۆنێتیی پاڵپشتیكردن و ساخكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیە.
* لە ئێستادا كەرتی بازرگانی هاوردەكردنی لە هەناردەكردن زیاترە، هەروەها لە وەرزی بەروبوومی جووتیارانی كوردستاندا گرنگە كە هاوردەكردن كەم بكرێتەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ ساخ بكرێتەوە، ئایا تاچەند پلانتان بۆ ئەم لایەنە گرنگە داڕشتووە؟
- وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەردەوام لە خەمی چۆنێتی ساخكردنەوەی بەرهەم و بەروبوومی جووتیاراندا بووە، ئەوەتا لەكاتێكدا هەر بەرهەمێك لە ناوخۆی كوردستان زۆر دەبێت، راستەوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ كار بۆ قەدەغەكردنی هاتنی ئەو بەروبوومە لە دەرەوە دەكەین، لەهەمان كاتدا ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین كە سایلۆ و كۆگاكانی ساردكەرەوە زیاد بكەین، بۆ ئەوەی جووتیارانی كوردستان بتوانن بەرهەمەكانیان بۆ چەند مانگ و وەرزێكی دیكە هەڵبگرن، گرنگترین كار كە بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران لەم كابینەیەدا ئەنجام دەدرێت، دروستكردنی ئەو پڕۆژە گەورانەی كارگەو كڕینەوەی گەنمی جووتیارانە، چونكە بێ گرنگیدان بە پیشەسازیی خۆراك ناتواندرێت راستەوخۆ بەرهەمی جووتیاران ساخ بكرێتەوە.
* كێشەیەكی دیكەی كەرتی بارزگانی لە كوردستان، بەسیاسیكردنی ئەم كەرتەیە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، زۆر جار حكومەتی عێراق، یان (ئەو چەكدارانەی لە خاڵەكانی پشكینین) رێگری لە بەرهەمی جووتیارانی كوردستان دەكەن، بۆ ئەوەی هەناردەی باشوور و ناوەڕاستی بكەن، ئایا وەك وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن، هەماهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی فیدڕاڵی هەیە؟
- بەداخەوە، لە رابردوودا چەندین جار لە رێگەی گەمارۆ و دانانی بازگەی گومرگی و بەكارهێنانی ئابووری وەكو چەكێك لە دژی خەڵكی كوردستان، زیانی گەورە بە ئابووریی كوردستان گەیشتووە، هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و جێبەجێكردنی سیاسەتێكی ئابووریی گونجاو بۆ گەیشتن بە تەكامولی ئابووری لە نێوان هەر دوو حكومەت و فرەچەشنكردنی ئابووری و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری، هەموو ئەمانە كۆتایی بەو حاڵەتە نەخوازراوانە دەهێنێت و پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ عێراقدا، رێگر دەبێت لەو سیاسەتە چەوتانەی كە زیان بە خەڵكی كوردستان و عێراق دەگەیەنێت، كە بەردەوام هەندێك لایەن و كەسایەتیی شۆڤێنی دژ بە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەت ئەنجامی دەدەن.
Top